د. مه‌حموود وه‌یسی، مامۆستای زانكۆ له‌ تاران:

مەعنەوییەت و ڕۆحانییەتی قوڕئان جۆرێک له‌ هەناسەدانی مرۆڤە

(گفتوگۆیەکی فیکری و مەعنەوی لەگەڵ نووسەر و وەرگێڕ و مامۆستای زانكۆ، دکتۆر مەحموود وەیسی)

ئاماژە:

بنچینه و بناغەی زۆرێک له (دژە ‌نۆرم) و داڕمان و ئاڵۆزی و بێ سەروبەرییەکان له‌ گۆڕەپانی جۆراوجۆری ژیانماندا، پێوەندی به لاوازی و هەژاری له‌لایەن ئاکار و بەها مەعنەوییەکانەوە هەیه، کە چارەسەرکردنی ئەم کۆسپ و گرفتەش تەنیا به گەڕانەوەیەکی پێداگرانە و جیددی بۆ ئەو سەرچاوە بایەخهێنەرەی کلتوورییەیه‌ - کە گرنگترینیان قوڕئانی پیرۆزە - بە دەست دێت.

لەوانەیە دروشمی گەڕانەوە بۆ قوڕئان و ژیانێکی حزووریانە و مەعنەویی کاتێک کاریگەر بێت کە: به تێڕامانێکی قووڵ حزوورمان هەبێ و هەوڵ بدەین پردگەلێکی زۆر لەنێوان قوڕئان و ژیاندا ساز بکەین. قوڕئانی مەزن گەلێ جار به زمانە جیاوازەکان وەرگێڕدراوەتەوە و سەرەڕای گرنگی و پێویستییەک کەوا هەیەتی، نابێ له وه‌رگێڕانی قوڕئان بۆ سەر "زمانی ژیان" خافڵ بین.

جا ئەگەر بکرێ چۆنیەتی هەڵسوکەوت و ڕووبەڕووبوونەوە لەگه‌ڵ قوڕئانی پیرۆزدا - کەوا زۆرتر ڕووانگەیە‌کی فێربوون و جوانی ‌ناسییانەیه - ببێتە بەرەنگاربوونەوەیەکی بێ خەوش و بە تەواو مانا، به جۆرێک کە بایەخە مەعنەوی و ئەخلاقییەکانی قوڕئان، ورە و تین و ئاکار و ڕەوشتەکانمان سەرلەنوێ بڕازێنێتەوە و نیگا و بەرەبەیانمان، پاراویی ئاسمان و زوڵاڵی ئایەتەکان و تاسەباریی ژیان و تێراوی بڕفێنێت، ئەو کاتە توانیومانە قوڕئان به زمانی ژیان وەرگێڕین. سەرکەوتن بۆ دووبارە دەربڕینی قوڕئانی پیرۆز بۆ سەر زمانی ژیان له گرەوی ئەوەدایه کەوا دوور له ناکۆکی و دووبەرییەکانی ئاخاوتەیی و مێژوویی هەوڵ بۆ سڕینەوەی لێڵی و تاریکی له هەموو لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵی خۆمان بدەین و بە شوێن تیشک و پڕشنگێکدا بگه‌ڕێین کەوا ڕووناکی قوڕئان بە سەر هەرێمی گیان و ئاسۆکانی جیهاندا، دەدرەوشێتەوە. وەک سەیید قوتب دەفەرموێ: ئەوکات بابەتەکە چیرۆکی ژیان نییە، بەڵکوو دەبێت بە خودی ژیان، واتە جۆرێک بەئاگاهاتنەوە! لەڕاستیدا بیر و هزری مەعنەوییەت گەوهەر و ڕۆحی  قوڕئانە، هه‌ر له‌و بواره‌دا دیمانه‌یێکمان سه‌باره‌ت به‌ مەعنەوییەت و ژیان لەخزمەت قوڕئان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مامۆستا (د. مەحمود وەیسی) پێکهێناوه‌. بە هیوای ئەوەی ژین له سێبەری قوڕئاندا، ژیان دڵخوازتر و خاوێنی و پاکی بۆنەگەل و پێوەندییەکانمان زۆرتر بکات.

