ئەمڕۆ شەنبە، ڕێکەوتی ۱۳ی خەزەڵوەی ۱۴۰۲ی هەتاوی بەیانی لەگەڵ مامۆستا مەلا سلێمانی ڕۆستەمی بۆ سەرە خۆشی چووینە مزگەوتی یۆسفی قازی. مزگەوت خەڵکێکی زۆری لێ بوو بەڵام دەوران دەوری مزگەوت سەندەڵی ریزکرابوون کە بۆ خۆم ئەو شتەم پێ‌ناخۆشە. پێم وایە سەندەڵی تەنیا دەبێ بۆ خاوەن مردووی بێت یا دەنا خۆزییە وەک کوردوستانی باشوور، لە پەنا مزگەوتەکان شوێنێک دروست کرابان وەکو شوێنی تازیە و سەرەخۆشی و سەندەڵی لێ دانرابا مەسەلەیەک نەبوو. دوایی لەگەڵ مامۆستا ڕۆستەمی هاتینە کتێب فرۆشی گزینگ. کاک فەرەیدوونی حەکیم زادەی لەوێ بوو هەندێک قسەی ئاساییمان کرد و ئەم کتێبەمان، بە نێوی ولایت مکری در سفرنامەها نوسراوەی کامران سەنایی بە نرخی شەشسەدوو پەنجا هەزار تومان. کە بیرەوری سی و یەک گەڕیدەیە لە کوردوستانی موکری کە لەمانە بیست و چوار کەس دەرەوەی وڵات و حەوت کەسیش ناوخۆی وڵاتە، کە لەم سەفەرنامانەیە، بیست و حەوت دانەیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی قاجار و چواریان بۆ سەردەمی پەهلەوی ئەوەڵە وە لەنێووانەش هەژدەیان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی و چواریان دەستنووس و نۆیان “کتێب”ن ئەمە سێهەمین بەرهەمە لە کامڕان سەنایی سەبارەت بە موکریان دێتە بازار. لە کتێب‌فرۆشی گزینگ بووم حاجی مەلا ئەحمەدی شەریعەت پەنا زەنگی لێدا کە بۆشەو میوانی منی.
شەو دیدارێک لەگەڵ چەند کەسایەتی:
دوای نوێژی خەوتنان چوومە خزمەتیان. دانیشتووانی ئەمشەوە بریتی بوون لە: ۱ـ میرزا ڕەحمان ئەمینیان، ۲ـ دوکتۆر عوسمان مامۆستای خانەنشینی زا
دوای شام و حەسانەوە لە هەمولایەکەوە هەر کەس بیرەوەی سەردەمی خۆی دەگێڕاوە، بەڵام ئەوەی کە زیاتر سەرنجی خۆی بۆ لای ئێمە ڕادەکێشا، میرزا ڕەحمان ئەمینیان کە لە بنەڕەت دا خەڵکی گوندی “گروێس”ی ناوچەی ئالانی سەردەشتە، بەڵام زیاتر لە سی‌وشەش ساڵە بە فەرمی لە دەرەوی وڵاتە. میرزا ڕەحمانی ئەمینیان کە بەڕاستی پیاوێکی بیرتیژ، لێکۆڵەر، زمان‌زان، شاخەوان، ئەدیب، بەڕاستی وەک دەڵێن شەش مەوجە یا ئاچەر فەڕانسەیە کە تا نەیبینی یا لەوانە نەپرسی کە دیتویانە کێیە، بۆت دەرناکەوێ. بۆوەی زیاتری بناسین با لە زمانی خۆیەوە بیناسێنین باشترە. میرزا ڕەحمان برای مامۆستا موحەممەد ئەمین ئەمینیانە و دوساڵ لەوی چوکەترە، ئەوە ئێوەو ئەوە میرزا ڕەحمان.
