وتوێژێک لەگەڵ بەڕێز مامۆستا سەیید محەممەد ئەمین واژی مەهاباد

سڵاو ڕێزم هەیە لە خزمەت برایان و خوشکانی زێدە ئازیز، وەک دەزانین کۆمەڵگای کوردی زۆری ڕێز بۆ ئایینی پیرۆزی ئیسلام داناوە و بە شانازییه‌وە ئەرکەکان و پێداویستییه‌کان بەڕێوە دەبا، یەکێ لە ڕاسپاردەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ڕۆژووگرتنە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، لە کوردستانی ئازیزماندا وەک هەر شوێنەکی تر، دابونەریتی تایبەتی خۆی هەیە. سەبارەت بەو بابەتە و بۆ زیاتر شیکردنەوە؛ دیمانەیەکمان پێک هێناوە لەگەڵ بەڕێز مامۆستا سەیید محەممەد ئەمین واژی، شارەزای بواری ئایینی.

پرسیاری یەکەم: سەرەتا مامۆستا بەخێر هاتنتان دەکەین، تکایە پێناسەیەکتان هەبێ سەبارەت بە ڕەمەزان و هۆی گرتنی ڕۆژوو لەم مانگە پیرۆزەدا؟

وەڵام: منیش بەخێرهاتنی بەڕێزتان دەکەم بۆ هوروژاندنی ئەم بابەتە بە تایبەتی لەم مانگی ڕمەزانەدا. ڕۆژوو لەناو هەموو گەلاندا‌ ڕێزێکی تایبەتی هەیە و لەنێو گەلی موسوڵمانیشدا، مانگێک بە نێوی ڕەمەزانی بۆ دیاری کراوە.

پێناسە: ڕۆژوو لەساڵی دووهەمی کۆچی لەسەر موسوڵمانان پێویست کراوە. بینایی چاوانمان سەبارەت بە ڕۆژووی ڕەمەزان دەفەرموێت: " يا أَيُّهَا الَّذينَ آمَنوا كُتِبَ عَلَيكُمُ الصِّيامُ كَما كُتِبَ عَلَى الَّذينَ مِن قَبلِكُم لَعَلَّكُم تَتَّقونَ " ئەی ئەوانەی بڕوا و ئیمانتان هێناوە! ڕۆژووتان لەسەر واجب و پێویست کراوە، هەروەکوو لەسەر گەلەکانی پێش ئێوەش پێویست کرابوو، بەو هیوایەی پارێزکار بن.

دەردەکەوێ ڕەمەزان نەتەنیا لەناو موسوڵمانان، بەڵکە لەناو هەموو گەلانی جیهاندا، شوێن و پێگەی تایبەتی خۆی هەبووە. خوای بانی سەر، لەم ئایەتە پیرۆزەدا ئاماژە بە چەند خاڵی گرینگ دەکا؛ 

١ـ وشەی "یا" ڕەهایە، واتە؛ هەم بۆ بانگکردنی دوورە، هەم نزیک دەگەیەنێ. 

٢ـ وشەی "آمنوا" وشەیەکی نەرمە و جۆرێک سۆز و ئەوینی تێدا شاراوەیە. 

٣ـ دوای ئەم یەک دوو وشەیە، دەراو خۆش‌کردنە بۆوەی کە بفەرموێ: لەسەرتان پێویست(واجب) کراوە، وەک چۆن لەسەر گەلانی بەر لە ئێوەش پێویست کراوە.

٤ـ دەستنیشان و هێماکردن بۆ هۆکارەکەی؛ کە هەمان زیندووکردنەوە و زیندووڕاگڕتنی هەستبزوێنی پارێزگاری، دوورەپەرێزی لە تاوان و لە کۆتاییدا هەستی بەرپرسایەتییە.

بەرپرسایەتی لەهەمبەر: خۆت، بنەماڵە، کۆمەڵگە، ژینگە و بوونەوەر. هەنگاونانی بەرچاوڕوونانە بۆ هەموو گرفت و دۆزەکان. مەبەست لە ڕۆژووگرتن وەک ئاماژەی پێ کرا گرینگترینیان زیندووڕاگرتنی هەستی پارێزگاری و بەرپرسایەتییە، بەڵام ئاماژە بە چەند خاڵی تریش دەکەین: 

١ـ وەبیرهاتنەوەی دەردی کۆستکەوتوان و هەژاران. تاقیکردنەوەی دۆخێک لە ژیانی دەستەنگ و نەداران. 

٢ـ مەولانا جەلالەددینی بەڵخی لەم بارەوە دەڵێ:

هست روزه ظاهر، امساک طعام

روزه معنی، توجه دان تمام

این دهان بستی، دهانی باز شد

تا خورنده لقمه های راز شد

لب فروبند از طعام و از شراب

سوی خوان آسمانی کن شتاب

لە دنیای تەگەرە و تەکەرەی ئەمڕۆکەدا، ئەم هەستە خەریکه ڕەبنکەوێ و ئەوی نابێ ببێ، ڕەسەر کەوێ. کەوایە؛ هەنووکە زیاتر لە هەڕ ڕۆژێکی دیکە حەوجێن فرەتر پێیەتی.

پرسیاری دووه‌م: مامۆستا ڕۆژوو لەناو گەلانی تریشدا هەبووە؟

وەڵام: بەڵێ ڕۆژوو هەر تایبەت بە گەلی موسوڵمان نییە، وەک لە هێمای قوڕئان دەردەکەوێ، هەموو نەتەوەکان بە جۆرێک بە ڕۆژوو بوون.

ـ لە ئایینی زەردەشتدا: باوەڕمەندانی؛ ڕۆژانی دوو، دوازدە، چاردە و بیست و یەکی هەر مانگێک بەڕۆژوو بوونە. ڕۆژووه‌که‌یان مانگرتن لە خواردنی گۆشت و چەند شتی تر بووە.

ـ لە ئایینی جوولەکەدا: جاری وا هەبووە چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوونە. ئێستاکە لە ساڵدا شەش ڕۆژ وەک ڕۆژووی پێویست(واجب) بەڕۆژوو دەبن و حەوت ڕۆژیش وەک ڕۆژووی سوننەت بەڕۆژوو دەبن.

ـ لە مەسیحییەتدا: ساڵانە چەند ڕۆژوو هەیە، کە پەیڕەوانی دەو ڕۆژانەدا تێیدا بەڕۆژوو دەبن -ئەگەر چی ئەوان باوەڕیان وایە نابێ بە ئاشکرا بەڕۆژوو بن- ئاماژە بە چەندێکیان دەکەین:

۱ـ ڕۆژووی ڕۆژی هەینی بەر لە جێژنی پاک.

۲ـ ڕۆژووی دووشەممە و پێنجشەممەی حەوتووی پیرۆز (مقدس).

