سەعید نوورسی لە ساڵی ١٨٧٨ز لە شاری بەدلیس و قەزای هیزان و شارۆچکەی ئیسپاریت و لە گوندی نوورس (ئێستا پێی دەڵێن کەپیرلی) لە دایکبووە. باوکی ناوی میرزایە و دایکیشی ناوی نوورییە یە. ژیانی نوورسی وەکو خۆی دەڵێت بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە "سەعیدی کۆن" ، "سەعیدی نوێ" ، "سەعیدی سێیەم". وەک لە کتێبەکانیدا باسی دەکات تا تەمەنی ٤٥ ساڵی بە قۆناغی "سەعیدی کۆن" دادەنێت. "سەعیدی کۆن" خزمەتی ئیمان و ئیسلام بە رێگای سیاسەت دەکات. بەڵام بەو ڕوداوانەی کە دواتر بەسەری دێت بە تەواوی ڕای دەگۆڕێت و دووردەکەوێتەوە لە سیاسەت.

 هەروەها چوارەم مناڵی خانەوادەکەیانە کە یەک لە دوای یەک ئەمانەن (دورریە خانم ، عەبدوڵڵا ، سەعید ، محەمەد ، عەبدولمەجید ، مەرجان). بە هەوڵ و تەقالای خۆی شارەزایی لە زانستەکانی ڕۆژگاردا ، وەک (کیمیا ، فیزیک ، زیندەزانی ، جیۆلۆجی ، بیرکاری ، گەردوونناسی ، جوگرافیا ،..هتد) پەیدا کردووە. یەکەم کەسە کە هەوڵی داوە بۆ دامەزراندنی زانکۆ لە کوردستاندا و کردنەوەی قوتابخانەی کوردی و خوێندنی وانەی زانستەکانی سەردەم شان بە شانی زانستە ئاینییەکان. گەورەترین کەسایەتی کوردی ئەم سەردەمە و مەزنترین زانایە کە لە دوای مەولانا خالیدی نەقشبەندی لە ناو نەتەوەی کورددا هاتووەتە دنیاوە و ناوبانگی جیهانی بۆ درووست بووە و ، لە ڕووبەرێکی فراوانی سەر زەویدا سوود لە بەرهەمەکانی وەردەگیرێت.

زیاتر لە سەد و سی کتێب و نامیلکەی لە ژێر ناونیشانی (سەرجەمی پەیامەکانی نوور)دا نووسیوە و بڵاوی کردوونەتەوە. وەرگێڕانی سەرجەمی پەیامەکانی نوور بۆ زمانی عەرەبی لەلایەن (ئیحسان قاسم ساڵحی)یەوە تەواو بووە و لە دە دانە بەرگی قەشەنگدا و لە هەردوو شاری ئەستەمبوڵ و قاهیرە چەند چاپێکی یەک لە دوای یەکیان تا ئێستا لێ بڵاو کراوەتەوە. بەشێکی زۆریشیان لەلایەن ماری وێڵد (شوکران واحید)ەوە کراون بە زمانی ئینگلیزی. بەشێکی ئەم پەیامانە بۆ ئەم زمانانەی خوارەوەش وەرگێڕدراون ، کە تا ئێستا کاری وەرگێڕان تیایاندا بەردەوامە : (ئەڵمانی ، فەڕەنسی ، ڕووسی ، ئۆردی ، فارسی ، ئیتاڵی ، کۆجاراتی ، مەلایا ، ڕۆمانی ، چینی ، بولگاری ، پورتوگالی ، ئەلبانی ، بۆسنی ، ئیسپانی ، مەقەدۆنی..هەروەها گەلێ زمانی تریش.

