ئەوەى ئێمەى لێ بێ ئاگاین، دەلاقەکانى ژیانى پڕشنگدارە، کە دەمانگەیەنێتە جیهانى بەختەوەرى کە هەرکەس لەخۆى قەدەغە بکات، بێبەش دەبێت لێى. چەند ساتێکى خۆت بە ئارامى ببەخشە بە خوێندنەوەى ئەم وشانە، کە زۆر پێویستمان بە زیاتر و زۆرترە بۆ دەرکردنى شەیتانى ناو ناخ و بەڕاستگۆیانە لەبەردەم ناخى خۆماندا بوەستین.

ئەمڕۆ خەڵکى سەرقاڵە بە حەز و ئارەزووەکان، ئەنجامدانى تاوان، کەوتۆتە داوى لەزەت و چێژ، ئارەزووەکانى هەموو بوونى تەنیوە، مەگەر کەسێک خوا بیپارێزێ ، ڕێگەى چوون بۆ مزگەوت نازانێ، گرنگى بە قوڕئانى پیرۆز نادات. بابەت و یاساکانى ئیسلامى لا گرینگ نییە؟! هەموو هەمم و هۆشى بۆ ئەوەیە چۆن دەوڵەمەند بێت، چۆن سکى پڕ کات؟ چاو و گوێکانى، گرنگ نییە بینراو بیستراو و کردارى حەرام و قەدەغەکراوبێت، گەر لەسەر فەوتانى نوێژیش بێت، وازهێنان لە ئەرک و فه‌ڕزەکان بێت، یا وەک ئەوەى خەمى گەل و نەتەوە هەمووى چارەسەر کرابێت، جەنگى دەروونى و ژیانى کۆتایى هاتبێت!

بیرى چۆتەوە کە ئەمڕۆ جەنگى دەروونى و جەنگى سارد ئەنجام دەدرێت لە دژمان گەندەڵى بەهەموو فۆڕم و جۆرەکانیەوە، بۆ ماڵ و خێزانەکان، بەتایبەتى لاوان کە جێگەى ئومێدى ئیسلامن کە لە ئایندەى نزیکدا ڕێنیشاندەر و مامۆستاى گەل و نەتەوەن، ڕوخێنەرى بێباوەڕ و بێدینەکانن، جێبەجێکارى ئایینى پەروەردگارن لەسەر زەوى.

هەر یەکێک لە ئێمە لە ژیانى دونیادا دوچارى دەیان مەترسى بووینەتەوە، بەڵام مەخابن نەبۆتە مایەى پەند و ئامۆژگارى بۆمان، چەند ڕووداوى بە ئازار و جەرگبڕ لە دەورمان دەبینین کە دڵەکان دەهێنێتە جۆش و ژیان لە مرۆڤ سیا دەکا، لەگەڵ ئەمانەدا تاکەى دوور بین لە پەروەردگارمان! تاکەى واز لە هاوڕێیەتى تاوان و گومڕاىی ناهێنین و پەروەرێنەرمان لەیاد دەکەین!؟ (گەر خوا لەیاد کەین لە دونیادا، خواى گەورەش لە ڕۆژى دواییدا ئێمە لەیاد دەکات)!

کات و ساتەکانى ماڵاوایى لە ژیانى دونیا لێمان نزیک دەبێتەوە و لاپەڕەکانى ژیانمان بلۆک دەکرێت و چاوەکانمان ئەبڵەق و دەنگ بەستراو بەرە و کفنکردن هەڵمان دەگرن بۆ ماڵى تاریک و بۆنکردوو! چیمان ئامادەیە! دڵمان بەچى خۆش دەکەین!؟ (لقد کنت فى غفلە من هذا فکشفنا عنک غطا و ک فبصرک الیوم حدید) سووڕەتى قاف، ئایەتى 22. کەواتە پێش ئەوەى تووشى ئەو ڕۆژە ببین چارەسەر چیە؟ چى بکەین؟