۳ـ ڕۆژووی چوارشەممە و جومعەی هەر حەوتوویەک.

پرسیاری سێهەم: مامۆستا تکایە سەبارەت بە گەورەیی ڕەمەزان لە ڕوانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە بفەرموو؟

وەڵام: مانگی ڕەمەزان مانگێکی بەڕێز و گەورەیە و لە ساڵی دووهەمی کۆچی و لە شاری مەدینە؛ لەسەر موسوڵمانان پێویست کراوە. هۆی گەورەیی ڕەمەزان لە چەند خاڵدا دەستنیشان دەکەین:

۱ـ مانگی دابەزینی قوڕئانە.

۲ـ شەوی قەدری تێدایە، کە بەندایەتی و نزا و پاڕانەوە لەو شەوەدا بە پێودانکی هەزار مانگە کە دە بێتە زیاتر لە هەشتا و سێ ساڵ.

۳ـ دەسپێکی پێغەمبەرایەتی بووە؛ چونکە بە پێی بەڵگە مێژووییەکان، داڵگەی پێغەمبەرایەتی خۆشەویست(د.خ) لە شەوی هەڤدەی ڕەمەزاندا بووە.

٤ـ لەم مانگەدا و لەشەوی قەدردا، ڕۆژی و بژیوی زیندەوەر و مرۆڤ دابەش دەکرێ؛ وەک قوڕئان لە سووڕەتی موبارەکی فوڕقاندا ئاماژەی پێ دەفەرموێ: "فِيها يُفْرَقُ كُلُّ أَمْرٍ حَكِيمٍ" لە شەوی پیرۆزی «قدر»دا گشت کارێکی گرینگ و بایەخدار بە کارزانی، سەروبەر (رتق و فتق) و هاوێر دەکرێن. ئەمە هەندێک لە پەیجۆر و توێژەرانی قوڕئانی باوەڕمەند کردووە کە دابەشکردنی بژیوی زیندەوەران، هەر لەم شەوەدایە، بە پێچەوانەی هەندێک کە دەڵێن لە شەوی بەرات (نیوەی شەعبان)دایە.

٥ـ لە دوازدە مانگی ساڵدا؛ تەنیا ناوی ڕەمەزان، لە قوڕئانی پیرۆزدا هاتووە.

پرسیاری چوارەم: شاعیرانی فارس و عه‌ڕەب زۆر لەسەر ڕەمەزان دواون، ئایا شاعیرانی کوردیش بابەتیان هەیە سەبارەت بەم مانگە پیرۆزە؟

وەڵام: شاعیران و پەخشان نووسانی هەر نەتەوەیەک، زمانحاڵی ئەم نەتەوەیەن، ڕەمەزان لە ناو هۆنەران و شاعیرانی کورددا، کاریگەرییه‌کی زۆری هەبووە، بۆیە دەبینین ڕەمەزان لە هۆنراوەکانیاندا ڕەنگدانەوە و هێزکاری پێوە دیارە. ئێمە بۆ وێنە تەنیا ئاماژە بەچەند شاعیریێکی گەلەکەمان دەکەین:

«مەولەوی تاوەگۆزی» دەلێ:

منــاره‌، ســه‌دای سه‌ڵاش سه‌د ته‌رزه‌ن

مزگـی، جــه‌ شادی ده‌ماخش به‌رزه‌ن

لووله‌ی ته‌ڕاویح وه‌ش وه‌ش مه‌دۆ ده‌نگ

بــێ ئاهه‌نگه‌ن تــار ته‌مووره‌ی ئاهه‌نگ

مــه‌رحەبای لیباس تاعه‌ت پۆشانه‌ن

ئــه‌لوه‌دای كاس كاس باده‌ نۆشانه‌ن

هەروەها لە شوێنێکی تردا دەفەرموێ:

ئازارم جه وێم بيزارم کەردەن

ڕەويەی «ڕەمەزان» جە يادم بەردەن

جەوساوه نييەت «ڕۆزەم» ئاوەردەن

هيچ ئازام جە هيچ زۆرش نەوەردەن

نە چەم نە ديدەن ئازيزی بێگەرد

نە گۆش نە سەدای يارانی هامفەرد

شيرينیی ئيفتار دڵم تاڵییەن

جام نە جەماعەت دۆسان خاڵییەن

نەوای «مەرحەبا» نامان نە گۆشم

چەنی «ئەلوەداش» هەر نە خرۆشم

زايفيم هەر یەند جە حەد بەرشییەن

نەسيم ئەر بارۆم عةجايب نييەن

«حاجی قادر کۆیی»: شاعیری ناسک خەیاڵ، هەست بزوێن، دانەری قوتابحانەی تایبەتی، ڕێڕەوی ئەحمەدی خانی و بزوێنەری هەستی نیشتماندۆستی، لە سەردەمێکدا کە بیانییه‌کان لە وڵاتی عێراق، خەریکی پەرەپێدانی ئایینی خاجپەرەستی (مەسیحییەت) بوون؛ گەلێ جار موسوڵمانانیان دەخستە بەر جەزرەبە و چەرمه‌سەری، پارچە هەڵبەستێکی هۆنیوەتەوە کە لەوێدا مەترسی دەسەڵاتی داگیرکەر و ده مه‌ترسیکه‌وتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و هەروها ئاگادارکرنەوەکەی لە پارچە هەڵبەستێکدا دەردەبڕێ. بەڕێزیان لە بەیتێک لەم پارچە هەڵبەستەدا، کە لەوێدا ئاماژە بە نوێژ و ڕۆژووش دەکا، دەڵێ:

بۆ کەیە نامووس و عار و بۆ چییە ئیمان و دین؟

خاچ و ئینجیلی لە جێی تەفسیر و قوڕئان دادەنێ

دوایی، لە درێژەدا دەڵێ:

تا بزانێ کێ نوێژی کرد و ڕۆژووی گرتووه

بۆ سياسەتکردنی پەنجا نیگەهبان دادەنێ

مەحوی: شاعیر و وێژەوانی ئەدەبی کوردی لە پارچە هەڵبەستێک کە بۆ سەرۆک عێلی "جاف"ی دەنێرێ لە بەیتێکدا ئاوا دەڵێ:

من بم لەباتی ئەو لە ڕقانا سبەی کە وا

ماهی صیامە تۆبە دەکەم دەچمە ئیعتیکاف

پرسیاری پێنجەم: مامۆستای بەڕێز دەکرێ ئاماژە بەو دابونه‌ریتانە بکەی کە لە ڕەمەزانا لە کوردستان بەڕێوە دەچێ؟