لەو کاتەی کە "سەعیدی کۆن" گۆڕا بە "سەعیدی نوێ" کتێبی (فتوح الغیب) ی شێخ عبدالقادری گەیلانی کاریگەرییەکی گەورەی دروست کرد لەسەر سەعید نوورسی

بەشی زۆری (پەیامەکانی نوور) لە سەردەمی "سەعیدی نوێ" دا نووسراوە. سەعید نوورسی بە کورتی سەبارەت بە جیاوازی نێوان "سەعیدی کۆن" و "سەعیدی نوێ" دەڵێت " سەعیدی کۆن زیاتر بە پێی مێشکی دەڕۆیشت ، بەڵام سەعیدی نوێ هەم بایەخ بە مێشک دەدات و هەم بە دڵیش"

وە لە دوای بەندیخانەی ئافیۆن لە ساڵی ١٩٤٨ بە قۆناغی "سەعیدی سێیەم" دادەنێت.

سەعیدی کۆن

بە شوێن کەوتووەکانی دەوترێت (نوورەکان) یان (کۆمەڵەی نوور). کۆمەڵەی نوور ئەو کتێبانە دەخوێنن (سەرجەمی پەیامەکانی نوور) کە پێکهاتوون لە چەندەها بیروباوەڕی دینی.

سەعید نوورسی بە ناوەکانی زانای سەردەم "بدیع الزمان" ، "مەلا سەعید" ، "مەلا سەعیدی-مەشهوور" ، "سەعیدی نوورسی" و "سەعیدی کوردی" ناسرابوو. یەکەم دەستپێکردنی خوێندنی لە گوندی نوورس لەلای کاک عەبدوڵڵای برا گەورەی بوو. لە تەمەنی ٩ ساڵیدا (١٨٨٧) چوو بۆ گوندی "تاغ" و لە قوتابخانەکەی مەلا محەمەد ئەمین ئەفەندی دەستی کرد بە خوێندن. لە ساڵی ١٨٨٨ قوتابخانەی تەواو کرد.

 لە کتێبی (مێژووی-ژیان) نووسیویەتی کە لە گوندی "تاغ" بوو زۆر گرنگی پێ دەدرا بەڵام قوتابیەکان ئەمەیان پێ ناخۆش بوو لەبەر ئەوە قسەی ناشرینیان پێ دەوت لەبەر ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان. دوای ئەوەی کە لە گوندی "تاغ" گەڕایەوە هەفتەی یەک جار (کە کاک عەبدوڵڵای برای سەردانی ماڵەوەی دەکرد) دەرسی لێ وەردەگرت. لە ماوەی پێنج ساڵدا لە قوتابخانەکانی "مەلا محەمەد ئەمین ئەفەندی ، میر سەعید وەلی و مەلا محەمەد ئەفەندی" دەرسی خوێند. وەک لە پەیامەکاندا نووسراوە کە لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا توانی "قورئانی پیرۆز خەتم بکات و بۆ ماوەی سێ مانگ لە قوتابخانەی شێخ محەمەد جەلالی بخوێنێت و وە ڕۆژانە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر کتێب بخوێنێتەوە و یەکسەر لەبەری بکات و وە هەروەها بێجگە لەو کتێبانەی کە قوتابخانەدا دەی خوێندن زۆر کتێبی تریش بخوێنێتەوە. وە دوای ئەمە لەوێ ئیجازە وەر دەگرێت و لەوێ دەڕوات. لەم ماوەیەدا گفتوگۆی زۆری لەگەڵ مامۆستاکانیدا دەکرد بەڵام قوتابیەکان ئەمەیان پێ ناخۆش بوو وە ئیرەییان پێ دەبرد و هەندێک جاریش دەبوویە شەڕیان. ڕۆژێکیان یەکێک لە خزمەتکارەکانی ئاغای "جەزیرە" بە مەبەستی کوشتنی سەعید نوورسی دەیەوێت شمشێرەکەی دەربکات بەڵام شمشێرەکەی لە بەرگەکەی گیر دەبێت و ناتوانێت هیچ بکات ، سەعیدیش دەیخاتە ئاوێکی ساردەوە و پاشان دەری دەهێنێتەوە. لە دوای ماوەیەک سەعید بۆ بەڕێ کردنی زستان دەگەرێتەوە بۆ گوندەکەیان.

