پرسیار: تکایە بە کورتی تیشکێ بخە سەر ژیانی خۆت، خاتوو هەڵاڵە محه‌ممه‌د ئەڵماس کێیە؟

وه‌ڵام: من هەڵاڵە محەممەد ئەڵماس، لەدایک بووى 1/7/1973 هەڵەبجەى شەهید، هەڵگرى بڕوانامەى بەکالوریوس لە شەریعەتى ئیسلامى و خاوەنى بڕوانامەى زانستى شەرعى و وەک ئەندامى کاراى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان لەم ناوەندە حزوورم هەیە هاوڕێ لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی (٢٥) ساڵە وەک چالاکوانى ئافرەتان خاوەنى چەندین لێکۆڵینەوە و نووسین لە بوارى ئافرەتان و خێزاندا ئەرکی خۆم جێبەجێ کردووە.

پرسیار: تکایە پێناسەیەک لەسەر فیقهی ئیسلامی بفەرموون، بە چی دەوترێ فیقهی ئیسلامی، جیاوازی نێوان "فیقه‍" و  "شەریعەت" چییە؟

وه‌ڵام: وشەى (فیقه‍) لە زمانى عەڕەبیدا بە واتاى (الفهم) تێگەیشتن هاتووە. قوڕئان ئاماژەى پێ کردووە دەفەرموێت: «و ماكان المؤمنون لينفروا كافة فلولا نفر من  كل فرقة منهم طائفة ليتفقهوا فى الدين ولينذروا قومهم» (ته‌وبه/۱۲۲)

پێغەمبەرى خوداش دەفەرموێ: «من یرد الله به خیرا یفقهه فى الدین» (بوخارى و موسلیم گێڕاویانه‌ته‌وه‌) لە ڕووى زاراوەشەوە بە ماناى تێگەیشتن و زانینى حوکمە شەرعییەکان دێ کە پەیوەستە بە کردەوەکانى مرۆڤەوە کە خۆی وەرگیراوە لە بەڵگەکانى قوڕئان و فەرموودە دروستەکانى پێغەمبەرى خودا(دروودى خواى لەسەر بێت).

لە وه‌ڵامی بەشی دووەمی پڕسیارەکەتان: جیاوازى نێوان فیقهـ و شەریعەت، ئاماژەمان بۆ کرد:

١. فیقه‍ یانى تێگەیشتن و زانینى حوکمە شەرعییەکان، بەڵام شەریعەت گشتگیرترە و بازنەى فراوانترە کە پانتاییەکەى سنوورى هەموو چەمکەکانى ئایینى ئیسلام دەگرێتەوە، واتە لە عەقاید و ئەخلاق، عیبادەت و ئاڵووێر و کڕین و فڕۆشتن و...هتد.

٢. فیقهـ تێگەیشتن و تێڕوانینى زانایانى ئیسلامە بۆ دەقەکانى شەریعەت بۆ ئەوەى موسوڵمانان لێیەوە کاروباریان ژیانیان ڕێک بخەن، بۆیە دەتوانین بڵێن فقهی ئیسلامى تێڕاونینى خودا نییە بۆ ژیان ئەوەندەى تێڕوانینى زانایانە بۆ ژیان و جیهان.

٣. شەریعەت دەقەکانى قوڕئانى پیرۆز و فەرموودە دروستەکانى پێغەمبەرى خودان کە مانا و دەلالەتیان قەتعین کە سەرچاوەیان ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆن لەلایەن پەروەردگارەوە. کەچی فیقهـ وەک شەریعەتی پیرۆز و موقەددەس نییە و سەیر ناکرێ وەک زانایان دەڵێن: (ان صح الحدیث فهو مذهبى).

٤. دەقەکانى شەریعەت پیرۆزن و هیچ گۆڕانکاریان بەسەردا نایەت و کات و شوێن و حاڵى کەسەکان کاریگەرییان نابێ لەسەرى، بەڵام فیقهـ بەپێى کات و شوێن و کەسەکان ئەگەرى گۆڕانکارى هەیە، چونکە بەڵگەکانى قوڕئانى پیرۆز و سوننەت تێیدا قەتعى و دلالە نین کە ئەو دەقانە زیاتر لە مانایەک هەڵدەگرێ. هەروەها ئەگەرى هەڵە لە فیقهدا هەیە کە فەقیهەکە نەیپێکابێ، بەڵام شەریعەت لەلایەن پەروەدگارەوە پارێزراوە و دوورە لە هەڵە و گۆڕانکارى.

٥. شەریعەتى ئیسلامى مولزیمە بۆ گشت موسوڵمانان ئەوانەى مەرجى تەکلیفیان تێیا بێت. بەڵام فیقه‍ مولزیم نییە، چونکە زادە و بیر و ئەندێشەى موجتەهیدەکانە و بۆچوونى هیچ موجتەهیدێک مولزیم نییە بۆ موجتەهیدێکى تر، هەتا بۆ موقەللید یا خود شوێنکەوتووانی واجب نییە و دەتوانێ شوێن ڕاى موجتەهیدێکى تر بکات، قاعیدەیەکى ئووسوولییە (العامى لا مذهب له).