پرسیار: سەرەتا حەز دەکەین کورتەیەک لەسەر ژیانی خۆتان بۆ خوێنەران و بەردەنگانی "ئیسلاحوێب" بدوێن، قۆناغی تەمەنی منداڵی، گەنجی و خوێندنمان بۆ باس بکەن؟

وه‌ڵام: بەنێوی خوای گەورە و بێهاوتا، سەرەتا دەستخۆشی و سوپاس و پێزانین بۆ ڕێکخستنی ئەم دەرفەت و وتووێژە و ماندوونەبوونی لەسەرجەم ئەندامان و بەڕێوەبەرانی ماڵپه‌ڕی "ئیسلاحوێب"، خوای گەورە سەرکەوتوو و پایەدارتان بکات لەسەر خێر و بەرەکەت بخاتە قەڵەم و پێنووس و تەمەنتان لە ڕێگەی بانگەوازی دین و کۆمەڵگە.

لە ساڵی (١٣٤٢)ی هەتاوی (١٩٦٣ز) لە شاری کرماشان لەدایک بووم، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی و دواناوەندیم له‌وێ تێپەڕ کرد و هەر لەوێش بڕوانامەی دیپڵۆمی بیرکاریم بە پلەیەکی باش وەرگرت. دواتر بەپێی هۆگری و گیرۆدەیی بە حوجرە و وانەی دینی چوومە حوجرە. بەهۆی ئەوەی کە پێشتر تا ڕادەیەک شارەزابووم بەسەر زانسته‌كانی "سەرف و نەحو و..."دا، زۆر زوو توانیم قۆناغەکانی سەرەتایی تێپەڕێنم. دواتر بۆ درێژەپێدان بە خوێندن و وەرگرتنی زانست و زانیاری زیاتر، هەروەک داب و نەریتی ئەو سەردەمەی حوجرە، سەردانی شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم کرد و لەخزمەت زانایانی ناوداری وەک: خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستا موحەممەد ئیمامی و مامۆستا عەبدولقادری فائیز بەهرە و توێشوویەکی باشم کۆ کردەوە. هەڵبەت هاوڕێ لەگەڵ ئەوەدا پێوەندی زۆرم بووە لە خزمەت خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستا موحەممەدی بەردەڕەشی و لەبواری ڕۆحی و مەعنەوی و ئەخلاقی کاریگەری زۆری بووە لەسەر من. هه‌روه‌ها لە ماوەی خوێندنی زانستی ئایینی بۆ ماوەیەکی باش لە خزمەت مامۆستای شەهید مامۆستا (ناسر سوبحانی)دا فێری تەفسیر و فیقهـ و..هتد بووم و هاوکات لەگەڵ ئەوە لە بواره‌کانی ڕەوشت و تەقوا و جوامێری و زانستی جۆراوجۆر لە خزمەت بەڕێز مامۆستا ناسردا فێری وانەی گرینگ بووم. لەکۆتاییدا لەساڵی (١٣٦٧)ی هه‌تاوی (١٩٨٨ز) له‌خزمەت حاجی مامۆستا ئیمامی لە شاری سەقز توانیم خوێندنی فەقێیەتی کۆتایی پێ بێنم و گەڕامەوە شاری پاوە و گوندی خانەگا(خانقا) و له‌ حوجرەی علوومی دینی خەریکی وتنەوەی وانەی فەقێیەتی بووم  لەو ماوەیەدا فەقێی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوەی کوردستان دەهاتن بۆ ئاوایی خانەگا... دواجار لە ساڵی (١٣٦٩هـ) (1990ز) لە خزمەت مامۆستا زاهید زیایی هەر لە شاری پاوە بەشێوەی ڕەسمی ئیجازەنامە و بڕوانامەی زانستیم وەرگرتووە. لەڕاستیدا من وێڕای وتنەوەی وانە لە حوجرە، لە زانکۆ و زانستگاش خەریکی درێژەپێدان بە خوێندن بووم و لە ساڵی (١٣٧٤هـ) (1995ز) لەئەدەبیاتی فارسی بڕوانامەی "کارناسی"م بە پلەیەکی باش وەرگرت و دواتر لە ساڵی (١٣٧٦هـ) (1997ز) دەرچووم بۆ زانکۆی تاران بۆ فیقهی شافیعی و لە ساڵی (١٣٧٩هـ) (2000ز) بڕوانامەی (ماستەر)م وەرگرت و هاوڕێ لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام لە خانه‌قای پاوە خەریکی وتنەوەی وانە بووم، زۆر جار نزیک بە  (٤٠) فەقێی دەبوون، لەگەڵ هەبوونی گرفت و کێشەی زۆر، بەڵام لەو ئەرکە هەستم بەماندووبوونی نەدەکرد و شوکر بۆ خوا ئێستا بەشێکی زۆر لەو دۆستانە خەریکی ئەرکی مامۆستایی و بانگخوازین. دواتر لەساڵی (١٣٨۵هـ) (2006ز) دەرچووم بۆ دکتۆڕا لە زانکۆیه‌کی وڵاتی (سودان) دوای ماوەیەک مانەوە له‌ سودان توانیم زانستی (فقە مقارن) یا وەک زاراوەی ئێستای ئێران بڵێن (فقە تطبیقی) به‌باشی تەواو بکەم و دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆرا گەڕامەوە ئێران. دواجار بەپێی پێشنیار و داوای دۆستان، مەدرەسەی (خانەقا)م جێ هێشت و چوومە تاران. بەپێی ئەو پێوەندییەی کە پێشتر هەمبوو لەگەڵ زانستگا و زانکۆی ئیلاهییات و زانکۆی مەزاهیبی ئیسلامی، خەریکی وتنەوەی وانه بووم و تا ئێستا هەر لە تاران نیشتەجێم. 