وەڵام: سەرەتا پێویستە ئاماژە بکەم، کە بەپێی بەڵگە مێژووییەکان و دیرۆکناسان، کوردستان یەکەم لانکەی ژیان و ژیار و دووهەم سەرچاوەی ژیانی دوبارەی مرۆڤ بووه. کورد بەپێچەوانه‌ی گەلانی تر لەبەر چەند هۆیەک ـ وەک ئەمە کە لەلایان دوو زلهێزی ئەوکات (ئێران و ڕۆم) دەچەوسێندرانەوەـ دوای عەڕەب دووهەم نەتەوە بووه کە بە باوەشی گەرمەوە ئایینی پیرۆزی ئیسلامی وەرگرتووە. مامۆستا هەژار لە پێشەکی شەرەفنامەدا ئاماژەی پێ دەکا و دەفەرموێ: "ئایینی پاک و بێگەردی ئیسلامەتی ـ کە لە سەرەتاوە پەیدا بووە ـ تیشکی برایەتی و یەکسانی وە چیاکانی کوردستانیش کەوتووە. تاریکایی ئاگرپەرەستیی لەسەر ڕەواندین و چاکان و پاکانی ئیسلامی پێشوو تێیان گەیاندین کە موسوڵمان هەموو پێکەوە بران و ڕەش و بۆر و سپی و مۆر و زەرد و کەوەیەک لە ئارادا نییە و هەموو ڕەگەز و تیرە و هۆز و نەتەوەیەک ـ لە بەرانبەر بارەگای خودای بەرزا ـ یەک جۆرن و یەک تەرزن".

بۆ ماوەیەک لەژێر ئاڵای شەکاوەی ئیسلام حەسانەوە، بەڵام زۆری پێ نەچوو کەسانێک بەناوی دین دەستیان کرد بە ڕەگەزپەرەستی و چەوساندنه‌وەی ئەم گەلە.

لە کوردستانی ئازیزماندا خەڵک هەمیشە زۆر بە گەرموگوڕی بەرەوپیری ڕەمەزان چوون، لێرەدا چاوێک دەخشێنین، بەسەر هەندێک دابونەریتدا کە لە کۆمەڵگای کوردەواری چیان بۆ کردووە. کە هەڵقوڵاوی هەستی بەسۆز و خۆشەویستی بەرامبەر بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بووە، کە هەندێکیان نەماون و هەندێکیشیان، ئێستاش بەڕێوە دەچن. زۆر بە کورتی ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین:

الف) بەخێرهاتنی ڕەمەزان (بە چەند ڕۆژ بەڕۆژووبوون بەرەو پێشوازی ڕەمەزان چوونە)

ب) ڕاگەیاندنی ڕەمەزان

ج) سەڵای پارشێو

د) بەربانگ

ه) بیست و حەوتی ڕەمەزان

و) جێژنی ڕەمەزان

ز) چێشتی مجێور

پرسیاری شەشەم: مامۆستا گیان، بەر لە پەیدابوونی کەرەسەی وەک ماشێن و تەلێفوون و تۆڕەکۆمەڵایەتییه‌کان چۆنیان لە مانگ ڕوانیوە و چۆنیان ڕاگەیاندووە کە سبەی ڕەمەزانە یا جێژنە؟

وەڵام: لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی شەعبان، بۆ سۆی مانگ، لاوەکان دەچوونە سەربان، بانماڵ و لوتکەی بەرزی تەپۆلکەکان، دەست لەسەر کەوانەی برۆ، بە تیژکردنی چاو و خڕکردنەوەی قاپۆچکەی چاوێک دەکرایە چوار چاو، یەکتریان بۆ ئاسۆی زەردەپەڕ دنە دەدا، یەکێک بە دیتنی مانگی زەرد و باریکی یەکشەوە، بە ڕاداشتنی قامکی دۆشاومژە، دەورووبەری ڕێنوێنی دەکرد، ها ها ئەوەتە، لە دواییدا بە هەڵەداوان و سڵاواتلێدان، لە دیداری ڕەسولوڵڵایە، بەرەو مزگەوت دەچوون و لە خزمەت مامۆستای گەڕەک یا ئاوایی، شایەتی دەدرا. دیسان بڕیارد دەدرا لە تەنگەی نۆژی شێواندا، بچنە سەر بستۆکان، ئاور بکەنەوە، تا گوندەکانی دراوسێش بزانن ئەمە هەواڵی دیتنی مانگی یەکشەوەیە. هەر ئەم شەوە پسوولەی دیتنی مانگ و وەرگرتنی شایەتی، بە تەتەر (نامەبەر) بۆ شار و ئاواییەکان بەڕێ دەکرا. بۆ سۆحا، بە فەرمی ڕەمەزان دیاری دەکرا.

خاڵێکی دیکە کە جێی خۆیەتی ئاماژەی پێ بکەم ئەمەیە: پازدە ڕۆژی هەوەڵ، بە کۆمەڵ لەنێو تەڕاویحدا گوتویانە بەخێر بێی(مرحبا) ڕەمەزان. پازدە ڕۆژی دوایە بە خوێندنی دوعای (الوداع) ماڵاواییان لێ کردووە.

پرسیاری حەوتەم: مامۆستا! ئەوکات وەک ئێستاکە کاتژمێر و بەرزەوێژ(بڵینگۆ) نەبووە کە خەڵک پێی وەخەبەر بێ، چۆن بۆ پارشێو وەخەبەر دەهاتن؟ دوایی کە بەرزەوێژ پەیدا بوو، چۆن سەڵا دەکرا و چیان دەکوت و هۆنراوەی کێیان دەخوێندەوە و هەروەها ئەگەر دەکرێ ئاماژە بەو کەسانە بکە کە لە دوای پەیدابوونی بەرزەوێژ و پێشتریش سەڵایان کردووە؟

وەڵام: هەستانی خەڵک بۆ پارشێو، لە هەندێک شوێن بە دەهۆڵ یا دەف، لە هەندێکی دی بە خوێندنەوەی شێعر و چامە(قصیده)ی بوردیه، لە پەسنی خوا و پێغەمبەر(د.خ)دا؛ خەڵکیان وەخەبەر دەهێنا. لە هۆنراوەی کوردی زۆر کەڵک وەرگیراوە؛ وەک؛ هۆنراوەکانی: مامۆستا ئەحمەدی خانی، مامۆستا نالی، مامۆستا مەحوی، مامۆستا وەفایی، مامۆستا بێخود و مامۆستا مەلاهادی ئەفخەمزادە و زۆری تر. لێرەدا ئاماژە بە پەسنی مامۆستا "ئەحمەدی کۆر" دەکەین؛ کە لە موکریان زۆر دەخوێندراوە وەک دەڵێ:

دڵبەرا داییم دەناڵم، دەم بەدەم شام و سەحەر

جارێ ناپرسی لە حاڵم، چاو عوقابی خۆش خەبەر

وەیا هۆنراوەی "تاهیر بەگی جاف"؛ کە دەڵێ:

مەتلەعی سوبحی سەعادەت مەزهەری عیلمولیەقین

ئەی سوپاسالاری فەوجی ئەنبیا و مورسەلین

کە ئاهەنگ و موسیقای تایبەتی خۆی هەبووە کە هەڵقوڵاوی مزگەوت و خانەقا بووە، زۆرتر بە شێوەی مەقام دەخوێندرایەوە. هەندێک لە لاوەکان و لەو شوێنانەش کە فەقێ هەبان ـ کە جاران زۆربەی ئاواییەکانی کوردستان فەقێیان هەبووە ـ دەستیان دەکرد بە خوێننەوەی موناجات، کە بەنێوی "سەڵا"، "کەبار"، "گاز" و... ناسرا بوون.

