پێش باس: رەمەزان واتای چیە:- رەمەزان واتای زۆرگەرمە بەمانایی ئەوەی ئەوەندە گەرمە کە سوتێنەرە، بۆیە زانایان دەڵێن: رەمەزان واتا سوتاندو بە خۆڵەمێشکردن و ژیلەمۆ کردنی هەموو تاوانەکان.. شۆرش:- شۆرش واتا شتێك کە لە جێگای خۆیدا نەمنێت واتا ئەگەر رێچکەی چەمێك لە جێگایەكەوە گۆڕاو تەیکردنی سەرەتای بە جێهیشت، ئەوا ئەو چەم و ئاوە شۆرشی کردوە واتا لە جێگای خۆیدا نەماوە، بە مانا سیاسی و فیکریەکەشی واتا هەڵکەندنی سیستەمێك و لە جێگادانانی سیستەمێکی نوێ.. گەل: بەو خەڵکە دەوترێت کە بیروباوەڕیان وەك یەکە، واتا مەرج نیە نەتەوەبێت، بەڵکو- گەل واتا کۆکردنەوەی کۆمەڵێك خەڵکە لەسەر خاکێك کە دەشێت چەند نەتەوەیەکی جیاوازبن .. یاخود لەسەر بیروباوەڕێك بوبێتن بەگەلێك گۆڕانکاری: لەو مەدلولاتانەی کە وەك نوسەر و ئەدیبێك بەکاریدێنمەوە : مەبەستم پێی ئایدۆلۆژیایی ئیسلامیە کە پێكهاتەکەی بەرنامە و خەڵك و خاك و دەسەڵاتە.. ئەم پێناسانەم بۆ ئەوە زیاتر بابەتەکە ئاسانکاری بۆ خوێنەر بەرێز بکات.. ناو باس: ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی گیرۆدەبوون بە تاوان و کاری خراپەوە لەم ژینەماندا، خەڵکانێکی تریش لەم جیهانی ئیسلامەدا دیلی کاری گەندەڵی و خراپەکارین، لە هەمانکاتیشدا هەست دەکەن کە چەندە خراپەو ترسناکیشە لەسەر ژیانی خۆیان و خەڵکی بەگشتی کەچی هەر بەردەوامن، بەڵام زۆر جار خۆیان لە گێلی ئەدەن و پێیان خۆشە بەو دیلی تاوانانەیانەوە بمێننەوە، چونکە بە تەواوەتی تاوان لغاویکردون بونەتە کۆیلەی تاوان و رەفتارە زشتەکانیان، پاشان چواردەوریان تەنراوە وەك تەنی جاڵجاڵۆکە بە پەرژینی درکاوی و تەلی درکاوی خۆی- خۆی والێکردوە کە نەتوانێت لێدەربچێت، هیچ ئیرادەو تواناو هێزێکی نەماوە لە تاو تاوان کردن، چونکە- زانراوە بەگشتی لەلای خەڵکی ئەوەی مرۆڤ خۆی پێوەگرت ئیتر دەبێتە خاوەن دەسەڵات بەسەر مرۆڤەکەوە ...واتا خووەکان ئاراستەی دەکەن لە جیاتی ئەوەی وەحی و ژیرو هزر ئاراستەی بکات، ئەو رەفتارە و خووە خراپانە هەیمەنەتو دەسەڵاتی تەواوەتی هەیە بەسەر دڵدا کە مرۆڤ بەردەوام بوو لەسەریان .. ئیتر وا دەکات لە مرۆڤ کە هەست بکات ئەمە سروشتی خۆیەتی و کارێکی ئاسایە دەیکات، چونکە پێداویستی ژیانی ئەوە کەسەیە ، ئیتر ناتوانێت هەرگیز وازی لێبنێت پیی وایە جیابونەوەی لەگەڵ ئەو خوو رەفتارانە ئاستمە.. وەك لە کوردەواریدا باوە قسەیەك هەیە دەڵێت: خوویەك گرتت بە شیر... تەرکی نادەی بە پیری..! کۆتایی هێنان بەو خوو رەفتارە زشتانەی کە ئاماژەم پێدا هێزو تواناو ئیرادەیەکی بەهێزی دەوێت لە ناخی مرۆڤدا؛ جا ڕەمەزان ئەو قوتبخانەی پەروەردگارەیە کە مرۆڤ تێدا وەرزش دەکات بۆ ئەوەی توشی ئەو خوو