وەک زۆرینەی موسوڵمانان منیش هەر لە تەمەنێکی زووەوە ئاشناییم لەگەڵ ژیاننامەی پێغەمبەردا دەست پێ کرد، هەر لە منداڵییەوە سروودی “طلع البدر علینا”م لەبەربوو، لەگەڵ وردەوردە هەڵکشانی تەمەنمدا بەسەرهاتی فەتحی مەککە و پێشتریشی ڕێکەوتنامەی حودەیبییە شارەزا بووم، هەروەها ئاشنا بووم بە بەسەرهاتی کیسڕا، ئەو کەسەی کە پێغەمبەر نزای لێ کرد: “خوا دەسەڵات و فەرمانڕەواییەکەی پارچەپارچە بکات” و پاش چەند مانگێک پارچەپارچە بوو، بەڵام نەمدەزانی بەڕاستی چۆن خوا دەسەڵات و فەرمانڕەواییەکەی پارچەپارچە کرد؟ ئەی سیاق و ناوکۆی ڕووخان و هەرەسی دەسەڵاتەکەی چی بوو؟ ئەمە سەرەڕای زۆر لەو چیرۆک و بەسەرهاتانەی کە وەک ئاوودۆ لەبەرم بوون و باسی بەسەرهاتی ئیسلام و پێغەمبەرەکەی دەگێڕنەوە کە خوا وەک ڕەحمەت بۆ جیهانییانی ناردووە و لەلایەن خۆیەوە پاڵپشت و پشتگیریی دەکات.

لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و فرەخوێندنەوەم لە ژیاننامە و سیرەی پێغەمبەردا، ده‌رکم بەوە کرد بەتەنها زانیاریی ڕووت سەردەکێشێ بۆ درۆ و دەلەسەی ورد، لەبەرئەوەی “زانیاریی دابڕاو لە هۆکار و فاکتەرەکان؛ بۆ تێگەیشتن لە واقیعی ڕووداوەکان سوودی نابێت” کە ئەمە یەکێکە لەو بنەما پەیڕەوکارانەی کە بەڕێز “وەززاح خەنفەر” لە کتێبەکەیدا “الربیع الأول... قراءة سیاسیة واستراتیجیة في السیرة النبویة”، “یەکەمین بەهار… خوێندنەوەیەکی سیاسی و ستراتیژیی بۆ ژیاننامەی پێغەمبەر” داناوە، ئەم کتێبە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە لایەن “خانەی وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی جسور” بڵاوکرایەوە و لەم نووسینەدا لێی دەدوێم. پاش خوێندنەوەی ئەو کتێبە پەیوەندیی و ئاشناییم لەگەڵ ژیاننامەی پێغەمبەردا و تێڕوانینم بۆی، گۆڕا -یاخود وردتر بڵێم گەشەی کرد-.

با لە خوێندنەوەکانم بۆ ژیاننامەی پێغەمبەر کەمێک بگەڕێمەوە بۆ پێشتر، ساڵی ٢٠١٤. دکتۆر تەها ئەلعەلوانیم ناسی و لەیەکێک لەکتێبەکانیدا وەک یاریدەدەر کارم لەگەڵدا کرد. ئەو هەمیشە خەونێکی دێرینی هەبوو: نووسینەوەی ژیاننامەی پێغەمبەری ڕێزدار لەڕوانگەی قوڕئانەوە. ئەگەر پێغەمبەری خوا “قوڕئانێک بووبێت کە بەسەر زەویدا ڕۆیشتبێ” –وەک خاتوو عائیشە باسی کردووە- کەواتە دەتوانین دەستبەرداری زۆرینەی گێڕانەوە و قسەی هەواڵگێڕەوە عەڕەبەکان ببین کە هەندێکجار پڕن لە شتگەورەکردن و قەبەکردنی ڕووداوەکان و لەجیاتیدا پشت بە گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانە لە قوڕئاندا ببەستین، ئیتر ئالێرەوە ئەو پڕۆژەیەی کە نزیکەی سێ ساڵی خایاند دەستی پێ کرد. پڕۆژەکە لە تەواوبووندا بوو کە دکتۆر تەها لە ئازاری ٢٠١٦دا کۆچی دوایی کرد. پڕۆژەکەش وەستا و چووە ڕەفەی بیرچوونەوەوە، تا ئێستا بڵاونەکراوەتەوە. ئەو هەوڵە زۆر بوێرانە بوو، من ناوی دەنێم “هەوڵێک بۆ بازدان”، بەڵام تەواونەکرا، لەوانەیشە پێویستیی بە هەندێک ڕەگەزی پەیڕەوکاریی دیکە هەبووبێ.