هەریەک لە ئێمە دڵنیایە کە مردن لەناکاو دێت و یەخەى دەگرێت، هۆشى نایەت تا ئەو کاتەى هەواڵە گەورە و ماڵکاولکه‌رەکەى قیامەت دەدرێت بە گوێى بوونەوەردا کە هەمووى بەیەکجار لەناو دەچێت و فریاى هیچ ناکەوێت! کەواتە، ئیمانداران وەرن با هەموومان پێکەوە ئێستا تەوبەیەکى باشى تەواو کە خوا پێى ڕازییە بکەین، ئەو تەوبە و لێخۆشبوونەى کە پەروەردگار لێمان خۆش ببێت، بەدڵێکى پاک و دەروونێکى بێگەرد و خاوێنى لە هەموو گەورە و بچووکێک لە تاوان، بگەڕێینەوە. بگەڕێینەوە بۆ ئەوەى تووشى ئەم هەڵوێستە و ویستگە قورس و ئەستەمە لەژیانى دواڕۆژ نەبینەوە، کە دەڵێن: «ان تقول نفس یاحسرتى على مافرطت فى جنب الله وان کنت لمن الساخرین * او تقول لو ان الله هدانى لکنت من المتقین * او تقول حین ترى العذاب لوان لى کرە فاکون من المحسنین» (سووڕەتى زومه‌ڕ/58،56،57). واتە: "نەوەک کەسێ بڵێ ئەى داخ لەسەر کەمتەرخەمیم لەلاى خوا و لە گوێڕایەڵى خوا، بێ شک لە گاڵتەکەرانیش بووم بە ئایینى خوا و کتێبەکەى خوا (واتە جگە لە سەرپێچى گاڵتەیشم بە موسوڵمانان ئەکرد. یان بڵێ: ئەگەر خوا ڕێنموونى بکردمایە لەپارێزکاران دەبووم. یا کاتێ سزاى خوا دەبینێ بڵێ: بریا جارێکى تر دەگەڕامەوە بۆ دونیا لەگەڵ چاکەکاران دەبووم".

ئیمانداران، خوشک و براکان:

تەوبە و پەشیمانى چەند هۆکار و ڕێگرى هەیە، ڕێگرییەکانى پەشیمانى، مرۆڤ تاوان سەرتاپاى ژیانى تەنیووە، هەست بەبێ هیواىی و نائومێدى دەکات، دەڵێ تەمەنم لەناو ناخۆشى و ناڕەحەتى و گوناهدا بردەسەر، نوقم بوو لەتاوان و گوناهـ گەر بڕۆمە ناو دەریاى هادى پاک نابمەوە، ئەم گومانبردنە بەخوا هەڵەیە، هیچ تاوانێک نییە گەورە بێت بەرامبەر لێبووردن و چاوپۆشى پەروەردگار، چونکە خۆى فەرموویەتى لێخۆشبووى هەموو تاوانەکانە، (یغفر الذنوب جمیعا)، یا پەروەردگار دەفەرموێت: «فان تابوا واقاموالصلاة واتوا الزکاة فخلوا سبیلهم» تەوبە لە هەموو کارێکى خراپ و ناشایستە لە هاوەڵدانان و شیرک هەتا پەشیمانى لە گوناهى بچووک پێویستە، بەمەرجێ تەوبەیەکى ڕاستگۆیانە و پاک بێت، وەک قوڕئانى پیرۆز ئاماژەى پێداوە تەوبەیەکى نێوح بێت، نەک تەنها بە زمان و لەسەر دەم بێت، بەڵکوو بە (کردار و دڵ و زمان) هەرسێکیان پێکەوە بگەڕێنەوە.

پایە و بنەماکانى تەوبە و پەشیمانى 3 مەرجى سەرەکى هەیە:

١ـ پەشیمانى: گرنگترین بنەما پەشیمانییە كه لەناخدا دروست دەبێت و ڕۆحى بهەژێنێ و ئۆقرەى لێى هەڵبگرێ و لە دەرووندا لۆمەى خۆى بکا و پەشیمان بێت لەو کارەى کە كردوویه‌تی.

ئەمەش کەسانى دڵ و ناخ زیندوو ئەم هەستەیان لا دروست دەبێت کە هەرکاتێ هەڵەیەکیان کرد، هەستى پەشیمانى لە ناخیاندا دەیانهەژێنێ و ئۆقرەیان لێ ده‌ستێنێ.