ڕەفتارانە نەبێت هەرگیز.. راهێنان بە مرۆڤ دەکات کە لەئاستی ئەو سنورانەی کە خوای گەورە دایناوە لەهەموو شەهوەتەکاندا خۆی رابگرێت تێک نەشکێت و شەیتان زاڵ نەبێت لەگەڵ نەفسیدا بە سەر ژیری و هزری و لەسەرو ئەمانەشەوە ئاراستەی وەحی کە قورئان و سوننەتە ، واتا بەتەواوەتی گوێڕایەڵی و تەسلیم بوون لە هەموو کارێکدا بە خودای پەروەردگار، وە جێبەجێکردنی شریعەتەکەی لە هەموو ووردو درشتیدا. کەواتە رۆژوو ئەو شۆرشەیە کە بڕیاری گرنگ بۆ مرۆڤ دروست دەکات ئیرادەو هێزی پێدەبەخشێت، دەبێتە خاوەنی توانایەك بێجگە لە خوای موتەعال سەر بۆ هیچ شەهوەتو خوو رەفتارێك دانانە وێنێت.. هەر رووژوە وادەکات کە زیاتر خەڵکی پابەند دەکات بە بەندایەتیەوە زیاتر مرۆڤ گەردن کەچ دەکات بۆ پەروەردگاری، لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ بەرز دەکاتەوە بۆ بەرزترین پلەی ئیمانی و هەست بە ناسنامەی تەواوەتی ئیسلامەتی خۆی دەکات کە مرۆڤ بە رۆژوو دەبێت. کەواتە رەمەزان- ئەو بانگەوازەیە- یاخود ئەو هەلە زێرینەیە بۆ کۆتای هاتن بەو هەموو خوو رەفتارە زشتانە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك هۆکار هەیە کە مرۆڤ والێدەکات کە زیاتر هێزو توانای پێببەخشێت .. ئەویش بریتین لە: ١- هێزی ئیرادەو توانامەندی لە بڕیاردا: چەند ئیرادەو تواناکەت بەهێز بێت خاوەنی بڕیار بیت، ئەوەندە خوو ڕەفتارەکان لاواز دەبن. ٢- هەموو ڕەمەزان هەوڵ بدە لە گۆڕانکاریدابیت: رۆژوان هەمیشە پەیوەستە بە شریعەتی خوای گەورەوە، وابکە کە بتوانیت هەرچی رەفتارێك و خوویەکی خراپەت هەبووە لە ماوەی ئەو ٣٠ رۆژەدا بەتەواوەتی وازی لێبهێنی، ئەگەر راستگۆیت لەگەڵ گۆڕانکاریەکەدا.. ٣- گۆڕانکاری لە هەموو رەهەندەکانی ژیانتەوە دەست پێبکات: بەڕاستی رۆژوان لە مانگی رەمەزاندا هەموو کاتی خەوتن و هەڵسانو نان خواردنی دەگۆرێت، تەنانەت زۆر جار کاتی کارەکەشی دەگۆرێت لە ووڵاتی موسڵماناندا، زۆر جار گۆڕانکاری بە سەر هەستو نەستو سۆزیشیدا دێت، ئاوێتە دەبێتەوە لەگەڵیدا، کەواتە هێزی گۆڕانکاری لەو کاتەدا زۆر بەهێزە لەناو خەڵکیدا، پێویستە هەوڵبدرێت گۆڕانکاریەکە هەموو سەرپای ژیان بگرێتەوە. ٤- هەموو گەل لە ڕەمەزاندا بە گشتی گۆڕانکاریان بەسەردا دێت: رووژوانی مانگی ڕەمەزان شێوە گۆڕانکاریەک بە خۆیانەوە دەبینن ، کە لاڕاستیدا بۆ گشتییە ئەو گۆڕانکاریە لە ناو گەلی موسڵماندا، چونکە- هەموو موسڵمانێك بە گۆڕانکاریەدا تێدەپەرێت، جا گۆڕانکاری لە ناوەوی دڵو دەرون بێت (باطنی)یاخود گۆڕانکاری دەرەوەی مرۆڤ بێت لە رووکەش (ظاهیری)، ئەمەش بۆ خۆی گەورەترین فاکتەرە بۆ گۆڕانکاری ناو گەل و گۆڕانکاری، کەواتە ئەو کەسەی کە هەوڵی گۆڕانکاری ئەدات