زۆرن ئەوکەسانەی کە قورئان پێی گەیاندون جا ئەو کەسانەش چی خوێنەری قورئان بن وەکو (ئەبو موسای ئەشعەری و عەبدوڵڵای کوڕی مەسعود،...) هتد، کە هەر بە گوێبیستنی دەنگیان پێغەمبەری نازدار (د.خ) چاوەکانی فرمێسکیان بۆ ڕانەدەگیرا،کە بە دڵنیایەوە چاوەکانی ئێمەش بە دەنگی قورئان خوێنە دەنگ خۆشەکانی ئەم سەردەمە بە هەمان شێوەن، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی کەش سوارچاکانی مەیدانی جەنگ و دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی لە سەر زەوی بۆ ماوەی زیاتر لە (١٠٠٠)سال هەر لە سایەی قورئانی پیرۆزدا بووە بەڵگەشمان مێژووی پڕ سەروەری ئەم ئیسلامەیە کە هەر لە سەردەمی پێغەمبەر(د.خ)و پاشان سەحابی و تابعين وتابعي تابعين ومحەممەدی فاتێح صلاح الديني باپیرە گەورەمان و زۆر کەسانی کەش، بەڵام لێرەدا ئەمەوێت کورتەیەک لە ژیانی قورئان خوێنێکی دەنگخۆش بخەمە بەر دیدی ئیماندارانی بەڕێز ئەویش قورئان خوێنی دەنگ خۆش (عبد الباسط عبد الصمد)ە.

بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتەپێشەوە ئایا ڕاستە کە (عبد الباسط عبد الصمد) کوردە؟! جا فەرموون با کورتە گەشتێک بکەین بە نێو ژیانی پڕ لە سەر وەری ئەم کەڵە پیاوەی ئومەتی ئیسلام دا، وە لە راستی و دروستی ئەو هەواڵەش ئاگادار بین.

ناوی تەواوی ئەم قورئان خوێنە سەر بەرزە (شێخ عبدالباسط محمد عبدالصمد)ە لە ساڵی ١٩٢٧ ز کە دەکاتە ١٣٤٩ ی کوچی لە شارۆچکەی (مراعزە)ی سەر بە شاری (ئەرمنت) لە پارێزگای(قەنات) لە باشوری وڵاتی میسر لە دایک بووە، خاوەنی بنەماڵەیەکی پاک و ناوداری ناوچەکەیەتی و وە هەر بەبنەماڵە بایەخی تەواویان دابوو بە قورئانی پیرۆز شێخ (عبد الصمد) کە دەکاتە باپیری پیاوچاکێکی ناسراوی ناوچەکە بوەو هەموو قورئانی لەبەر بوەو، وە بە زیرەکی لە قورئان خوێندندا ناسراو بوەو شارەزایەکی بێ وێنە بوە لە بواری تەجوید و تیلاوەدا ، هەروەها باپیری دوەمیشی (ئەبوداود) کە دەکاتە باوکی دایکی بە هەمان شێوە پیاو چاکێکی ناوچەکەیان بوەو پلە و پایەیەکی رێزداری هەبوە ،وە هەروەها باوکیشی کە دەکاتە (محمد عبد الصمد) بە هەمان شێوە پیاوێکی چاک و خواناسی ناوچەکە بوەو هەموو قورئانی پیرۆزیشی لەبەر بوە.