هەر لەم ئەزموونەوە ئاشنای هەوڵێکی پێشووتری ناوازە و دەوڵەمەند بووم کە پڕۆژەی بەڕێز محەممەد عیززەت دەروزە ئەلنابلوسی بوو، کە کتێبێکی بەناوی “سیرة الرسول- صور مقتبسة من القرآن الکریم”، “ژیاننامەی پێغەمبەر – وێنەگەلێکی وەرگیراو لە قوڕئانی پیرۆزەوە” داناوە، ئەم ڕێڕەوەی گرتووە کە دکتۆر تەها هەوڵی دا گەشەی پێ بدات، ڕەحمەتی خوا لەهەردووکیان.

لەگەڵ ئەم ئەزموونە و ئەوی دیکەدا، خوێندنەوەم بۆ ژیاننامەی پێغەمبەر گەشەی دەکرد و دەگۆڕا. تا کتێبی “یەکەمین بەهار”م کەوتە بەرچاو، کە بەبۆچوونی من یەکێکە لە گرنگترین ئەو کتێبانەی کە شیکاری و ڕوونکردنەوەی ژیاننامەی پێغەمبەری تاوتوێ کردووە، پەیڕەوکارییەکەی جیاوازە و جێبەجێکارییەکەیشی هاوتەریبی ڕووداوەکانی ژیاننامەیە.

ڕۆماننوسی جیهانیی “گابریێل گارسیا مارکیز” پێیوایە ڕۆژنامەگەریی “جوانترین پیشەیە لەجیهاندا”، جا سەرەڕای ئەم زیادەڕۆییە ئەدەبییەی ئەم ڕۆماننوسە لەبارەی ڕۆژنامەگەرییەوە کە زۆرینەی ڕۆمانەکانی لە لێکۆڵینەوە ڕۆژنامەوانییە مەیدانییەکانی خۆیەوە وەرگرتووە، بەڵام ڕۆژنامەگەریی ڕاستەقینە چەندین لێهاتوویی دەبەخشێتە خاوەنەکەی، لەناویاندا گومانکردن لە گێڕانەوەکان و بەدوایشیدا وردبینیکردن لەو گێڕانەوانە بەپێی بەراورد و نزیککردنەوەی گۆشە جیاوازەکانی گێڕانەوەکان و خستنە ناوکۆی خۆیان و ئەنجامیش زانینی هۆکار و ئەنجامەکانی بەبەرچاوڕوونییەوە.

سەرچاوە باوەکانی ژیاننامەی پێغەمبەر بریتین لە هەواڵ و گێڕانەوەکان، کە هەندێکیان پچڕانێکی تێدایە و پلەی (مرسل)یان هەیە، هەندێکیشان کەوتوونەتە بەر فاکتەرەکانی “داماڵینی زەمەنی” کە بەسەر هەمووشتێکدا دێت، ئەوەش بەهۆی لاوازیی نووسین و مێژوو لای عەڕەبەکان لەو سەردەمە زووەدا. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەم کتێبەدا ئەوەیە بەڵێنی وروژاندنی هەست و سۆزی ئاینییمان ناداتێ بەقەدەر ئەوەی وانەیەکی مێژووییمان دەداتێ بۆ تێگەیشتن لە واقیع و پاشان کارکردن بەو تێگەیشتنە بەپێی سیاسەت و ستراتیژێکی پتەو.

یەکێک لەو دیارکەرە پەیڕەوکارانەی کە نووسەر لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەقەکانی ژیاننامەی پێغەمبەردا گرتوویەتییەبەر، بریتییە لە پشتبەستن بەوەی “قوڕئانی پیرۆز سەرچاوەیەکی یەکەمینە” و گومانی تێدا نییە، دووەم (پشتبەستن بە) “گێڕانەوە عەڕەبییەکان” لەبارەی ژیاننامەی پێغەمبەر و بەراوردکردنی بەوەی کە لە سەرچاوە مێژووییەکانی دیکەی لای فارس و حەبەشەیی و حیمیەرییەکان هەیە، بەتایبەتی ئەوەی کە لای بێزەنتییەکان بەردەستە کە ئەوان گرنگییەکی تایبەتیان بە مێژوو داوە. لەسەر ئەم بنەمایە نووسەر هاتووە گێڕانەوە عەڕەبییەکانی بەراورد کردووە بە گێڕانەوەی ڕۆمان و فارسەکان، تەنانەت گەڕاوەتەوە بۆ هەندێک دەقی نووسراو بە “ڕێنووسی میسنەد” کە ڕێنووسی دێرینی یەمەنییەکانە. جا بینا لەسەر ئەو دوو بنەمایە و هاوپەیوەست پێیان دەگەینە بنەمای پەیڕەوکاری سێهەم کە بریتییە لە: “خوێندنەوەی ڕووداوە تاکەکان لە ناوکۆ و سیاقێکی گشتیدا”.

