١- (عەمەلی صالح) كە لە فەرموودەکەی باسی ڕۆژی عەڕەفەدا هاتووە، جۆرەکانی زۆرن، بە کوردییەکی سادە عەمەلی ساڵح واتە: کاری چاک و سازندە و بەکەڵک، وەک: سیلەی ڕەحم، هاوکاری هەژار، ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی خێردار، خوێندنەوەی کتێبێک، کارئاسانیی بۆ کەسێک، داشکاندنی نرخ لە لایەن دوکاندارێکەوە، سەعیکردنی قوتابییەک، داهێنانی داهێنانکارێک، پاککردنەی مزگەوتێک یان قوتابخانەیەک، یان نەخۆشخانەیەک، چاککردنەوەی پردێک یان ناتەواویی شوێنێکی گشتیی، ڕێنوێنیی و قسەی هیدایەت بۆ کەسێک، فەرمان بە مەعروفێک، قەدەغەی مونکەرێک، کاری چاکی سنعەتکارێک، کار و کاسپی حەڵاڵی کاسپکارێک، ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی ڕەوای سەرشان، نووسین یان ڕەنگڕێژکردنی پڕۆژەیەکی بەسوود.. ئەمانەو دەیان شتی تری لەم بابەتە، کە نییەتی تەعەببودیان لەگەڵ بوو، هەموو دەچنە خانەی عەمەلی ساڵح، بەپێی لێهاتنی کەسەکە.

٢- دیارە هەندێک زیكر و ئه‌وراد بۆ هەندێک کات باس کراون، ئەوانە تایبه‌تیی خۆیان هەیە و پاداشتی تایبەتییان هەیە، بەڵام بەگشتیی کە دوو وشەی عەمەلی ساڵحمان بیست، ده‌بێ زیهنمان بۆ هەموو ئەو شتانە و هاوشێوەیان بچێت، نابێ تەسکی بکەینەوە تەنها لەو پەرستشانەدا کە سوودیان بۆ خاوەنیانە.

٣- بە گشتیی کرده‌وه‌ ساڵحه‌کان دوو جۆرن: هەندێکیان تەنها پاداشتێکیان بەدواوەیە و بۆ خاوەنیان دەگەڕێتەوە. هەندێکی تریان لەگەڵ پاداشتەکە، سوودیشیان بۆ کەسانی تر تێدایە. دیارە ئەو کارانە لەپێشترن و پاداشتیان دوو بەرامبەرە، کە نەفعی عام و سوودی گشتییان هەیە.

٤- جا زانایانی مقاسدی وتوویانە: هەرکەس بەپێی توانایی و لێهاتنی خۆی، عەمەلی ساڵح بكات چاکترە، واتە: لەو ڕۆژە پیرۆزانەدا زیادەکار و هەوڵی جیاوازی هەبێت، بۆ نموونە وتوویانە: بۆ دەوڵەمەندێک: خێرکردنێکی بێ ڕیا، پاداشتی زیاترە، تاکو زیکرکردنێک کە بۆ کەسێکی تر ئەوەی لێ نایەت. یان بۆ زانایەک: گەیاندنی زانستەکەی لەپێشترە بۆی، تا نوێژێکی سوننەت کە بۆ کەسێکی تر گونجاوترە، کە هیچی تری لێ نایەت. یان ئینتاجی سنعەتکارێک لەپێشترە بۆی، تا کارێکی تری سوننەت و هەروەها. بۆیە وتووشیانە: بیرکردنەوەی (عالم)ێک لە یەک سەعاتدا، پاداشتی زیاترە لە عیبادەتی (٧٠) ساڵی (عابد)ێک.

٥- ئەم خاڵە یەکێکە لە هۆکارەکانی دواکەوتنی ئوممەتی ئیسلامیی لە پێشکەوتن و داهێنان و گەشەکردن، لە کاتێکدا پێشینان کارە گەورەکانیان لە مانگی ڕەمەزان و ڕۆژانی نۆمینەی حاجییاندا دەکرد، وەک: ڕووداوی بەدر، فەتحی مەککە، ئازادکردنی قودس، ئازادکردنی ئەندەلۆس، جەنگی عەین جالوت..هتد، بۆیە هەمیشە لە بەرەوپێشدا بوون. پیاوێکی وەکو سه‌لاحه‌ددین هەموو سوننەتەکانی دەکرد، بەڵام لە مەیدانی ڕووبەڕووبونەوەی دوژمن و بەدەم بیناکردنی خەستەخانە و قوتابخانە و حوکمڕانییەوە، نەک لە کونجی ماڵدا...!!

٦- بۆیە ئەمانەمان وت تاکو (عبادەت) و چەمکی (عەمەلی صالح) قەتیس نەکەین لە بازنەی ئەو بەشەدا کە پێی دەگوترێ (شعائر)، چونکە فەرموودەکە دەفەرموێ: (ما من أيام العمل الصالح فيهن أحب إلى الله من هذه الأيام العشر..).. کەواتە باسی هەر کارێکی چاک و سوودبەخش و بەرهەمهێنە، نەک جۆرێکی تایبەت. خوا تەوفیقمان بدات بۆ هەموو عەمەلێکی ساڵح، بەپێی لێهاتن و تواناییمان.

براتان: عمر عبد العزیز

٨/ذي الحجة/ ۱٤۲۲ی کۆچی