لە ڕاستێدا ئەمڕۆ مرۆڤایەتی لە سەردەمی پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی و زانستی سەردەم و بەها ماددیی و ئارەزووەکان و لاواز بوونی بەها ڕوحی و ئیمانییەکاندا، ماندوویەتی لە هەموو کاتێک زیاتر دەروون و ویژدانی بەرەو داڕمان و لەناوچوون بردووە بەجۆرێک کە: مرۆڤایەتی لە هەموو کاتێک زیاتر هەست بە بێهودەیی و بێ بایەخی خۆیان دەکەن و لەناو جیهانێک و ژینگەیەکی خنکێنەر نووقمی بێ ئاگایی بووە؛ واتە مرۆڤ بۆتە ئامێرێک کە ئۆقرەی لێبڕاوە و بۆ وەدەستهێنانی ئارەزووی ژیانی دونیا هەموو بەها باڵاکانی پێشێڵ کردووە.

بێگومان بۆ گەڕانەوەی دڵنیایی دەڕوون و ئاسوودەی لاوەکی، مانگی پیرۆزی ڕەمەزانیش باشترین و لەبارترین کاتە بۆ زیندووکردنەوەی ویژدان و بەها ڕوحی و ئیمانییەکان و تاودانیان لە دڵ و دەروونی مرۆڤەکان، بۆ ڕێکخستنی ژینگەیەک و وڵاتێک کە مرۆڤایەتی تێدا بگات بە تڕۆپکی ئارامی.

حەقیقەت و ڕاستی و نهێنی ڕۆژوو کلیلێکی زێرین و ویستگەیەکی ناوازەیە کە: مرۆڤی باوەردار کەمەندکێش دەکات بەرەو هاودەمی خواناسان و شاڕێگای ئەوین و ڕاز و نیاز و پیاسەیەکی ئیمانی لەگەڵ یاری نازەنین، فاکتەرەکانی گەشەی ڕوح و هێز و وزەی باوەردار لە گەڕەنتی بەخشین و دەست لە کارکێشانەوەی لە بڕێ گیرەدۆیی و ئەوینداریەتییە؛ واتە ئەو کاتەی لە ڕەیڕەوی چاکە و چاکەکاری هەنگاو دادەنێین، پێویستە دەست لە کۆمەڵێک ویست و داخوازییەکانی وەک: ماڵ، کات، خۆشییەکانی دونیا و هێندێک دڵخوازی ژیان هەڵگرین، بۆ ئەوەی بەم شێوەیە زیاتر چێژ لە بەندایەتی و ڕاز و نیاز و پارانەوەمان لەگەڵ خوای گەورە وەرگرین.

لەڕاستیدا یەکێک لە گەورەترین و پڕماناترین پەیام و کرۆکی دین بەگشتی و ڕۆژوو بەتایبەتی، ڕێکخستن و جوانکردنی ژین و ژیاندۆستییە. واتە ڕۆژوو کەرنەواڵی خۆ ڕاوەشاندن لە تۆزوخۆڵی کەڵەکەبووی سەر شاڕیشەی دڵ و دەروونی دەردەدارانە، و هەڵێکی زێرینە بۆ کۆکردنەوەی میوە و بەرهەمی پێگەیشتووی ژیان؛ تاکوو دواجار لە کاتی خەڵوەتی نیوەشەودا، زمان و دڵ بێنێنە گۆ و لەگەڵ تیشکی زێرینی ئەستێرەکان بۆ هەڵمژینی شنەی بای سازگاری دڵ و گیان نغرۆ ببین و دیمەنێکی دڵڕفێن و ناوازە لە دەر و دیوار و هەموولایەکەوە لەمەڕ تامەزرۆ و تینووییەتی پیاسەیەکی ئیمانی و ڕوحی لەگەڵ خوڵقێنەری جیهان ڕێکخەین.!

 

چشم بگشا کە جلوە دلدار/ متجلی است از در و دیوار

  عەتتار نیشابوری

 

پێغەمبەر ٍﷺ دەفەرموێ: یقول اللە تعالی ٲعدت لعبادی الصالحین ما لا عین رٲت ولا ٲذن سمعت ولا خطر علی قلب بشر /  واتە: خوای گەورە دەفەرموێ: نیعمەت و شتانێکی چاک و جوانی وام بۆ بەندە چاکەکانی خۆم ئامادە کردووە کە، چاو نەیبینیون و گوێ نەیبیستووە و نەهاتوون بە دڵ و زەینی هیچ مرۆڤێک.