پرسیار: دوور و نزیک دکتۆر مەحمود وەیسی وەک نووسەر و وەرگێڕ دەناسن، تکایە بفەرموون چۆن ئەم ڕێگایەتان تاقی کردەوە؟ بفەرموون تا ئێستا چەند کتێبی بەرێزتان چاپ و بڵاو بوونەتەوە؟

وه‌ڵام: له‌ڕاستیدا دوای ئەوەی ماوەی (١٤) ساڵ لەحوجرەی گوندی خانەقا لەخزمەتی فەقێ و دۆستانی دیكه‌‌ کۆمەڵێک وانەی فێرکاری و زانستی تەفسیری قوڕئانی پیرۆزمان بە بەردەوامی هەبوو، کە کۆی وانە وتنەوەی تەفسیری ئەو چەند ساڵەش نزیک بە (٢٠) جزووە لە قوڕئانی پیرۆز بوو، کە ئێستا بە شێوەی دەنگ لە چوارچێوەی کاسێت بوونی هەیە، دواتر کە چوومە تاران دووبارە ئەو کارەم لەوێش دەست پێ کردەوە. بەردەوامی من لەسەر وتنەوەی تەفسیری قوڕئان، بوو بە هۆکاری ئەوەی کە تەفسیری جوزئی (٢٩و٣٠) چاپ و بڵاو بکرێتەوە، هەڵبەت لە جوزئی سی ڕاڤه‌ی سورەتی (حه‌مد)م بۆ زیاد کردووە.

کۆی ئەو کتێبانەی من کە وەک وەرگێڕان و نووسین چاپ و بڵاو کراونەتەوە، بریتین لە: 

۱- تفسیر جزء سی‌ام به انضمام سوره‌ی حمد.

۲ ــ تفسیر جزء ۲۹ بیست نهم.

۳- حیات پس از مرگ.

٤- الأخلاق فی (فی ظلال القرآن) عربی. ۵- شرح اربعین نووی.

۶ـ فرازهایی از زندگی صالحان.

۷- اصول اساسی در فهم قرآن، نوشته‌ی امام ابوالأعلی. 

٨- بوستان اهل دل.

۹- گلچین غزلیات منسوب به امام عبدالقادر گیلانی -رحمه‌ الله‌ـ .

بەرهەمی بڵاونەکراوە و ئامادەی چاپ و بڵاوکرانەوەش بریتین لە:

۱- تفسیر سوره‌ی نحل.

۲-قصص قرآن.

۳-تفسیر آیات احکام.

۴-قواعد فقه.