دوای ئەوە کە بەرزەوێژ و زەبت پەیدا بوو، دەنگی زۆر دەنگخۆشان تۆمار کراوە و ئێستاش پیرەکان نێوەکانیان لە زەیندا ماوە کە لە سەربانەکان و بڵیندگۆی مزگەوتەکان دەخوێنرانەوە؛ ـ دەبێ ئەوەش بڵێم کە ڕۆژانی هەینیش بۆ ئاگادارکردنی کۆمەڵ، بۆوەی بزانن ئەمڕۆ ڕۆژی هەینییە و بەشداری لە نوێژی هەینی بكه‌ن، لەم دەنگ خۆشانە کەڵک وەرگیراوە ـ وەک ئەم دەنگانە کە ئێمە لێرەدا بەپێی پارێزگاکان دابەشیان دەکەین.

پرسیاری هەشتەم: زۆر بەجێیە، ئاماژە بەم کەسایەتیانە بکرێ،کە سه‌ڵا، تەمجید و موناجاتیان کردووە؛ تکایە؟

وەڵام: کاتێ باس لە پێکهاتنی ئەم بابەتە کرا، خۆم هەندێکم لە زەیندا بوون و بۆ هەندێکیشیان لە شارەزایان پرسیارم کرد؛ جا لێرە وەک ئاماژەم پێ کرد، بە پێی پارێزگاکان دابەشی دەکەم، ـ هەر چەند هەوڵم داوە ئی ناوچەکانی تری کوردستانیش بدۆزمەوە، بەڵام تەنیا ئی کوردستانی باشوور چەند کەسێکم بۆ دۆزرانەوە، کە هیوادارم بەدواداچوونیان بۆ بکرێ:

پارێزگای کرماشان: ۱ـ مامۆستا مەلا محەممەدی ڕەبیعی ۲ـ حاجی مامۆستا فەرەجی سەفەری (سەرپێڵی زەهاو ـ ڕێژاو). ۳ــ سۆفی محەممەدی کەمینە (پاوە). ٤ــ خالید کەمینە (پاوە). ٥ـ مامۆستا قادر عەلیمورادی (سەلاسی باوەجانی ـ کرماشان). ٦ـ حاجی مامۆستا مەلا محەممەد زاهیدی زیایی(پاوە) ۷ـ هاڕوون ئیسلامی نیا(پاوە). ٨ـ حاجی شێخ تەها خالیسی(پاوە) ۹ـ دەروێش عەبدولمەجیدی یەزدانبەخش(پاوه‌)

پارێزگای کوردستان: ۱ـ مامۆستا سەیید عەلی ئەسغەری کوردوستانی (سنە) ۲ـ مامۆستا سەیید بەهائەددینی ئەحمەدی (ئارەنانی ـ ‌سنە) ۳ـ حاجی مامۆستا مەلا عارفی عیلامی(مەریوان) ٤ـ مامۆستا مەزهەری خالقی (سنە) ٥ـ محەممەد عەلی مراد خانی ناسراو بە حەمەیلی (هەورامان ـ مەریوان) ۶ـ حاجی دەروێش ناسراو بە حەزین (سەقز) ۷ـ میرزا عەبدولقادر ناسراوە بە میرزا قادرە شەلە (سەقز) ٨ـ شێخ عەبدوڕڕەحیم (کەسنەزانی سەقز) ۹ ـ محەممەد عەبدی ناسراو بە جەناب (کەسنەزانی سەقز) ۱۰ـ عەبدوڵڵا سەییدزادە (کەچەڵمیە ـ سەقز) ۱۱ـ مامۆستا مەلا محەممەد ئەمین عەلایی (ئاخکەند ـ سەقز) ۱۲ـ مامۆستا مەلا محەممەدی ئیمامی (سەقز) ۱۳ـ مامۆستا مەلا محەممەدی زەبەردەست (مەریوان). ۱۴ـ سەیید محەممەدی حوسەینی (تورجان ـ سەقز). ۱۵ـ خەلیفە میرزا ئاغە غەوسی (سنە). ۱۶ـ مەلا محەممەدی تابزەڕ (مریوان) ۱۷ـ حاجی مامۆستا مەلا عارفی ولەژێر(مەریوان). ۱٨ـ ماموستا ملا عەزیزی نەچێ(مەریوان). ۱۹ـ مامۆستا مەلا سەعیدی سادەوا(مەریوان). ۲۰ـ جافری شەریف بێلوویی(مەریوان)

پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا: ۱ـ جەلیل بەلەدی (شنۆ) ۲ـ حاجی ڕەحیم سەڵاکەر (مەهاباد) ۳ـ سەعید ماملێ(مەهاباد) ۴ـ مەلا عەلی حافیزولقوڕئان (مەهاباد) ۵ـ مەلا غەفووری دەبباغی(مەهاباد) ٦ـ محەممەد شەریف سوڵتانی (مەهاباد). ۷ـ مەلا حوسەینی قازانەسەری (بۆکان) ٨ ـ مەلا محەممەدی عەزیمی (سەردەشت) ۹ـ مەلا یونسی قادرپوور (شنۆ) ۱۰ـ حاجی مامۆستا مەلا ئەحمەدی سەلیمی، ناسراو بە دۆنەخۆر (پیرانشار) ۱۱ـ مەلا محەممەدی موئەززین، ناسراوە بە مەلا سەبیلە (بۆکان) ۱۲ـ مامۆستا عەزیزی شاڕوخ (مەهاباد). ۱۳ـ حاجی خدر قادری گەرماو. ناسراو بە خلە دەرزی (سەردەشت). ۱٤ـ مەلا ڕەحمانی قەڵای سەوزی (ناوچەی میاندواو) ۱۵ـ عەیزی کەریمەسووری ـ خونەک‌جان (پیرانشار) ۱۶ـ مامۆستا مەلا ڕەحیمی ئیسماعیلی ئەفشار، ناسراو بە مەلا ڕەحیمی دەنگخۆش و خەتخۆش( ئەفشار ـ شایندژ) ۱۷ـ فەقێ عوسمانی شاریکەندی (بۆکان) ۱٨ـ حەمەدی شێخە (ئاڵوەتان ـ سەردەشت) ۱۹ـ مامۆستا حوسەینی قەلعەجوجەیی (ورمێ) ۲۰ـ سەیید محەممەدی سەفایی (سەفاخانەی ـ سەقز) ۲۱ـ مامۆستا مەلا نەجمەددینی شەریعەتپەنا (سەردەشت) ۲۲ـ مەلا حوسەینی عەزیزی (بۆکان) ۲۳ـ مەلا عەبدولعەزیزی میرزایی (ورمێ).۲۲ـ ئەحمەدی ئیسلامی (مەهاباد). ۲۳ـ ئیسماعیلی شاهی(مەهاباد).۲٤ـ ئەبوبەکری غەریب(مەهاباد).۲٥ـ محەممەدی دانیش(مەهاباد).

بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم کەسانەی کە سەڵا و موناجاتیان گوتووە، پێوەندیم لەگەڵ بەڕێز مامۆستا سەتتار حوسێن زادە، کارناسی موسیقاوە گرت. بەڕێزیان لە ناساندنی ئەم سێ کەسایەتی کە سەڵا و موناجاتیان کردووە، ئاوای ناساندن:

۱ـ مەلا محەممەد کەج: مەقاموێژ، مامۆستا و مەلای مزگەوتی گەورە بووە لە سلێمانی، مرۆڤێکی زۆر تێگەیشتوو بووە و شارەزا بووە؛ بەتایبەتی لە فەنن و لێزانی مۆسیقا. ئەو مەقامانەی کە خوێندوویەتی، زۆر زۆر نایابن، یەکێ لەوانە مەقامی "خەناباتە" جگە لە خۆی و عەلی مەردان نەبێ، کەس نەیتوانیوە، ئەدای بکات. مەلا محەممەد جوانی ئەدا کردووە، لەسەر شێعری "سافی" ئەدای کردووە. زۆر شتێکی جوانە. وێنەیه‌ک لەم هۆنراوەی کە مەلا محەممەدی کەج خوێندویەتەوە:

خوا هەڵناگرێ

ـ ئاهی ـ

مەقام: ئەوشار

خودا هەڵناگرێ چاوم ئەمەندە شێت و شەیدابم/

لە مابەینی خەلایقدا وەها مەهتوک و ڕیسوابم/

گەڵێ دەفعە ئەڵێم بێم دڵ بگۆڕم خۆم لەوی لادەم/

لەدوریدا خەریک ماوم بەڵام واچاکە یەک ڕابم/

چ ئینسافێکە ئەی نەی قامەت و خونچە دەهەن و شۆخ/

وەکو بلبل هەمیشە هەر بە هاوارو بە غەو غابم/

هەتاکەیسازە قومی میحنەتی دوریت بچێژم/

من بە وێڵ و سەرگەردانی دەشت و کێوو سەحرابم/

دەبێ ئاهی لە جەژنی وەسلی دولبەرا بە قوربانی/

قەدی باریک و لێوی ئاڵ و چاوی مەست و شەهلابم/

۲ـ مەلا عەوڵای سەرمابردوو، یا دەروێش عەوڵای دەفەزەن: ئەویش یەکێ لەم کەسایەتیانەیە کە لە ساڵەکانی ۳۰، ٤۰ و ٥۰ی زایینی لە هەولێر ژیاوە. یەکێ لەم مەقامبێژانە بووە کە باشترین مەقامبێژ و سەڵابێژ بووە. مرۆڤێکی زۆر خاوەن هەست بووە، کاری ئەوە بووە دایم خەریکی دروستکردنی ئاواز و مەقام بووە لەسەر شێعرە عیرفانییەکان، دایم ئەوانەی دروست کردووە بە موناجات و زۆر لەو موناجاتانەی کە ئێستێ ماونەتەوە، ئی مەلا عەوڵای سەرمابردووە ـ بەختەوەرانە بابەتی بەڵگەمەند(موستەنەد)ی لێ ساز بووە ـ مەقاموێژێکی زۆر بەتوانا بووە، مەقامی ڕاست، نەهاوەند، سەبا، حسێنی و هیجایی بە باشترین شێوەی نواندووە (ئەدا کردووە)

۳ـ مەلا عەوڵای بۆکانی، یا مەلا عەوڵا شەلە: لە ڕاستیدا هەموو ئەو ئاوازانەی کە لە مەڵبەندی موکریان بەتایبەتی کە بۆنی ئایینی و مەزهەبیان لێ دێ، هەروەها ئەو ئاوازە عیرفانییانەی کە دوایی گۆرانیبێژانی دیکە گوتویانەتەوە، زۆربەیان ئی مەلا عەوڵا شەلەن. تەنانەت هەندێک دەڵێن؛ شێعرەکەش هەر ئی ئەوە. وادیارە لە سەردەمی قاجاردا ژیابێ. بەڵام بەداخەوە هیچ زانیارییەک لەسەر مەلا عەوڵا نییە؛ تەنیا، ناوەکەی نەبێ، ئەوەی ئەمڕۆکە لەبەردەست دابێ، چەند گۆرانییەک و چەن ئاوازێکە کە ئەویش بەهۆی مامۆستا عەلی مەردانی گەورەوە بە ئێمە گەییوە، دەنا ئەوانەشمان بۆ نەدەماوە. یەکێ لە شتە ناسراوەکانی کە خانەقاییە و لەسەر ئاوازی ئەفشار و دوایی ڕەنگە "سافی هیرانی" ئەم شێعرە جوانەی لەسەر دانابێ؛ ئەم ئاوازەیە:

ئەم پەرچەم و ئەگریجە، هەموو دوژمنی دینە!

ئەم زولف و ڕووە، ئافەتی سەر ڕوویی زەمینە!

عەشقت لە دڵم سابتە، نەک عارزە قوربان

وەک توڕڕەیی شاهان، کە لەسەر ڕوویی نگینه

کە زۆر بەناوبانگە. سافی هیرانی (۱۹٤۲ـ۱٨۷۳)

زۆری تر هەن کە بەداخەوە من هەر ئەوەندەیانم بۆ ساغ بوونەتەوە، کە پێوەندیم دەگرت لەگەڵ ئەم کەسانەی کە کاری فۆلکلۆر دەکەن، دەیانفەرموو بەداخەوە لەم بەستێنە کار نەکراوە. کەسانێک کە زانیاری پتریان لە لایە، لە کەسانی دیکە تکایە بەم ژمارە موبایلە کە لە کۆتایی دیمانەکە دای دەبەزێنم، پێوەندیم پێوە بگرن یا کورتە نامەم بۆ بنێرن، تا بتوانیین لە داهاتوودا نێوی ئەوانیش بلەقێنین.