ناساندنی میرزا ڕەحمان:
من ناوم عەبدوڕەحمان ئەمینیان ساڵی ۱۳۲۶ی هەتاوی لە ئاوایی گروێسی سەردەشت چاوم بە دنیا هەڵێناوە شێخەمینی بێژوێ، نێوی لێناوم عەبدولڕەحمان ئەگەر لە منیان پرسی لە کوێ لە دایک بوویە دەڵێم لە گروێسێ لە کوێ گەورە بووی دەڵێم مەهاباد و سەردەشت. لە کوێ دەژی لە نۆڕوێژ لە شاری ئۆلۆمپیکی جیهان لیلهامێڕ واتە: تەپۆڵکەی جوان. ساڵی 1354ی هەتاوی یەکەم سەفەری دەرەوەی وڵاتم کردووە، ساڵی 1359ی هەتاوی بۆ جاری دووهەم سەفەری دەرەوەی وڵاتم کردووە و چوار مانگ ماومەتەوە. ساڵی 1367ی هەتاوی بە یەکجاری پەڕیوەی هەندەران بووم و دانیشتووی نۆڕوێژم. حەفتا و پێنج وڵات بە شێوەی ئەکادیمیک گەڕاوم. مەبەستم ئەوەیە کە لە سەردانەکانمدا هەم سەردانی مووزەکانم کردووە هەم سەردانی شاخ و کێو و ڕووبارەکانم کردووە هەم سەردانی بازاڕ و ژیان و فەرهەنگ و کەلەپووری ئەو خەڵکەشم کردووە. فەقێتیم لە ئاوایی گروێسێ ساڵی ۱۳۳۵ی هەتاوی دەست پێ کرد، لە عەوامیلی جورجانی تا ئیزهارم خوێندوە. لە قوتابخانەدا دیپلۆمی ڕیازیم لە مەهاباد وەرگرت. لیسانسی ڕیازیم لە تەورێز وەرگرت موهەندیسی گەردشگەریم لە نۆڕوێژێ وەرگرت ئەگەر لە منیان پرسی چەند کاران دەزانی دەڵێم: هەم شاخەوانم، هەم گەشتیار(گردشگر) و گەڕیدە‌‌(جهانگرد)ی جیهانم، هەم مەلەوانم هەم خەتتات و هەم لێکۆڵەر و هەم وشەناسم. لێم پرسی بە سەر چەند زماناندا شارەزایت هەیە؟ گوتی: کوردی، فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، تورکی، نۆروێژی، دانمارکی، کوردیش هەموو زاراوەکان جگە لە زاراوەی زازا. میرزا ڕەحمان دەڵێ: بە مامۆستا هەژارم گوت تۆ کۆڵەکەی ئەدەبیاتی کوردی. مامۆستا هەژار فەرمووی: ئەمن بیست لە سەدی دەزانم مەسعوود محەممەد زۆر لە من بە تواناترە.
من و میرزا ڕەحمان
میرزا ڕەحمان دەڵێ: ئەگەر کوردێک بێتە لام و داوا بکا کە گوزەرنامەی بدەمێ؛ دەڵێم: بڕۆ هەورامان هەر سێ بەشی. بچۆ ئالانی سەردەشت، ئەو چوار مەڵبەندەم بۆ بگەڕێ هەر یەکەی لە پەنجا لاپەڕەی لەبارەیەوە لەسەری بنووسە لاپەڕەیەکی زانستی بێ ئەو جار ئیجازە دەدەم وەکوو گەردشگەر بتوانێ بچی بۆ وڵاتانی دیکەی دونیایە.
سێ شارم پێ لە هەموو شارێک لە دونیا خۆشترە؛ شاری سیدنی لە وڵاتی ئوسترالیا شاری لیلهامێر لە نوێڕوێژ و لە ئێران شیراز، کرماشا، سنە و تەورێز پێم لە هەموو جێگا خۆشترە بۆیە تەورێز چوونکینێ گەورەترین پاساژی(بازاڕ) داپۆشراوی جیهانی لێیە.
بینینی کەسەیەتییەکان:
لێم پرسی لەم کەسایەتیانەی دیتوتن ناو بەرە؛ گوتی: مامۆستا هەژار، مامۆستا هێمن، مەسعوود محەممەد، عەبدوڵڵاپەشێو، شێرکۆ بێکەس، عەبدوڵڵا غەفوور، مام جەلال، حەسەن زیرەک، مامۆستا شێخ عیززەددین، مامۆستا شێخ جەلال، مەسعود بارزانی، نەوشیروان مستەفا، مەلا ئاوارە، و وە بە خاتری وی گیراشم وە مەلا خدری سارکێ. چوار ماڵم هەیە، ماڵێکم لە مەهاباد، ماڵێک لە سەردەشت، ماڵێک لە نۆڕوێژ و ماڵیک لە ڕۆمانی.