ئەم هەوڵە لەو کتێبەدا ترۆپکی کۆڵینەوەی ڕۆژنامەوانیی لە ڕووداوە مێژووییە تاکتاک و دوورەکاندا، پێکدێنێت: خوێندنەوەی وێنەی تەواو و گشتگیری جیهان لەو سەردەمەدا و بەراوردی نێوان گێڕانەوە جۆراوجۆرەکانی شارستانێتییە جیاوازەکان لەبارەی هەمان ڕووداوەوە، بەڵکوو خوێندنەوەی ئەو گێڕانەوە جۆربەجۆرانە لە ناوکۆ و سیاقێکی سیاسی و ستراتیژیی گشتی و تەواوکاردا.

ئیمپراتۆرییەتە گەورەکان کتوپڕ نامرن، ئەمە بنەمایەکە کە بۆ ئەو سەردەمە دێرینە دەشیا وەک چۆن بۆ ئەم سەردەمە خێرا و بە شێوەیەکی مەترسیدار گۆڕاوەش، دەشێت. نموونەی زۆریش لەمبارەیەوە هەیە، لەوانە نییە دواهەمینیان ئاوابوونی خۆری ئیمپڕاتۆریەتی بەرفراوانی عوسمانی بێ کە لەماوەی دوو سەدەی تەواودا هەرەسی هێنا، ئەو ئیمپڕاتۆریەتە لەڕێی “هێزی کۆگاکراو -شاراوە-ی دەوڵەت”ـەوە – بەپێی گوزارشتی محەممەد سوهەیل تەقوش مێژوونووسی لوبنانی – مایەوە و خۆی گرت. ئەم هێزە کۆگاکراوەی دەوڵەت یان ئیمپراتۆرییەت فاکتەری پتەویی دەداتە دەوڵەتەکە و ناهێڵێ بکەوێت و هەندێکجاریش فاکتەری هەستانەوەی لەکاتی پیربوونیدا پێ دەبەخشێ و دەیبووژێنێتەوە. تا ئەو کات و ساتە دێ کە دەکرێ ناوی بنێین “جوڵەی مێژوو” (زەبری مێژوو) کە ئیتر هەموو شتێکی بەردەمی ڕادەماڵی و لەناوی دەبا و دەوڵەتەکە هەرەس دێنێ. کتێبەکە، گەشتێکی ئەو جیهانە دێرینەمان پێ دەکا، تێڕوانینێکی گشتگیرمان لەبارەی هەردوو ئیمپراتۆریەتە گەورەکەوە دەداتێ کە حەوت سەدە لە ململانێی یەکتردا بوون، هەروەها تێڕوانینمان پێ دەبەخشێ لەبارەی دەوڵەتەکانی دیکەی هاوپەیمان و “کـلـک”ی ئەو دوو ئیمپراتۆریەتە زەبەلاحەوە، وەک “مەنازیرەکان و غەساسینە و حیمیەرییەکان و شانشینی ئەکسوم (حەبەشە)”.

هەروەها ئاشنامان دەکا بەو جەنگە جیهانییەی کە بەنزیکەیی یەک سەدە پێش پێغەمبەرایەتی پێغەمبەری ڕێزدار هەڵگیرسابوو، هەروەها چۆن ئەو ململانێ سەربازییە ڕوولەگەورەبوونە لەکۆتاییدا بووە هۆی لاوازبوونی هێزی ئەو دوو ئیمپراتۆریەتە تا وایان لێهات پاش چەند ساڵێک لە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر بوونە میراتییەکی لەناوچوو و تەنها داروپەردووی ڕووخاویان مایەوە.