دەبێ ئەوەش بڵێیین، زیاتر هەوڵمان داوە زیاتر ئاماژە بەم کەسانە بکەین کە لانیکەم زیاتر لە سی ساڵ لەمەوبەر سەڵا، پاڕانە و موناجاتیان هەبووە، دەنا ئێستاکە کەسانی زۆر پەیدابوونە؛ بۆ وێنە: عەلی زەندی، پەیام عەزیزی، حیسامەددینی لوڕنیژاد، عەلائەددینی نەباتی، عەبدوڕڕەحمانی ئیبڕاهیمی، شەهرام مەنسووری، شۆرش مەحموودی، بیلال کەیوانی، سەعدوڵڵای نەسیری، کەژی هاوتا و محەممەد هاوتا، ئاڕەش حوسەین پەناهی، مەلا دەشتی، شەفیعی شافعی، مەلا جەماڵی مودەرریسی دێشەمس، خالید ڕەشید، عوسمان محەممەد، هێمن پێنجوێنی، عەدنان عومەر، خالید محەممەد، سەیید محەممەد جەبباری، لوقمان ئیسماعیلی، ئەییوب ڕەمەزانی و زۆری تر کە لێرە ناگونجێ ئاماژە بە هەموویان بکەین.

کوردستان جەمسەری مۆسیقای عیرفانییە، ئەو مۆسیقایەی کە لە موناجاتەکانی کوردستاندا کەڵکی لێوەرگیراوە مەقامە، بۆ وێنە دوو دانە لە سەڵا (موناجات)ی مامۆستا ڕەبیعی ئاماژە پێ دەکەین؛ یەکیان: بەخشەندەی بوزورگی، بێباکی. کە ئەمە ناسراوە بە مەقامی "ئەڵڵاوەیسی". دووهەمینیان: یا ڕەب من تەوبەی پەشیمانیمە، ئەم مەقامە لە مۆسیقادا بە مەقامی "شوشتەری" ناسراوە.

دیارە ئایینی پیرۆزی ئیسلام زۆری گرینگی بە موسیقا داوە و بەتایبەت بە مەقام، بانگدان، قوڕئانخوێندن، مەولوودنامە، میعراجنامە، تەنانەت تەڵقینی مردووش.

پرسیاری نۆیەم: مامۆستا تەڕاویح چۆن بەڕێوە دەچوو و چییان تێدا دەوت؟

وەڵام: دیارە لە هەندێک، شوێن هەشت ڕەکاعەت و بە ویترەکانەوە یازدە ڕەکاعەت کراوە و لە هەندێ شوێنی تر، زیاتر یا بە وەرزی ساڵ فەرقی کردووە، کاتێ پاییز و زستان کە شەوەکان درێژ بوونە، نزیکی بیست ڕەکاعەتیان کردووە و لە وەرزی بەهاردا کە شەو قوڵەیە، هەر هەشت ڕەکاعەت تەڕاویح کراوە. پیرەکان و گەنجه‌کان تێکڕا و وێکڕا لەگەڵ مێرمناڵەکان بۆ خۆێندنی نوێژی تەڕاویح دەهاتنە مزگەوتێ و کەس له‌سەر شتێکی چکۆلە، لە کەس قەڵس نەدەبوو، بەڵام لاوەکان بە دابی گەورە و چکۆلایەتی، لە ڕیزی پشتەوە نوێژیان دادەبەست.

دەبێ ئاماژە بە بابەتێکی دیکە بکەم: هەر لەنێو چوار ڕەکاعەتەکاندا؛ بۆ ماوەی چەند خولەک دادەنیشتن و نزای بە کۆمەڵیان بە دەنگێکی بەرز دەکرد، نزاکەیان بە مەرحەبا و ئەلوەداع ناسرابوو. مرحبا مرحبا... یا شهر التهلیل و التسبیح ... کە مۆسیقایەکی تایبەتی هەبوو، زۆریش، گرینگی بە دەنگی خۆش دەدرا.

پرسیاری دەیەم: بەربانگ چۆن بوو؟ دە شەوی ئاخیری ڕەمەزان چۆن بەڕێوە دەچوو؟

وەڵام: هەمۆ ڕۆژێک بەربانگان دەچوونە مزگەوتێ و بەتایبەتی بۆ مناڵەکان، خۆی جێژنەیەک بووە. دیمەنێکی زۆر خۆش بوو... کاتێک بانگ دەدرا، مێرمناڵەکان ئاو و خورمایان بە نێو ڕۆژوواناندا دەگێڕا. لە هێندێک شوێن، مەجومعە دەهاتە مزگەوتێ. هەر لە مزگەوتێ ڕۆژوو دەکرایه‌وه و بەربانگیان دەکردەوە و تا نوێژی خەوتنان لە مزگەوت دەمانەوە. دوایی کە تەڕاویحیان دەکرد، مامۆستا لە پێشێ و ڕیشسپی لە دوایە دەچوونە سەردانی ماڵەکان. هەر شەوە لە ماڵێک.

ئەم دە شەوەی ئاخیری ڕەمەزان مەگەر بە هەڵکەوت، دەنا زۆربەیان تاکو پارشێو به‌خەبەر دەبوون و لەگەڵ خوای خۆیان نزا و پاڕانەوەیان دەکرد.

پرسیاری یازدەیەم: لە بیست و حەوتی ڕەمەزاندا چییان دەکرد؟

وەڵام: بیست و حەوتی ڕەمەزان، خۆی نیمچە جێژنێک بوو، زۆربەی ماڵەکان ئەو شەوە کولێرە ناسکە، کولێرە چەورەیان دروست دەکرد. زۆر کەس کە کاتی خۆی بۆی هەڵنەسووڕاوە، لەم ڕۆژ و شەوە حەوتووی مناڵ یان نەزریان بەڕێوە دەبرد. شەو پیاوەکان بە گشتی لە مزگەوت و ئافرەتانیش لە ماڵ، دەستیان بە نزا و پاڕانەوە دەکرد. مانەوەی شەوانی قەدر و شەونخوونی، دەروونەکانی دارماڵ دەکرد لە سۆز و لێبوردەیی، دڵەکانی وەکوڵ دەهێنا و تەیاری دەکردن بۆ هەرچەشنە ڕاسپاردنێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی، مرۆڤی بڕوادار هەر لەو شەوەدا بڕیاری نوێی دەدا کە لە ژیانیدا وەرچەرخانێک بەرەو چاکەوێژی و چاکەکاری ڕوو بدا.