پرسیار: هەندێ بۆچوون بۆ ئەوە دەچن کە ئایینی ئیسلام، هاوشێوەی مەسیحییەت پێویستی بە چاکسازی هەیە، لەو بارەوە ڕای بەڕێزتان چییە؟

وه‌ڵام: ئێمە وتمان فیقهـی ئیسلامى پێویستى بە نوێبوونەوە هەیە، نەک ئایینى ئیسلام و شەریعەتەکەى، چونکە لە لایەن پەروەردگارەوە نێردراوە و خۆشى وەک موعجیزە باسى پاراستنى دەکا لە هەر دەستێوەردان و گۆڕانگارییەکى زەمینى، لە قوڕئاندا ئاماژە بەم پرسە کراوە: «انا نحن نزلنا الذکر وانا له لحافظون» هەروەها کاتێ پەروەردگار کردوویەتى بە کۆتا پەیامى خۆى لەسەر زەوى و بە نەمرى دەمێنێتەوە و هەمیشە و لەهەر کاتێکدا تا قیامەت زیندوو دەبێ، تێدەگەین کە: ئیسلام و شەریعەتى ئیسلامى دەقەکانى  جێگەى گۆڕانکارى و دەستێوەردانى مرۆڤەکان نییە و بەراورد ناکرێ بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ئایینى مەسیحییەتدا، واتە(قطعى الورود).

کە زۆر جیاوان، چونکە ئایینى مەسیحییەت لە ڕابردوو و ئێستاشدا بە تەواوى شێوێنراوە و بە دەیان نوسخە و ڕوونووس و جۆر و بەش ناویان لێ ناوە و گۆڕانگارى بەسەردا هاتووە، لاى هەر قەشە و پیاوێکى ئایینى جۆرێک لە ئینجیل بوونى هەیە کە دەتوانین بڵێین ئەوەندە گۆڕاوە لە ئایینى ئاسمانى ناکات! بەهۆى ئەو گۆڕانگارییەى لە حەڵاڵ و حەرام و بنەما ئایینی ڕەوشتییەکاندا کراوە. بۆیە دەکرێ ئەمە بۆ ئایینى مەسیحى پێویست بێ چاکسازى و پاکسازى و گۆڕانکارى بنەڕەتى تێدا بکرێ بەگەڕانەوە بۆ ئه‌سڵ و بنەماى ئینجیل خۆى کە خواى گەورە کاتێ ناردوویەتى بۆ پێغەمبەر مەسیح عیسا کوڕى مەریەم (سەلامى خوایان لێ بێ) بانگەشەى بۆ کردووە.

پرسیار: چۆن فیقهی ئیسلامی نوێ بکرێتەوە؟ ئایا نوێکردنەوەی فیقه پێویستە؟

وه‌ڵام: گەر سەیرى فیقهی ئیسلامى بکەین، گەورەترین خزمەتى کردووە بە موسوڵمانان و زانایان و فەقیهەکان ژیان و تەمەنى خۆیان تەرخان و بەخت کردووە لەم بوارەدا. چونکە فیقهى ئیسلامى بە ماناى ڕێسا و یاسای ئیسلامى دێ و ژیانى تاکى موسوڵمانى ڕێکخستووە و ئەرکدارى کردووە بە کۆمەڵێ پایە و پڕنسیپى بەرز و پڕ بەها و جۆرى مامەڵە و هەڵسوکەوت و...هتد.

دەبینین فیقهی ئیسلامى مرۆڤى باوەڕدارى لەمەڕ ئەرکەکانى ڕێک و هاوسەنگ کردووە. ئەوەى دەیبینین کە فیقهی ئیسلامى مامەڵە لەگەڵ دیوە زەمەنیکەى ئاییندا دەکات کە لەگەڵ ئەو زەمەنەدا و بۆ کاتى خۆى زانایان باشترین و باڵاترین یاساى ئایینییان بۆ ڕێکخستنى ژیان داناوە و هەر ئەوەشە زانایانى فیقهی لەم بارەیەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە فتوا بەپێى کات و شوێن و کەس و سەردەم گۆڕانى بەسەردا دێ. بۆیە گەورە زانایەکى وەک پێشەوا شافعى محەممەدی کوڕى ئیدریسى شافیعى کە لە بەغدا بوو، فتواکانى جۆرێکن و کاتێ دەڕوا بۆ میسر زۆرێ لە بۆچوونەکانى دەگۆڕێ کە لەکتێبەکانیدا بە (قول القدیم، قول الجدید) ئاماژەی پێ کراوە. لە هەمانکاتدا زانایانى فیقهـ کاتێ بۆچوون و فتواکانى خۆیان پێشکەش بە کۆمەڵگە کردووە بۆ ئەوە نەبووە ئیتر دواى ئەوان قسە لەسەر ئەم بابەتانە و خوێندنەوەى نوێیان بۆ نەکرێ، یا بۆچوون و ئیجتهادات و فتواکانیان بکرێتە مەزهەب و کەس لێى لانەدا و بەگوناهبار و تاوانبار سەیر بکرێت کەسێک لا بدا لێیان.

نموونەى پێشەوا شافعى بۆ خۆى گوزارشتە لە گۆڕینى دید و تێڕوانینی بۆ تێگەیشتن و زەمەن و تەمەن و ژینگە کە: هەموویان کاریگەریان هەبوو، ئەمانە بەڵگەیەکى بەهێزن کە فیقهـ پێویستى بە هەموارکردنەوە و نوێبوونەوە هەیە بە گوێرەى سەردەم و زەمەن، چونکە فیقهى ئیسلامى یەکگرتنى دەقى ئایینى و واقعى کۆمەڵگەیە. بۆیە پێشکەوتنەکانى سەردەم ئەستەمە بە ئیجتهاداتى زانایانى ڕابردوو بتوانرێ وەڵامى هەموو خواستە نوێکان بداتەوە، بەتایبەتى لەم زەمەنى  گۆڕانکارییە خێرا و گەورانەى تەکنەلۆژیا و تۆڕى جاڵجاڵۆکەى ئەنتەرنێتى، بۆیە بابەتى نوێگەرى لە فیقهى ئیسلامی و بانگەوازکردن بۆى بۆتە پێویستییەکى جددى و تەواو و گرینگ، تا هەمیشە ئایین بە نوێکراوەیی و بۆ هەموو کاتێ بمێنێتەوە.