پرسیار: ئاراستە و کارکردنتان لەسەر قوڕئان چ وەک بانگخواز، چ وەک نووسەر و وەرگێڕ بۆ هەموو لایەک ئاشکرا و ڕوونە؛ ژیان لەژێر سایەی قوڕئان چی پێ بەخشیون؟ قوڕئان بۆ کوێتان دەبات؟ ئایا دەتانباتە ئەو شوێنەی کە دەتانەوێ؟

وه‌ڵام: لە یەک ڕستەدا دەتوانم بڵێم کە: ژیان لە خزمەت قوڕئان، متمانە و ئارامی و ئاسوودەیی و ئۆقرەیی ڕۆح و ڕەوان و بیر و هزری پێ بەخشیووم، تاکوو بتوانم باشتر لەهەموو کات و ساتەکانی شەو و ڕۆژ لەژیانی خۆم کەڵک وەرگرم و هیچ چرکە و خولەکێک لەژیانی خۆم بێ کەڵک و سوودوەرگرتن و بێ مەبەست تێنەپەڕێ. بێگومان هاوڕێیەتی لەخزمەت قوڕئان بەرەو ئەو ئاراستەیەم دەبا کە ڕەزامەندی خوای گەورە و پێغەمبەری ئازیزە؛ گەیشتن بەو ڕاستییە بە توێژینەوە و بیرکردنەوە لە قوڕئان و فەرموودە دانسقەکانی پێغەمبەر تێگەیشتووم کە ئەویش بەرەو ئەو ئامانج و ئاواتە کە بەختەوەری و ئاسوودەییە دەمانگەیێنێ لە دونیا و دواڕۆژ. هەر وەک شاعیرێکی فارس (سەنایی غەزنه‌وی) دەڵێ:

(عروس حضرت قرآن نقاب آنگە براندازد

کە دارالملک ایمان را مجرد بیند از غوغا).

سەیید قوتبیش دەفەرمووێ: (إِن هذا القرآن یعطیک بقدر ما تعطیه.) ئەم قوڕئانە بە ئەندازەیەک کە تۆ خۆتی پێشکەش بکەی، لەبەرامبەردا ئەو خێر و بەرەکەتت پێ دەبەخشێ. گەر ورد بینەوە لە هۆنراوەی ئەو شاعیرە بەڕێزە کە لای هەموو کەس ناسراوە، لەڕاستیدا لێکچوون و شوبهاندنێکی جوانی قوڕئان دەکا بە بووک؛ واتە بووکێک کە زۆر جوان و خاوەنی جەماڵ و جوامێری و پڕیەتی لە شەرم و حەیا، لەهەقیقەتدا تەنها خۆی نیشانی ئەوکەسانە دەدا کە مەحرەم و ڕازپارێزی ئەوە. کاتێک قۆناغی مەحرەمی و ڕازداری لەنێوان مرۆڤ و قوڕئان دروست بوو و مرۆڤ گەیشتە ئەو سنوورە، ئەو کات قوڕئان ئەو ڕەحمەت و بەرەکەتە بە مرۆڤ دەبەخشێ و دەری دەخا، کەوابێ مرۆڤ خۆی دەبێ تێبکۆشێ تا بگاتە ئەم ئاستە کە قوڕئان دڵۆڤانی خۆی پێ ببەخشێت.

پرسیار: ئەمڕۆ ژیانی مرۆڤەکان بەگشتی پڕە لە کێشە و ترس و دڵەڕاوکێ، بەڕای بەڕێزتان ژیان لەگەڵ قوڕئان تا چ ئاستێکی ئەم بەشەی ژیانی مرۆڤەکان چارەسەر دەکات؟ ئایا قوڕئانی پیرۆز دەتوانێ ئەو بۆشاییە ناخهەژێنەی ڕۆحی و مەعنەوی مرۆڤەکان پڕ کاتەوە؟

وه‌ڵام: بەنیسبەت ئەم پرسیارە گرنگ و هەستیارە، بەبۆچوونی من قوڕئان وەک پێغەمبەری ئازیز(درودی خوای لێ بێت) ئاماژەی پێداوە دەکرێ بڵێین: سفرە و خوانێکی پەروەردگارە کە بەسەر زەویدا ڕاخڕاوە، هەر کەسێک دەتوانێ لەم سفرە و خوانە بەپێی پێویستی دڵ و ڕۆح و جەستەی داخوازی خۆی لێی هەڵبگرێ و بەدەستی خاڵی هەڵناستێ، بێگومان دەتوانێ زۆرێک لەو کێشە و گرفتە ڕۆحی و مەعنەوییەی کە مرۆڤ پێوە هەراسانە چارەسەری بکات، بەڵام دانیشتن و کەڵک‌وەرگرتن لەم سفرە و خوانە کۆمەڵێک گریمانەی تایبەت بەخۆی هەیە، کە ئەویش لەوه‌ڵامی پێشوو کەمێ ئاماژەم پێ کرد، واتە ئەم قوڕئانە کاتێ جوانی و دڵۆڤانی و ڕەحمەتی خۆی دەردەخا بۆ بەردەنگانی خۆی کە لەسەر سفرەی: (دارالملک ایمان را مجرد بیند از غوغا)، واتە دڵ و قەلب و دەروونی پاک و بێگەرد بێ لەهەر قڕەقڕ و کێشە و هاڵۆزی، کە فیتنە و ئاژاوە دروست دەکا.