پرسیاری دوازدەیەم: ئەو کات سەرچاکرنەوە چۆن بوو؟

وەڵام: سەرچاکردنەوە، لە پازدەی ڕەمەزانێڕا دەستی پێ دەکرد؛ ئەویش بۆ کەسی نەدار دادەنرا. چونکە بەپێی ڕێڕەوی ئیمامی شافیعی(ر.خ) سەرفیترە دەبێ لە بژیوی ئەو مەڵبەندە بێ. ناوچەی کوردەواریش بژیویان نان بوو، بۆیە لە گەنم دەدرا، کە سەری هەر کەسێک تۆزێک هەورازترە لە دوو کیلۆ و نیو، دەمودەستیش گەنم وەگیر نەدەکەوت؛ زۆربەیان سەریان بە قەرزی سەر جێخوون و سەرخەرمانان چا دەکردەوە.

پرسیارێ سێزدەیەم: جێژنی ڕەمەزان چۆن بوو؟

وەڵام: هەموو بە شادییه‌وە، بە جلکی تازەوە، بەرەو پێشوازی جێژن دەچوون، لە هەموو ماڵەکاندا کاسەی جێژن ئامادە دەکرا، تەندووری هەموو ماڵێک هەڵدەکرا و بۆنی خۆشی چێشت، لە هەموو گەڕەکەکان ڕۆژەڕێیەک دەڕۆیشت. پیاوەکان بەرەو مزگەوت و کابانەکانیش خەریکی ڕازانەوەی ماڵ بوون، زایەڵەی دەنگی بەکۆمەڵی «اللە اکبر» لە مزگەوتەکان و سەربانەکان ـ کە زبان ناتوانێ بەیانی کا ـ لەژێر عاسمانەکان و زەوی، دەزرینگایەوە. منداڵەکان کچ و کوڕان، لاو و پیر، ساغ و نەخۆش، ئەم جێژنە دڵێکیان دەکردە سەد دڵ. لە مزگەوتێ تا تاوهەڵاتێ، چەند کەسی دەنگ خۆش هاوڕێیەتی مامۆستایان دەکرد؛ بۆ خوێندنەوەی سوورەتی موباڕەکی "الرحمن" جا لە سەر ڕستەی: " فَبِأَيِّ آلَاءِ رَبِّكُمَا تُكَذِّبَانِ " ڕادەوستان و وێکڕا دەیانگوت: "اللە اکبر.... هەتا ... وللە الحمد". دوای هەڵاتنی تاو بە پێوانەی بڵیندیی ڕمبێک (نزیکەی چارەکێک) مامۆستا داوای لە خەڵکەکە دەکرد، ڕوو بکەنە ڕووگە(قیبله)، مامۆستا بە کردنی دوو رەکعه‌ت نوێژی جێژنی ڕەمەزان و هاندانی خەڵکەکە کە ئاوا نییەت بێنن. دەستی دەکرد بە خوێندنی نوێژی جێژن. دوای نوێژ، مامۆستا باسی لە مافی موسوڵمان لەسەر موسوڵمانی دەکرد. باسی لە سۆز و میهرەبانی دەکرد، باسی لە دراوسێ و ئاوماڵ دەکرد کە هەموویان مافیان بەسەریەکەوە هەیە، باسی لەوە دەکرد کەسێک زیاتر لە سێ ڕۆژان دەنگ لە برای موسوڵمان بگۆڕێ لە ڕۆژی پەسڵاندا خۆشەویست(د.خ) ئاوڕی وێنادا. زۆر جار دەنگی گریان لەنێو جەماوەرەکە بەرز دەبۆوە، دوای تەواوبوونی وتاری مامۆستا؛ هەموو وێکڕا دەستیان دە ملی یەکتر دەکرد و داوای گەردن‌ئازاییان لێکتر دەکرد. یانی ئەگەر شەڕی تایفەیی با، شەڕی گەڕەک با، هەموو لەو ڕۆژەدا دەکوژانەوە. دوای لەئامێزگرتنی یەکتر و دەست ماچکردنی مامۆستا؛ یەکێک بە دەنگی بڵیند هەرای دەکرد: "کاسە و مەجومعەی بێننە مزگەوتێ" هەر لاوە بڵێی یەک و دوو، لە ماڵێڕا مەجومعەیان دێنا و دوو دوو پێکەوە لەسەر مەجومعەیەکی دادەنیشتن. لاوەکانیش لە چەقەخانەی مزگەوت خەریکی خواردن دەبوون و چایان ساز دەکرد. دوای تەواوبوون و سفرە کۆکرنەوە، خاوەنماڵەکان دەهاتنەوە ماڵێ و پیاوەکان جێژنەپیرۆزه‌یان لە ماڵ و منداڵ دەکرد و بە غوڕابی و قەرەپوڵ دڵی منداڵەکانیان دەگەشاندنەوە. ئەم جێژنە تەمەکانی ڕادەماڵی و خۆش دەماخی دەخستە ناخەکان، دارا و نەدار، وەک یەک، یەکڕەنگ، دەنگبڕینێک نەدەما، خۆلێکهەڵاواردنێک نەدەبینرا. دوای کەمتر لە کاتژمێرێک هاتنەوە لە مزگەوت وێکڕا دەچوونە ماڵی مامۆستا. لەوێ چایەکیان دەخواردەوە و دوایی تەوای ماڵی گەڕەکیان دەکرد. بەر لەوەی بچنە ئەم ماڵە، خاوەنماڵەکە بە خۆشی و بە هەڵەداون دەچۆوە ژوورێ کە میوان هاتن، ژن و منداڵ هەموو دەهاتنە دەرێ و بە ڕیز ڕادەوەستان و میوانەکانیان بەخێرهاتن دەکرد و جێژنەپیرۆزانە لێکتر دەکرا، مێرمناڵێک بە زەنبیلەیەک لە مێوژ و نوقڵ پێشوازی لە میوانەکان دەکرد. داوایان لێ دەکردن تەشریف بێننە ژورێ. هەر لەبەر دەرگا، لەو ماڵانەی کە نێوانناخۆشییه‌ک هەبا، دەچوونە ژوورێ و چایەکیان دەخواردەوە. لەو ڕۆژەدا، ئەگەر ئافرەتێک ڕەدوو کەوتبا، باوەخوێن دەکراوە؛ ئەگەر دڵئێشانێک هەبا هەر لەو ڕۆژەیدا ـ بە حورمەتی ئەو ڕۆژە پیرۆز ـ بە نێوبژی مامۆستا و چوار ڕدێن‌سپی چارەسەر دەکرا. کەس قسەی وەبەر نەدەهێنان. تەنانەت ئەگەر قەتڵیش با، ئاشتەوانی دەکرا و ئاو بە ئاگر دەکرا. ئەمە کەش و هەوای ئەوکات بوو.

لە هەندێک ئاواییاندا کە من کاتی خۆی لە (سێوەدینی خوارێ)ی بۆکان مەلا بووم، عادەتیان وابوو، دوای نوێژی جێژن بە کۆمەڵ دەچوونە سەرقەبران و دوای فاتیحا جا دەگەڕانەوە ماڵ.