پرسیار: پێوەری بەڕێزتان بۆ نوێبوونەوە لە فیقهدا چییە؟ بە واتایەکی تر ئایا گوێپێنەدانی، ئیفلیجکردنی عەقڵە؟

وه‌ڵام: گەر سەیر بکەین خۆى فیقهـ تێگەیشتن و تێڕوانینى زانایانە لەمەڕ دەقەکانى قوڕئانى پیرۆز و سوننەتدا، هەر ئەوە خۆى یانى گرنگیپێدان بە هزر و ئەقڵ کە بۆتە بەشێک لە دیدگاى فەقیهەکان، ئەو بەڵگانەى وەک:

(الاستحسان و مصالح المرسلە، سد الذرائع، الاستصحاب) و کارى ئەقڵە و بەکاربردنى ئەقڵە بۆ حوکمە شەرعییەکان. بۆیە تا ئەقڵ لەکاردا بێت و زانایان کار لەسەر ئەم سەرچاوانە بکەن، دەرگاى ئیجتهاد کراوە دەبێ، بەڵام دەبێ بە پێوەر و یاساى خۆى ئەو کارە بکرێ. گرنگترین پێوەرەکانى نوێبوونەوەش ئەمانەن:

۱- پاراستنى بنەماى (ڕەسەنایەتى و هاوچەرخێتى) بە گوێرەى یاسا و ڕێساکانى دروستى شەریعەت، نوێگەرى لەهەر سەردەمێکدا بنەمایەکە لە بنەماکانى مانەوەى ئایینى ئیسلام بە زیندوویەتى هەتا ڕۆژى دوایى، کە ئەوە مێژووى زانایان لە ڕابردوو و ئیستادا شایەتى بۆ دەدەن.

٢- نوێبوونەوە و چاکسازى بە گەڕانەوەیە بۆ بنەما بنەڕەتییەکان و دەستگرتن پێیانەوە و جارێکى تر خوێندنەوەیان بۆ واقیعى ئەمڕۆى مرۆڤایەتى و جیهان.

٣- تەجدید و نوێبوونەوە لەزاتى خۆیدا بریتییە لە بوونى شتێ کە تازەى بکەیتەوە بەبێ گۆڕینى ئەوەى کە هەیە، چونکە نوێبوونەوە لە فیقهدا بنەما و ڕێسا و یاسا و گریمانەى خۆی هەیە نەک زانستێکى تازە، پێویستى بە دیسپلین و ڕێکخستنى مەنهەجى هەبێ، بۆ ئەوەى پڕۆگرامێکى نوێى بۆ دابنرێت.

٤- وشەى نوێبوونەوە ئەوە ناگەیەنێ کە گۆڕانکارى بکا لە هەموو بەڵگە جێگیر و بۆچوونە کۆنەکان و دروستەکانى ئایین، یا داهێنانی فیقهێکى تازە بە ناوى پێشکەوتن و نوێبوونەوە بەبێ پاراستنى بەڵگە جێگیرەکان.

٥- نوێبوونەوە لە تێگەیشتن و بە ئاگابوون لە مەبەستەکانى شەریعەت (مقاصد الشریعە) پێویستییەکى گرینگە، کە دەبێ خاوەن هزر و زانایانى پسپۆڕ و بیرمەندەکان لە هەوڵى تەواو دابن بۆى.

٦- نوێبوونەوەى ئیسلام، گەردنکەچ نابێ بۆ هەوا و ئارەزوو! هەر وەک پەیوەستە بە دەقە جێگیر و بنەما جێگیرەکانەوە، نوێبوونەوە دەرچوون نەبێ بەرامبەر بنەما و ئامانج و مەبەستەکانى شەریعەت، بەڵکوو دیسپلین بکرێ نە زیاد و نە کەم نەکات.

۷- پێویستە پارێزگارى لە زاراوە شەرعى و ئیسلامییەکە بکرێ، بە ناوى نوێبوونەوە هیچ کات گۆڕانکارى بەسەر مانا و مەبەستى نەهێنرێت، وەک ئێستا کەسانێک ئەو کارە دەکەن بە ئارەزووى خۆیان مانا و مەبەستى زاراوەکان لە زمانى عەڕەبى و لە مەبەستى شەریعەت دەگۆڕن! بەڵکوو بۆ تێگەیشتن و لێکۆڵینەوە لە هەر یەک لەو زاراوە و چەمکانە پێویست بە گەڕانەوە بۆ دەقەکانى قوڕئان و سوننەت و تێگەیشتنى هاوەڵان و پاشان بنەماکانى زمانى عەڕەبى و هۆکارى هاتنە خوارەوەى قوڕئانى پیرۆز و هۆکارى وروودى فەرموودەکانى پێغەمبەرى خوا(درودى خواى لەسەر بێت) و شارەزابوون لە بەڵگە شەرعییەکان و شارەزایى لە بنەما فیقهییە بنەڕەتییەکان و ئاگاداربوون لەسەرجەم زانستە شەرعییەکان هەیە. بۆیە هەر لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەیەک بۆ چەمک و زاراوەکان بەبێ ئەم پێوەرانە ئەژمار ناکرێت، لاى زانایانى فیقهى ئیسلامى و موسوڵمانان ڕەد دەکرێتەوە.

