شادی و خۆشی یه‌کێکە لە پێویستییەکانی مرۆڤ کە شوێنی بەرچاوی هەیە لە بڕیاردان و بیروبۆچوون، هەموو کات سەرزیندوویی و شادی و دڵخۆشی، ڕێگە چەتوون و ئەستەمەکانی ژیان خۆش دەکا و کارە قورسەکان، سووک و گەڵاڵەداڕشتن ئاسان دەکاتەوە، دڵخۆشی و شادی ڕادەی ئیستیقامەت و بەرەنگاری مرۆڤ دەباتە سەر و لە بەرابەر ئازار و زەحمەتەکان زۆر خۆڕاگرتر دەبی، دوابەدوای وەشدا بە ئارامی و هێمنی دەگا.

بەڵام باسی سەرەکی ئەوەیە ژنێکی لێوبەبزە و شاد و سەرزیندوو چ کاریگەرییه‌کی لە ناو خێزان و بەتایبەت مناڵەکاندا هەیە؟ خوای تەعالا لە قوڕئانی پیرۆزدا دەفەرموێ: (لتسکنوا الیها) ڕۆم/۲۱ واته: خوای میهرەبان ژنان بە نماد و هێمای سوکنایی نێو دەبا.

کەواتا ئەرکی ژنەکان ئەوەنده‌ی تر هەستیارتر دەبێ، چونکه هیچ نیعمەتێک لە نیعمەتی ئارامی و دڵخۆشی مەزنتر نیە. ژن وەک چالاکترین و سەرەکیترین ئەندامی بنەماڵه، شوێنێکی گرنگی لە گەشە و نەشەی ئەندامانی بنەماڵە و وەدیارکەوتنی بنەماڵه‌یه‌کی سەرکەوتوو لە کۆمەڵگا دایە. پێوەندی نێوان دایک و باقی ئەندامانی بنەماڵە زۆر لێک نزیکە و کلیلی تەواوی ئیش و بەڕێوەبەرایەتی بەرنامەکان لەبەردەستی ژنە.

خوڵق و خو و ئاکار و ڕەوشتی دایک بەر لە بەدونیا هاتنی مناڵ، لەسەر مناڵ دەست پێ دەکا و دواتریش ڕاستەوخۆ لە کەشی بنەماڵەدا و ئەو شوێنەوارە دەبیندرێ. چێوەی ئارام و شاد و خۆشی ناو ماڵ، مناڵەکان لە زۆرێک لە کێشە و نۆڕمە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییه‌کان دەپارێزێ، کەواتا ژنانێک کە مەهارەت و لێهاتویی لە هەڵوێست گرتنەکان و شێوازی موحیببەت پێکردن دەزانن و کەشی بنەماڵە زیندوو ڕادەگرن، بە ڕادەیه‌کی زۆر لە بارهێنانی مناڵدا سەرکەوتووترن و میرد و مناڵ لە لای وان هەست بە ئارامی و دڵخۆشی دەکەن.

ئەوه‌ی بزانین تەنیا نەخۆشییە واگیرەکان نین کە زوو کەسی بەرانبەر تووش دەکەن، بەڵکوو ڕووحیەی شاد و بیروبۆچوونی ئەرێنیش زوو لەسەر ڕۆحی دەورووبەریەکاندا شوێن دادەنێ و ژنێک شاد بێ، مێرد و مناڵ و دۆستەکانی شاد دەکا. کەواتا بنەماڵەی شاد دەسکەوتی ژنێکی شاد و دڵخۆشە.

هۆکاره‌كانی دڵخۆشی ژن؟

۱- بیر و هزری ئەرێنی و گەشبینی و ئاوەزمەندانە بیر کردنەوە.

بیری ئەرێنێ یه‌کێ لە سەرەکیترین موئەلەفەکانی ئارامی و نیشاتە، کەواتا کەسی گەشبین لە ڕووداوە تاڵه‌کان و شکستەکانی ژیانی ئەزموون وەردەگرێ و بە چاوی حیکمەت دەڕوانێ و هیچ کات بێ هیوا نابێ و لە هەر شکستێک ئەزموونێک دەستەبەر دەکا. ژنێک خسڵەتی باشی بیرکردنەوە بەکار بێنێ، پرسیار و کێشەکان بە باشترین ڕێکار حەل دەکا و هەڵە و پەڵەی کەمتره، تووشی تاڵووکە نابێ کە دواتر پەشیمانی و سەرگەردانی لە دوو بێ. کاتێ دایکێک بە مناڵەکان ڕابگەیێنێ کێشە و گرفت بەشێکە لە ژیان و شتێکی ئاساییە و گرنگ چۆنیەتی هەڵسوکەوت و خۆنەدۆڕاندنه، ئەو مناڵە هیچکات بە ڕووداوەکان ناشڵەژێ و پەنا بۆ ڕێگەی ناشایست نابا و بێهیوا نابێ و لە دووی ڕێگە چارە دەگەڕێ.