هەر بە لەدایکبوونی (عبدالباسط) ژیانێکی نوێ دەست پێدەکات لە ناوچەکەدا،ب ۆیە هەر لە تەمەنی ٦ ساڵیدا دەنێردرێتە حوجرە لە شارۆچکەکەی خۆیان و لە لای مامۆستا(شێخ ئەمیر) دەست بە خوێندن و لەبەر کردنی قورئان دەکات، بۆیە هەر لە سەرەتاوە مامۆستا هەست بە تواناو لێهاتوی و پشوو درێژی (عبد الباسط ) دەکات و دەبینێت کە زۆر خۆی ماندوو دەکات، و گوێرایەڵەو نەفەس درێژە و مافی پیتەکان دەدات لە کاتی خوێندنیاندا. بۆیە مامۆستاکەی دەڵیت (عبد الباسط ) جۆرە ئاوازێک لە قورگیدا هەبوو کە هیچ کەسێک لێی بێ تاقەت نەدەبوو وە خەڵکی بە پەرۆشەوە دادەنیشتن و گوێیان دەگرت، وە سەرەڕای ئەمانەش (عبد الباسط) هەرچیەکی بخوێندایە لای مامۆستاکەی کە دەهاتەوە بۆ ماڵەوە بە دەنگێکی بەرز و پڕ لە جۆش و خرۆشەوە دەیخوێندەوە دوبارە، هەرچی ماڵە دراوسێی هەبوو سەریان لەدیوارەوە دەر دەهێناو گوێیان بۆ دەنگی ڕادەگرت، لە یەکێک لە یاداشت نامەکانیدا (عبد الباسط) دەڵێت تەمەنم گەشتە ١٠ساڵ هەموو قورئانم لە بەر کرد، سوپاس بۆ خوا کە بەشێوەیەک ئاسانی کردبوو لەسەر زارم کە وەک رووبار لێی هەڵدەقوڵا، پاشان داوا لە باوکی و باپیری دەکات کە بۆ فێر بوونی جۆرەکانی قورئان خوێندندنەوە (علم القراات) ڕێگەی پێبدەن کە بچێتە (طنطا) گەرچی لەشارەکەی خۆشیانەوە زۆر دوور بوو ، بەڵام باوک و باپیری رازی بوون چونکە دەیان زانی کە (عبد الباسط ) مناڵێکی زیرەک و چاوکراوەیە بەڵام، قەدەری خوا وا ئەبێت پێش سەفەرکردنی (عبد الباسط) زانایەکی گەورە بە ناوەی (شێخ محمد سلیم) بۆ نیشتەجێ بوون روودەکاتە شارۆچکەکەیان و هەر لە ناو پەیمانگای ئاینی شارۆچکەکەدا قوتابخانەیەک بۆهەژارانی شارۆچکەکە دەکاتەوە، بۆیە لای ئەم زانا بەڕێزە بە چۆکدا دە کەوێت و فێری خوێندنی قورئان دەبێت لەسەر شێوازی (الشاطبية) کە هەموو جۆرەکانی خوێندنی قورئانی پیرۆزە، پاش ئەم خوێندنەشی بوو بە خاوەنی بەهرەیەکی باش و کاتێک کە تەمانی دەگاتە ١٣ ساڵ ناوبانگی لە هەموو گوندوو شارەکانی سەر بە پارێزگای (قەنات) بڵاوە دەبێتەوە خەڵکی بانگێشتی ئەکەن بۆ ئاهەنگ و بۆنە ئایینیەکان هەتا بە دەنگی پڕ لە جۆشی دڵەکان بە نوری قورئان ڕوناک بکاتەوە وە هەروەها مامۆستا (شێخ محمد سلیم) کە کەسێکی زیرەک و ناسراویش بوو دەگەشتە هەر جێگەیەک باسی دەنگ خۆشی و زیرەکی (عبد الباسط)ی دەکرد ئەمەش زیاتر ناساندی بە خەڵکی، هەر بۆیە ناوبانگی لە سنوری شارەکەی خۆی ‌تێپەر دەکات و دەگاتە شارەکانی (ئەسوان و ئەقسیر)، بۆیە لە لایەن کەسایەتیە ناودارەکانی ئەوێشەوە بانگێشت ئەکرێت ته‌نانه‌ت لە بۆنە ئاینیەکاندا بەشدار ببێت گومان لەوەدا نیە کە ئامادەبونی (عبد الباسط) کاریگەریەکی گەورەی هەیە لە کۆکردنەوەی خەلکی و وە وزەیەکی ئیمانییە و کۆڕێکی زیکری بە دەنگە خۆشەکەی دەڕازێنێتەوە.