بەڵام کتێبەکە بە وریاییەوە هەنگاو دەنێت کاتێک بەراوردی نێوان ئەو گێرانەوانە دەکات، تا وێنەیەکی پڕاوپڕی باروودۆخی جیۆ-سیاسیی ئەو سەردەمەمان بۆ بکێشێت، ئەو سەردەمەی کە تۆوی گۆڕینی جیهانی لەناخیدا هەڵـگرتبوو و عەڕەب و موسوڵمانانی هێنایە پێشەوە وەک بەهێزترین ئیمپراتۆریەتی سەر گۆی زەوی لەوکاتەدا. تا شارستانێتی ئیسلامی ببێتە میراتگری هەردوو شارستانێتییەکەی پێشوو، بەوەی خۆی شارستانێتییەک بەرهەم بهێنێ کە هەمان ئەوەیە کە شارستانێتیی نوێ و هاوچەرخی لەسەر بنیات نراوە. بەم ڕێگە و شێوازە بنکۆڵکارییە دەردەکەوێ کە غەزای موئتە – بە بۆچوونی سۆزدارانەی سادەی ئێمە کە لە گێڕانەوەی هەواڵگێڕەوەکانەوە سەرچاوەی گرتووە -ئەو جەنگە نەبوو کە تیایدا سوپای سێ هەزار جەنگاوەری موسوڵمانان ڕووبەڕووی سوپای زەبەلاحی سەدهەزار- لەهەندێک گێڕانەوەشدا دووسەد هەزار- جەنگاوەری ڕۆم بوونەوە، لەو جەنگەشدا لە موسوڵمانان تەنها سیازدە کەس شەهید بوون!

کتێبەکە، دەمانباتەوە بۆ ناوکۆ و سیاقێکی مێژوویی گەورەتر، بۆ گێڕانەوە بێزەنتییەکان کە تۆماری ئەوەیان کردووە هیرەقل پەیماننامەی کشانەوەی تەواوەتیی لە مانگی تەمموزی ساڵی (629)دا لەگەڵ فارسەکاندا لەشاری کابادۆکیا (لەتورکیای ئێستا) واژۆ کرد، بەهۆی ئەو ڕێکەوتنامەیەوە هیچ هێزێکی بێزەنتیی قەبە لەناوچەی موئتە نەمایەوە، بەڵکوو هێزێکی بچووکی حامییەی سەربازیی کە ژمارەیان لە پێنج هەزار شەڕکەر زیاتر نەبوو، لەوێندەر هەبوون، شانبەشانی هۆزە عەڕەبییەکانی هاوپەیمانیان (قوزاعە و لەخم و جوزام و ..هتد)، کە پێیاندەوترا “هێزەکانی پاراستنی بیابان”، فەرماندەی عەڕەبی ئەو هێزانە “شورەحبیلی کوڕی عەمری غەسسانی” بوو کە والییەکی عەڕەبی شوێنکەوتەی ڕۆمەکان بوو کە پێشتر ئەو نوێنەرەی پێغەمبەری ڕێزداری کوشتبوو کە نێردرابوو بۆلای.

شایانی باسە کۆڵینەوە لەو گێڕانەوانە سەبارەت بە شەڕی موئتە، تاکە نموونەی ناو کتێبەکە نییە، چەندین نموونەی دیکە هەیە کە ئاوا – لەچوارچێوەی وێنە گشتییەکەدا – کۆڵینەوەی تێدا کراوە، وەک کۆڵینەوە لە گێڕانەوەکانی “نوعەیمی کوڕی مەسعود” کە زۆرینەی گێڕەوانی ژیاننامەی پێغەمبەر پێیان وایە ئەم پیاوە توانیویەتی ئابڵوقەی قوڕەیش و هاوپەیمانەکانی لەسەر شاری مەدینە لەجەنگی خەندەقدا، هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام کۆڵینەوەی مێژوویی لەکتێبەکەدا بۆچوونێکی دیکەمان دەداتێ لەبارەی “نوعەیمی کوڕی مەسعوود” و ڕۆڵی ڕاستەقینەی ئەوەوە، هەرگیز شکستی قوڕەیش و بەنی قوڕەیزە بە پلانی ئەو نەبووە، بەڵکوو ئەو شکستە بەرهەمی هەوڵێکی سیاسی و دیبلۆماسی و سەربازیی چنراو و بەیەکداچووی پێغەمبەر و موسوڵمانان بوو بەدرێژایی ماوەی ئابڵوقەکە. ئەمە و چەندین نموونەی دیکە کە کتێبەکە باسی کردووە.

فەرەیدون ئەحمەد پێنجوێنی