میزرا ڕەحمان گوتی: سی و یەک دەستم کەوا پاتۆڵی کوردی و کۆت وشاڵواری فەڕەنگی هەیە، شەش ڕانگ و چۆغەم هەیە بە ڕەنگی جۆراوجۆر ڕۆژێ دوو کەڕەت یان سێ کەڕەت لیباس و جلەکانم دەگۆڕم.
کچەکەم لە ئەمریکا خوێندوویەتی و ئێستا جێگری ئوستاندارە و دەیەوێت بۆ ساڵی دوو هەزار و بیست و حەوتی زایینی، خۆی بۆ پاڕلەمانی نۆڕوێژ کاندیدا بکات.
هەروەها لە بارەی گۆرانی بێژەکاندا؛ گوتی ئەمن، بۆ خۆم، گوێم لە خلەدەرزی بوو کە دەیکوت: وەختی خۆی کە ویستوومە حەیران و بەیت و باو بڵێم، مامۆستا شێخەمینی بێژووێ ئیجازەی پێدام گووتی مامۆستا سەعیدی ماملی کە گۆرانی کوتووە مامۆستا وەفایی ئیجازەی پێداوە سەید عەلی ئەزغەری کوردستانی کە ویستویەتی گۆرانی بڵێ ئایەتوڵا مەڕدوخ ئیجازەی پێداوە خدر(حەمە) قوتو مامۆستای کۆیە ئیجازەی پێداوە. خۆشەویستان میرزا ڕەحمان دونیایەکی عەجیبە بەڵام دەست بۆ قەڵەم نابا نازانم بۆ ڕوداوەکانی ژیانی نا نوسیوەتەوە کە هەفتاو پێنج وڵات گەڕاوە.
هەر ئەمە بو بە دەرفەت کە زیاتر لێک‌تر بکۆڵینەوە لە سەر هەندەک میوانەکانی ئەمشۆ بدوێین. 
کەسایەتی دوهەم: ئەندازیار ڕەحمان ئیسماعیل زادە، بەڕێزیان کوڕی مامۆستا مەلا برایمی سیسێری، لە دایک بووی ساڵی ۱۳۳۶ی هەتاوی. گوتی: ساڵی ۱۳۴۲وەک یەکەم قوتابی بابم منی ناردە قوتابخانە. یەکەم کەس بوومە کە لە مەهاباد و سەردەشت لە ڕیشتەی ماشێنهای کەشاوەرزی لە زانکۆی تاران لیسانسم وەرگرتووە. ئەوەڵین کەسێک بوومە کە چۆمە مەدرەسەی ساڵی ۱۳۴۲ی هەتاوی زۆرێک ڕەخنەیان لە بابم (مامۆستا مەلا ئیبراهیم) کە مەلای سیسێری بووە بۆ منداڵەکەی ناردۆتە مەدرەسەی دەوڵەتی. بابم پێیگوتن: گرفتی ئێمە بێسەوادییە ئەگەر ئەمن منداڵی خۆم نەنێرمە مەدرەسەی کێ دەینێرێت. لێرەدا میرزا ڕەحمان گوتی مامۆستا مەلا برایم وەک مامۆستای کۆیە ڕچەشکێن بووە بۆ ناردنی منداڵەکەی بۆ قوتابخانەی دەوڵەتی.
کەسایەتی سێهەم: کە ئەم شەوە لە خزمەتی دابویین، بەڕێز دوکتۆر عوسمان کوڕی مەلا موحەممەد ئەمینی بێژوێ، نازانم کامەتان وێنەی ئەم مامۆستایەتان دیوە کە لە پێشێ دەڕواو و کاک مەسعوود(بارزانی) و کەسانێک لەپشت سەری وی دەڕۆن کە دەڵێن دەبێ مامۆستای ئایینی وابێ کە دەسەڵاتداران بەدووی ویدابڕۆن؛ نە خۆیان بەدووی دەسەڵات داران. ئەم مامۆستا بەڕێزە مامۆستا مەلا عەوڵای بێژوەیی، مەلای مزگەوتی حاجی کاک ئەحمەدی شێخ لە سولەیمانییە. دوکتۆر عوسمان برازای و زاوای مامۆستایە. با لە زبانی خۆیەوە چاتری بناسین.