بۆ ئەنجامدانى ئەم ئەرکە گەورە و گرنگە پێویست بەم کار و هەنگاوانە دەبێ:

۱) دامەزراندنى کۆڕبەندى فیقهى (مجمع الفقهی) و بانگەوازکردن بۆ ئیجتهاداتى بە کۆمەڵى.

۲) بەستنى کۆنگرە و کۆنفڕاس و دیبەیتى فیقهى و بەشداریکردنى زانایانى بە تواناى فیقهیى ئیسلامى لە سەرجەم زانکۆکانى جیهان.

۳) دامەزراندنى دەزگاى فەرمى و مەڵبەندى توێژینەوە کە گرینگى بە توێژینەوەى فیقهى سەردەم بدات و هەوڵ بدات بۆ نزیککردنەوەى ئەحکامە فیقهیەکان و کردنیان بە دامەزراوەى تەشریعى.

٤) ڕزگاربوون لە کۆت و بەندى دەمارگیرى مەزهەبى و کرانەوە لەنێوان مەزهەبە فیقهییەکاندا و گرنگیدان بە فیقهیى بەراوردکارى و هەروەها گرنگىدان بە لێکۆڵینەوەى قانوون و بەراوردکارى لەنێوان فیقهـ و قانووندا.

٥)  گرنگیدان بە کۆلێژە تایبەتییەکانى شەریعەت و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستییان و پێشکەشکردنى لێکۆلێنەوەى پراکتیکى و تیۆرى لە بوارە تایبەتەکاندا. 

٦) دەبێ ئەوانەى ئەم کارە دەکەن لە هەڵبژاردە و گوڵبژێرى زانایان و پسپۆڕان و شارەزایانى شەرع بن، دیارە ئەوانەش زۆر کەم کە ئەو بەر پرسیارێتییە هەڵدەگرن.

٧) پێویستە بە ئاگا بن لە کوێی سەرچاوەکانى شەریعەت و شارەزا بن بە فیقهى سەرجەم مەزهەبەکان و دید و بۆچوونەکانیان لەمەڕ بابەتەکان. هەروەها شارەزابن بە زمانى عەڕەبى و زانستە بنەڕەتییەکانى تێگەیشتن لە دەق و چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.

پرسیار: بەڕێزتان ڕیساکانی نوێبوونەوە لە فیقهی ئیسلامیدا لەچیدا دەبینن؟ ئایا نوێکردنەوە لە فیقهدا ڕوو دەکاتە ناوەڕۆکی ئایین وەک: سیسته‌می عەقایید و عیبادات و ئەخلاق و نەگۆڕەکان؟

وه‌ڵام: نوێبوونەوە لە فیقهدا وەک ئاماژەمان پێدا گرنگ و پێویستە، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین ئەوەى لە فیقهدا پێویستى بە نوێگەرى هەیە، چین و کامانەن؟ دیارە نوێبوونەوە لە ناوەڕۆکى ئایین کە چەمکى عەقیدە و بیروباوەڕ و پەرستشەکانى وەک: نوێژ و ڕۆژوو و زەکات و حەج...هتد ، ئەو زاراوانەى کە تایبەتن بە شەریعەتى ئیسلامى و دەقە نەگۆڕەکان و حوکم و حدوود و یاساکان گۆڕانیان بە سەردا نایەت، بۆیە پێویستە پارێزگاریان لێ بکرێ، هەرچەندە ئێستا لێرە و لەوێ کەسانێک هەن بە ناوى کرانەوە و نوێبوونەوەى ئایین و گونجاندنى لەگەڵ زانست و سەردەم و فەرهەنگە جیاوازەکانى دونیا، دەیانهەوێ زۆرێک لە درووشمەکان پەراوێز بخەن و هەوڵى گۆڕانکاریان بدەن بە ناوى خوێندنەوەى تازە بۆ دەقەکان و باسکردن و ڕاڤەکردنیان بەو جۆرەى کە خۆیان دەیانهەوێ و پێیان خۆشە.

نوێگەرى ئیسلامى دەبێت لە چوارچێوەى مانا و مەبەستى دەقەکان دەرنەچێ، بەڵکوو گۆڕانگارى لە میکانیزمىدا بکرێت، کە ئێستا و بۆ ئەم سەردەمى تەکنەلۆجیا و پێشکەوتنەى مرۆڤ گونجا و ساز بێت. نوێسازیش لە سێ ڕەهەندى گرنگدا دەکرێ:

۱- لابردنى هەموو شتە زیادەکان کە بەپێى تێپەڕبوونى کات لکێنراون بە ئایینەوە و ئایینیش نین، ئەوانەى پێیان دەوترێ بیدعە. کەواتە گەڕانەوە بۆ بنەما و دەقە سەرەکییەکان و تەکاندنى تەپوتۆزى زیادە بەسەر ئایینەوە.

٢- زیندووکردنەوە و بڵاوکردنەوەى ئەو بەها و ڕەفتارە ئایینیانەى کە لە بیرى خەڵکى چوونەتەوە و وەلاخراون، هەروەها زیندوو کردنەوەى ڕوحى پابەندبوون بە ڕێنماییەکان و گەرموگوڕى لە ئەنجامدانى ئەرکە ئایینییەکاندا، ئەمەیان پێى دەوترێ زیندووکردنەوەى سوننەتى پێغەمبەرى خودا(دروودى خواى لەسەر بێت).