لە ساڵی ١٩٥٠ کە تەمەنی ئەوکاتەی ٢٧ ساڵ بوو ڕوودەکاتە قاهیرە بە مەبەستی زیارەتی مزگەوتی (سەیدە زەینەب) کە مزگەوتێکی بەناوبانگەو لە هەموو شوێنێکی میسرەوە موسڵمانان ڕووی تێدەکەن و جێگەی ئاهەنگە ئاینیە گەورەکانیشە هەر بۆیە رادیۆی میسریش پەخشی ئاهەنگەکانی لەم مزگەوتەوە راسەوخۆ بوو، لە یەکێک لە شەوە ئاهەنگەکاندا (عبد الباسط) بۆ بەشداری کردن روو لە وێ دەکات و دەبینێت کە قورئان خوێنی ناسراو و رێزدار(عبد الفتاح الشعشاعی) قورئان بۆ ئامادەبووان دە خوێنێت وە زۆر سەر سامی دەنگی دەبێت و هەتا کۆتای ژیانیشی ئاشقی دەنگی ئە‌بێت، لە پڕ کەسایەتیەکی پایەبەرز و ناسراو لە (عبد الباسط) نزیک دەبێتەوەو ئەیناسێتەوەو داوای لێدەکات کە بە دەنگە خۆشەکەی بەشدار بێت ئەمشەو، بۆیە لە شەرمی تەمەنی ئەو قورئان خوێنە ناودارانە ئەڵێت ناکرێت! بە هەرحاڵ رازی دەکات بە تەنها ١٠ خوولەک ،پاش تەواو بوونی شێخ(عبد الفتاح الشعشاعی) و ناساندنی (عبد الباسط ) با ئامادەبووان داوای لێدەکرێت کە ١٠ خولەک قورئان بۆ ئامادەبوان بخوێنێت، ئەمییش بە رێز و ئەدەبێکی جوانەوە دەچێتە شوێنی قورئان خوێندن هەر لە سەرەتاوە سەرنجی خەڵکی بۆ خۆی رادەکێشت و خەڵکی سەرسام دەبن بەو دەنگەو هەر کەسە لە جێگەی خۆیەوە سەری بەرز ئەکاتەوە هەتا سەرچاوەی ئەو دەنگە زوڵاڵە ببینێت ئیتر چریکەی دەنگی (عبد الباسط ) وا لە خەڵکی دەکات کە پەردەی هێمنی و بێدەنگی نە مێنێت و لە هەر سوچێکی مزگەوتەوە دەیان هەزار کەسی ئامادە بوو بە دەنگی (الله اكبر)و (صلوا على النبي)و(ربنا يفتح عليك) چەندین گوزارشی جوانتر پێشوازیان لەو دەنگە دەکرد و دوعای خێریان بۆی دەکرد،وە ئەم ١٠ خولەکە درێژ کرایەوە بۆ کاتژمێر و نیوێک ئەم شەوە سەرەتایەکی کە بوو بۆ ناساندنی (عبد الباسط) بە هەموو میسرو هەموو جیهانی ئیسلامیش بە گشتی چونکە لە ساڵی ١٩٥١ لە لایەن زانای بە ناوبانگی میسر (شێخ ضباع )ەوە داوای لێدەکرێت کە ببێتە قورئان خوێنی پەخشی راستەوخۆی ردیۆی میسر بۆیە سەرەتا ئەم داوایە رەت دەکاتەوە!! کە دەڵێت بۆ من بەسە کە لە ناو خەڵکی ئاساییدا قورئان بخوێنم بەڵام (شێخ ضباع) پێدەڵیت لەرێگەی رادیۆوەو دەنگت ئەگات بە هەموو جیهان و زیاتر ئەناسرێت و پاداشتێکی گەورەترت دەست دەکەوێت لای پەروەردگار ئیتر ئەمیش رازی ئەبێت و بۆ ماوەی ٣ مانگ لە کاتژمێر ٦ خولەک بۆ کاتژمێر ٧ ی سەر لەبەیانی لە پاش گەرانەوەی لە مزگەوت بە شێوەیەکی راستەو خۆ لە رادیۆی میسری قورئان دەخوێنێت تەنانەت باس لەوش دەکرێت لەو ماوەیەدا زۆرترین رێژەی رادیۆ فرۆشراوە، وە ئەوماڵانەشی کە دەست کورت بوون گوێیان لە رادیۆی ماڵە دراوسێکانیان دەگرت ،هەر ئەمەش وایکرد کە زیاتر بە جیهانی ئیسلامی بناسێنرێت.