ناوم عوسمان کوڕی مامۆستا مەلا محمەد ئەمینی دایک و بابم لە بێژوەیی نزیکی نەوەد ساڵ لەمەوبەر کە بە فەقێیەتی لەگەڵ مامم هاتونەتە سولەیمانیە، لەوێ ماونەتەو نەگەڕاونەتەوە بێژوێ(سەردەشت). مامی بۆتە مەلای مزگەوتی حاجی کاک ئەحمەدی شێخ. 
دوکتۆر عوسمان ئاواڵ‌زاوایی مامۆستا مەلا ئەحمەدی نەجیبی بێژوەیی ومامۆستا دوکتۆر موحەممەدی گەزنەیی وەزیری ئەوقاف کە بەڕەحمەت چوو هەروەها ئاواڵ‌زاوایی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای قەشانییە کە ئەندامی لێژنەی فتوای سولەیمانییە بوو. فەرمووی: دوکتۆرای “شیمی”م هەیە کە کاتی خۆی وەرگیرام بۆ درێژەدان بۆ خوێندنی شیمی بچمە وڵاتی ئاڵمانیا. بەڵام لەبەر ئەوەی کورد بووم سەددام نەیهێشت و هەر لە عێڕاق ئەم ڕیشتەیەم وەر گرت و ئێستا مامۆستای زانکۆم لە زانستگای سەلاحەددین لە هەولێر و دو کچ و دوو زاوایەکانیشم هەر مامۆستای زانکۆن.
کاک ئازاد عەبدوڵڵاهی
لەنێو ئاخنی قسان دا کاک ئازاد عەبدوڵڵاهی بێژوەیی مامۆستای قوتابخانە، باسی لە “بێژوێ” کرد کە ئاواییەکی کۆنە، مێژووەکەی بۆ بەر لە ئیسلام دەگەڕێتەوە کە مامۆستا واقیدی لە فتوح سوادالعراق باسی لێوە دەکات. مزگەوتی بێژوێ بۆ سەرەتای ئیسلام دەگەڕێتەوە، ئەوەی کە جێی سرنجە وەک دەڵێن گۆڕی دو ساحەبە لێرە نێژراوون، شتێکی‌تر کە دەبێ باسی بکەم ئەوەیە لە پێش دەرگای مزگەووت و ڕوبەڕوی قیبلە، ئەم سەر و ئەو سەر مزگەوت واتە هەر دو جەمسەری دو دار چناری لێنە کە دەڵێن بۆ نیشان دانی قیبلەی چەقێنراوون، جا ئایا هەر ئی سەردەمی ئیسلامەن یا جار بەجار کە وشک بوونە لەجێیان چەقاندونەتەوە دیاری نییە.
ئەم دێیە شوێنەواری بەر لە ئیسلامیشی زۆر لێنە، بۆ وێنەی لەم زەویانەی داوێنی ئاوایی، لە کاتی کێڵانی زەوی دا گۆزەی زەلامیان دیتونەتەوە کە ئێسک‌وپروسکی مڕۆڤی تێدابووە. دەبێ ئەم گۆزانەی ئی بەر لە ئیسلامێ بوو بن. چوونکە ئەوکات ئاو، با، خاک و ئاور، پێیان پیرۆز بووە پێیان گوتووە عەناسوری ئەڕبەعە، چوار شتی پیرۆز و موقەددەس. مردۆکانیان لەگڵ‌دا نە ناشتووە؛ گوتوویانە گڵ پیس دەبێ.
لە دواییدا کاک ئازاد ئەم بەستە شێعرەی بۆ خوێندینەوە کە مامۆستا مەلا خدر، ناسراو بە (ساماڵ گەنمانی) خەڵکی گەنمان و دانیشتوی ڕەبەت، مامۆستای مزگەوت نییەو ئیشی ئازاد دەکات، نوسیویەتی، هەمووی پڕن لە وشەی ڕەسەنی کوردی. فەرموون ئەوە ئێوەو ئەمەش ئەم بەستە شێعرە.
