له‌گه‌ڵ هه‌ر ڕووداوێكی هه‌ستیاردا، ڕای گشتی له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا زۆر به‌خێرایی دابه‌ش ده‌بێ بۆ دوو به‌ره‌ى ناكۆك و دژبه‌یه‌ك، ئه‌م دیارده‌یه شایانی له‌سه‌ر وه‌ستانه، كه‌مترین هه‌ڵوێسته‌كردنیش ئه‌وه‌یه بپرسین: بۆچی؟
پاش هه‌ندێك خوێندنه‌وه و چاودێریكردن و تێڕامان، لێره‌دا چه‌ند سه‌رنجێكی تایبه‌ت سه‌باره‌ت به هۆكاره‌كانی پشت ئه‌م دیارده‌یه تۆمار ده‌كه‌م:
یه‌كه‌م: هۆكاری ده‌روونی: (هه‌ڵچوون و كۆنه‌قین):
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی مرۆڤه‌كان له‌ژێر كاریگه‌ریی هه‌ست و سۆزی ده‌روونیدا هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن، هه‌ندێكی تریش له‌پاش بیركردنه‌وه‌ى ئه‌قڵانی بڕیار ده‌ده‌ن، به‌ڵام هه‌میشه كه‌مینه‌یه‌ك ده‌توانن هاوسه‌نگی له‌نێوان هه‌ست و سۆز و بیركردنه‌وه‌ى ئه‌قڵانیدا بپارێزن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ست و سۆزه‌كان به‌توندی به‌ستراونه‌ته‌وه به هه‌ڵچوون و كاردانه‌وه‌كانه‌وه، له‌كاتی ڕووداوه هه‌ستیاره‌كاندا ئه‌وه‌نده‌ی سایكۆلۆژیا كار ده‌كا بیركردنه‌وه‌ى ئه‌قڵانیانه خۆی نمایش ناكات. بێگومان له‌م دۆخه ده‌روونییه هه‌ڵچووه‌دا بوارێكی فراوان ده‌ره‌خسێت بۆ ده‌ركه‌وتنی ڕق و كینه‌ی پێشتر و تۆڵه‌كردنه‌وه، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش وتراوه: «شه‌ڕ به كۆنه‌قین ده‌كرێت».
دووه‌م: به‌رژه‌وه‌ندی شاراوه: (ئایدیۆلۆژیا و سیاسه‌ت و ئابووری):
زۆربه‌ى مرۆڤه‌كان به ئاست و ئه‌ندازه‌ى جیاواز ئینتیمای ئایدیۆلۆژی و سیاسی‌یان هه‌یه و دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر چینی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری جیاوازدا. واته به گشتی ئینتیمایه‌كی پێشوه‌ختیان هه‌یه، كاتێك هه‌ر پێشهاتێك ڕوو ده‌دا، له‌لایه‌ك چاو له كاردانه‌وه‌ى نزیكترین دۆسته هاوئینتیماكانیان ده‌كه‌ن و له‌لایه‌كی تریشه‌وه له په‌نای ئه‌م هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌یه‌دا سنووره‌كانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان تۆخ ده‌كه‌نه‌وه. بێگومان له‌م پڕۆسه‌یه‌دا گروپه ئایدیۆلۆژییه‌كان و حیزبه سیاسییه‌كان و كۆمپانیا ئابوورییه‌كان ڕۆڵی كاریگه‌ر ده‌بینن له ئاراسته‌كردن و كه‌مپینكردن بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه دیار و نادیاره‌كانیان.
سێیه‌م: شوناسی تاكه‌كه‌س: (پابه‌ندبوونی ئایینی و ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی):
ئاده‌میزاد به سروشت بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه، كۆمه‌ڵایه‌تیبوون ئه‌وه‌ى لێده‌خوازێ كه خۆی له بازنه‌ى شوناسی كۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازدا ڕێك بخات، هه‌ریه‌كه له شوناسی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی له دیارترین و توندترین شوناسه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ن، هه‌روه‌ها به‌ڕێژه‌ى جیاواز له ژیانی تاكه‌كه‌سیدا ئاماده‌ییان هه‌یه، زۆرجار هه‌مان كه‌س له‌ناخی خۆیدا ده‌كه‌وێته ململانێ، ئایا كام ئینتیمایان پێشتر بخات له‌سه‌ر ئه‌وی تریان؟ ئایا دوو شوناسی هاوئاوازی هه‌یه یان ناساز؟ له خۆی ده‌پرسێت: ئایا من كوردێكی موسوڵمانم یان موسوڵمانێكی كوردم؟ ئه‌ى هه‌ڵوێستی هاوشوناسه‌كانم له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوه چۆنه؟ هاوكات بێگومان شوناسی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی لایه‌نه‌كانی ئه‌و ڕووداوه‌ى جێگه‌ى مشتومڕه، ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینێت له دیاریكردنی به یار و نه‌یاره‌كان و پشتگیری ئه‌م یان ئه‌ویان.