لەڕاستیدا مرۆڤ دەبێ بۆ گەیشتن بەو قۆناغە خۆی ماندوو بکا، تا لەڕەحمەت و بەرەکەتی قوڕئانی بەرکەوێ، چونکە گەیشتن بەو قۆناغە بێ ئەوەی زەحمەت و ماندوویەتی تێدابێ، بێگومان ڕێگەکە ڕێگەیەکی دروست و تەواو نییە. ئەگەرچی ئەم ڕێگەیە کات و زەمەنی زۆری دەوێ و بە جۆرێک زەمانبەرە و دەخایەنێ، بەڵام کاتەکە ئەوەندە شەکەتکەر و قورس نییە کە مرۆڤ تێیدا بێ‌توانا و دەستەوەستان بمێنێتەوە، بەڵکوو دەتوانێ وێڕای تێپەڕبوونی کات خۆی زیاتر هەڵکێشێ و ئاستی ڕۆحی خۆی بەرز کاتەوە، بەڵام وەکوو گریمانەی یەکەم دەبێ لەکات و ساتەکانی شەو و ڕۆژ کەڵک وەرگرێ، بەتایبەت وەرزی زستان کاتێکی گونجاوە بۆ گەیشتن بە ئامانج و مەبەستەکان، چونکە خەڵوەت و سەحەرخێزی لەو شەو و ڕۆژە بەنرخ و بەهادارانەدا مەعنەوییەتی مرۆڤ بەرز دەکاتەوە و مرۆڤ پەروەردە دەکا و دەیباتە ئەو قۆناغە کە هەرچی پیسی و چەپەڵی کە لەسەر دڵی کۆبۆتەوە ڕایماڵێ، هەر وەک مامۆستا شەمس دەفەرمووێ:

(عاشقی کوڵمی بە ڕەنگی ئەشقی چاوی سوور نەبێ

ڕۆژ نەسووتێ شەو نەناڵێ تا سەحەر من نامهەوێ

یا ڕۆژ نە ناڵێ و شەو نەسووتێ تا سەحەر من نامهەوێ،

شۆڕی فغان و گرینت گەر نەبێ نابێ سەمەر

مەزرەعەی ئەعماڵی تۆ بێ ڕەعد و باران ناکرێ).

ئیستفادە و کەڵکوەرگرتن لەخەڵوەتی ئەو شەوانە، وەک دەرفەتێک دەبێ سوودی لێوەرگرین بۆ ئەوەی بەهرەیەکی باشی لێ بکەوێتەوە لە پێوەندی و تێکەڵبوون و ژیان لەگەڵ قوڕئان، بەجۆرێک هیچ لەحزەیەک نەبێ لەژیانمان بەبێ هاوڕێیەتی لەگەڵ قوڕئان و بەردەوام بە شەو و ڕۆژ ژیانێکی حزووریانەمان لەخزمەتیدا هەبێ؛ هەر وەک حافز ڕەحمەتی خوای لەسەر بێ دەفەرموێ:

(دلا بسوز کە سوز تو کارها کند

نیاز نیمە شبی دفع صد بلا کند)

