یەكێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان فەتوا دەدا بە حەرامكردنی دەستدرێژیكردنە سەر ئەو بەڵێننامە كۆمەڵایەتییە كە بە ویست و ئیڕادەی گەلی تونس گرێ دراوە.

هەریەكە لە دكتۆر ئەحمەد ڕەیوسنی، سەرۆك و دكتۆر عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان فەتوایەك سەبارەت بە دۆخی كودەتای سوپا و سەرۆكی ئەو وڵاتە بەسەر سەرۆك وەزیران و پەڕلەمان بڵاودەكەنەوە.

دەقی فەتواكە:

یەكێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان فەتوا دەدا بە حەرامكردنی دەستدرێژیكردنە سەر ئەو بەڵێننامە كۆمەڵایەتیە، كە بە ویست و ئیڕادەی گەلی تونس گرێدراوە و هەڵدەستێ بە ڕێكخستنی پەیوەندی لە نێوان سەرۆكایەتی و ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆكایەتی وەزیراندا، هاوكات پارێزگاری دەكا لە دەستكەوتەكانی گەل لە ئازادی و سەروەری یاسا و ڕەتكردنەوەی ستەمكاری و تاكڕەوی و قوربانیدان بە خوێنی ڕۆڵە بێتاوانەكانی گەلی تونس: «وَلَا تَقْرَبُوا مَالَ الْيَتِيمِ إِلَّا بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ حَتَّىٰ يَبْلُغَ أَشُدَّهُ ۚ وَأَوْفُوا بِالْعَهْدِ ۖ إِنَّ الْعَهْدَ كَانَ مَسْئُولًا» الإسراء/۳٤.

یەكێتی جیهانی جەخت دەكاتەوە لەسەر مەترسییەكانی پێكەوەبەستنی سێ‌ شومەكە، كە بریتین لە (تاكڕەوی و ئاژاوەگێڕی و كودەتای ناشەرعی). كە هیچ یەك لە بەڵێنە درۆینەكانی بۆ هیچ گەلێكی ئازاد جێبەجێ‌ نەكردووە و نایكات، ئەزموونە نزیكەكانی بەردەستمان ئەو ڕاستییەمان پێ دەڵێن، كە هیچ خۆشگوزەرانی و خێر و چاكەیەك لە كودەتادا نییە.

بەڕاستی گەلی تونس گیرۆدەی ستەمكاری و تاكڕەوی زۆر بوویەوە، بەڵام لەم دە ساڵەی ڕابردوودا تا ڕادەیەكی زۆر حەسایەوە لەژێر سایەی ئازادییەكدا كە پێشتر ئەوەی بەخۆیەوە نەدیبوو، ئەوەش دوای ئەوە كە بە قوربانیدان و خۆبەختكردن ئەو ئازادیەی دەستەبەر كرد، وا ئەمڕۆ هێزە شكتسخواردووەكان و شۆڕشی دژ و پێچەوانە دەیەوێ بیگەڕێنێتەوە دواوە و بیوەستێنێت لە ئەزموونە سەركەوتووەكەی، كە ئەمە پێچەوانەی ئیڕادەی ئازادانەی گەل و دەستورەكەیەتی، كە گەلی تونس ڕەزامەندی لەسەر داوە، ئەو دەستوورە دەسەڵات بە سەرۆكی وڵات نادا خۆی ببێتە دەسەڵاتی ڕەها، چونكە دەسەڵاتی ڕەها خراپەیەكی ڕەهایە، هەروەها ڕێگا بە سەرۆك‌كۆمار نادا مافی ئەوەی هەبێت دەسەڵاتەكان لەخۆیدا قۆرغ بكات و حكومەت لەكار بخات، پەڕلەمانی هەڵبژێردراویش سڕ بكات.

لەبەر هەموو ئەمانە داوا لە سەرۆكی تونس دەكەین پاشگەز بێتەوە لەو بڕیارانەی كە دەبنە هۆی لەناوچوونی گەلی تونس و یارمەتیدەرن بۆ قوڵابوونەی ئەژاوە و پشێوی، ئەمەش كارێكی نەخوازراوە و نامانەوێ گەلی تونس بكەوێتە ناوی، كە لە بنەڕەتەوە ئەم پشێویەی ناوێت.