هەریەکێک لە ئێمە باسى لایەنى دەروونى پەشیمانى ئەو 3 هاوەڵەمان بیستووە کە دواکەوتن لە جەنگى تەبووک، کە پەروەردگار لە قوڕئانى پیرۆزدا ئاماژە بە ئەم بابەتە دەکات و دەفەرموێت: «وعلى الثلاثة الذين خلفوا حتى اذا ضافت عليهم الارض بما رحبت و ضاقت عليهم انفسهم وظنوا ان لا ملجا من الله الا اليه، ثم تاب عليهم ليتوبوا». لەوکاتەدا زەوى هەموو هاتبوویە یەک لەوان، دونیا لەبەرچاویان ئەوەندە تەنگ ببۆوه‌ جێگەیان نەدەبوویەوە، بگرە جێگەى دەروونیان نەدەبوویەوە ساتێک ئاسوودەییان دەست نەدەکەوت تیایدا، بۆیە دڵنیا بوون کە دەبێ بگەڕێنەوە بۆ لاى پەروەردگاریان، کەواتە ئەم لایەنە دەروونییە زۆر پێویست و گرنگە کاتێ تەوبە دەکەین، هەبێت، کە تەنها و تەنها بە گەڕانەوەمان بۆلاى خواى ره‌ببولعاله‌مین ئاسوودە ده‌بێ و ئوقرە دەگرێ. ئەوەى ڕابردوو لەدەستمان چوو، کەواتە دەبێ نەخشەمان هەبێ بۆ داهاتوو كه چۆن بین و چۆن نزیک بینەوە له‌ خوای گه‌وره‌ و چى بکەین!

٢ـ بڕیاردان، دواى پەشیمانى و ئازارى ویژدان، بڕیاردان زۆرگرنگە کە بەیەکجارى و بۆ هەتاهەتایە هەڵەى وا نەکەینه‌وه‌، هەروەک پێشەوا عومه‌رى کوڕى خەتتاب، دەفەرموێ: «كما لايعود اللبن الى الضرع اذا خرج منه» هەروەک چون شیر کە وەرگیرا لەگوانى مەڕ، ناگەڕێتەوە بوناو گوانەکە، ئاواش دەبێت نەگەڕێتەوە سەر تاوان، کەواتە ساتەکانى تەوبە دەبێ هاوکات بێت لەگەڵ بڕیاردان لەسەر نەکردن و نەگەڕانەوە بۆ هەڵەکان، جا گەر پەشیمانى لایەنى دەروونى و ویژدانى بێت، ئەوا بڕیاردان لایەنى ئیڕادە و هێزى مرۆڤەکانە.

٣ـ پاشان لایەنى پڕاکتیکى و کردارییە، کە خۆداڕنینە لە تاوان و گوناهە بەیەکجارى کە بەزوبان بڵێ: «ربنا ظلمنا انفسنا وان لم تغفر لنا وترحمنا لنكونن من الخاسرين».

- گۆڕینى ئەو ژینگەیەى کە تیایدا دەژى، هەروەک ئەو پیاوەى 99 کەسى کوشتبوو، پرسیارى تەوبەى کرد لە عابدێک و وتى تەوبەت بۆ نییە، ئەویشى کوشت! پاشان چوو بۆلاى زانایەک، وتى: دەتوانم تەوبە بکەم، زاناکە پێى وت: بەڵێ، بەڵام ئەم زەوى و نیشتمانه بەجێ بهێڵە و بڕۆ بۆ جێگەیەکى باش تر...

- گۆڕینى هاوڕێ: هاوڕێ خراپەکان بە هاوڕێى باش و چاک و ڕاستەقینە بگۆڕیته‌وه‌، چونکە هاوڕێیەتىکردنى چاکان هاندەرتە لەسەرکارى چاک، کە چەند فەرموودەى لەسەر هاتووە: «المر و على دین خلیله».

