هیچ کام لە بەشەکانی فەرامۆش نەکراوە. "نووچە"، "بیروڕا". "کۆمەڵگا"، "کولتوور" و هەڵبەت کە "وەرزش"یش. لە یەکەم نیگادا، چ هێمایەک نابینرێ کە "نوو دەم" لە رۆژنامەی تر جیا بکاتەوە بەڵام، تەنیا ستافی رۆژنامەکەیە کە دەزانێ [چاپ و بڵاوکردنەوەی] یەکەم رۆژنامەی کوردیی سووریا، لەگەڵ چ تەنگ و چەڵەمەیەک بەرەوڕوویە. بێ ئەوەی کارەبا و ئینتێرنێت هەبێ، بێ بەردەوامییەک لە کاری راگەیاندندا هەبێ و تەنانەت بێ ئەوەی چ مووچەیەک لەگۆڕێ دابێ.

"بڵاوکردنەوەی هەر ژمارە بە ١٥ رۆژ، بۆ هەموومان ئاستەمێکی بەڕاستی جیددییە. ئەوەش شێوەی بەشداری ئێمە لە کۆمەڵگایە کە تووشی شەڕە". ئەمە گوتەی "قادر عەگید"، سەرنووسەری رۆژنامەی "نوو دەم"، لە ناوەندی چاپ و بڵاوکرانەوەی رۆژنامەکە لە شاری قامیشلووی هەڵکەوتوو لە ٦٨٠ کیلۆمیتری باکووری رۆژهەڵاتی دەمێشقە.

عەگید، کە وەکی تر لە گوندێکی نزیک قامیشلوو مامۆستایە، لە جێگەی بەشێک لەو کاتەی کە دەبوایە بۆ بنەماڵەکەی تەرخان کردبا، دێت و لەو رۆژنامەدا کار دەکا کە لە مانگی مەی ئەمساڵەوە، بە تیراژی ٣٠٠٠، دەستی بە وەشان کردووە.

ئەسەدی باوک و دواتر بەشاری کوڕی، لە کۆنەوە سیاسەتی توندیان دژ بە کوردان پێڕەو کردووە. بنەماڵەی ئەسەد بۆ وێنە کەڵکوەرگرتن لە زمانی کوردیان قەدەخە کردووە، هاووڵاتییانی کوردیان تووشی کۆچی زۆرەملی کردووە و جگە لەگەڵ زەوتکردنی مافی شارۆمەندی، هەڵمەتی تەعریبی کوردستانیشیان بە شێوەیەکی دڕندانە ئەنجام داوە.

دوای دەستپێکی شۆڕشی سووریا لە سەرەتاکانی ٢٠١١دا، کوردەکان "بی لایەن" مانەوە و بۆ ئەوەی خۆ لە شەڕ و پێکدادانەکان بەدوور بگرن، نە لایەنی ئۆپۆزیسیۆنیان هەڵبژارد و نە لایەنی رەژیمی ناوەندی و لە جێگەی ئەمە "رێگەی سێهەم"یان گرتە بەر. لە ئاکامی لاوازبوونی رەژیمی سووریا، کوردەکان لە مانگی جولای ٢٠١٢دا، کۆنترۆڵی بەشێک لە کوردستانی سووریایان گرتە دەست.

"کار بۆ گەل"

کارەبا، پاش پچڕانێکی درێژخایەن، هاتەوە. "ئەڤین لەیلا"، کیژێکی تەمەن ٢٥ ساڵان، بەپەلە لەپ.تاپ و مۆبیلەکەی لە شارژ دا. لەیلا وتی: دایکم چۆتە کوردستانی عێراق و ئێستا من سەرپەرستی ٤ برا گەنجەکەم لە ئەستۆیە. ناوبراو  ئامانجی لە کارکردن لە رۆژنامەی "نوو دەم"دا، وەک خزمەتی گەل و هاوکات، پەرەپێدان بە ئاستی رۆژنامەوانی خۆیەتی.

ئەڤین، ئەو رۆژنامەنووسە تازەکارە دەڵێ خۆشترین مەسەلەی پێوەندیدار بەو پیشم ئەوەیە کە بتوانم لەسەر شەقام لەگەڵ هاووڵاتییان بدوێم بەڵام شار پڕە لە ئەندامانی ئیستخباراتی رەژیمی سووریا و خەڵک دەترسێ.

ناسەقامگیری ئاسایشی، بە بەرزبوونەوەی نرخەکان، ژیانیی رۆژانەی خەڵکی ئەوەندەی تر دژوار کردووە. نرخی گەلێک کەلوپەل، لە پاش دەستپێکی شۆڕشەوە سێ قات بەرز بۆتەوە بەڵام مووچەکان هەر وەک خۆیان ماونەتەوە.

