زانای گه‌وره‌ حاجی مەلا موحەممەد باقێرمودەررێسی کوردستانی، خاوه‌ن نازناوی ”غەریق“ و ناسراو بە مودەررێس، یەکێک لە گەورەترین زانایانی ئەمرۆی کوردە.

موحەممەد باقێر مناڵی حوسێن خان ناسراو بە ”ئاغاگەورە“یە و باوەگەورەی دەگاتەوە خان ئەحمەد خانی ئەردەلان. دایکی فاتێمە خاتوون کچی خوالێخۆشبوو مەلا عەبدوڵڵا لە بنەماڵه‌ی كه‌له‌نی شێخولئیسلامییەکانی سنە و هەروەها ئامۆزای مەلا لوتفوڵڵا شێخولئیسلام بووە.

موحەممەد باقێر لە ڕۆژی هەژدەی مانگی جۆزەردان ساڵی ١٢٧٤کۆچی هەتاوی و ١٣١٦کۆچی مانگی لە گوندی ”نزار“ هەڵکەوتوو لە پەنجا کیلۆمه‌تری شاری سنە لە دایک بووە. هەر لە هەڕەتیی مناڵی خەریکی خوێندن بووە و لە ماوەی سێ مانگ قوڕئان فێر بووە و دوای ئەو تا تەمەنی چواردە ساڵی کتێبه سه‌ره‌تاییه‌كانی فێرگەکانی ئەوکاتی فێر بووە و پاشان بە ماوەی هەشت سال کۆی زانسته‌ ئایینییەکانی تەواو کرد و لە ”مەلا موحەممد مەولانا“ کوڕی مەلا عاڕف کوڕی خوالێخۆشبوو  عەللامە مەلا ئەحمەدی نودشەیی مۆڵەتی فتوادان و وانەبێژی وەرگرت.

دوایی بۆ گوندی ”چۆڕ“ ڕۆیشت و بۆ یه‌كه‌دم هەل لەوێ پێگەی پێش‌نوێژی لە ئەستۆ گرت و لە ماوەی نیشتەجێبوونی شەش ساڵەی لە گوندی چۆڕ كه‌ڵكی زۆری لە کتێبخانە و زانایانی گەورەی ماڵی ساداتی ئەوێ وەرگرت و دوای ئەوێ ماڵی گواستەوە بۆ گوندی ”باڵک“ی مەریوان و تا کۆتایی ژیانی ”نزێک ٥٠ ساڵ“ له‌وێ وانەبێژی و خزمەتکاری ئایینی بوو.

مامۆستا مەلا باقێر زانایه‌کی گەورە و ناسراو بوو و زۆربەی زانایانی ناوچەی کوردستان لەلای ئەو قوتابی بوون و زیاتر لە ٣٠٠ فەقێ مۆڵەتیان لە مامۆستا وەرگرتووە. مامۆستا مەلا باقێر سەرجەم ٥٥ ساڵ وانەبێژی کردووە ”٦ ساڵ لە چۆڕ و ٤٩ ساڵ لە باڵک“ و پتر لە ٢٠٠ کتێب و وتاری لە خۆی بەجێ هێشتووە.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئاشکرای مامۆستا مەلا باقێر کە کاریگەری زۆری لەسەر ژیانی ئەو هەبووە، خۆشەویستی زۆری مامۆستا بۆ سەروەر و سالاری جیهان، دوایین پێغەمبەرمان حەزرەتی ڕەسول(د.خ) بووە. مامۆستا باقێر کە ناسراو بە ”مودەررێسی کوردستانی“ بوو، جگە لەوەیکە بە زانستی ئاشکرا گەیشتبوو بە پلە و پایەیه‌ک کە زانایان ئەویان بە شافعی ڕوژگار ناودێر کردبوو و لە زانستی دەروونیش قۆناغی زۆری تێپەڕاندووە.

ئەو زانا و گەورە پیاوە لە ئاکامدا لە تەمەنی ٧٦ ساڵی و لە ڕۆژی هەینی١٧ بەفانباری ١٣٥٠ کۆچی هەتاوی هاوتا لەگەڵ ١٩ی پوشپەڕ ١٣٩٢ کۆچی مانگی لە گوندی باڵک، کۆچی دوایی کرد و هەر لەوی بە خاک سپاردرا.