سەرەتا هەوڵی زانکۆی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە که‌سایه‌تییە ناودارەکانی ناوچەکەمان، بەتایبەت ئەوانەیان کە هێشتا لە ژیاندان، بەرز دەنرخێنم و سوپاسی بێ‌کۆتایی هەموو ئەو دڵسۆزانە دەکەم کە لەم بوارەدا هەنگاو هەڵدەگرن.

ڕێزگرتن لە دوکتۆر خۆڕڕەم‌دڵ تەنیا ڕێزگرتن لە ئوستادێکی زانا و دڵسۆز نییە کە سەردەمێک لە زانکۆی کوردستانیشدا وانەی وتووەتەوە. تەنیا ڕێزگرتن لە ڕاڤەکارێک نییە کە قوڕئانی پیرۆزی بە سێ زمانی کوردی و فارسی و عەڕەبی ڕاڤە کردووە. تەنیا ڕێزگرتن لە لێکۆڵەرێک نییە کە گەنجینەی سەرف و نەحوی زمانی عەڕەبی و نەحوی زمانی فارسی و ئیعجازی زانستی قوڕئانی پیرۆزی نووسیوە. تەنیا ڕێزگرتن لە نەتەوەخوازێک نییە کە تەفسیری "شنەی ڕەحمەت" و "ڕێزمانی کوردی" و "ئاخاوتنی ڕۆژانە بە زمانی کوردی"ی نووسیوە. تەنیا ڕێزگرتن لە وەرگێڕێکی کارامە نییە کە "في ظلال القرآن"ی سەید قوتب و "الله جلّ جلاله"ی سەعید حەوا و "أطواق الذهب"ی زەمەخشەری و "الفقه المیسّر"ی طەنطاوی و "المفصّل"ی دوکتۆر زەیدان و...ی لەوپەڕی ڕەوانیدا وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی.

بەڵکوو لە یەک کاتدا ڕێزگرتنە لە زانست و بیر و هزر و سۆز و جوامێری و دڵاوایی و پۆلێک ئاکاری جوان کە لە بەڕێزیاندا کۆبووەتەوە.

من ئەم شانازییەم هەبوو کە لە حەفتاکاندا ماوەیەک لە ماڵیانەوە نزیک بم و ماوەیەکیش لە زانکۆی کوردستاندا لە خزمەت بەڕیزیاندا بم و بەشێک لە ئاکارە جوانەکانیان ببینم و ببیسم. یەکێک لە ئاکارە هەرە جوانەکان بۆ ئوستادێک پسپۆڕ بوونیەتی لەو وانانەدا کە بە قوتابیانی دەڵێتەوە و بایەخ دانیەتی بە شێوازی وانە وتنەوە و فێرکردن و بارهێنانی قوتابیان. بەڕاستی دوکتۆر بە شایەتیی هەموو قوتابیانی لە هەردوو بوارەکەدا بلیمەت بوون. نموونەیەکی زۆر بچووک دەخەمە پێش چاوی خوێنەران: دوکتۆر خۆڕڕەم‌دڵ لەبەر ئەوەی کە دەیزانی هەندێک لە قوتابیانی پلەی ماستەر (فوق لیسانس)ی "زمان و ئەدەبی عەڕەبی" هەموو وردەکارییەکانی ڕێزمانی عەڕەبی دەزانن، بەڵام لە خوێندنەوەی ڕەوانی دەقی عەڕەبیدا لاوازن؛ داوای لێ دەکردین کە خۆمان دەقی تەفسیری "المقتطف" ئامادە بکەین و بۆ هاوپۆلەکانمانی بخوێنینەوە و خۆی هەڵەکانی ڕاست دەکردەوە و لە بارەی ڕێزمانی وشەکانەوە پرسیاری لێ دەکردین و نمرەی بۆ دادەناین و هەر ئەمە بووە هۆی گەشەکردنێکی بەرچاوی قوتابییەکان لەو چەند مانگە دیاریکراوەدا. ئەوە تەنیا نموونەیەکی بچووکی لێزانی و بلیمەتی جەنابیان بوو لەو بوارەدا. جگە لەمەش گرنگیدان بە کێشەی قوتابیان و دڵسۆزی بۆیان بەبێ جیاوازی زمان و ئایین و ئایینزا، نموونەیەکی تری ئاکارە جوانەکانی بەڕێزیان بوو.

یەکێکی تر لە ڕەفتارە هەرە جوانەکانی بەڕێزیان گرنگیدان بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاکێشانی کردەیی هاوڵاتیان بوو بەرەو خوای گەورە و ئاکارە شایستەکان... هەرگیز ئەرکی ئامادەکردنی وانەکانی زانکۆ و نووسین و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان، بەڕێزیانی لەم لایەنە سارد نەدەکردەوە. خۆم لە بەڕێزیانم بیستووە کە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا کە لە شاری سنە بوون تەنانەت جارێکێش سەری لە سەیرانگای ئاویەر نەداوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا کاتێکی زۆری بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تەرخان دەکرد و جگە لە کات، سەرمایە و داهاتیشی لەو پێناوەدا سەرف دەکرد. هەوڵی بێوچان بۆ کردنەوەی مزگەوتی سەید قوتب لە گەڕەکی بلواری خەسراوای شاری سنەدا نموونەیەکی بچووکی ئەم بوارەیە.

نموونەیەکی تر بەشداریکردنی بەردەوام بوو لە نوێژی جەماعەت و کاروباری مزگەوت و بۆنە ئایینییەکاندا کە بە پێی بۆلوان و ڕێگەپێدران بە وتارە شیرین و ئارام و دڵگیرەکانی، گوێگرانی بۆ خۆشەویستیی خودا و دڵاوایی و لێبوردەیی و دەسگرۆیی و چاوپۆشی و هەموو ئاکارە شیرینەکان هان دەدا و ئێستاش دەنگە ئارام و بەسۆزەکەی لە دەروونمدا دەزرنگێتەوە.

ئاکارێکی دیکەی هەرەجوانی بەڕێزیان خۆپاراستن بوو لە پاشملە باسکردنی خەڵکی و بە تایبەت ئەو کەسانەی کە بە ئاشکرا و نهێنی چاویان بە ڕۆژی پرشنگداری ناوبانگی دکتۆردا هەڵنەدەهات و بەردەوام هەوڵیان بۆ لێڵ‌کردنی دەریای کەسێتیی بەڕێزیان دەدا.

ئاکارێکی هەرە جوانی دیکەی بەڕێزیان دەسگرۆیی هەژاران بوو کە بەڕاستی لەم بوارەشدا سەرمەشق و نموونە بوون. من چەندین جارم بیستووە کە دوکتۆر لە داهاتی سنوورداری خۆی پارەی مانگانەی بۆ کۆمەڵێک نەدار و هەژار بڕیوەتەوە.

بەڕاستی پێنووسەکەم لە ڕیزکردنی ئاکارە جوانەکانی دوکتۆردا کۆڵە و ئەوەی باسم کرد تەنیا دڵۆپێک لە زەریایەک و مشتێک لە خەرمانێک بوو. لە کۆتاییدا داوای لێبوردن لە بەڕێزیان دەکەم و دەزانم چەندە خۆبەکەمزانن و چەندە لە پەسنکردن بێزارن و هیوادارم ئەوانیش و ئێوەش تەنیا وەک "وەفا و پێزانینی قوتابییەک بۆ مامۆستایەک" لەم بابەتە بڕوانن، نەک پیاهەڵخوێندن و زمانلووسی.

نووسه‌ر: د.ڕه‌ئووف ڕه‌هنه‌موون