۲- سستی و بێکاری و چالاکی نەکردنی ژنان، کێشەی سەرەکی بۆ داڕووخانی ورە و ڕۆحی لاوازی ژنانه‌.

بێ شک کار و چالاکی و جموجۆڵی فیزیکی و هۆشی، شوێنێکی بەرچاوی لە بواری دەروونی ژندا هەیە، دوای لێکۆڵینەوه‌یه‌کی زۆر پسپۆڕان بۆیان دەرکەوتووە بەشی زۆری خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لە بێکاری و دەستەوەستانی و مونفەعیلبوون بەدی دێ. کەواتا بۆ قایموقۆڵکردنی ڕۆح و ئامانجدارکردنی ژیان دەبێ بۆ کات و زەین گەڵاڵە دابڕێژن، جوڵانەوە و چالاکی بە شێوەی فیزیکی و هزری، بناغەی سەرەکی شادی و دڵخۆشی و گەشبینییە.

۳- پێوەندی مرۆڤ لەگەڵ سروشت دیتن و گەڕان لەناو سروشت و بینینی دار و گوڵ و گیا و کێو و ڕووبار و کانیاو و بۆن و بەرامەی خۆش و فڕینی باڵندە و گەشت و گوزار ئەسەر و شوێنەوارێکی بەرچاوی هەیە لە ناخ و چێژوەرگرتن و دڵخۆشبوون کە نابێ هەرگیز فەرامۆش بکرێ.

۴- پێوەندی لەگەڵ خوا که دەسەڵاتداری هەموو جیهانه‌ و ئێمەی مرۆڤی زەعیف هەموو کات خۆمان بخەینە باوەشی ڕەحم و ڕەحمەتی بێ سنووری ئەو و پشت ببەستین بە ئیڕادە و قودرەتی خالق.

مرۆڤی باوەڕدار بە هەر چەشنە زیکر و عیبادەت و چاکەیەک دڵی خۆش دەبێ و چۆن ئەمری خوای تەعالای جێبەجێ کردووە، کەوایە چێژوەرگرتن لە ژیان و دەروونی ئارام تەنیا بە هۆگەلی دونیایی مسۆگەر نابن، بەڵکوو ڕۆچوون لە قووڵاییەکانی واتایی و خۆنزیککردنەوە لە سفەتە جوانەکانی خوا ڕێگەچارێیه‌کی سەرەکییە بۆ وەدیهێنانی ئارامی و دڵخۆشی و دووربوون لە قەلەقی و خەمۆکی. سروشتی مرۆڤ وایە بە جوانی و چاکە گەش دەبێتەوە و بەپێچەوانە بە تاوان و پیسی تووشی سزای ویژدان دێت و نائارامی و دڵگرانی بۆ دروست دەبێ. کەوایە ڕازیبوونی مرۆڤ بە ڕازیبوونی خواگیان به‌ستراوه‌ته‌وه‌، چوون ڕۆح له خوایە و هەرچی دژە خێر بێ، ڕۆح تووند دەکا.

۵- یه‌کێ لە خاڵە گرنگەکانی تر بۆ شادی و دڵخۆشی ژن پێوەندی ژن لەگەڵ هاوسەرەکەیه‌تی، ژن بەهۆی وەی کە هەستێکی ناسکیان هەیە و بەردەوام نیازیان بە بایەخپێدان و هاودڵی و هاوخەمی و هاوقسەی مێرد هەیە، کاتێ ئەو بەتاڵاییە هەست پێ نەکا و شۆر و شادی بێ بڕانەوە هەست پێ دەکا و بەردەوام لێو بەبزەیە. هەروەها پێۆیستی بە هامووشۆی کەسوکاری نزیکی خۆی چەشنی دایک و باوک و خوشک و براکانی هەیە کە نیازە عاتفییەکانی خۆی بەراوەردە بکا.

۶- هەست بە باخەداربوون و بەسوودبوونی وجوودی وا لە ژن دەکا که ئەگەر بەساڵاچووش بێ، هەمووکات هێز و وزەی زۆر دەکا و هیوای بە ژیانی زۆر زۆرتر دەبێ، هەست بەوه دەکا کەڵکی هەیە و تووشی خەمۆکی نابێ و دڵخۆش دەژی. ژنەکان زۆر لە پیاوەکان لەو بوارەوه‌ هەستیارترن و بە نەبوونی بەرپرسیارێتی دەئەگەری داڕمان دان.

بۆ دەست هێنانی ئەو ئامانجە کە بنەماڵە و کۆمەڵگایەکی شادمان هەبێ و کەمتر تووشی کێشەکانی پەروەردەیی ببین، دەبێ زۆرتر ڕەچاوی حاڵی ژنەکان بکەین، چون نەبوونی ڕەزایەتمەندی ژن هۆکارێکی ئەساسی بۆ ژیانێکی سارد و سڕ و دوور لە شادی و دڵخۆشییە.

 

شەیدا مەحموودی - شنۆ ۱۴۰۰/۱۱/۶