۳- کۆششکردن لە زانستەکانى ئاییندا لەلایەن پسپۆڕانى شەریعەتەوە بۆ دۆزینەوەى چارەسەر بۆ کێشە نوێیەکان و دەستخستنى وەڵامى دروست بۆ پرسیارە تازەکان. (ئایین و پرسى نوێخوازى) نوعمان محه‌ممه‌د ئەڵماس.

پرسیار: هەوڵی چاکسـازی و ڕێفـۆرمخـوازی لە فیقهی ئیسلامیدا، ئەرکی سەر شانی کێیە؟

وه‌ڵام: بە دیاریکراوى ئەم پرسە ڕوو دەکاتە زانایانى پسپۆڕ لە فیقهى ئیسلامى کە ئەویش دەبێ بە شێوەیەکى فەرمى و لەلایەن دەسەڵاتى پەیوەندیدار و وەزارەتى ئەوقاف و شوراى ڕوحانى و یەکێتى زانایانەوە لێژنە یا گروپێکى زانستى تۆکمە لە شارەزایان و پسپۆرانى بۆ پێک بهێنرێ و پاشان ئەرکى دەسەڵات و لایەنى پەیوەندیدارى حکوومەتە کە پاڵپشت و پشتیوان و هاوکاریان بێت لەو بڕیار و هەموارانەى دەیدەن لەمەڕ بابەتە نوێیەکانى ڕۆژگار و خوێندنەوە و نوێکردنەوەى بابەتەکانى سەردەمانى ڕابڕدوو..

ئەوەتا ئێستا کە دەبینرێ لێژنەى باڵاى فتوا لە هەرێمى کوردستانى باشوور هەیە و لێژنەش لە سەرجەم شار و شارۆچکەکاندا هەیە بۆ وەڵامدانەوەى پرسیار و بابەتە تازەکانى سەردەم، بۆیە پێویستە رێکخستنەوەى لێژنەکانى فتوا لە ڕێگەى کۆمەڵێک ئالیەتى گرنگ کە گرنگترینیان دروستکردنى (دار الافتاء) بێت یا دروستکردنى مەرجەعێکى فیقهى کە کۆکەرەوەى زۆرترین ژمارەى زانایان بێت، دوور لە قۆرغکارى لەسەر مەزهەبەکان و ڕەوت و پارتى سیاسى و دەسەڵاتدارى دیاریکراو، پووختەی قسە ئەوەیە کە: هەموو دەنگ و ڕەنگ و مەزهەبێکى تێدا بێت.

دەبێ ئەوەش بزانین کە زانایان بەردەوام لە ئیجتهاد دابوون و بەدواداچوونى تازەیان کردووە بە ڕابردووەکان و گفتوگۆ و وتووێژیان لەسەر کردووە زیاد یا کەم، کە ڕووناکى و چراى ئەمانە هەموو سەرچاوەکەى قوڕئانى پیرۆز و فەرموودە دروستەکانى پێغەمبەرى پێشەوامان بووە. هەروەها گرنگیدان بە خوێندنى ئیسلامى هەر لە قوتابخانە ئامادەییەکان هەتا زانکۆ و پەیمانگا و خوێندنى باڵا، بە گرنگى سەیرى پسپۆڕانى ئەم بەشە بکرێ و تواناکانیان تەوزیف بکرێ، تا زیاتر خزمەت بکەن لەم بوارەدا.

پرسیار: ئەو دەقانەی کە موفتی دەیانکاتە پاڵپشت بۆ دەرکردنی فتوا چین؟

وه‌ڵام: کارى فتوادان کارێکى قوورس و ئەرکێکى گەورەیە لەسەر کەسى فتوادەر، بۆیە زانایان زۆر بە گەورە و سەنگین تەماشاى ئەم کارەیان کردووە. زاناى گەورەى کورد ئیبن و سەلاحى شارەزوورى دەڵێ: فەتوادان ئیمزاکردنە لەباتى خوداى گەورە. مادەم موفتى لە شوێنى خوداى گەورە بریاڕ دەدا و ئیمزا دەکا، کەواتە پێویستە شارەزایى تەواوى زانستى هەبێ بە یاسا و ڕێسا شەرعییەکان، گەر وانەبێ ئەوا تاوانى ئەنجام داوە. پێغەمبەرى پێشەوامان دەفەرموێت: «اجرءکم على الفتیا اجرءکم على النار». کەوابوو ئەو کەسەى ئەم ئەرکە هەڵدەگرێ پێویستە ئەهلى ئەوکارە بێ، ئەو دەقانەى کە دەیانکاتە پاڵپشتى هەر بابەتێک فتواى لەسەر دەربکات، پێویستە سەرەتا بگەڕێتەوە بۆ قوڕئانى پیرۆز، پاشان بۆ فەرموودەى پیرۆزى پێغەمبەر (درودى خواى لەسەر بێت)، پاش ئەوە گەر لە سەرچاوە بنەڕەتییەکان ئەو بابەتەى دەست نەکەوت، دەبێ بڕوا بۆ سەرچاوە شەرعییەکانى تر وەک: (قیاس، مصالح مرسلە، الاستصحاب، سد الزرائع و شرع من قبلنا و عرفً). خۆ ئه‌گەر ئەو بابەتە تازە بوو لە هیچ یەکێک لەوانەدا نەدەبینرا، ئەوا موفتى ئیجتهاد دەکا و ئەقڵى خۆى دەخاتە کار، ئەویش بەرەچاوکردنى مەبەستەکانى شەریعەت تێیدا، کە هەموو شەریعەت بۆ بەرژەوەندى مرۆڤ و پاراستنى مرۆڤایەتى هاتووە (اینما تکونوا المصلحة فثم وجه الله).