پرسیاری چواردەیەم: مامۆستا زۆر باسی چێشتی مجێور دەکەن، ئەرێ چۆن بووە، کە دیارە مامۆستا هەژاریش بەسەرهاتی خۆی بە نێوی "چێشتی مجێور" نووسیوە؟

وەڵام: یەکێکی تر لە نەریتەکانی ئەوکاتی ڕەمەزان "چێشتی مجێور" بوو. کاتێ کە مەجومعە کەوڵ و سەرشیلکە لە ڕۆژی جێژنێدا دەهاتنە مزگەوتێ، هەموو جۆرە چێشتێکی کوردەواری لەسەر بوو، کە ئێمە لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین: ۱ـ بەربەسێڵ ۲ـ ترخێنە ۳ـ شۆرباو کفتە ٤ـ شۆرباو بایجان ۵ـ شۆرباو هێلکە ۶ـ شۆرباو باقلە ۷ـ شۆرباو بایجان ٨ـ شۆرباو پەنیر ۹ـ شۆرباو ماش ۱۰ـ ماشێن ۱۱ـ خۆریشت پڵاو ۱۲ـ خۆریشتی بە لەپە ۱۳ـ قەیسی و ڕۆن ۱۴ـ خورماوڕۆن ۱۵ـ دۆڵمە ۱٦ـ دەسخۆری بە لەپە ۱۷ـ هێلکە و ڕۆن بە دۆشاویی ۱٨ـ سەنگەسیر ۱۹ـ قورمە کەشکی ۲۰ـ دۆکڵیوی کەشکی ۲۱ـ تاسکەباب ۲۲ـ کاردوپڵاو ۲۳ـ هەڵوا ۲٤ـ کودو ۲٥ـ ترشی بەکەلەمی ۲٦ـ سەروپێ ۲۷ـ تەندوورپڵاو ۲٨ـ مزراویلکە ۲۹ـ هەریشتە و برینج ۳۰ـ بۆرانی ۳۱ـ نیسکێنە ۳۲ـ ماشێنە ۳۳ـ بڕوێش. ۳٤ـ شیربرینج. ۳٥ـ هێلکە و ڕۆن بە قەندی. ۳٦ـ نیسک پڵاو. ۳۷ـ هەریشتە پڵاو. ۳٨ـ ساوار. ۳۹ـ کوکی بە پنگەی ٤۰ـ کەتە ۴۱ـ نانەڕەقە و... . هتد. دوای ئەمە چێشتەکە دەخورا، کەس بڵاوەی نەدەکرد، تا گەنجەکان کۆیان دەکردەنەوە. نانەکانیان لەسەر یەک دادەنا، جاری وا هەبوو چەند دەستەوارە دەبوو، کە لە لایەکیان دادەنا و چێشتەکانیش هەموو دە دو سێ مەنجەڵ دەکرا، چونکە چێشتەکان یەک شل بوو، یەک توند بوو، یەک شیرین، یەک تیژ، یەک سوێر و یەک ترشۆک. نەدەکرا هەموو لە یەک مەنجەڵدا بێ... ئەمە چێشتی مجێور و جێژنانەی مجێور بوو. لە دواییدا مجێور دەیبردنەوە ماڵێ لەگەڵ ماڵ و منداڵی ئەوەی دەخورا، دەخورا و ئەوەی دیکەشیان تاقەت دەکرد. بەمەیان دەگوت: چێشتی مجێوری، کە مامۆستا هەژاریش نووسینەوەی ژیاننامەکەی خۆی ـ کە ژیانێکی پر لە ترشی، سوێری، شیرینی و تاڵی بووە، بەم نێوەی ناو ناوە. زۆر کەس هەبووە لە ماڵێڕا دوو سێ نانی لەسەر مەجومعەکە و کەوڵەکەی داناوە، تاکو یارمەتییەک بێ بۆ مجێور، مجێوریش ئەم نانانەی هەڵدەخستن، ڕەق هەڵدەهاتن و خرا نەدەبوون. بەشی چەند مانگی دەکرد، حەتا هەبووە لە مجێوریان کڕیوەتەوە.

ئەمە گۆشە نیگایەک بوو لە سەردەمی چەند ساڵ لەمەوبەری ڕەمەزان لە کوردستاندا.

پرسیاری پازدەیەم: مامۆستا لە کۆتاییدا ئەگەر ڕاسپاردەیەک، یا بابەتێک هەیە کە باسی لێوە نەکرابێ، بیفەرموو؟

وەڵام: دەست خۆشیتان لێ دەکەم، جێی خۆیەتی بگوترێ بۆ وەڵامی هەندێک لەم پرسیارانە، هەوڵم داوە و لێکۆڵینەوەم لەسەر کردووە، بۆیە دەبێ لێرەوە سپاسی ئەم بەڕێزانە بکەم کە بۆ نێوی هەندێک لەم کەسانەی کە کاتی خۆی سەڵا یا موناجاتیان کردووە ـ تەنانەت ئەگەر بۆ ناوی یەک کەسیش بێ ـ ناویان بەرم: ۱ـ مامۆستا ئەحمەد شەریعەت پەنا (مەهاباد) ۲ـ کاک ڕەحمەتی ئیبراهیمیان مامۆستای موسیقا (مەهاباد)، ۳ـ کاک سەتتار حوسێن زادە، مامۆستای موسیقا ٤ـ لێکۆڵەر و نووسەر کاک سەیید محەممەدی سەمەدی (مەهاباد) ۵ ـ مامۆستا مەلا محەممەدی خزرنژاد (بۆکان) ۶ـ مامۆستا مەلا مەحموود مەعرووفی (بۆکان) ۷ـ مامۆستا مەلا شەفیع سادقی (ورمێ). ٨ـ مامۆستا مەلا عەبدوڕڕەحیم نەیریزی (کرماشان). ۹ـ مامۆستا مەلا عەبدوڕڕەحیم کاکاپوور (سەلاس و باوەجانی). ۱۰ـ موحیببی مەهابادی( مەهاباد). ۱۱ـ محەممەد فاڕوقی یوسفی(پاوە). ۱۲ـ دوکتۆر ڕەئووفی ڕەهنموون (مەریوان).

هەروەها بۆ نێوی هەندێک چێشتی کوردەواری؛ لە دایکی خۆشەویستم، (زێنەبی خزری) و خوشکی بەڕێزم، (سەیید زادە کافیە واژی).

براتان: م. سەیید محەممەد ئەمین واژی

مەهاباد

ژمارەی پەیوەندی: 09143443674

کۆتایی وتوێژکار:محەممەدی محەممەدی - مەهاباد

۱۵ – ٢ - ١٤٠٠ ۲۳ ڕەمەزانی ۱٤٤۲