لەڕاستیدا سووتیان لەدڵی شەودا و دەربڕینی ئێش و ڕاز و نیاز و لاڵانەوە و پاڕانەوە لە خەڵوەتی سەحەردا ئەویش لەگەڵ یاری حەقیقی، دەبێتە هۆکاری دوورخستنەوەی بەڵا و خەفەتی دڵ، بۆ نموونە ئەو کێشە ناخهەژێنەی ئێستا کە خەڵک بە دەستیەوە ماندووە، وەک: دڵەڕاوکێ و بێ‌هیوایی و خەفەت و داڕمانی مەعنەوییەت و زۆر شتی‌تر... بێگومان دەتوانین بڵێن کە: مەعنەوییەت و ڕوحانییەتی قوڕئان جۆرێک له‌ هەناسەدانی مرۆڤە، هەر وەک چۆن مرۆڤ بۆ زیندوومانەوەی حەیاتی جه‌سته‌یی پێویستی بە نەفەس کێشان و کەڵک وەرگرتن لە (ئوکسیجێن) هەیە، بۆ حەیاتی ڕۆحی پێویستی بە نەفەس کێشان هەیە، واتە ئەوەی کە بتوانێ لەبواری ڕوحی نەفەس بکێشێ، لەڕاستیدا ئاستی مەعنەوی بەهێز دەبێ. ئەو ئوکسیجێنەی کە ئێمە بۆ ڕوح و جەستە دەبێ کەڵک و سوودی لێوەربگرین، فەزای قوڕئانی و دانیشتن و تێکەڵبوون و هاوڕێیەتی لەخزمەت قوڕئاندا، بەرهەمی ئەم هاوڕێیەتییە، کەش و هەوایەک دروست دەکا کە ڕوحی ئێمە بە ئاسوودەیی نەفەس بکێشێ، ئەو کات کە ڕوحی مرۆڤ هەستی بە ئارامی ده‌کرد، بێگومان مرۆڤ بەئاسانی دەتوانێ هاوڕێ لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی کەڵک و سوودی هەبێ بۆ دەورووبەری خۆی، هەروەک عەللامە ئیقباڵی لاهوری دەڵێ:

(بسوزد مٶمن از سوز وجودش

گشود هرچە بستند از گشودش).

کاتێ بڕوادار بوو بە خاوه‌نی سکاڵای دەروونی، وجودی دوو خێری دەست دەکەوێ، نەک هەر کێشەی خۆی، بەڵکوو هەرچی گرێی خەڵکیش هەیە چارەسەری دەکا. هەڵبەت ئەو بابەتە قسە زۆر هەڵدەگرێ، واتە بابەتی مەعنەوییەتی قوێئان، بەهۆی ئەوەی من لە تاران نیشتەجێم بۆ دۆستانی ‌تر قسەم زۆر کردووە و بۆ ئەوە ئێوە دۆستان و خوێنەرانی (ئیسلاحوێب) ماندوو نەکەم کۆتایی بە ئەم باسە دێنم.

پرسیار: بەڕێزتان ماوەیەک لە حوجرە خەریکی وتنەوەی زانستی شەرعی بوون و لە حوجرە ژیانتان بەسەر بردووە، هەرچەند ئێستا بەڕێزتان مامۆستای وانەوتنەوەی زانکۆن لە تاران، بەکورتی بفەرموون جیاوازی پەروەردەی مەعنەویی ئەم دوو قۆناغە لەچیدا دەبینن؟

وه‌ڵام: لە وه‌ڵامی ئەو پرسیارەدا دەمهەوێ بەپێی ئەزموونێک کە (١٤) ساڵ بێ وچان و ماندووبوون لە حوجرە، واتە هاوڕێیەتی بەشێکی زۆر لە دۆستان و فەقێیەکانی ناوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات کە تەمەنی مناڵی و گەنجی کە قۆناغی گوڕوهێز و وزەی جەستەیی من، واتە دەورانی قووه‌ت «اللَّهُ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ ضَعْفٍ» بوو تێپەڕم کرد: «ثُمَّ جَعَلَ مِنْ بَعْدِ ضَعْفٍ قُوَّةً» قۆناغی پێگەیشتنی من هاوڕێ لەگەڵ بوونم لە حوجرە «ثُمَّ جَعَلَ مِنْ بَعْدِ قُوَّةٍ ضَعْفًا وَشَيْبَةً» کە دواتر لەتەمەنی (٤٠) ساڵی کە بەرەو تاران چووم، واتە قۆناغی پێگەیشتن و وردبوونەوە، کە خۆی قۆناغێکی هەستیار و گرنگ بووە، کە ئەویش ماوەی(١٨) ساڵ کە خۆی له‌ ئەزموونی ئەو چەند ساڵەی زانکۆ و گەشت و گەڕان بۆ وڵاتە جۆراوجۆرەکان کۆم کردۆتەوە لەگەڵ دۆستان و هاوڕێیان دەیخەمە ڕوو، هیوادارم بتوانم ئەمەی کە کۆم کردۆتەوە کەڵک و سوودی هەبێ بۆ خوێنەر.

