لەناو کۆمەڵگە و ئێمەماناندا واباوە کە بەبۆنەی ڕووداوگەلێکی دڵ خۆشکەر وەکوو ساڵیادی لەدایکبوونی منداڵێک یان هەر جۆرە سەرکەوتنێکی لەو جۆرە بۆنە و ئاهەنگی تایبەت ساز دەکرێ و خەڵکی بۆ بانگهێشت دەکرێ و میوانداری گەرم و گۆڕیان لێ دەکرێ.

بەڵام بێگومان هەر جۆرە ڕووداوێکی لەو چەشنە لەچاو هاتنی کۆتا پەڕاو و پەیامی خوای زانا و بەبەزەیی بۆ هەموو مرۆڤایەتی لە ئاستێکی زۆر نزم دایە و هەر ناکرێ بەیەکەوە بەراورد بکرێن، بۆیە لە ڕوانگەی مرۆڤی بڕوادارەوە گەورەترین ڕووداوی مێژوویی و کاریگەر هاتنەخوارەوەی نوور و ڕۆشنایی هیدایەتی خوای میهرەبانە بۆ مرۆڤایەتی، تا ئەوەی بە گوێرەی ئەو پەیامە پڕ لە خێرە ژیان و گوزەرانی ئێرەیان ڕێک بخەن کە هەم ژیانی دونیایان خۆش و شیرین بێ و هەم ژیانی داهاتوویشیان لێوانلێو بێ لە ئاسایش و کامەرانی و حەسانەوە.

ئەوەیە کە قوڕئانی پیرۆز لە میانەی باسی فەڕزبوونی ڕۆژووی ڕەمەزان لەسەر هەر تاکێکی بڕوادار و شیکردنەوەی یاسا و ڕێساکانی، دەفەرموێ: "... و لتکبروا الله علی ما هداکم و لعلکم تشکرون" واتە: چونکە خوا ئێوەی ڕێنموونی کردووە بە گەورەی بگرن و سپاسگوزار و قەدرزانی بن.

کەواتە گەورەترین و پیرۆزترین ڕووداو و یادەوەری لە دید و تێڕوانینی مرۆڤی موسوڵمانەوە، ئەو ڕووداوە مێژووییەیە کە لە مانگی ڕەمەزانی پانزدە سەدە پێش ئێستا ڕووی دا، نوور و ڕۆشناییەک هاتە خوارەوە کە هەموو تاریکییەکانی ژیانی دنیای ڕاماڵی و جارێکی‌تر مرۆڤی لە نزمترین پلەوە تا ئاستی جێنشینایەتی خوای باڵادەست بەرز کردەوە و ئەرکی گەورەی ئاوەدانکردنەوەی ناخ و دەروونی خۆی و سەرزەوی پێ‌ سپێردرایەوە.

چەندین سەدە بوو ژیانی مرۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەویە تێدەپەڕی و هیچ ئاڵوگۆڕێک بەرچاو نەدەکەوت، بەڵام بە هاتنی قوڕئان وەها گۆڕانکارییەک دروست بوو کە مرۆڤ جێگە و پێگەی خۆی دەست کەوتەوە، گەر ئەو پەیڤە مرۆڤ‌پەروەرە نەبووایە بە هەزار مانگ و هەزار ساڵ و سەدەیش نەیدەتوانی بگاتە ئەو ئاستە، بۆیە خوای کاربەجێ دەفەرموێ: لەو مانگەدا شەوێکی تیایە کە لە هەزار مانگ باشتر و بەنرخترە. ئەمەیە واتای دروستی ئەو ئایەتە نەک مەبەست ئەوە بێ کە هەر کەس لەو شەوەدا دوو ڕکات نوێژ بکات، خێر و پاداشی هەزار مانگی هەیە.

کەوایە مرۆڤی باوەڕدار بە هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان نە تەنیا بێ‌تاقەت و وەڕەز نابێ، بەڵکوو زۆریش خۆشحاڵە و سپاسی خوا دەکا کە وەها هەلومەرجێکی بۆ ڕەخساند تا قەدرزانی ئەو ڕێز و حورمەتە گەورە بێ و گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ژیانیدا بەدی بێنێت.

خوشک و برای قەدرگران! با جێگە و پێگەی خۆمان بناسین و هەرزان‌فرۆشی نەکەین، با هاتنی ئەو مانگە گەورە بە مێژوویی‌ترین ڕووداوی ژیانی خۆمانی بزانین و بە هەموو دونیای نەگۆڕینەوە، بەڵکوو وەکوو پێغەمبەر و یاران و پێشینیان بە ڕەنگی خوایی دەربێین و لە ئاستی ژیانی ئاژەڵییەوە بەرز ببینەوە بۆ پلەی بەرز و بەنرخی مرۆڤ بوون، چونکە ڕەنگە ئەم ڕەمەزانە کۆتا وەرزی تەمەنمان بێ و هەل و فرسەتی‌تری ئاوامان بۆ نەڕەخسێتەوە.

خوایە گیان! ڕێنوێن و یارمەتی‌دەرمانبە بتوانین لەم ڕەمەزانەدا باشترین و زۆرترین سوود و کەڵکمان بۆ خۆمان و خێزان و کۆمەڵگەمان ببێ و کات و ساتەکانمان بەفیڕۆ نەدەین.

بانە ـ ۱۳ خاکەلێوەی ۱٤۰۱