سەرەڕای ئەوەش، رەوشی قامیشلوو جیاواز لە باقی ئەو وڵاتەیە. سووریایەک کە بەهۆی شەڕی ناوخۆییەوە زۆرێک لە شارەکانی وێران بوونە و خەڵکی سڤیل لە نێوان ئاگربارانی چەکدارانی سەر بە دەوڵەت و دژبەرانیدا گیریان خواردووە.

ئەمڕۆژانە، بوونی رەژیم لە کوردستانی سووریا، تەنیا بە هەندێک ناوچە و شاری وەک قامیشلوو سنووردار بۆتەوە. لە قامیشلوو، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ئاڵای کوردان لەسەربان و دیواری گەلێک لە ماڵەکان دەشەکێتەوە، تا ئێستاش ناوەندی شار و دەوروپشتی فڕۆکەخانەی قامیشلوو، لە کۆنترۆڵی لایەنگرانی ئەسەد دایە.

هەندێک دەنگۆ سەبارەت بەوەی کە رێککەوتنێکی نهێنیی لە نێوان پەیەدە، پارتی سەرەکیی کوردستانی سووریا و دەمێشق هەیە، جار نا جارێک بڵاو دەبێتەوە بەڵام "ساڵح موسلیم"، هاوسەرۆکی ئەو حیزبە، بە ئەلجەزیرەی وت کە "هیچ جۆرە رێککەوتنێک لەگۆڕێدا نییە. [تێگەیشتن لە] مەسەلەکە ئاسانە! ئەسەد نەیویست بەرەکەیەکی نوێی شەڕ، ئەویش دژ بە مەزنترین کەمایەتیی نەتەوەیی سووریا بکاتەوە، هەر ئەوە".

"رێدوور خەلیل"، وتەبێژی فەرمی "یەکینەکانی پاراستنی گەل"[YPG]، هێزی چەکداری کوردەکانیش بە ئەلجەزیرەی وت کە "هێزەکانیان هیچ چەشنە پێوەندییەکیان، لە هیچ بوارێکەوە؛ بە هێزەکانی ئەسەدەوە نییە". ناوبراو کە کۆنە شەڕڤانی پەکەکەیە، وتیشی کە "کێشەی هەرە سەرەکیی ئێمە، جیهادیستەکانن کە لە لایەن تورکیاوە پشتیوانیان لێدەکرێ".

نرخی سەربەخۆیی

"ئالان حەسەن"، هەر رۆژ بۆ چوونە نووسینگەی رۆژنامەی "نوو دەم"، لەبەردەم پەیکەرێکی "حافز"، باوکی بەشار ئەسەد، تێپەڕ دەبێ. ناوبراو دەڵێ کە هەموو رۆژێ تووشی خاڵی پشکنینی دایم یا کاتیی میلیشیاکانی سەر بە رەژیمی بەشار ئەسەد دەبێت. ئالان دەڵێ کە "زۆرێک لەم میلیشیایانە، دەم و چاویان بە ماسک دادەپۆشن و رۆژانە، بە سواری پیکاپ و هەڵکردنی ئاڵای سووریا لە قەبارەی گەورە، بەناو شاردا دەسووڕێنەوە".

ئالان ئەوڕۆ بەنیازە کە تۆزێ زووتر لە رۆژان، کارەکەی تەواو بکات و بگەڕێتەوە و ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی زمانی کوردی بکات. کوردی، زمانێک کە تازە دوو ساڵە، پەروەردەی پێ دەبینرێ. ئالان کە سەرنووسەری بەشیی عەرەبی رۆژنامەکەی لە ئەستۆتە و پسپۆری بەشی سیاسەت و وەرزشە، دەڵێ: بۆ زۆربەی ئێمە کارێکی زەحمەتە. لە سووریا، وڵاتێک کە هەر ئەلفبێی عەرەبی تێدا بەکار هاتووە، نووسینی کورمانجی بە لاتین، ماندووبوونی زۆری گەرەکە.

کارەبا دیسان رۆیشت. مۆمەکان داگیرسانەوە و لەسەر مێز دانران تا ژوورەکە رووناک بکەن.

هۆزان هادی، لەحاڵێکدا کە چرایەکی روو لە لەپتاپەکەی، بە دەمییەوە گرتووە، درێژە بە کارکردن دەدات. هۆزان دەڵێ: ساڵێک لەمەوبەر، ناچار بووم دەمێشق بەجێ بهێڵم و کۆتایی بە خوێندن لە بواری ئەندازیاریی سڤیل بهێنم بەڵام بڕیارم دا نەهێڵم ژیانم بێ ئامانج تێپەڕ بێ و دابنیشم تەنیا سەیری تێکرووخانی دەوروبەری خۆم بکەم. بۆیە ئێستا هەم کاری رۆژنامەوانی دەکەم و هەم شێعر دەنووسم و کاری موزیکی رەپیش درێژە پێدەدەم.