(عبد الباسط) لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا کچە مامی خۆی دەهێنێت و خوای گه‌ورە ٢ کچی پێدەبەخشێت لە سەرەتاداو پاشان بۆ نیشتەجێ بوون لەساڵی ١٩٥٢ ڕوو دەکاتە قاهیرەو لەوێیش خوای گەورە ٤ کوری پێ دەبەخشێت بە ناوەکانی (جەمال وخالید ومحمد و تاریق)، محمد هەموو قورئانی لەبەرەو ٣ براکەی تریشی زۆربەی قورئانیان لە بەرەو تاریقیان زۆر دەنگی ئەچێتەوە سەر باوکی.

هەر لە ساڵی ١٩٥٢ لەگەڵ ئەوەی کە قورئان خوێنی رادیۆی میسر ئەبێت لە مزگەوتی ئیمامی شافیعی دادەمەزرێت وەکو قورئان خوێن هەتا ساڵی ١٩٨١ پاشان دەگوێزرێتەوە بۆ مزگەوتی ئیمامی حسەین بەڵام ئەمە وای نەکردبوو کە (عبد الباسط) تا ته‌نها  خۆی پەیوەستی ٢ مزگەوت بکات بەڵکو بۆ هەموو ئەو مزگه‌وەتانە ئەچوو کە بانگێشت بکرایە یاخوود ئاهەنگی ئاینیان تێدا ئەنجام بدرایە، لە دوای ئەو ناوبانگەی کە لە ساڵی ١٩٥٢ دا پەیدای کرد دەستی کرد بە گەشتکردن بۆ ووڵاتانی کە، یەکەم ووڵاتیشی بۆ سعودیە بوو لە گەڵ باوکیدا بۆ بە جێگەیاندنی فەریزەی حەج ،بۆیە سعودیەکان ئەم سەردانەی (عبد الباسط)یان بە هەل زانی بۆیە داوایان لێی کرد کە دەنگی تۆمار بکەن ئەویش بە خۆشحاڵیەوە رازی بوو وچەند کاسێتێکی بۆ تۆمار کردن، بەناوبانگترینیان ئەوەی مزگەوتی حەرام بوو کە لە مەککەی پیرۆز و ئەویتریشیان لە مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە بوو لەبەر گرنگیان ناونران بە (صوت المكه)(دەنگی مەککه‌).