کەواتە پێویستە ڕیزبەندى لە سەرچاوەکانى حکومدا هەبێ، ئەوەبوو کاتێ پێغەمبەرى خوا مەعازى کوڕى جەبەلى بە فەرمانڕەوا نارد بۆ یەمەن، بە وتەیەکى بەرز وەڵامى پێغەمبەرى دایەوە کە هەق وایە بە پێنوسى ئاڵتوون بنووسرێتەوە، کاتێ لێى پرسى کە دەڕۆى بۆ یەمەن چۆن حوکمڕانى و دادوەرى دەکەی؟ چۆن پێویستییەکانى خەڵک ڕێک دەخەی؟ بە چ ئالیەت و ڕێکارێک دروستى دەکەی؟

بە هێمنى و لەسەرخۆیى و ئەوپەڕى متمانەوە، وەڵامى پێغەمبەرى خوداى دایەوە، وتى: دادوەرییان دەکەم لەبەر ڕۆشنایى قوڕئانى پیرۆز، پێغەمبەرى خوا پرسى ئەگەر ئەو بابەتە لە قوڕئانى پیرۆزدا نەبوو، چى دەکەی؟ وتى: حوکم و بڕیار دەدەم بە سوننەتى پێغەمبەر(درودى خواى لەسەر بێت)، پێغەمبەر فەرمووى ئەى ئەگەر ئەوەش لە سوننەت نەبوو، چى دەکەی؟! وتى: ئیجیتهاد دەکەم بە بۆچوونى خۆم، کاتێ پێغەمبەرى ئازیز ئەو وەڵامەى لە مەعازى کوڕى جەبەڵ بیست کەچەند جوان لە شەریعەتى ئیسلامى و مانا و مەبەستەکانى تێگەیشتووە، زۆر دڵخۆش بوو، پاشان شوکرى خواى گەورەى کرد. ئەم وێستگە مێژووییە ئیبنی کەسیر لە تەفسیرەکەیدا هێناویەتى: «ولذالك يجب علينا ان تطلب تفسير القران، فان لم يجد فمن السنة كما قال رسول الله لمعاذ بن جبل حين بعثه الى اليمن، فبم تحكم؟ قال بكتاب الله، قال: فان لم تجد؟ قال: بسنة رسول الله، قال: فان لم تجد؟ قال: اجتهد برأى ، قال : فضرب رسول الله في صدره، وقال: الحمدلله الذى وفق رسول رسول الله يرضى رسول الله (صل الله عليه وسلم)». ابن كثير تفسير القران العظيم، بيروت لبنان، ج1ص4

پرسیار: مەترسیدارترین هەڵدێری کەسی فتوادەر لەچیدا دەبینن؟ ئایا کەش و هەوای داسەپاو زەبری دەسەڵاتداران لەسەر ڕەوتی فتوادان شوێنەواری دەبێت؟

وه‌ڵام) ئەم پرسە پرسێکى مەترسیدار و گرنگ و جێگەى تێڕامان و لەسەر وەستانە، چونکە مەترسیدارترین کارە لە ژیانى زانایانى ئایینیدا، بابەتى فەتوا و ئاراستەکردنى خەڵکى بۆ حەڵاڵ و حەرام و دروست و نادروست، دوو لایەنى بەرپرسیارێتى دونیایى و قیامەتى هەیە، بەهەشت و دۆزەخ، چاکە و خراپە، ئەمانە هەمووى لەژێر ڕەحمەتى فەتواى زانایان دان!

بۆیە کەسى فتوادەر دەبێ زۆر هۆشیار و هەستیار و ژیر و وریا و بیرتیژ و نەترس و بوێر بێ لە بڕیاردان و دیاریکردنى چاک و خراپ.

دەبینین هەندێ جار لەلایەن دەسەڵاتەوە بە دانانى کەسى نەشیاو و نەگونجاو و بێ توانا لەبواری زانست و زانیاری لەم شوێنانەدا کە کاریگەرى نەرێنى دادەنێ و دەبنە بار بەسەر ئایین و خەڵکى مه‌سوڵمان و بەلاڕێبردنى موسوڵمانان، دەرەنجام خۆشیان و پەیامەکەشیان لەکەدار و ناشیرین و لاواز دەکەن.! بۆیە هەندێ لە زانایانى پێشوو(ڕەحمەتى خوایان لێ بێت) خۆدوورگرتنیان لە دەرگاى سوڵتان و دەسەڵاتداران بۆ زانایان بە پێویست زانیوە، لەبەر ڕوونەدانى ئەم حاڵەتە و نەکەوتنە ناو بازنەى بە سیاسەتکردنى فتوا و سیاسەتى سیاسییەکانەوە. پێشەوا غەزالى لە (احیاء علوم الدین)دا دەڵێ: حوزەیفە فەرموویەتى ئاگادارى دەرگاکانى فیتنە بن، وتیان: دەرگاکانى فیتنە کامانەن؟ فەرمووی: دەرگاى سەرۆک و پادشا و سوڵتانەکانە. احیاء علوم الدین، ج2، ی 181.