شەوێکیان لە خەویدا دەبینێت کە قیامەت ڕوویداوە و هەموو خەڵکی بەسەر پردی "صراط" دا دەپەڕێنەوە ، ئەویش دەڕواتە سەر پردی سیرات و ڕادەوەستێت تا دانە دانە هەموو پێغەمبەران دەبینێت وە لە کۆتایدا پێغەمەرمان "موحەممەد(د.خ)" دەبینێت و لە خەوەکەی ڕادەچڵەکێت. وە بەهۆی ئەم خەوەوە داوای درێژە پێدانی خوێندن لە باوکی دەکات و لەسەر ئیزنی باوکی دەچێت بۆ قوتابخانەی " میر حەسەن وەلی" .

بەهۆی ئەوەی سەعید نوورسی لە بابەتە هەرە ئاڵۆزەکان تێدەگەیشت و بە ماوەیەکی کەم کتێبی لەبەر دەکرد و بابەتە زانستیەکانی بە قوڵی دەزانی ، بووە هۆی سەرسامی "مەلا فتح اللە ئەفەندی" و بەو هۆیەوە نازناوی (بدیع الزمان)ی لێنا.

دوای ماوەک دێت بۆ شاری بەدلیس و کەسایەتی دەگۆڕێت و وە هەروەها دەبێتە جێی سەرنجی "عمر پاشا"ی والی بەدلیس و ژوورێکی دەداتێ بۆ بەردەوام بوونی لە خوێندن. بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لە "پەیامەکانی نوور"ەوە وەرگیراوە "سەعید نوورسی" بۆ ماوەی دوو ساڵ لێرە درێژە بە خوێندنەکانی دەدات و پاشان لەلایەن والی شاری وانەوە دەعوەت دەکرێت و ئەویش دەچێت و لە وانیش بۆ ماوەی دە ساڵ لەو ژوورەی کە والی وان بۆی دابین کردبوو درێژەی بە خوێندنە زانستیەکانی دەدات. لە دوای ماوەیەک کە "حەسەن پاشا"ی والی وان دەستی لە کار کێشایەوە ، "تاهیر پاشا" بوو بە والی تازەی وان و پەیوەندی لەگەڵ "سەعید نوورسی" دا زۆر باش بوو ، وە لەو ژوورەی کە دەرسی تیایدا دەخوێند بەردەوام بوو . وە هەروەها قوتابخانەیەکیشی هەبوو کە دەرسی بە تەلەبەکانی دەخوێند.

سەعید نوورسی بۆ خوێندنی زانستە گشتیەکان و زانستی ئیسلامی ، دەمێک بوو بیری لە دروست کردنی زانکۆیەک کردبوەوە و بۆ گەیاندنی داواکەی بە حکومەت لە ساڵی ١٩٠٧ چوو بۆ ئەستەمبوڵ . وەک برایەتی کردنێک لەگەڵ "زانکۆی الازهر" لە میسر ناوی "مدرسە زهرا‌و"ی لەم زانکۆیە نابوو. مەبەستی "سەعید نوورسی" لە دروستکردنی ئەم زانکۆیە خوێندنی "زانستە گشتیەکان" و "زانستی ئیسلامی" بوو. وە بە هەرسێ زمانەکانی عەرەبی و تورکی و کوردی لەم زانکۆیەدا بخوێنرێت. کە هات بۆ ئەستەمبوڵ یەکەم جار چوو بۆ ماڵی "فەریق ئەحمەد پاشا". دوای ئەوە داوای لە حکومەت کرد کە دەیەوێت لە ڕۆژهەلاتی ئەستەمبوڵ زانکۆیەک دروست بکات بەڵام حکومەت وەڵامی نەبوو. پاشان دوای دوو مانگ مانەوە لە ئەستەمبوڵ چوو بۆ مزگەوتی "فاتیح" و لەوێ لە خانەی "شەکەرجی" مایەوە. وە شتێکی سەیر لێرە ڕوویدا کە بووە هۆی سەرنج ڕاکێشانی هەموو زاناکان ئەویش ئەوە بوو کە لەسەر دەرگای ژوورەکەی نووسیبووی " لێرە وەڵامی هەموو پرسیارێک دەست دەکەوێت و هەموو دەردێک چارەسەر دەکرێت بەڵام پرسیار لە کەس ناکرێت ".