وە لە گەشتێکی تریدا کە لەگەڵ قورئان خوێنی بەناوبانگ (محمد صديق المنشاوي) لە ساڵی ١٩٥٥ سەردانی ووڵاتی ئەندەنوسیا دەکەن و لە مزگەوتی گەورەی جاکارتا شەوێک زیندوو ئەکەنەوە کە موسوڵمانان بە لێشاو روو لە مزگەوت ئەکەن و تەنانەت جێگا نامێنێت لە ژورەوە ناچار دەبن بە درێژای 1 کم بە چوار دەوری مزگەوتەکەدا کۆببنەوە ئەمە لە کاتێکدا کە بەس گۆڕەپانی مزگەوتەکە جێگای ٢٥٠٠٠٠ کەسەو ئەویش پڕ دەبێت وە خەڵکیش بە ئەدەبێکی زۆر جوانەوە گوێ بۆدەنگی ئەم دوو پیاوە بەڕێزە ڕادەگرن هەتاکو بەرە بەیان، ئەو وڵاتانەی کە (عبد الباسط) سەردانی کردوون زۆرن بە نموونە (فەڕەنسا و پاکستان و باشوری ئەفریقیا و هێندستان و سوریا و فەڵەستین و لوبنان و کوەیت و عێراق) بەڵام گرنگترینیان لای (عبد الباسط) گەشتەکەی (ئۆگەندا) بوو کە هەر وەکو خۆی دەڵێت لە گەشتێکی زۆر ماوە کورت دا لە ئۆگەندا تەنیا لە دوو کۆڕدا خوای گەورە بە بۆنەی دەنگی منەوە هیدایەتی ٩٢ کەسی دا کە لە کۆڕی یەکەمی دا ٧٢ کەس موسڵمان بوون ولە کۆڕی دووەمیشی دا ئەوانی تر سوپاس بۆ خوا ئەمە سەروەتێکی زۆر گەورەیەو ڕێزێکی زۆرە کە خوای گەورە لێی ناوم، وە هەروەها گەشتێکی گرنگی تریشی بۆ (ئەمریکا) بوو کە لە ماوەی ئەو گەشتەیدا سەردانی ١٤ وویلایەتی کردبوو کە مەڵبەندی ئیسلامیان لێبووە ئەنجامی ئەم سەردانەشی موسڵمان بوونی ٦ کەس بوو لە وویلایەتی (لۆس ئەنجلس) ئەمەش سەرە ڕای ئەوەی کە موسڵمانێکی زۆر کۆ ببونەوەو بە هێمنی فرمێسکیان لەگەڵ دەنگی زوڵاڵی عبدالباسط دەڕێژا، وە هەر وەها لە گرنگترین تۆمارەکانیشی لە کاتی ئەم گەشتانەیدا لە لوبنانە کە هەموو قورئانی پیرۆزی تۆمار کردوە بە شێوەی تەرتیل کە تا ئێستاش لە جیهانی ئیسلامیدا بڵاوە هەروەها ١٩٥١ یش لە عێراق هەرسێ سورەتی(تکویر،فجر،حشر)ی تۆمار کردوە کە هەتا ئێستاش جێگای بایەخی جیهانی ئیسلامیە.

وە لە هەمووشیان گرنگتر بۆ ئێمەی کورد گەشتەکەی پاکستانیەتی کە تیایدا سەلمێنراوە کە ئێمەی کورد لە صلاح الديني باپیرە گەورەمانەوەو وە پێشتر و هەتاکو ئێستاش قورئانمان بە پیرۆز ڕاگرتوەو شانازیشمان بە ئیسلامەوە کردوە گەرچی کەسانی نەزان و بە کرێگیراوانی کوفر پلان دەگێرن بۆ لەکە دار کردنی کورد لە بەردەم جیهانی ئیسلامیدا بەڵام سوپاس بۆ خوا کە جگە لە سەر شۆڕی شتێکی کەیان بۆ نامێنێتەوە جا فەرموون با لە گرنگی گەشتەکەی عبد الباسط تێبگەین بۆ چی بە لای ئێمەوە گرنگی خۆی هەیە؟

ئەگەر لێرەدا بێینە سەر وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە ئایا ڕاستە کە (عبد الباسط عبد الصمد) کوردە؟!

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە مامۆستا هەژاری موکریانی لە کتێبی دیوانی شێخ ئەحمەدی جەزیری دا دەڵێت، پرسیاری ڕەچەڵەک و بنەماڵەکەی لە (عبد الباسط) کراوە لە وەڵامدا دەڵێت باپیرە گەورەی من کورد بوەو لەبەرهەژاری و نەداری ڕووی لە ووڵاتی میسر کردوەو لە یەکێک لە مزگەوتەکاندا بوە بە مجێور بەڵام خۆم لە میسر لە دایک بوومە.