بێگومان ئەو دڵخوازی و ئاسوودەیی ڕوحی و مەعنەوییەی کە لە حوجرەدا بەدواداچوونی بۆ دەکرێ، زۆر جیاوازە لەو دڵخوازی و ئەو شوێنکەوتنەی کە لە زانکۆ بوونی هەیە، بەتایبەت ئەو مەعنەوییەت و دڵپاکی و ڕاستگۆیی و هەرچی ڕەوشتی بەرز و جوامێری کە مرۆڤ دەیهەوێ لە خۆیدا دەنگ و ڕەنگی پێ بدات، جەمسەر و جێگەی گەشەکردنی حوجرەیە نەک زانکۆ و زانستگا. لەڕاستید زانکۆ کۆمەڵێک تایبەتمەندی خۆی هەیە کە ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێ، کە ئەویش مرۆڤ بەهۆی تێکەڵبوونی لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی جیاواز و دونیایەکی فراوانتر -کە ئەمە خۆی دەکرێ ئەزموونێکی باش لەبواری کۆمەڵایەتی و... کۆ بکرێتەوە- کە لەوانەیە لە حوجرە نەکرێ دەستی کەوێ. بە بڕوای من هەردووک پێویستن و دەتوانن وەک دوو باڵ بن بۆ یەکتری، بەڵام باڵێک زۆر پتەوتر و بەهێزترە کە ئەویش باڵی حوجرەیە؛ ئەگەر مرۆڤ بتوانێ لە کەشوهەوای حوجرە کەڵک و سوود وەرگرێ، دەتوانێ تا کۆتایی ژیانی لەو پاشکەوتی کە کۆی کردۆتەوە کەڵک وەرگرێ. واتە ئەو تێفکرین و ڕامان و وردبوونەوەی تەنانەت لەبواری وتنەوە بۆ خوێندکار کە لە کەشوهەوای حوجرەدا بوونی هەیە لە فەزای زانکۆدا بوونی نییە، بارودۆخی زانکۆ بە جۆرێکە کە لەبواری پێوەندی تاک و کۆمەڵ و فیکری و زانستی و بابەتگەلێکی ‌تر پانتاییەک و پێشکەوتنی زۆری پێوە دیارە، بەڵام لەحاند مەعنەوییەت و ڕۆحانییەتەوە ناتوانێ ئەو بۆشاییە پڕکاتەوە و ڕەنگە مرۆڤ بە پێچەوانە تووشی داڕمانی مەعنەوییەت بێ، چونکە کەش و هەوای زانکۆ کەش و هەوای مەعنەوییەت نییە، به‌ڵام ژینگه‌ی حوجرە ژینگه‌یەکی مەعنەوییە.  بە بۆچوونی من یەکێک لە ڕێگەکانی گەیشتن بەو قۆناغە گرنگ و هەستیارە، واتە وەدەستخستنی ترۆپکی مەعنەوییەت کەشوهەوا و فەزا و شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤە، فەزا دەتوانێ مرۆڤ پەروەردە بکات، تەنانەت جوانتر لەهەر فێرکار و ڕاهێنەرێکی لێهاتووش. لە ڕاستیدا ئەو کەشوهەوایەی کە مرۆڤ لەناویدا بوونی هەیە، ئەگەر فەزایەکی سالم بێ، بێگومان مرۆڤ پەروەردەیەکی جوانی دەبێ. ئەگەرچی مەعنەوییەت بە جۆرێک لە حوجرە باشتر خۆی دەنوێنێ، هەڵبەت ئەویش ئەگەر ڕه‌چاوی هێندێک شتی تێدا بکرێ، نەک مەبەست لە بوونی حوجرە تەنیا وتنەوەی وانە بە قوتابی بێت، بەڵکوو حوجرەیەک بەتەواوی مانا حوجرە بێ، کە دووربێ لە هەموو ڕەوشتێکی قێزەوەن و ناشیرین و دەرگاکانی مەعنەوییەت کراوە بێ و بتوانێ لە بواری جواروجۆری کەسایەتی خۆی بەهێز بکات. کۆتا قسەم: ئێمە دەتوانین لەهەر شوێن و جێگەیەک ژیان تێپەڕێنین، دەتوانین کەش و هەوایەکی وەک حوجرە بۆ خۆمان ڕێک بخەین تا بتوانین  ئاسوودەیی و مه‌عنەوییەت و ڕۆحانییەتی قوڕئان کە لە شوێنی‌ تر دەستمان ناکەوێ، بۆخۆمانی مسۆگەر کەین.

