دیدێکی ئیسلامیی کوردستانی، مەسەلەی فەلەستین ھاوشێوەی مەسەلەی کوردستان و زیاتریش، بۆتە جێگەی چەندین مشتومڕ و ھەڵوێستگیریی نێوخۆیی و ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی. ئەوەی ئەم مەسەلەشی ھەستیارتر کردووە، ڕەھەندە ئایینییەکەیەتی، لە سۆنگەی تێکەڵبوونی مەسەلەی خاك و ڕزگاری بە قودس و مزگەوتی ئەقسا. ئەمەش وریا نەبین دەبێتە سەرچاوەی کێشمەکێش و ھەستیاری نێوخۆیی. لەکاتێکدا ڕەوا و ڕێپێدراو نییە، مەسەلەیەکی لەوجۆرە بۆ ئێمە لە کوردستاندا ببێتە مەسەلەیەکی نێوخۆیی و بەرامبەر یەکتری بەکاری بێنین.

بەڵام ئەمە ھەر بە قسە و ئامۆژگاری و دروشمی نەتەوەیی ڕوت نابێ، بەڵکوو پێویستی بە خستنەڕووی تێگەیشتنێکی ھاوسەنگە، کە لە دیدێکی ئیسلامیی کوردستانییەوە، ھاوسەنگی لەنێوان ھەردوو ھەستی ئیسلامی و ئینسانی و بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی ئێمەدا دروست بکات. ئەوەش ئەوەیە لەم وتارەدا و بەشێوەیەکی کورت لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا، ھەوڵی ڕوونکردنەوەی دەدەین:

١- ھاوپێناسەیی بۆ سروشت و ناوەڕۆکی مەسەلەی فەلەستین. کە مەسەلەیەکی ڕەوا و دادپەروەرانەیە، پرسی داگیرکاری و بێبەشکردنی گەلێکە لە ماف و ڕزگاری و پێکھێنانی قەوارەی سەربەخۆ. پرسیار خستنە سەرئەم ڕاستییە، لەسۆنگەی کێشەی ئێمە لەگەڵ ناسیۆنالیزی عەڕەب لە عێڕاق و سوریا و کاردانەوەی حساب‌بۆنەکراو خزمەت ناکا و کێشەکە بەناوخۆیی دەکا. لەبەرامبەرەوە وێناکردنی کێشەکە وەك کێشەیەکی دینی ڕووت ناڕاستە، لە شرۆڤەکردن و ھەڵوێستگرتنی سیاسیدا دوچاری ھەڵەمان دەکا، بەحوکمی ڕەھەندە سیاسی، نەتەوەیی، ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییە بەیەکداچووەکانی.

٢- جیاکردنەوەی ھاوسۆزی لەگەڵ ھەڵوێستی سیاسی. ھاوسۆزی بەشدارییەکی دەروونیە لەگەڵ مەسەلەکدا وھەڵقوڵاوی ھەستی موسوڵمانێتی و ئینسانی و ویژدانی ئەخلاقیی ئێمەیە. واتە ئێمە لە سۆنگەی ھاوبەشی ئیسلامی و ئینسانی و ئەخلاقیبوونمانەوە، ھاوخەمی خۆمانیان بۆ دەردەبڕین، نزای سەرکەوتن و کۆتایھاتنی ستەمی سەریان دەکەین. ئەم ھەستە کە دەربڕینی لە ئاستی تاکەکەسی و میللییەکەیدا  بە شێوەیەکی میانەڕەو سروشتییە و دەتوانرێ خزمەتیشی پێ بکرێ و لەکاتی خۆیدا کەم و کورتیی سیاسیشی پێ پڕبکرێتەوە، جیاوازە لە ھەڵوێستی فەرمی و سیاسی کە توانا و بوون و نەبوونی بەرژەوەندی و ڕێکەوتنی لەوەو پێشتر، ئاراستەی دەکەن. لانیکەمیشی پشتیوانی نەکردنە لە ستەمی سەر فەلەستینییەکان و لانی زۆری توانا و ھەڵسەنگاندن و شرۆڤە و بەرژەوەندی و زانیارییەکان دیاری دەکەن. لە دۆخێکی وەکو گەلانی ناوچەکە و کوردستاندا، سیاسەتمەداری ژیر ھاوسەنگی لەنێوان ھەست و ڕای گشتی و بەرژه‌وەندییەکاندا دێنێتە دی. یەکێ لە ھەڵەی چەپ و ئیسلامییەکان لەکاتی خۆیدا لەوەدا بوو، ھێندەی کاریان بۆمەسە لە ئایدۆژی و نێونەتەوەییەکان دەکرد، بەو ئەندازە ڕەچاوی بەرژەوەندی نیشتیمانی و ڕێسای (الاقربون اولي بالمعروف) یان نه‌دەکر؟! لەکاتێکدا دیدە فقھیە مێژووییەکەش لە دابەشکردنی زەکاتدا لەبازنەی نزیکەوە دەست پێ دەکا، دوای پڕکردنەوەی پێویستییەکانی بازنە نزیکەکە ڕێگە بە فراوانبوونی دەدات. چونکە نزیکترینەکان لەڕووی شەرعیشەوە مافیان بەسەرمانەوە زۆرترە. ڕەنگە لەکاتی کارەساتی زۆر گەورەدا بەکاتی ئەم بنەمایە دەستکاری بکرێت.