هەروەها مامۆستا (مەلا محمدی رەبیعی) یادەوەری خۆی و (عبد الباسط)مان بەم شێوەیە بۆ دەگێڕێتەوەو دەڵێت:لە ساڵی 1962 پێشبڕکێیەکی قورئان خوێندن لە پاکستان ئەنجامدرا کە لە زۆر ووڵاتەوە قورئان خوێنی ناودار هاتبوون بۆ بەشداری کردن لەو پێشبڕکێیە، لە یەکەم ڕۆژدا من لە جێگەی حەوانەوەمان پرۆڤەم ئەکرد بە دەنگێکی بەرز لە سەر سورەتی ئەحزاب بە بێ ئەوەی بزانم کە کەس گوێی لە دەنگی منە ئەوەندەم زانی کەسێک لە ئاستی سەرمەوە وتی یا سلام یا سلام خوا هێزوو تونات پێ ببەخشێت، تەماشام کرد چەند قورئان خوێنێکی بە ناوبانگن و لە ناویاندا (شێخ خلیل حوسەری و عبد الباسط)ن. پاش تەوقە کردنمان ئیتر زیاتر یەکمان ناسی و بووین بە دۆستی یەکتر و بە زۆریش پێکەوە دا ئەنیشتین و نزیکەی 50 شەو و رۆژ لەگەڵ یەکتر بووین و هەر پێکەوە نوێژی جەماعەتیشمان ئەکرد، زۆر جاریش لەسەر عەباکەی سەر شانی من نوێژی ئەکردو منیش دەستێک جل وبەرگی کوردیم پێشکەش کرد تا بیپۆشێت.

بۆیە مامۆستا ڕەبیعی ئەڵێت ماوەیەکی زۆر خۆشمان بەسەر برد لەگەڵ ئەو هەموو قورئان خوێن و زانا گەورانەدا وە زۆر سودمەندیش بوو بەڕاستی ،وە لە هەمان کاتیشدا من پرسیارێکم ئاراستەی عبد الباسط کرد کە بیستومە عبد الباسط کوردە! ئایا ئەمە ڕاستە ؟!ئەویش لە وەڵامدا فەرمووی بەڵێ یا شێخ باپیرە گەورەی من لە بنچینەدا کوردی عێراقەو خەڵکی شاری دهۆکە،وە مامۆستا مەلا رەبیعی ئەڵێت لە دوای ئەو پێشبڕکێیە کە من پلەی دووەمم بە دەست هێنا نامەیەکم لە (عبد الباسط)ەوە بە دەست گەشت کە سەرەتای نامەکە بەم شێوەیە دەستی پێکردبوو(لە عبد الباسطی کوردیەوە بۆ بەهاری دڵانی هاوڕێم و قورئان خوێنی ئێرانی) نامەکەش شێخ خلیل حوسەری گەیاندیە دەستم لە 1350 کۆچی کە لەگەڵ کۆمەڵێک زانایانی ئەزهەر هاتبوو بۆ ئێران. ئەمەش جێگای سەربەرزیە بەڕاستی بۆ ئێمەی کوردی موسڵمان سوپاس بۆ خواوە گومان لەوەدا نیە کە زۆربەشمان فیلمی(الرسالة)ەمان بینیوە هەر بۆ ئەم مەبەستەش (عبدالباسط) بانگێشت ئەکرێت کە لە جێگەی (بیلال)ئەو بانگ بدات کە جگە لە ئەم دەنگێکی کە نییە شیاوی ئەوە بێت ئەویش ڕازی بوو بەڵام ووتی بەمەرجێک فیلمەکە ببینم بۆیە پاش بینینی دەنگەکە تۆمار کرا.

