مارف (۲ی ڕێبەندانی ۱۳٤۳، ۱۹٦٦ی زایینی)، کوڕی حاجی محەممەدی ئاغایی لە بنەماڵەی "پاشایی"یە. لە گوندی وەزنێی ناوچەی سندووسی سەر بە شاری نەغەدە لەدایک بووە.

خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری نەغەدە تەواو کرد.

لە گەرمەی خوێندنی ناوەندیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی چوونەتە شنۆ؛ لەوێش لە قۆناغی ئامادەییدا کە تێیدا ساڵێک زیندانی کراوە، لە خوێندن دابڕاوە. 

ساڵی ۱۳٦٤ (١٩٨٥ ز ) ھاوکات لەگەڵ دامەزرانی بنکەی ئەدەبی و فەرھەنگی سەلاحەددینی ئەیووبی و بڵاوبوونەوەی گۆڤاری سروە، دەستی بە بڵاوکردنەوەی شێعر و بەرھەم کرد و دوو ساڵ دواتریش لە ھەمان گۆڤاردا بۆتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ئەو گۆڤارە. ئیتر زۆر بە پەرۆش و تاسە و گوڕ و تینەوە، هەست بە پەیامی پیرۆزی ئەدەبیی خۆی دەکات و هەموو توانا و ماندووبوونی خۆی بۆ پەرپێدان و گەشانەوەی باری زمان و ئەدەب و فەرهەنگی نیشتمانەکەی تەرخان دەکات.

ئاکامی ئەو تەقەللایانەش بوووە مایەی بەرفراوانبوونی جوگرافیا و خوێنەرانی گۆڤاری سروە؛ کە لەم ڕێگایەوە توانی ئەوین و پەیامی دڵسۆزانەی خۆی لەگەڵ دوورترین ڕووناکبیرانی کورد گرێ بدا. 

ساڵی ۱۳٦۷ (١٩٨٨ز) لەگەڵ خاتوو "ئازەری سەمسامی" ژیانی ھاوبەشیان دەست پێ کردووە و کچ و کوڕێکیان بە ناوی "شەونم" و "پەیام" بووە. 

لەو ساڵانەی دواییدا بەتاسەوە ھەوڵی خۆ فێرکردنی زاراوەکانی زمانی کوردی دەدا و ھاوکاتیش لە ماوەیەکی کورتدا فێری زمانی ئینگلیزی بوو و ئاکامی ئەو تەقەلایەش وەرگێڕانی کتێبی "ناسیۆنالیستی کورد"  لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ زمانی کوردی بوو. 

لە ساڵی ۱۳۷٥دا مارف ئاغایی دەگەڵ هاوڕێیەکانی، هەوڵی دامەزراندنی «حەو‌تەمین ئەنستیتۆی کورد»ی جیهان لە تاران دەدات، کە ئەو ئەنستیتۆیە بە بڵاوکردنەوەی گۆڤارێک بە ناوی «کوردستان» دەست بە کارەکانی دەکات و بە دوای بڵاوکردنەوەی ژمارەی یەکی ئەم گۆڤاره، وەزارەتی فەرهەنگ پێش بە بڵاوکردنەوەی دووبارەی گۆڤارەکە دەگرێت و چەند ساڵ دوای داخستنی گۆڤارەکە ئەنستیتۆش بۆ هەمیشە دادەخرێت.

مارف  لە پەنا نووسینی شێعر، کورتە چیرۆکیش بەتاقی ‌دەکاتەوە و چەند وتار و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی لە گۆڤارەکانی ناوخۆی کوردستان‌دا بڵاودەکاتەوه. هەروەها وێڕای چەند هاوڕێیەکی هەوڵی وەرگێڕانی فەرهەنگی موعین (لغتنامە معین) دەدات. لە کۆتایی ساڵی ۱۳۷٥ شێعرەکانی کۆ دەکاتەوە تا لە کتێبێکدا بە نێوی «پردی برووسک» چاپیان بکات بەڵام دوایی نێوی کتێبەکە دەگۆڕێت بە «زەوی سەخت و ئاسمان دوور» و هەموو شتێک بۆ چاپ‌کردنی کتێبەکە ئامادە دەکات. 

ڕۆژی ۳۰ ڕێبەندانی ١٣٧٦، دوای گەڕانەوەیان لە پرسەی "مینا خانم"ی خێزانی "پێشەوا قازی"، لەگەڵ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە، لە مەھابادەوە بەرەو ورمێ، لە کاتێکدا لەگەڵ ھاوڕێکانی لەسەر ڕەوتی پەنجا ساڵەی ئەدەبی کوردی دەدوا، بە کارەساتی دڵتەزێنی ئۆتۆمۆبیل، لەگەڵ دوو ھاوڕێی دیکەی، کاک جەعفەری قازی و کاک سەرتیپ مەنسووری، دڵە سەوز و پڕ ئەوینەکەیان لە لێدان کەوت.

جێی ئاماژەیە کە مارف ئاغایی دەرفەتی لە چاپدانی کتێبەکەی ناکات و کتێبەکەی لە لایەن بنەماڵەی ئاغایی و دوای مەرگی شاعیر لە چاپ دەدرێت. 

بەپێی وەسیەتی مارف ئاغایی تەرمەکەی لە گۆڕستانی هونەرمەندان و شاعیران لە شاری مەهاباد دەنێژن. 

سەرچاوە: زەوی سەخت و ئاسمان دوور (شێعر و چیرۆک)

 

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی فێرگه‌ی به‌یان