لە سۆنگەی ڕامانێکی خێرا بە سەر فەرموودە دانسقەکانی پێغەمبەرٍﷺ  بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە: نەسیمی هەناسەی ڕەحمانی و هەستی عیرفانی و تێڕوانینی قووڵی عابیدانە لە کاتی کڕووزانەوە و سووتیانی نیوەشەودا دەگاتە ئەو ئاستە کە: مرۆڤی ئاسایی لە ئاستیدا دەستەوەستان وڕ و کاس و مەستی عیشقی ئیلاهی بێت. ڕەمەزان؛ پڕۆسەیەکە کە مرۆڤ دەباتە وڵاتی ئەوین و ڕوخساری نوورین و دڵی سپی خواناسان و خوادۆستان، ڕەمەزان هەڵێکی زێرینە بۆ پێگەیشتن و کۆکردنەوەی قووت و خەرمان و بەرهەم و چەشتنی میوە خەمڕەوێنەکانی گوڵستانێک کە پێغەمبەر ٍﷺ بە دەستی موبارەکی خۆی لەم باخەدا چەقاندوویەتی؛ مەخابن! ئەم گوڵستان و باخە بە پێچەوانەی باخ و گوڵستانی دونیایی کەمتر هەست بەوە دەرکرێ ئێمە مانان ڕاپەڕین بە پەرژین لێدان بەدەوریدا بۆ ئەوە ڕێگە نەدرێ بە پیس و پووخڵ بوونی یان خود هەندێ جار ئاڵاخ و گیا و گۆڵی ویشک بووی فرێ بدرێ، یان ئەوە کە پێویستی بە هەرەسکردنە؛ واتە هەرەسکردن لەحاند جوانکردن و گەشی ناوەکەی و دەرکەوتنی لوتکە و تڕۆپکی جوانیی و سەمای ڕەنگەکان و سەمفۆنیای دەنگە جیاوازەکانی ئەم گوڵستان و باخە.

 

هەر کەسێک بێدارترە، ئەو ئازاری زیاترە

هەرکەسێک بەئاگاترە، ئەو ڕەنگی زەردترە

 

و: مەریوان_عەبدول

 

بێگومان هەموو کۆلێژ و زانکۆیەک بۆ قوتابییەکانی خۆراکی وزەبەخشی ڕوحی تایبەت بە خۆی هەیە، ڕەمەزان وەک هەموو زانکۆ و قوتابخانەکانی پێشکەوتوو کۆمەڵێک پێداویستیی سەردەمیانەی بۆ بەردەنگان و بەشداربووانی خۆی ڕێکخستووە؛ بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێوەبەر و مامۆستایانی کۆلێژی ڕەمەزان، قوڕئانی وەک: خۆڕاک و وزە و هێزی ڕوحی ئەم زانکۆیە دیاریکردووە تاکوو لاپەڕە زێرینەکانی ژیانی قوتابییەکانی بە ژەنینی نۆتەکانی داڕماڵ لە چێژێکی مەعنەوی کات. حاشا لەوە ناکرێت کە، قوڕئان و ڕەمەزان پێوەندییەکی قووڵ و چڕ و پڕیان بەیەکەوە هەیە،(شهر رمضان الذی انزل فیە القرآن...)،  لێرە "شهود" واتای ئامادەیی جەستە نییە، بەڵکوو ئامادەبوونی ڕوح و ناخە بۆ وەخەبەر هێنان و بە ئاگایی هێنانەوەی مرۆڤ.

 