دیسانەوە عبد الباسط چەند مانگێک بەر لە مردنیشی سەردانی چەند ووڵاتێکی تریشی کردو لە ڕادیو و تەلەفیزیۆنەکانیاندا چاوپێکەوتنیان لەگاڵ ئەنجامدا لە وانە(بحرەین و ئیمارات و قەتەر و عومان)

وە لە ژیانی تایبەتی خۆیشدا گەرچی خاوەنی ناوبانگێکی گەورە بوو بەڵام کەسێکی خاکی بوو زۆر هێمن و لەسەر خۆ بوو خاوەنی ڕەوشتێکی زۆر بەرز بوو بۆیە یەکێک لە کوڕەکانی ئەڵێت باوکم لە گەڵماندا زۆر جۆر بوو وە زۆر هاوکاریشمان بوو وە زۆریش ئارەزووی مەلەوانی ئەکرد بەڵام نەک لە پێش چاوی خەڵکی بۆیە ڤێلایەک لە شاری ئەسکەندەریە ئەکرێت کە ببێتە سەیرانگایەکی بچووک بۆ خێزانەکەمان وە هەمیشەش بە جلی سپیەوە لە ئەسکەندەریە دەگەڕا بۆ ئەوەی خەڵکی نەیناسنەوەو لە جلی چاولێکەرییەوە دوور بێت بەڵام خەڵکی هەر دەیان ناسیەوەو باوەشیان پێیدا دەکرد، وە لە روی خواردنیشەوە

هەموو جۆرە خواردنێکی دەخوارد بەڵام زیاتر حەزی لە خواردنی گۆشت بوو،هەروەها ماوەیەکیش هەوڵی فێر بوونی زمانی ئینگلیزی دا لە رێگەی کۆرسەوە بەڵام لەبەر بێ کاتی پێی نەکرا بەردەوام بێت . وە زۆر حەزیشی لە دەنگی قورئان خوێنی بە ناوبانگ(شێخ محمد ڕەفعەت)دەکرد بە ڕادەیەک کە خۆی دەڵێت جاری وا هەبووە زیاتر لە 5 کم رێگەم بە پێ ئەبڕی بۆ ئەو ماڵە دەوڵەمەندەی کە تەنها ماڵ بوون ڕادیۆییان هەبوو وە کەسایەتی دووەم کە زۆر ئاشقی دەنگی بوو (شێخ مصطفى اسماعيل) کە قورئان خوێنێکی کۆشکی پادشای میسر بوو بەڵام خۆشەویستی عبد الباسط بۆ ئەمان بریتی بوو لە خۆشەویستی و ڕێز وەکو لاسای کردنەوە چونکە هەمیشە ئەوەی دەوت کە لاسای کردنەوە خاوەنەکەی بە هیلاک دەبات و تەمەنی درێژی کورت ئەکاتەوە.وە عبد الباسط خاوەنی زۆرترین خەڵاتە کە تا ئێستا هیچ قورئان خوێنێک ئەوەندەی ئەو خەڵات نەکراوە لە لایەن پادشایان و سەرۆک وڵاتانەوە بۆ نمونە،

1ـ خەڵاتی ڕێز لێنانی لێهاتووی فیکری ماغریبی

2ـ خەڵاتی ڕێز لێنان لە سەنیگال

3ـ خەڵاتی ڕێز لێنان (سەبری عەسەلی)سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی سوریا

4ـ خەڵاتی ڕێز لێنانی ئاڵتونی لە پاکستان 1958

5ـ خەڵاتی ڕێز لێنانی لە ئەندەنوسیا

6ـ خەڵاتی ڕێز لێنانی 1984 لە یادی 50 ساڵەی دەمەزراندنی رادیۆی میسری

7ـ خەڵاتی ڕێز لێنانی تایبەت لە ووڵاتانی عێراق و لوبنان و تونس و مالیزیا

8ـ خەڵاتی ڕێز لێنانی سەرۆکی میسر محەممەد حوسنی موبارەک بە پلەی یەکەم لە رۆژی بانگخوازان لە 1987