لە نێوان ساڵەکانی (١٩١٥-١٩١٧) لە جەنگی نێوان "دەوڵەتی عوسمانی" و "ڕووسەکان" لە شەڕی "قەفقاس" دا وەکو بەرپرسێکی گەورە بەشداری لە جەنگی جیهانی یەکەمدا کرد.[١٧] پاشان لە ساڵی ١٩١٦ دا لە شەڕی بەرگری کردن لە شاری بەدلیس لەگەڵ "ڕووسەکان" بریندار کراو بە ئەسیر کەوتە دەست "ڕووسەکان" ، بۆ ماوەی یەک ساڵ لە کەمپینی ڕووسەکاندا مایەوە. لە ساڵی ١٩١٧ لە کامپینی "کۆسترۆما" لە دەست ڕووسەکان هەڵهات و بەرەو ئەستەمبوڵ گەڕایەوە. کە گەڕایەوە بۆ ئەستەمبوڵ چووە ڕیزی بەرزترین کۆمەڵەی فەتوای ئەو سەردەمە کە ئەویش کۆمەڵەی "الدار الحکمە الاسلامیە" بوو ، وە بووە ئەندامێکی ئەو کۆمەڵەیە.

پاشان سەرکردەکانی کۆمەڵەی "هەڵاتنی کورد" داوایان لێ کرد کە بچێتە کۆمەڵەکەیان ، بەڵام سەعید نوورسی داواکەیانی ڕەت کردەوە. لە دوای ١٥ی شوباتی ١٩١٩ چووە کۆمەڵەی "هەڵاتنی ئیسلام" و لەگەڵ کۆمەڵەی "المدرسیین" دا مایەوە کە پێک هاتبوون لە "مستەفا سابری ، مامۆستا محەمەد عاتف و ساففەت ئەفەندی". وە لە ساڵی ١٩١٩ دا دەستی کرد بە نووسینی کتێبی "مەسنەویەی نوورییە".

بەهۆی ئەو دەعوەتانەی کە "مستەفا کەمال ئەتاتورک" و والی پێشووی وان "تەحسین پاشا" کردبوویان چوو بۆ شاری ئەنقەرە و بۆ ماوەیەک لەوێ مایەوە. وەکو دووەم گوێگری "کۆبوونەوەی میللی" بەشداری کردووە. بەهۆی ئەو بەیاننامەیەی کە پێشکەشی کرد بە حکومەت بۆ چاککردنی ڕەوشی تورکیا ، لەلایەن چەند کەسێکەوە زۆر بەتوندی بەرپەرچی درایەوە. لە پاڵ ئەمەشدا هەر وازی لە داوای دروست کردنی زانکۆی "زەهرا" نەدەهێنا.

سەعیدی نوێ

لە ساڵی ١٩٢٥ دا کە دوور خرایەوە بۆ بوردور کتێبی "دەرگای یەکەمی نوور" ی نووسی. پاشان دوور خرایەوە بۆ بارلا. لێرە دەستی کرد بە نووینی سەرەتای پەیامەکانی نوور ، هەردوو کتێبی وتەکان و مەکتوبات بە تەواوی و بەشێکی زۆری بریسکەکانی لێرە نووسییەوە.

لە ساڵی ١٩٣٤ لە "بارلا"وە دوور خرایەوە بۆ ئیسپارتا. لە ساڵی ١٩٣٥ دا بەهۆی دانانی "کۆمەڵەیەکی نهێنی" کەوتە دادگای جەزای قورسی شاری ئێسکی شەهیر و لە ئەنجامی دادگایدا ، بەهۆی نووسینی "پەیامی تەسەتتور" خۆی ١١ مانگ کەوتە زیندان و ١٦ تەلەبەشی بۆ ماوەی ٦ مانگ زیندانی کران. لە ساڵی ١٩٣٦ کە کاتی زیندانیەکەی تەواو بوو بۆ ماوەی ٧ ساڵ دوور خرایەوە بۆ "کاستامۆنو".