پرسیار: لە ژیانی خۆتاندا چ کەسانێک کاریگەری دەروونی و مەعنەوییان له‌سه‌رتان ‌هه‌بووه‌؟

وه‌ڵام: لەڕاستیدا حەیات و ژیانی من هەر لەسەرەتای مناڵی تا ئێستا پڕ بووە لە کوێرەوەری و مەینەت و کەموکوڕی ئابووری و تەنانەت کوێرەوەری لە ڕۆژانی خوێندنی وانەی علوومی دینی و ئه‌کادیمی، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەدا کەڵک و سوودم وەرگرتووە بۆ پەروەردەکردن و ڕاهێنانی ڕوح و جەستەی خۆم و ڕێگەم نەداوە ببنە بەربەست بۆ گیان و ژیانی خۆم، دیارە ئەمە ژیانە و ژیانیش پڕیەتی لەو کۆسپ و ئازارانە کە مرۆڤ دەبێ بە باشی هەوڵ بدات و تێیدا سەرکەوێ. بەڵام دەکرێ ئاماژە بە چەند كه‌س بکەم کە کاریگەری و سوودیان هەبووە بۆ نموونە:

یەکەم/ بەڕێز مامۆستا شێخ عەبدولعەزیز حوسێینی، كه‌ لە سەردەمی دەسەڵاتی شای ئێران، ئیمام و پێشنوێژی شاری قەسری شیرین بوو، بەڵام نیشتەجێی شاری کرماشان بوو، ماوەیەک لەسەردەمی خوێندنی وانەی ئه‌کادیمی من، وانەی (سەرف و نەحو و...) لەخزمەتی بەڕێزیانم خوێند، بەڕاستی کاریگەری جوامێری و ڕەوشتبەرزی هەبووە لەسەرم.

دووەم/ بەرێز خوالێخۆشبوو مامۆستا موحەممەد ڕەبیعی، ئەگەرچی من لەخزمەتی دەرفەتی خوێندنم نەبوو، بەڵام دانیشتن و هەستان لەکۆڕی ئەم مەزنە پیاوە کاریگەری ڕوحی و دینداری و بوێری و جوامێری و خاکیبوونی هه‌بووه‌ بەسەر قۆناغەکانی ژیانمدا.

سێهەم/ لەخزمەت مامۆستا ناسری سوبحانی، بۆ ماوەیەک خەریکی خوێندنی تەفسیری قوڕئان، بەلاغەتی قوڕئان و... بووم، هاوڕێ لەگەڵ ئەوەدا لەبواری ڕوحی و مەعنەوی سوودی زۆرم وەرگرت، بۆ نموونە بەشێوەی کرداری و عەمەلی، تام و چێژی تایبەتم لە شەونوێژ و تێکەڵاوی و ژیانێکی حزووریانەی لەگەڵ قوڕئانی ئەو مەزنە پیاوە وەرگرتووە، بێگومان دەتوانم بڵێم کە: ئەو تام و چێژ و لەززەتی چێژوەرگرتنی شەونوێژ و تێکەڵاوی لەگەڵ قوڕئان و ژیانی حزووریانەی لەخزمەت قوڕئانی مامۆستای شەهید تا ئێستاش لەبواری مەعنەوی و ڕوحییه‌وه‌ کاریگەری هەیە لەسەر من، گرینگترین بەشێک کە لە مامۆستا ناسری سوبحانی فێر بووم ئەوە بوو كه‌ (چۆن له‌قوڕئان تێبگه‌ین - کیف نفهم القرآن) کە ئێستاش هەر بەو شێوازە لەخزمەت قوڕئان دادەنیشم.

چوارەم/ بەرێز مامۆستا سەڵاحەددین موحه‌ممه‌د بەهائەددین، کە بەڕاستی لە خزمەتی بەڕێزیان فێری تەقوا و حیکمەتی کردەوەیی بووم، زۆرێک لەو مامۆستا بەڕێزانەی کە ئێستا کاتی ئەوە نییە ناوی هەموویان ببەم، تەنیا دوعای خێریان بۆ دەکەم کە لەسەر سفرەی ڕەوشتبەرزی ئەوان فێری وانەی ژیان بووم.