چواره‌م: لاوازیی به‌رپرسیاریه‌تی: (ئه‌خلاقی و یاسایی):
یه‌كێك له كۆڵه‌كه ڕاگره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆیی بریتییه له هه‌ستی به‌رپرسیارییه‌تی لای تاكه‌كان، به‌رپرسیارییه‌تی (ئه‌رك) تای یه‌كه‌می ته‌رازووی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی پێك دێنێت له‌به‌رامبه‌ر ئازادی (ماف) كه تای دووه‌می ته‌رازووه‌كه‌یه، لێره‌وه سه‌قامگیریی و هاودڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و پاراستنی ته‌ونی كۆمه‌ڵگا به‌نده به پاراستنی هاوسه‌نگی ته‌رازووی (به‌رپرسیارییه‌تی/ ئازادی) یان دووانه‌ى (ئه‌رك / ماف). ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێ له كۆمه‌ڵگای ئێمه و هاوشێوه‌كانیدا به‌هۆی جێگیرنه‌بوونی هاوكێشه‌ى (ئازادی / به‌رپرسیارییه‌تی) یان ناڕوونی سنووره‌كانی (ئه‌رك / ماف) هه‌میشه كه‌مترین (ئه‌رك و به‌رپرسیارییه‌تی) له‌ئه‌ستۆ ده‌گرین و زۆرترین (ماف و ئازادی) بۆ خۆمان به ڕه‌وا ده‌بینین، له به‌رامبه‌ردا زۆرترین (ئه‌رك و به‌رپرسیارییه‌تی) ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی به‌رامبه‌ر و كه‌مترین (ماف و ئازادی) پێ ڕه‌وا ده‌بینین، بێگومان ئه‌مه‌ش به‌رهه‌مهێنه‌ری دابه‌شبوون و دووبه‌ره‌ییه.
پێنجه‌م: ڕۆڵی میدیا: (میدیای ئاراسته‌كراو و سۆشیاڵ میدیا):
له ڕابردوودا مرۆڤ ڕاسته‌وخۆ به‌شدار یان شاهیدی ڕوودانی ئه‌و پێشهاتانه ده‌بوو كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیانی ڕۆژانه‌ی هه‌بوو، بۆیه ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر ڕووداوه‌كان ده‌نواند، به‌ڵام له‌سه‌رده‌می نوێ‌دا میدیاكان ئه‌و دوو خواسته‌ى ئاده‌میزاد پڕ ده‌كه‌نه‌وه، چونكه له‌لایه‌ك مه‌رج نییه ڕووداوه كاریگه‌ره‌كان له‌سه‌ر ژیانمان له نزیكمانه‌وه بگوزه‌رێن له‌لایه‌كی تریشه‌وه له توانای مرۆڤدا نییه به‌شدار و شاهیدی هه‌موو ڕووداوه‌كان بێ.
لێره‌وه میدیای ئاراسته‌كراو هه‌ستی به‌شداری له ڕووداوه‌كاندا به چاوانی ده‌به‌خشێت، سۆشیاڵ میدیاش ئه‌و كه‌ره‌سته به‌رده‌سته‌یه كه خاڵیكردنه‌وه‌ى هه‌ڵچوونه‌كان و تۆخكردنه‌وه‌ى ئینتیما و شوناسی بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت. بێگومان تا ڕووداوه‌كان توندتربن كاردانه‌وه‌كانی میدیای ئاراسته‌كراو و سۆشیاڵ میدیاش توندتر ده‌بن تا ڕاده‌ى یه‌كترشكاندن و ناوزڕاندن و تیرۆری كه‌سێتی.
بۆچوونه‌کان