لە ساڵی ١٩٤٣ خۆی و ١٢٠ لە تەلەبەکانی بە ئیدعای "ڕووخاندنی بنەڕەتی ڕژێم" جارێکی تر گیرایەوە و لە بەندیخانەی "دەنیزلی" بۆ ماوەی ٩ مانگ زیندانی کرا ، بەڵام بێ گوناه دەرچوو ئەم جارەشیان گوازرایەوە بۆ "ئەمیرداغ" و لەوێ بە زۆر ڕابەریان پێ دەکرد. لە ساڵی ١٩٤٧ خۆی و ٥٤ تەلەبەی لە بەندیخانەی ئافیۆن بۆ ماوەی ٢٠ زیندانی کرا. دیسانەوە دوور خرایەوە بۆ "ئەمیرداغ". له‌شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیراندا له‌و ده‌مه‌دا له‌ کاتی سه‌رهه‌ڵدانه‌که‌ دا ئه‌لبای حولیسی یه‌حیا گلی ده‌چێته‌ لای سه‌عید نه‌ورسی سه‌باره‌ت به‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌که‌یان له‌گه‌ڵی ده‌دوێت ، ئه‌و کاته‌ نورسی پێی ده‌لێ ده‌بێ هیچ باوه‌رمه‌ندێک ده‌ستی نه‌چێته‌ خوێنی گه‌لی کورد.

 سەعیدی سێیەم

 لە ساڵی ١٩٥٢ بە هۆی نووسینی کتێببی "ڕابەری گەنجان" بانگ کرا بۆ ئەستەمبوڵ و ئەم جارەش بە بێ تاوان دەرچوو. لە ١٩٥٣ گەڕایەوە بۆ "ئەمیرداغ". بۆ جاری دووەم هاتەوە بۆ ئەستەمبوڵ و بۆ ماوەی دوو مانگ و نیو لەوێ مایەوە. وە لە دوای ئەمە ژیانی بە زۆری لە "ئەمیرداغ" و "ئیسپارتا" بەسەربرد. وە دوای ئەم ماوەیە ئەو پەیامانەی نوور کە نووسرابوون بڵاو بوەوە بەناو خەڵکیدا و سەرنجی ڕادەکێشان. بەم ئامانجەوە لە زۆربەی شار و گوندەکان دا بە نووسینی دەست و یاخود وتنەوەی لە ئەستەمبوڵ و ئەنقەرەو بەشەکانی ڕۆژهەلات دا بڵاو بوویەوە. وە لەم ماوەیەدا چەندین دەعواو و شکاتیان لە خۆی و تەلەبەکانی کراو زۆربەشیان لە دادگاکاندا بوو. لە ساڵی ١٩٥٠ کە پاتی دیموکرات هاتە سەر حوکم هیچ ڕێگرییەکی لە بەردەم کۆمەڵەی نوور و پەیامەکانی نووردا دانەنا و لەم ماوەیەدا پەیامەکانی نوور چاپکران و لە تورکیا و پاکستان و ئەمریکا و ئیتاڵیا بڵاو بویەوە.[١٩]

لە ٢٣ی مارتی ١٩٦٠ دا لە شاری ئورفا وەفاتی کردوو لە گۆڕستانی "خلیل الرحمن" نێژرا ، بەڵام لە ١٢ی تەمموزی ١٩٦٠ دا لەلایەن حکومەتەوە گۆڕەکەی تێکدراو برا بۆ شوێنێکی نادیار. 

سەعید نوورسی لە ساڵی ١٩١١، لە كتێبی مونازەرات دا وتی «مردن رۆژی نەورۆزی ئێمەیە». لە ٢٣ی مارتی ١٩٦٠ دا، ٢ رۆژ پشتی نەورۆز لە سبە‌ی شەوی لەیلەتولقەدر دا وەفات کردووە.