- لەلایەکى ترەوە پێغەمبەرى ئازیزمان(د.خ) بۆ تەوبە دەفەرمووێ: «واتبع السیئة الحسنة تمحوها» یا پەروەردگار دەفەرموێ: «ان الحسنات یذهبن السیئات»، چاکە بكه بەدواى خراپەدا بۆوەى خراپەکان بسڕێتەوە، گرنگە لە بڕى خراپەکان چاکە بڕوێنین، بەتایبەتى لەجۆرى خۆى بۆ ئەوەى ئەوى تر بسڕێتەوە. بۆ نموونە گەر بۆ دایک و باوکت خراپ بوویت و ئەزیەتت کردوون، ئێستا چاکه‌ بكە لەگەڵیاندا، گەر ڕێگه‌ی ڕەحمه‌تت بچڕاندووە، ئەوا جارێکى تر پەیوەندى ببەستەوە لەگەڵیاندا، باسى خەڵکت بەخراپه‌ کردووە، لەجێیەکدا باسى چاکەیان بکە...هتد پەشیمانى و گەڕانەوەى ڕاستەقینە، پێویستە هەڵسوکەوتى لەگەڵدا بێت، لێخۆشبوونى پەروەردگار ئەم پۆلە دەگرێتەوە، کە دەفەرمووێت: «وانى لغفار لمن تاب و امن و عمل صالحا ثم اهتدى».

لە تەوبە و گەڕانەوەدا پێویستە باوەڕ و ئیمان تازە بکرێتەوە، باوەڕ بە پەشیمانى و گەڕانەوەى بى گەڕانەوە نەرم بکرێت کە کردار سەلمێنەرى بێت. کاتێ مرۆڤ بیر دەکاتەوە ئەوەى لەتەمەن ڕۆیشت ناگەڕێتەوە، کەواتە ئەوەى کە ماوە بۆ لە گوێڕایەڵى خالقماندا نەبێت، وەک فەرمانەکەى پەروەردگارمان کە دەفەرموێت: «واعبد ربک حتى یاتیک الیقین» کەواتە، ئەوەى ماوە تا مردن بەخوداناسى و خودادۆستى و خوداپەرستى بیڕازێنینەوە.

ئەمڕۆمان هەیە، بەڵام دڵنیاى سبەینێ نین، ئەمڕۆ با کارەکانمان بە تەواوەتى ئەنجام بدەین بۆ ئەوەى قەرزار نەبین لە سبەینێدا، گەر مردیشین بە ئاسوودەیى بمرین، دڵنیابین ژیان بۆ کەس ناوەستێ و نەوەستاوە، هەمیشە لەگۆڕاندایە یەکێک دەمرێت، یەکێ لەدایک دەبێت، گەنجى پیر دەبێت و شەو ڕۆژى لەدوا دێت و پاش سەرما گەرما دێت و زەوى دواى مردن دەژێَتەوە ... هتد

دروست نیە بۆ ئێمە بێ ئاگا هەنگا و هەڵگرین، بەڵکو دانانى کاتى تایبەتى بۆ خۆت لە بیرکردنەوە و پاشان خۆ گورجکردنەوە بۆ هەنگاوى باشتر و جوانتر و لەپێشتر. پێغەمبەرى ئازیزمان(د.خ) کاتێ ئامۆژگارى پیاوێکى کرد، فەرمووى: «اغتنم خمسا قبل خمس: شبابك قبل هرمك و صحتك قبل سقمك، وغناك قبل فقرك، وفراغك قبل شغلك و حياتك قبل موتك». ئەمانە سەرجەم قۆناغە گەشەکانى ژیانى مرۆڤە، پێویستى بە قۆستنەوەى پێش لەدەستدانى هەیە، چونکە هەموو ئەوانە نیشانەى چالاکى و بەرهەمهێنەرن لەپێشەوەى قۆناغە بەئێش و ناسۆرەکانن، باشترین ساتەکانى خودا لە خۆڕازیکردنە با لەیادى نەکەین.

لە کۆتاییدا، دواى ئەم هەنگاوانە، دوعا و پاڕانەوەیە، لەیەزدانى مەزن زۆر بپاڕێینەوە کەڕێنمونیمان بکات بۆ ئیمان و باوەڕ و ئیسلام «فمن یرید الله ان یهدیه یشرح صدره للاسلام»

پەروەردگارا، باوەڕمان لا شیرین بکە و بیڕازێنەوە لە دڵ و دەرونماندا، بێ باوەڕى و فاسقى و سەرپێچىکردنى فەرمانەکانت ناشیرین و بەد بکە لەچاوانماندا، بشمانگێڕە لە تێگەیشتووان و پێگەیشتوان. سا خوایە لێمان قەبوڵ بکەی. ئامین