مەولانا دەفەرموێ: وامەزانە کە چیرۆکی فیرعەون و مووسا کۆتایی پێهاتووە، نەخێر ئەوان زیندوون و لەناو تۆدان؛ ئەوە تۆی بریار دەدەی کە شوێنکەوتەی کامەیان دەبی. بە دەڕبڕینێکی تر دەکرێ ئەوە بڵێین کە: ڕەمەزان ژینگەیەک و سفرەیەکی ڕوحییە کە ڕاخراوە بۆ ئەوە لەوێدا تاسە و شەوقی یاری نازەنین داگرسێنێ کە بریتییە لە: ئامادەبوون و حزووری دڵ لە کاتدا کە قوورسترین کێشەی مرۆڤی باوەردار ئەوەیە ناتوانێ لە کاتدا ئامادە بێت، لەبەر ئەوە مرۆڤ بەردەوام لە ڕابردوو و داهاتوودا دایە، یانی لە جۆرێک وەهمدا دەژێت. واتە کاتێک ڕەمەزان دەبێتە هۆکاری هاودەمی و زیندوو ڕاگرتنی دڵی ئێمە کە: ڕاز و نهێنی ڕەمەزان لە جیهانی دەرەوەی ژیانی منەوەڕا بێتە ناوەوەی من بۆ ئەوە هەستی پێبکەم؛ ڕێک ئەو کاتەی لەناوەوەی من ئامادە بوو ( فمن شهد... ) ئەو کات ڕەمەزانی من واتادار دەبێت. واتە دەکرێ بڵێن هەروەک چۆن دونیای هەر یەک لە ئێمە جیاوازی هەیە لە دونیای کەسێکی تر و هەر مرۆڤێک جیهانبینی تایبەت بە خۆی هەیە، بەهەمان شێوە دەتوانین بڵێین: ڕەمەزانی هەر یەک لە ئێمەش لە ڕەمەزانی ئەوەی تر جیاوازە. مەخابن! ئەمڕۆ  بەشێکی زۆر لە باوەرداران لەنێو بازنەیەکی داخراوی عیبادی ویشکدا ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان تاوتوێی دەکەن؛ بێ ئەوە تیشک بخەنە سەر ئەم لایەنە کە جیاوازی خوێندنەوەی عیرفانی و فیقهی بۆ ڕۆژوو دەرەنجامەکەی ئەوەیە کە: لێرەوە هەست بە بوونی بەهشت بکەی، شەریعەت زۆر جوان ئاماژەی بەم خاڵە کردووە و دەڵێت: بەهەشت شوێنی پیر و بە ساڵاچوو و مناڵ نییە، واتە دەبێ هەر لێرە ئەو ئاڵوگۆڕە قووڵ و جەوهەرییە لە ناخماندا بێتە ئاراوە کە شایانی ئەوەین بەهەشتی بین یان خود نە! قۆڕئان لێرەوە دەیهەوێ بە درووستکردنی ژینگەیەکی دڵڕفێنی ڕەمەزانی کێشەی ناوەوەی مرۆڤ چارەسەر بکات تاکوو وەرچەرخانێکی بەهێز ڕووبدا، وەک سەید دەفەرمووێ: بەهەشت لێرەدایە گەر لێرە نەچیتە ناوی، ئەستەمە لەوێ بتوانی چێژی لێوەرگڕی. ئەگەر چی ڕەمەزان وەک خۆی گواستنەوەی ژیانە لە " قال " بۆ " حال "، بەڵام بۆچی ڕەمەزانی ئێمە ئەمڕۆ ئونسی گیانی تێدا هەست پێ ناکرێت؟ بێگومان مانگی ڕەمەزان کاتێ مانای دەبێت بۆ ئەوانی تر کە مرۆڤی باوەردار بتوانێ وەک خۆی لەناو ڕەمەزاندا ئامادە بێت و بیبینێ و بیناسێ، ئەو کات دەبێتە ئەرکی سەر شانی بە کەسانی تر بیناسێنێ، واتە وێنە و ڕاستییەکان تار و لێڵ نەکات و نەیشێوێنێ! بەڵکوو هەوڵ بدات جوان ناوەڕۆک و کڕۆکی وێنەکە بگوازێتەوە بۆ ئەوانی تر، تاکوو لەنێوان مرۆڤەکان ئاڵوگۆڕی پێبکرێ و لە خاوەنەکەی جیابکرێتەوە، واتە هەر وشە و ڕستە نەبێت وەکوو بابەتی مەرگ،! چونکە ئێمە مەرگ نابینین ئەوەی دەیبینین کەسی مردووە نەوەک مەرگ، ئێمە بۆ ئەوە لە مانای ڕاستەقینەی مەرگ تێبگەین دەبێت خۆمان بمرین؛ لێرەوە دەگەینە ئەو فەرموودەی ئیمامی غەززالی کە دەفەرمووێ: ڕۆژوو چۆڕاوە و ئونسی ژیانە، باشترین ڕێگە بۆ چەشتنی ڕێگەی خواناسی و کاریگەری ڕۆژوو ئەزموونی عاریفانە.

لەڕاستیدا ئەو کەسانەی کە چاوی دڵیان کوێرە و لە دید و تێڕوانینی ئەوان ڕۆژوو تەنیا بریتییە لە خۆپاراستن لە خواردن و کۆمەڵێک شتی تر، ئەوە دەیانهەوێ ژیانی خۆیان وا ڕێک بخەن وەک ئەوەی ڕۆژوو تەنیا بریتی بێت لە هەستکردن بە ژیانی هەژاران و چەند بابەتێکی ئاسایی و خولانەوە لەناو بازنەیەکی فیقهی کە بەم بابەتە دەشکێ یا خود نە؛ کە چی ڕۆژوو ئەم دۆخە گرینگ و هەستیارەیە کە پلەی عیشق دەگوازێتەوە بۆ پلەی مەعشووق؛ مەخابن! ئەمڕۆ دیوە ڕوحی و مەعنەوی و ئیمانییەکەی ڕۆژوو هیچ سوود و دەسکەوتێکی نییە بۆمان، ئەگەر چی مرۆڤ یەکێک لەم شتانەی کە بەلایەوە گرنگە دەرەنجامی چالاکی ڕۆژانەیەتی، ئەگەر وا بێت ڕۆژوو هیچ ڕۆڵێکی نەگێڕاوە و نایگێڕێت!.

 

لە کۆتاییدا دەڵێین:

چەمکەکانی ناو قوڕئان بەگشتی هەموویان زیندوون و دەبێت ڕاستەوخۆ و ئامادەییانە هەڵسووکەوتی لەگەڵدا بکرێت، ڕۆژوو یەکێک لەم بابەتانەیە کە دەبێ وەک قۆناغی پێشوو مامەڵەی لەگەڵ بکرێ واتە، هاوشێوەی دۆستانی خوا، بەڵێ ئەوان پێگەیشتووتر لەم بابەتە تێگەیشتن؛ باوەردار و بانگخوازی ئەمڕۆ بە پێچەوانە بە زۆری ڕووکەشی ڕۆژوو دەخاتە ڕوو و کاکڵ و لە پەیام و نهێنی ڕۆژوو دوور کەوتوونەتەوە کە چی ئەمڕۆ قوورسترین جەنگێک کە مرۆڤ بەشداری تێدا دەکات جەنگی نەفسی خۆیەتی...!