ناوبراو ئەگەرچی ماوەیەکی کورتە ئەو کارە دەکات، بەڵام نیگەرانی ئەو نرخەشە کە مومکینە بەهۆی "سەربەخۆ"بوونی، بیدات. هۆزان دەڵێ گرینگ نییە کە چ دەنووسین و وتووێژ لەگەڵ کێ دەکەین، لە هەموو لایەکەوە رەخنەمان لێ هەر دەگیرێ.

ئەو رۆژنامەنووسە تازەکارە، باس لەو پەرش و بڵاوییەش دەکات کە سیاسییەکانی کوردستانی سووریا تووشی بوونە. بە گوتەی هۆزان، پارتە سیاسییەکان بەسەر دوو لایەنی نزیک لە کوردستانی تورکیا و عێراق دابەش بوونە و لەنێوانیاندا ئاڵۆزییەک هەیە، هەرچەند کە دوژمنی هاوبەش، وەک فاکتەرێکی زۆرەملیی کاریگەر، ناچاری کردوون کە "دەستەی باڵای کورد" دابمەزرێنن. رێکخراوەیەک کە ئێستا باڵاترین دامەزراوەی هەرێمەکەیە.

پاش رۆژێکی پڕکار و تاقەتبڕووکێن، ستافی رۆژنامەکە، دەچنە سەر باڵکۆن، تا روو لە تاریکایی شاردا، پشوویەک بە چاوە ماندووەکانیان دەدەن. قامیشلوو، کە تەنیا ٥٠٠ میتر لە سنووری تورکیا دوورە.

"کۆڵ نادەین"

"مەسعوود حامید"، هێزی پاڵپێوەنەری پشتی پڕۆژەکە، رێک کاتی دواپشووی ئەورۆژ و چای خواردنەوە، هاتە نووسینگەی رۆژنامە. مەسعوودی تەمەن ٣٣ ساڵان، ماوەیەکی کورت بەر لەوەی بڕوانامەی زانکۆی لە ساڵی ٢٠٠٤دا وەرگرێ، بە تۆمەتی ئەنجامدانی "تاوان دژ بە حکوومت" دەستبەسەر و سێ ساڵ زیندانی کرا. تاوانی مەسعوود تەنیا بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆپێشاندانێکی دەمێشق لە ئینتێرنێت بوو.

رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێ سنوور، ساڵی ٢٠٠٥ بە زیندانیکرانی مەسعوودی زانی و پاش ماوەیەک، خەڵاتی ساڵی رێکخراوەکە بۆ ئازادی ئینتێرنێتی بە شایانی ناوبراو زانی و پاش ئازادبوونی، لە پاریس، پێشکەشی کرد.

مەسعوود حامید، ساڵی ٢٠١١، رێک لە گەرمەی شۆڕشدا، گەڕایەوە سووریا. ناوبراو لەوکاتەوە سەرقاڵی تەکمیلکردنی دۆکتۆراکەیەتی و هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی "نوو دەم"یش دەکات.

مەسعوود دەڵێ: بڵاوکراوەی تری کوردیش لە سووریا هەن بەڵام ئێمە باس لە بڵاوکراوەی چاپکراو بە فۆڕمەتی رۆژنامە دەکەین. هەر ئەو رۆژانە ٣٠٠٠ کۆپی دوا ژمارەی رۆژنامەکەمان لە دهۆکی هەڵکەوتوو لە ٤٠٠ کیلۆمیتری بەغدا هێنایەوە. مانگێک دوو جار چوونە دهۆک و هاتنەوە، بۆ چاپکردنی رۆژنامەکە، کارێکی دژوارە و تێچوویەکی زۆری دەوێ. ئەمە و گرانی تێچووەکانی ئەو پڕۆژە، وای کردووە بەزەحمەت بتوانین پارەی چاپی رۆژنامەکە دابین بکەین. هەر ژمارەی نوو دەم بە ٥٠ پۆندی سووریا دەفرۆشین کەچی بۆ چاپی هەر ژمارە ٦٥ پۆندمان خەرج دەبێ.

سەرەڕای ئەوەش، مەسعوود حامید زۆر بە روونی دەڵێ کە "کوردەکانی سووریا، وەک هەر شوێنی تری جیهان،  شایانی رۆژنامەیەکی واقعین و هەر بۆیەش، ئێمە کــۆڵ نادەین".