٣- ھەست بەکەمی نەکردن لەبەرامبەر گەلانی دراوسێ و دەرووبەردا. پێویستە ئیسلامی و گەلی موسوڵمانی ئێمە لەوە ھوشیارتر بن، بکەونە ژێر کاریگەری جەنگی دەروونی دەرووبەر و ھەست بەکەمیکردن بەرامبەر مەسەلەی فەلەستین و پیرۆزی یە ئایینییەکان. چونکە ھەر لە سەردەمی سەڵاحەددینی مەزنەوە تاکوو ئێستا،  کورد بێ مەرام و ڕاستگۆیانە لە ئاستێکی بەربڵاودا، یارمەتی فەلەستینییەکانی داوە، تەنانەت چەپێکی وەك ئۆجالان لەساڵی ١٩٨٢ لە بەیروت شانبەشانی چەکدارە فەلەستینییەکانی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین، دژ بە سوپای ئیسڕائیل جەنگاوە. بە ھاتوھاواری دەوڵەت و ڕژێمەکانی ناوچەکە تێنەکەوین، چونکە ڕابردوو سەلماندوویەتی، بەشی زۆری ئەم ھاوارە چەواشەکاری و بازرگانیکردنە بە ئازاری فەلەستینییەکانەوە. زۆربەیان پەیوەندی دیبلۆماسی و قەوارەی بازرگانی چەند ملیاری و ھاوپەیمانێتی جۆراوجۆریان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ھەیە. ئەوانەی پەیوەندی فەرمی و ئاشکراشیان نییە، چەندین جار ژێر بەژێر لەگەڵ ئیسرائیلییەکاندا دانیشتوون. بۆیە دەبێ ئێمەش بە درێژەدان بە ڕێبازی ڕاستگۆبوونی مێژووییمان وەك نەتەوەیەکی زەبرلێدراوی ئابڵۆقەدراو، بزانین چۆنا لەگەڵ ڕێزگرتن لە کەسێتی و ھەستی بەرزی ئیسلامیمان،  پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانمان دەکەین؟ لەڕووی سیاسییەوە کارێك ناکەین لەکاتێکدا لەڕووی مەیدانییەوە ھیچ سودێ بە فەلەستینەکان ناگەیەنین، بەزیان بەسەر خۆماندا بشکێتەوە.

٤- دەوڵەمەندیی زمان و دەربڕینی سیاسی، خزمەتمان دەکات. زمان وەزیفەی گەورەی ھەیە، ھەندێ جار دەتوانێ جێگەی ھەڵوێستی کردەیی بگرێتەوە.

بۆیە، لەکاتێکدا ھەرێم و سەرۆکایەتی و حکوومەتەکەی ئەرکیانە ڕەچاوی بەرژەوەندی و ھەستیاری و ھاوکێشەکان بکەن و لە سن ووری توانای خۆیاندا ھەڵوێست بگرن، دەیانتوابی لەھەمان چوارچێوەدا، بەزمانێکی بەھێزتر، ھەڵوێستی خۆیان ڕابگەیه‌نن، لە سۆنگەی نوێنەرایەتیکردنێکی باشتری ھەستی ھاودەردییەکە، کە تا ڕادەیەك بۆتە پرسێکی ڕای گشتی و ڕوویه‌کی تری بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکە پێک دەھێنێ. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی ھەرێممان دابڕشتایە، دەماننوسی: ئەم مەسەلەیە دەیان ساڵە درێژەی ھەیە، ماکەکانی شەڕ و توندوتیژی و ڕووداوە دڵتەزێنەکانی ئەمجارەش دەچنەوە سەر ئەو، مەسەلەکەش لە جەوھەردا سیاسییە و ئەستەمە بە شەڕوخوێنڕێژی چارەسەر بکرێ و ڕابردووش ئەوەی خستۆتە ڕوو، بۆیە چارەسەری بنەڕەتی والە دۆزینەوەی ڕێگەچارەی سیاسی ھەمیشەییدا، ھەر لەم چوارچێوەدا، ئێمە لە ھەرێمی کوردستاندا، داواکارین ھەرچی زوو کردە سەربازییەکان و شەڕ و خوێنڕێژی ڕابگیرێن، بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی مەدەنی و بێ دیفاع نەبنە قوربانی و کێشەکە ئاڵۆزتر و چارەسەرەکان پڕخەرجیتر نەبن. ھەروەھا چارەسەرنەکردنی کێشەی فەلەستین نەبێتە سەرچاوەیەکی  گەورەی ھەست بە بێبەشیکردن و توندڕەوی و ترۆر لە دەڤەرەکەدا، ھەربۆیە دوای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی لە چوارچێوەی مەرجەعیەتی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین و کۆتایھێنان بەم دۆخەی ئێستا و ئەم ململانێ خوێناویە دەکەین، کە زیاتر لەسەدەیە کە درێژەی ھەیە و گەلانی ناوچەکە باجێکی قورسیان لەپێناودا داوە، بەھەموو شێوەیه‌کیش ئیدانەی بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی و خانە و لانەی ھاوڵاتیان دەکەین. ھیوادارین تێکڕای دەوڵە توگەلانی ناوچەکەش یارمەتیدەر بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە و عادیلانە بۆ مەسەلەی فەلەستین و کوردستان و تێکڕای کێشەکانی تر، بۆ ئەوەی تواناکانمان بۆ گەشەپێدان و خێر و خۆشی کۆمەڵگەکانمان بەکار بێن و ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بکێشێ.