گەلی تونس پێویستی بە ئاسایش و ئارامی و سەقامگیرییە، بۆیە داوا لە گەلی تونس دەكەین بە هەموو پێكهاتەكان و هێزەكانی كار بكەن بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی و قوربانی و ئازادی و ڕێز و كەرامەتی. هەرگیز ڕازی نەبن بە گەڕانەوە بۆ دیكتاتۆرییەت كە چۆك بە گەل دەدا و برسی و سەرشۆڕی دەكات.

ئێمە لەگەڵ ئازادی گەلی تونسی ڕێزدارین، لەگەڵ كەرامەتی ئەوداین، ئەمەی لێ‌ چاوەڕێ‌ دەكەین ڕای خۆی بڵێت، هەروەها پێویستە سوپای تونس بەوەفا بێ بۆ بڕیارەكانی گەلەكەی و بێ‌ لایەن بێت، بەرگری تەنها لە گەل بكات با ڕێزی هیچ هاوڵاتییەكی تونس زامدار نەكا، هەروەك لە سەردەمی بن عەلی دا ڕووی دا.

بەرمەبنای ئەمەی لەپێشەوە خرایە ڕوو، ئەوا فەتواكەی ئێمە ڕوون و ئاشكرایە، ڕێز و حورمەتمان بۆ گەلی تونس و بۆ ویستی ئازادانەیی و بەرگری لە مافە ڕەواكانی، بۆ سەركەوتنی شۆڕشەكەی و ئەزموونە دیموكڕاسییەكەی، هەروەها بۆ گواستنەوەی ئاشتیانەی بونیاتنانی دەوڵەتێكی نوێندا گەورە و مەزنە.

داوا لە هەموو پێكهاتەكانی گەلی تونس دەكەین لە ڕێكخراو و حیزب و زانایان و پیاوان و ئافرەتانی كە یەك بگرن و تەبا بن و لەنێوان خۆیاندا ڕێك بكەون تا وڵاتی تونس بەدوور بێ لە مەترسییەكانی، كە بەهۆی بۆشایی ئیداری و ئاژاوە و پشێوی و دابەشبوونەوە ئەگەری ڕوودانیان هەیە.

لەڕاستیدا كودەتا بەسەر ئیڕادەی تونسییەكان و دامەزراوە هەڵبژێردراوەكان و گرتنەبەری ڕێكاری تاك لایەنە كارێكی مەترسیدارە، لەڕووی شەرع و ڕەوشت و عورفەوە دروست نیە و حەرامە، كە هڵخلیسكانە و لەوانەیە ئەم قەیرانەی ئێستا گەورەتر بكات و جێكەوتەكانی كۆڕۆنا زیاتر و زیاتر ببن.

ئێمە لە یەكێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان پەیمان شكاندن و لەكەداركردنی بەڵێننامە كۆمەڵایەتی و نانەوەی فیتنە حەرام دەكەین، هاوكات پشتگیری لە هەر بڕیارێك دەكەین كە ڕێككەوتن و تەبایی كۆمەڵایەتی لێبكەوێتەوە.

بەڵگەنەویستە كە پاراستنی بەڵێننامەی كۆمەڵایەتی و پارێزگاری لە ئازادییەكان و مافەكانی گەلی تونس و پارێزگاری لە دامەزراوە دەستوورییەكان ئەركێكی نیشتمانییە، لەهەمانكاتدا ڕاگەیاندنی باری نائاسایی بەكراوەیی بەهیچ جۆرێك ڕه‌وا نییە و نابێت، چونكە پیشێلكردنی گەورەی بەرژەوەندییەكانی خەڵك و خاكی تێدایە.

لەخودای گەورە دەپاڕێمەوە وڵاتی تونس و دانیشتوانەكەی بپارێزێ لەهەر فیتنەگێڕیبەكی ئاشكرا و نهێنی، بپارێزێت لەو پلان و پیلانە ترسناكانە كە دژ بە گەلانی ناوچەكەمان دەكێشرێن، خودای گەورە خێری چاكە و خۆشگوزەرانی و ئاسایش و ئارامی بڕێژێت بەسەریاندا، یاسا و سەقامگیری سەروەربن «وَسَيَعْلَمُ الَّذِينَ ظَلَمُوا أَيَّ مُنْقَلَبٍ يَنْقَلِبُونَ» (الشعراء/٢٢٧).

سەرۆك: دكتۆر ئەحمەد ڕەیوسنی

ئەمینداری گشتی: دكتۆر عەلی قەرەداغی