هەروەها خاڵێکى ترى هەڵدێرەکانى موفتى ئەمەیە کە زۆریی بابەتى تازە و پێشهاتە نوێیەکان لە بوارەکانى ژیاندا وای کردووە کە ئەو پێشهاتە تازانە بێنە ئاراوە، بۆ نموونە: لە ڕووى ئابوورى و بازرگانییەوە بوونى سەدان جۆر لە مامەڵە و بازرگانى هەر لە بازرگانى ئاسایى و دەست بەدەست تا بازرگانى تەلەفۆنی و هەوایى و وەکیلى و دەیانى تر لە جۆرەکانى بازرگانى و سەرهەڵدانى ڕیبا بەناوى جۆراوجۆر. لە ڕووى سیاسییەوە دروستبوونى دەیان بەرژەوەندى هەرێمایەتى و نیودەوڵەتى وایانکردووە کە دەبێت کەسى موفتى قسەى تازە و تێروانینى تازەى هەبیت بۆ هەموو پێشهاتەکان. یا لە ڕووى ژینگەیەوە کە دەیان سەرچاوەى جۆراوجۆر بۆ خراپکردن و تێکدانى ژینگە هەیە کە ژیان داخوازى بوونى ئەو سەرچاوانە دەکا کە لەلایەکەوە پێوستى پڕ دەکەنەوە لە لایەک نەهامەتى لەگەڵ خۆى دەهێنێ. ئیتر لایەنى کۆمەڵایەتى و پزیشکى و...هتد کە هەموویان بارێکى زۆر قورس و لەمپەرێکى زۆر گرانن کە دێتە ڕێگەى کەسى موفتییەوە، بۆیە ئالێرەدا زۆر جار هێزى دەسەڵات دێتە کایەوە کە دەبێتە هۆى سەرچاوەى فتواى جۆراوجۆر! دیارە ئەم کۆسپەش لە مێژووى مسوڵماناندا بوونى هەبووە، بۆیە لە هەموو سەردەمێکدا فەتواى ناڕیک و ناشایستە و نەگونجاو دەرکراوە هەوڵەکان و پیلانەکان بۆ لادانى فەتوا زۆربوون، هەر کەسێک ملکەچى هێزى دەسەڵات نەبووبێت ڕووبەڕووى ئازار و ئەشکەنجە و بێبەشکردن بۆتەوە، گەر سەیر بکەین خوڵقاندنى فیتنەى، ئایا قوڕئان ئافرێنڕاوە یان نا؟ کە دەسەڵاتى ئەو سەردەمە دەیخواست لە زانایان فەتوا بدەن کە قوڕئان ئافرێنراوە! زۆرێک لە زانایان کەوتنە ژێر کاریگەرى دەسەڵات و فتوایان دا بەو جۆرە دەسەڵات و پێى ڕازى بوو، بەڵام نموونەى وەک: پێشەوا ئەحەمدى کوڕى حەنبەڵ مەردانە خۆى ڕاگرت و گوێى نەدا بەو هێرش و هەڕەشە و ئەشکەنجانەى ڕووبەرووى بوویەوە.

خاڵێکى ترى لەمپەرەکانی کەسى موفتى و مامۆستایانى شارەزا لەم بوارەدا کە ئەو پلە و پۆستەیان هەبووه‌، دونیاویستى و باوەشکردن پێیدا و ترسى لەدەستدانى پلەکەیان سازشیان کردووە لە فتواکانیان بە ویستى دەسەڵات و باتڵ و ڕاستیان لا تێکەڵ بووە و بەو جۆرەیان کردووە کە سوودى بۆ دەسەڵات هەبێت!

پرسیار: ئایا بەڕای بەڕێزتان دەستگرتن بە فتوای کۆنەوە کۆنە پەڕەستییە؟ چۆن ئەو بابەتە دەورووژێنن؟

وه‌ڵام: بە بۆچوونى بەندە نەخێر دەبێ بۆ دەستگرتن بە فتواى زانایانى سەرمەشق و شارەزایانى شەریعەتى ئیسلامى و نزیکتر لە هاوەڵان و سەردەمى پێغەمبەرى ئازیز و (وەحى) و...هتد، کۆنەپەرستى بێ! بەڵکوو هەتا هەتایە مێژووى ئیسلام و فیقهى ئیسلامى شانازى دەکا بە بیر و هزر و بۆچوون و فتواى ئەو گەورە زانا و کەڵە پیاوانەى کە هەموو تەمەنیان لەو پێناوەدا خەرج کرد و بنەما و یاسایان بۆ سەرجەم ئەو زانست و بابەتانە داناوە و خواى گەورە و کاربەجێ  تەوفیقى داون لەسەر کارەکانیان. ئەوەى خراپ و کۆنەپەرستییە بە موقەددەس سەیرکردن و دەمارگیرى و کوێرانە بەگوێکردنیا بێ و ولادان لە بۆچوون و فتواکانیان بە لادان لە دین سەیر بکرێت.

پرسیار: ئۆستادی بەڕێز، مەبەست لەو فەرموودەیە کە دەفەرموێ: «ان الله یبعث لهذه الامة علی رٲس كل مٲئة سنة من یجدد لها امر دینها» كه ئاماژە بە ناردنی کەسانێک دەکا لە لایەن پەروەردگار، بۆ نوێکردنەوەی ئایین چییە؟

وه‌ڵام: لەبەر ئەوەى ئایینى پیرۆزى ئیسلام کۆتا ئایینى خودایە بۆ مرۆڤایەتى و دواى خاتەمی پێغەمبەر هیچ پێغەمبەریکى تر لە لایەن خوداى پەروەردگارەوە ڕەوانە ناکرێت. ئەوەش دەزانین هاتنى پێغەمبەران بۆ ڕێنمایى و بەرچاوڕوونى مرۆڤەکانە لەسەر زەوى کە(١٢٥)هەزار پێغەمبەرى بۆ ئەو مەبەستە ڕەوانە کراوە، هەتا هاتنى کۆتا پێغەمبەر موحەممەد(دروودى خواى لەسەر بێ).