٥- فەلەستینییەکان لەمێژووی نوێیاندا سەرەڕای مەینەتی خۆیان، لە مەسەلەی کورد نزیک بوون. ڕێکخراوە چەپە فەلەستینییەکان لەھەفتا و ھەشتاکاندا، لەنزیکەوە و لە ھەرسێ ڕووی سیاسی و سەربازی و ئیدۆلۆژیەوە، یارمەتی یەکێتی نیشتیمانی و پەکەکە و ھەندێ ھێزی تریان داوە. لەم دواییانەشدا (خالید مەشعەل) وەك یەکێ لە دیارترین سەرکردە سیاسییە ئیسلامییەکانی فەلەستین، داوای لە ھەرسێ نەتەوەی فارس و عەڕەب و تورك کرد، دەستپێشخەربن لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد و مەسەلەی کوردستان، چونکە مەسەلەیەکی عادیلانەیە، ھەروەھا لەبەر ئەوەی خۆتان لە چارەسەرەکەدا بەشدار بن و بەسەرتانا نەسەپێنرێت و لەسۆنگەی ھەست بە لاوازییەوە ناچار بە قبووڵکردنی نەبن. لەولاوەش ئیسڕائیل لە ئێستادا واقیعێکە، دەوڵەت و نەتەوە بەھێزەکانی ناوچەکە ناتوانن نادیدەی بگرن چ جای نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتی وەك کورد و ھەرێمی کوردستان. خۆزگە ناوچەکە بەجۆرێکی تر بوایە و گەلانی موسوڵمان توانای چارەسەری کێشەکانی خۆیان ھەبوایە. ئەوکاتە ھەڵوێست و چارەسەرەکان بە جۆرێکی تر دەبوون.

٦- خزمەتیکردنی مەسەلەی کوردستان خزمەتکردنێکی ڕاستەقینەی موسوڵمانی کوردستانییە بە مەسەلەی فەلەستین و دادپەروەری ئیسلامی. لەپاڵ ھاوسۆزی و لەڕووە سیاسییەکەیەوە، ھەرکەس و ھێزێك دەیەوەێ، بە کردەوە خزمەت بە قودس و ئەقسا و مەسەلە ڕەواکانی ناوچەکە بکات، با بەدڵ و بەگیان خزمەت بە مەسەلەی کوردستان و چارەسەری کێشەی کورد و ڕزگاری و ھاتنەکایەی زلھێزیی کوردیی لە ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بکات. چونکە مێژوو سەلماندوویەتی، ئامادەیی کورد وەك ھێز، گەورەترین خزمەت بە کۆکردنەوەی تواناکانی نەتەوە موسوڵمانەکانی ناوچەکە و چارەسەری کێشەکانی دەکات. ھەربۆیە سەرکوتکردنی کورد و کردنەدەرەوەی وەك ھێزی سیاسی و سه‌ربازی و ئەخلاقی، لە مێژووی نوێی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، بێبەشکردنی لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، گەورەترین خیانەت بوو لە ئیسلام و تێکڕای نەتەوە موسوڵمانەکان و پێکھاتە و ناسنامەکانی تر و چارەسەرکردنی کێشەکانی.

بەبڕوای ئێمە بەم جۆرە تێگەیشتنە لە مەسەلەکە بەو شێوەی ئاماژەمان پێ کرد، دەتوانێ دیدێکی ڕوون و ھاوسەنگمان پێشکەش بکات. لەیەك کاتدا ڕێز لە ھەستی پاکی ئیسلامی و ئەخلاقی و ئینسانیمان بگرین، لەولاشەوە لەدیدێکی ئیسلامیانەی کوردستانیانەوە ھەڵسەنگاندن، بۆ دیاریکردنی ھەڵوێستەکان بکەین، وەك نەتەوەیەکی خاوەن دۆز و بەرژەوەندی، خزمەت بە پرس و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی نێوان خۆمان و میللەتانی ناوچەکە بکەین.

ئەبووبەکر عەلی(کاروانی)