ـــــ دواهەمین پەیمانی خوێن ــــ
قانگەلۆشکێکم بە دەوری مەرقەدی گۆناتەوە
گیان لە مەڵبەندێکی دیکەی دڵمەوە بەدواتەوە

بڕگە بڕگەی پرچی تۆم بە شنەی خەیاڵ هۆنیونەوە
گەردەلوولی ئاخی من هاتوون بە پیل سەرواتەوە

شلک و ناسک نیم بەڵێنی ساو بەرەو شەختەم بەرێ
نەونەمامێک نیم خەزان خشپەی لەشم بیر خاتەوە
برک و ژانی تازە نیم بتلێمەوە و بکولێمەوە
پێکەنینێک نیم کە فرمێسکی ئەوین بمشواتەوە
دواهەمین پەیمانی خوێنێکم برین دەیدا بە گڵ
ئەو گڕووگاڵەم وەنەوزی برسیەتی دەیباتەوە
دەست و پێ بەستە و خەمۆکی گوڵخەنێکی خێڵەکیم
چاولەدەستی خۆم نەبم کێ گوڵشەنم وێداتەوە؟
قوڵپی گریانی غروورێکی لەپێکەوتووی گەلم
شەرمی ئەو باوکەم، شەوی بێ شێو بە سەردا هاتەوە
لایەلایەی دایکی پاوێرم بە: گڵکۆ و لانکەوە
دەسکە پاچێکم کە پەنجەی قەبری لێ ناگاتەوە
خەونی ئاڵۆزی کوڕ و کیژانی قەیرە و باو لە مل
کۆزی خەرمانەی مەراقێکم فەلەک دەخواتەوە
جەنگەڵێکم تین و تەور و شەختە دمبەدمەم دەکەن
باپزووی ئاخم بەسەر باسکی پشووی سەرماتەوە
شەونم و ئاونگی شۆڕابەی کڵووکۆی حەسرەتم
قفڵەکۆنێکم کلیلی خەم نەبێ نامکاتەوە
ژانی کام تاوڵی برینەت لەو هەوارانەم دەوێ؟
کامە لێفەی گۆشتەزوونەت بۆ لەسەر هەڵداتەوە؟
کام هەواڵی دڵتەزێنت بەو درەنگانەی بەڵێن
بۆ لەسەر سەفحەی دڵی ئەو مەوتەنەم لاباتەوە
لەو قەراخانەی سەفەر لەو دیو بەڵێنی، هەڵکە من
لەو کەنارانەی کە هەرکەس ڕوو بە خۆی دەڕواتەوە
بمخە سەر شانی بەیانی و بمدە دەم ئێوارەیەک
بمکە مەمکەمژەی وەتەن، سەربەستی پێ ژیرکاتەوە
ساماڵ گەنمانی)
دوای بەستە شێعرەکە ئازیزەی خلەدەرزی بۆ هەڵکردین کە باسی زۆر شتی تێدایە، بۆ وێنە وەک ئێستاکە نە گوتراوە، دەریاچەی ورمێ، بەڵکە بەحری خوێ بەکار دێنێ کە جاران دەیان گوت: بەحری خوێ. لە میرزا ڕەحمانیم پرسی کە جەنابت وشەناسی، من لە ئاوایی “هێیە”ی شنۆیە لە دایک بوومە. یانی چی؟ لە ڕێوە گوتی هێیە هەمان خوێیە، چوون بەوێ دا خوێ بۆ شوێنی تر بەڕێ کراوە، ئەم شتەم چەند ڕۆژ پێش‌تر لە “دوکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە”ش گوێ لێ بوو. 
ئیتر لێرەوە بەخواتان دەسپێرم و ماڵە حاجی مامۆستا مەلا ئەحمەد شەریعەت‌پەنا ئاوەدان بێ کە چاوەڕاون دەکرێ بەم زووانە شیرنی وەرگرتنی پلەی دوکتۆرای لە ئەدەبیاتی عەڕەب بخۆین.
نووسەر: سەیید موحەممەد ئەمین واژی
۲۹ی ڕەشەممەی ۱۴۰۲ی هەتاوی