کەواتە ئەم ئایینە زۆر جیاوازە لەوانى تر مادەم کۆتا پەیام و کۆتا پێغەمبەرە بۆ سەر زەوى، دەى پەروەردگار گەرەنتى پاراستنى ئەم ئیسلام و ئایینەى کردووە و بەڵێنى داوە کە تا ڕۆژى پەسڵان بە گەشاوەیى و زیندوویەتى بمنێنێتەوە، یەکێک لە بەڵگەکانى مانەوەى ئەم فەرموودەى پێغەمبەرى پێشەوامانە کە ئاماژەیەکى ڕوونە بۆ پاریزگارى و تازەبوونەوەى ئیسلام لەسەر دەستى هەڵگرانى دڵسوز و لێهاتوو لە بوارەکانى شەرعى و عەقیدە و ئەخلاقى و ڕامیاری و...هتد، بۆیە ئیبن و کەسیر (ڕەحمەتى خواى لێ بێت) لە شەرحى ئەم فەرموودەدا دەڵێ: هەموو گروپەکان بانگەشەى ئەوە دەکەن کە ئەم فەرموودەیە مەبەستى پێشەواکەى ئەوانە، بەڵام وادیارە ئەم فەرموودەیە کۆى ئەهلى زانست (زانستەکانى ئایین) دەگرێتەوە لە هەموو گروپەکان ئەوانەى توانیویانە ببنە زاناى هەڵکەوتوو لە هەموو دەستە و تاقمێک وەک: موفەسیر و موحەددیس و فەقیهـ و پسپۆرەکانى زمان و...هتد.

مەرج نییە ئەو نوێگەرییە لەسەر دەستى تاکە کەس بێ، چونکە لە زمانى عەڕەبیدا (من) تاک و کۆش دەگرێتەوە. لە هەمان کاتدا هەندێ لە ڕاڤەکارانى فەرموودەى تەجدید لەسەر ئەوەن، نوێگەرى بەیەک کەس ناکرێت، بەڵکوو نوێگەرى پڕۆسەیەکى کۆمەڵییە، لە هەر سەردەم و وەختێکدا کەسێ یا چەند کەسانێ لە کێشە و بابەتە سەرەکییەکانى سەردەمى خۆیان چارەسەر و ته‌جدیدیان کردووە. لە نموونە گەشاوەکانى نوێبوونەوەى ئایین لەسەر دەستى کەڵەپیاوان و زانایاندا: ڕەنگە لەسەردەمێکدا سیاسەت سەرەکیترین کێشەى موسوڵمانان بووبێت، یا لەوەختی تردا بابەتى تەفسیر و دەقەکانى قوڕئانى پیرۆز و سوننەت و ئیجتهادکردنن لە بابەتە جوزئییەکانى ڕۆژگار گرنگترین کێشەى موسوڵمانان بووبێت، ئەو کات زۆرتر چاو لەسەر ئەو بوارە بووە کە کەسێک یا گروپێک دەرکەون و هەستن لەو بوارەدا چاکسازى و نوێگەرى بکەن یا هەر لایەنێکى ئایینى تر بەهەر جۆرێک لەناو خەڵکدا فەرامۆش کرابێ، ئەوا پەروەدگار کەسێکى بۆ ناردووە و جارێکى تر زیندووى کردووه‌. وەک دانانى عومەرى کوڕى (عبدالعزیز) بە یەکەم نوێخواز، ئەویش کارەکەى گێڕانەوەى ڕێڕەوى حوکمڕانى و سیاسەت بوو بۆ ڕێبازى خولەفاى ڕاشیدین، هەروەها پێشەوا شافیعى بە موجەددیدى سەدەى خۆى دادەنرێت لەبەر ئەوەى بنەماى بۆ زانستى فیقهـ داناوە یەکەم کەس بووە زانستى ئوێولى فیقهـى نووسى لە هەمانکاتدا گرێدانى هەردوو قوتابخانەى ئەسەر وڕەئى پێکەوە کە بۆ ئەو سەردەمە ڕۆڵێکى ئێجگار گرنگ و گەورەى بینى. دواجار ئەوەندە بەسە موسوڵمان لەوە تێبگا کە خوداى باڵادەست و کارساز ئایینەکەى خۆى دەپارێزێ و بۆ هەموو سەردەمێک بەگەشاوەیى دەیهێڵێتەوە.

سەرچاوەکان:

١.  قوڕئانى پیرۆز

٢.  صحیح البخارى

٣.  صحیح مسلم

٤.  بحث التجدید فی فقه الاسلامى

٥.  ئایین و پرسى نوێخوازى، نعمان محمد الماس

٦.  تفسیر القران العظیم، ابن کثیر ،ج1،ێ4.

٧.  احیاء علوم الدین ، للامام غزالی ،ج2،ێ181.

٨.  الوجیز فی أصول الفقه، عبدالکریم زیدان.

٩.  گۆڤارى خاڵ، ژمارە 17، تایبەت بەفتوا لەنێوان ململانێى سیاسى و ئەرکى شەرعییدا.