9ـ خەڵاتی ڕێز لێنانی هونەرە زانستەکان بە پلەی یەکەمی لە شەوی ئاهەنگی (ليلة القدر)لە ساڵی 1990 واتا 2 ساڵ دوای کۆچ کردنی

وە زۆر خەڵاتی تاکە کەسی تریش بەڵام گرنگترین خەڵات لای خۆی ئەو خەڵاتە بوو کە خوای گەورە پێی بە خشی بوو، بۆیە هەتا ئێستاس بە یەکێک لە هەرە قورئان خوێنە دەنگ خۆشەکان و قورئان زاناندادەژمێردرێت.

عبد الباسطیش وەکو سەرجەم مرۆڤەکانی تر وا مردن بەرەو پیری دێت، بۆیە 2 ساڵ پێش وەفات کردنی تووشی ڕوداوی ئۆتۆمبیل دە‌بێت و چاوەکانی توشی نە خۆشی دەبن بەڵام پاش نەشتەرگەری چاک ئە ‌ێتەوەولە پاش ئەمانە توشی نەخۆشی شەکرە وهەوکردنی جگەر ئەبێت و بەرگری نامێنێت بەرامبەر بەو دوو نەخۆشییە ،پاش هەوڵێکی زۆر لە لایەن پزیشکەکانی میسرەوە بۆ چارە سەر کردنی کورەکانی ئاگادار ئەکرێنەوە کەوا باوکیان رۆژ بە رۆژ خراپتر ئە بێت لەبەر ئەوە دەبرێتە لەندەن بۆ چارەسەرکردن باڵام پاش هەفتەیەک داوا لە تاریقی کوری ئەکات کە بیباتەوە بۆ میسر هەر کە چۆن خوای گەورە لە دڵیدابێت کە کۆتاییەتی بۆیە دەیگەڕێننەوە بۆ میسر رۆژ بەرۆژیش باری تەندروستی خراپتر دەبێت هەتا لە 30 ـ11ـ1988 بارگەو بنەی بە یەکجاری دە گوێزێتەوە بۆ لای پەروەردگاری.

بەڵام هەواڵی کۆچی دوایی عبد الباسط دڵی ملیۆنەها خەڵکی موسڵمانی لە هەموو جیهانی ئیسلامیدا هەژاندوو فرمێسکی خۆشەویستی پێڕژاندن وە لە مەراسیمی بە خاک سپاردنەکەشی دا چی لە ناوخۆ و لە دەرەوەش زۆر بێ وێنە بوو باڵوێزی وڵاتان وسەرۆک و وەزیرانی وڵاتان لە بری خەڵکانی وڵاتەکانیان ئامادە بوون لە بەر ئەو رۆڵە گرنگەی کە بینی بووی لە پێکەوە بەستنی پەیوەندی نێوان گەلانی ووڵاتان ،ئەم کارەساتە وای کرد کە لە ماوەی 3 رۆژی پرسەکەیدا لە وڵاتی میسر لە هەموو بڵند گۆی مزگەوتەکانەوە قورئانی پیرۆز لێبدرێت بە دەنگی عبد الباسط .لە کۆتایدا داوا کارم لە خوای پەروەردگار کە لە ریزی پێغەمبەران وراسگۆیان و پیاوچاکانی ئوممەتی ئیسلامدا دایبنێت و لە من وئێوەی بەڕێزیش خۆش بێت (ان شاءالله) وە داوا کارم کە خوای گەورە بیکات بە تێشووی قیامەتمان. والسلام عليكم و رحمة اللە وبركاته.

سەرچاوە:پوختەیەی ژیانی قورئان خوێنی بەناوبانگ (عبد الباسط محمد عبد الصمد)