زانرا کە باڕاک ئۆباما و حەسەن رووحانی گفتگۆیەکی تەلەفۆنیان پێکەوە هەبووە و باسیان لە "ئیرادەی سیاسی"ی دوو لایەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان کردووە.

ئاژانسی هەواڵدەری ئیرنا لە هەواڵێکی کورتدا رایگەیاند کە ئەمڕۆ هەینی[٢٧ی سێپتامبر]، باڕاک ئۆباما، سەرکۆماری ئەمریکا و "حەسەن رووحانی"، سەرکۆماری ئێران، لە رێگەی تەلەفۆنەوە گفتگۆیان کردووە.

بە گوێرەی سەرچاوەکە، ئۆباما و رووحانی باسیان لە کێشەگەلی نێوان ئەمریکا و ئێران و بەتایبەت پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کردووە و ئامادەیی وڵاتەکانیان بۆ چارەسەری ئەو کێشانە نیشان داوە.

دەگوترێ لەم دیدارەدا، سەرکۆماری ئێران و ئەمریکا، وەزیرانی وڵاتەکانیان راسپاردووە تا ئامادەکاری پێویست بۆ هاوکاری دوو لایەنە بکەن.

گفتگۆی تەلەفۆنی ئاماژەپێکراو، یەکەم پێوەندی راستەوخۆ و ئاشکرای نێوان رێبەرانی دوو وڵات لە پاش شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی زایینی لە ئێرانە و هەر بۆیەش وەک رووداوێکی مێژووی دێتە ئەژمار.

هەواڵەکە لە لایەن ئاژانسی رۆیتەرزیشەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

بە گوێرەی ئاژانسەکە، ئۆباما لە کۆنفڕانسێکی چاپەمەنیدا، وێڕای راگەیاندنی ئەو هەواڵە، وتتی کە "ئەو خۆزگەی دەخواست کە لە کاتی ئامادەبوونیان لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، چاوی بە رووحانی بکەوێ" بەڵام بەرپرسانی ئێرانی رایانگەیاندووە کە دیدارێکی لەم چەشنە "زۆر ئاڵۆز دەبێ". 

رووحانی، سەرکۆماری ئێرانیش دوێنێ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو کە بەرنامەیەک بۆ دیداری ئەو و ئۆباما داڕێژرابوو بەڵام بەهۆی چەند دەیە گرژی و ئاڵۆزی لە پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتدا، ئەو دیدارە ئەنجام نەدراوە.

ناوبراو وتبووی کە "ئیختیاری تەواو"ی هەیە کە سەبارەت بە کێشەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی تر گفتگۆ بکات.

بە گوێرەی رۆیتەرز، ئۆباما لە رێگەی تویتێرەوە ئاشکرای کردووە کە رووحانی لە کۆتایی ئەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا، بە ئینگلیسی ماڵئاوایی لە ئۆباما کردووە و ئۆباماش بە گوتنی "خداحافظ"، ماڵئاوایی لە رووحانی کردووە.

حەسەن رووحانیش، لە رێگەی گەڕانەوە بەرەو تاران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێردا، پێوەندییە تەلەفۆنییەکەی بە "مێژوویی" وەسف کردووە.

پێوەندیگرتن لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام هێڵی سووری سەیدعەلی خامنەیی، رێبەری ئێران و باڵی تونداژۆخواری رەژیمی کۆماری ئیسلامی بووە.

رۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی سێپتامبریش، "محەمەدجەواد زەریف"، وەزیری دەرەوەی ئێران و "جان کێڕی"، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وڵاتانی پێنج زێدە یەک، چاویان بە یەک کەوتبوو و بڕیاریان دابوو کە لە داهاتووشدا، دیداری تریان هەبێت. 

حەسەن رووحانی کە لە هەڵبژاردنی خەرمانانی ئەوساڵدا بە دروشمی میانەڕەوی، پۆستی سەرکۆماریی ئێرانی مسۆگەر کرد، لە دوا کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، وتی کە پەیامی ئاشتی ئێران بۆ جیهانیان هێناوە و ئامادەیە لەگەڵ ئەمریکاش، سەبارەت بە هەر کێشەیەک کە لە نێوان تاران و واشنتۆن هەیە، وتووێژ بکات.

چاوەڕوان دەکرێ دیداری جان کێڕی و جەواد زەریف، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئەمریکا و پێوەندی تەلەفۆنی رووحانی و ئۆباما، کۆتایی بە زیاتر لە سێ دەیە سەهۆڵبەندان و گرژی سیاسی، لە پێوەندی دوو وڵات بهێنێ.