تەنها لە خۆیدا نایبینێتەوە بەڵکو لە هەموو خەڵکیدا لەو مەوسمەدا دەیبنێتەوە لە دەوروپشتیدان کەواتە گۆڕنکاری لەو مەوسمەدا ئاسانترە . ئەگەر هاتوو لەم ئەزمونەدا سەرکەتوو نەبویت کە بە درێژایی ژیانت دووبارە دەبێتەوە، لەگەڵ ئەو گەلەی کە بەگشتی دەچنە ناو گۆڕانکاری ، ماوەی مانگێك کە سەردەمێکی دورودرێژە.. نەتوانی گۆڕانکاری بکەیت.. لە خوو ڕەفتارەکانتا بە دڵنیایەوە تۆ کەسێکی ناخ مردوو لاوازو کۆیلەی خوو رەفتارەکانتی، من وا پەی دەبم کە توانی گۆڕانکاریو تەنانەت ناتەوێت هەر گۆڕانکاری بکەیت ، ئەگەر نەتوانی لە گۆڕانکاران بیت، ئەوا لە دەبیتە کەسێکی مەحروم و پەروێز خراو بە دەستی خۆت لەو هەموو خێرو باشەو چاکەیەی کە لەو مانگەدا خەڵکی دەستی دەکەوێت، دەبیتە ئەو کەسانەی کە سەرپێچی دەکەن لە فەرمانی خوای پەروەردەگار .. هەرچەندە کەسانێك هەمیشە ئەم ووتەیە دەڵێنەوە وەك قەوانی سواوی لێهاتوە خۆ دەرباز کردنە لە رەوشو واقیعەکە، دەڵێن ئەگەر خوا هیدایەتمان بدات ئێمەش چاك دەبووین ..! منیش دەڵێم هیدایەت و ڕێنوێنی خوای پەروەردگار گشتییە ڕێنموی کافرو موسڵمانی کردوە، بەڵام خەڵکی خۆی ئارەزوومەند نیە ، وەك ئەوە وایە کەسێك برسی بێت یاخود تینوبێت ئەگەرچی خواردنو ئاوی ساردیش ببنیێت، بەڵام ـ ئەگەر هەنگاو نەنێت و رووە خواردنو ئاوەکە نەڕوایت هەرگیز خواردنو ئاو نایتە لای خەڵکی برسی و تینو کەواتە- پێویستە مرۆڤی برسی هەنگاوبنێت تا پێبگات، کەواتە ڕێنموی و هیدایەت هەنگاوی دەوێت ئیرادەی بەهێز دەوێت لە ناخدا گۆڕانکاری دەوێت. لەڕاستیشدا وایە رووژو وادەکات لە خەڵکی کە لە ناخدا هەرچی رەفتارو خووی خراپە بیگۆڕن، بەڵام نەکو تەنها گۆڕانکاری لە کاتی خواردنو خواردنەوەدا بکەیت کە بەداخەوە خەڵکانێك بەس گۆڕانکاری لە خواردنو جۆری زەڵاتەو جۆرەکانی تری خواردندا دەکەن.. نەكو لە ناخو هەست و نەستیاندا، کەواتە ژیر بە خاوەن هزر بە وەك ئەوکەسانەی کە دەگەنە ڕێنووی خوای موتەعالو نوری خوای گەورە لە دڵو دەرونیاندا دەچەسپێت، لە ڕاستیشدا رووژو بەگشتی و رۆژوی مانگی رەمەزان بە تایبەتی، زیندانی کردنی هەموو شەهەوەتەکانی مرۆڤە، ئەگەر چی شەهەوەتەکانیش حەڵاڵ و ڕێگا پێداروبن، کەواتە ئەم باسەی کە خستمە بەردەم ئێوەی بەرێز مەبەستم پێی ئەوەیە بگەیتە ئەو دەرئەنجامەی کە شۆرش لە ناختا بکەیت تا دەگەیتە ئەو گۆڕانکاریە.. ئەمەش ئاراستیە خەڵکیە بەگشتی تا ئەو گەل و ئوممەتە پێك بێنن کە خوا پیغەمبەرەکەی صلی اللە علیەوسلم داوامان لێدەکات بە باشترین ئووممە لە قورئاندا ناوی بردوە، تا مرۆڤەکانیش دەبنە باشترین بەندە بۆ خوای پەروەردگاریان ، رەمەزان وادەکات کە ئەو خووەی گرتوتە بە شیری ئەگەر پیریش بیت وازی لێبێنیت