هەموو ئینسانێک پێویستی بە زیچ و شادی هەیە و هەر شتێک کە پێویستیی ژیانی مرۆڤ بێ، مافی مرۆڤیشە. ئاساییە کە ده‌بێ کات و شوێنی وا هەبن کە مرۆڤەکان و بەتایبەت گەنجەکان بۆ ساتێکیش بێ، ماڵاوایی لە خەمۆکی و گرفتەکانی ژیان بکەن و دڵخۆش بن. شادی و کەیفخۆشی بەتایبەت لە بارودۆخی ئێستای ئێراندا وەک نانی شەو واجبە و کوردەواری کوتەنی وەک دەرمانی چاو ئێشەیە. چوارشەممەسوری یەکێکە لەو کاتانە و لەو ڕەسمە کۆنه کۆمەڵایەتییانە کە خەڵکێک لێک کۆ دەکاتەوە و تەوژمەکانی ناخیان هەڵدەوەرێنێ...

ئەما هەمیشە چونیەتیی بەڕێوەچوونی چوارشەممەسووری ڕەخنەی لێ گیراوە و داوای ڕاستكردنەوەی هەڵە و پەڵەکانی کراوە. ڕەخنەگرانی چوارشەممەسووری لە ڕوانگەی ئایینی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەوە ڕەخنەیان لەو دابە کۆنە کلتوورییە گرتووە.

به‌شێك لە کەسایەتییە ئایینییەکان پێیان وایە کە چوارشەممەسووری دابێکی ئایینیی زەردەشتییەکانە و ئاوری ئەو ڕۆژە وەکوو شتێکی پیرۆزی ئایینی چاو لێ دەکرێ و بەڕێوەبردنەکەی بە ناڕەوا دادەنێن و ته‌نانەت بەشێک لە ڕەوتە تووندئاژۆیەکان حوکمی کوفریش بۆ بەڕێوەبەرانی ئەو دابە دەردەکەن.

وه‌ڵام: بۆ زانیاری ئەو بەشە لە کەسایەتییە ئایینییەکان پێویستە ئەوە ڕوون کەینەوە کە چوارشەممەسووری نە ڕەسمێکی ئایینی زەردەشتییەکانە و نە ئاورەکەی بە پیرۆز دادەندرێ. "کوروش نیکنام" یەکێک لە گەورە موغەکانی زەردەشتی، لە دیمانەیەک لەگەڵ دەزگای ڕاگەیاندنی BBC دا ڕایدەگەیێنێت کە ئێمەی زەردەشتی هەرگیز لە کۆڵان ئاور ناکەینەوە و هەڵپەڕین بەسەر ئاوردا بە کارێکی نەشیاو و ناڕەوا و بێ ڕێزی بە ئاوری پیرۆز لە قەڵەم دەدەین. تەنانەت "جهانگیر اوشیدری" گەورەترین پیاوی ئایینیی زەردەشتی لە سەردەمی ژیانی (مؤبد مؤبدان)، لە لاپەڕەی 333 لە کتێبی "دانشنامە مزدیسنا" دا بانگەشە دەکا کە لە ئایینی زەردەشتی و ئێرانی کۆندا شتێک بە نێوی حەوتوو هەر نییە و ڕۆژانی حەوتوو هاوردەی ئەدیانی سامینە و چوارشەممەسووریش دابێکی عەڕەبانە کە بە ژیاری ئێرانییەوە لکێندراوە؛ چوون عەڕەب پێیان وایە کە چوارشەممه‌ ڕۆژێکی شوومە و بە هەڵپەڕین بەسەر ئاوردا دەیانهەوێ قەشقەی چوارشەممه‌یان لە خۆیان دوور کەنەوە. کورتی ببڕینەوە زەردەشتییەکان چوارشەممەسووری بە هی خۆیان نازانن و ئیتر جیاوازی نامێنێ کە ئەو دابە هی عەڕەبان بێ یا هی ئێرانی کۆن ... چوارشەممەسووری دابێکی ئایینی نییە، بەڵکوو کلتووری و کۆمەڵایەتییە و لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوەش بە کوفر و حەڕام داناندرێ.

بەشێک لە ڕەخنەگران لە ڕوانگەی نەتەوەییەوە پێیان وایە کە دەبێ جیاوازی بخەین لە نێوان ئاوری نەورۆز وەکوو دابێکی کۆنی کوردەواری لەگەڵ چوارشەممەسووری. ئەوانە چوارشەممەسووری بە دابێکی کوردەواری نازانن و بە هی فارسەکانی سەردەمی ئێرانی کۆنی دادەنێن و پێیان وایە بە ئامانجی پەتی ڕاگرتنی کلتووری کوردەواری، دەبێ هەر دابێک کە دابی ڕەسەنی کوردەواری نەبێ، خۆی لێ بپارێزین.

وه‌ڵام: بە لێکدانەوەیەکی مێژویی کە وەکوو خۆم پێی گەیشتووم، لەگەڵ ئەو ڕەخنە هاودڵم ئەما پێم وایە دابی وەکوو چوارشەممەسووری و یەڵدا کە دابی هاوردەن، لە کوردەواریدا ئەوەندە جێ کەوتوونە کە خۆلێپاراستنیان ئەستەمە و تەنانەت ڤالێنتاینیش خەریکە ئەو ڕێیە دەبڕێ. گەرچی جێی داخە، ئەما وابزانم لە سەردەمی گلۆبالیزمدا بۆ نەتەوەی کورد کە سەروەریی سیاسیی نییە و لە شەڕی ڕاگەیاندنیشدا دەکرێ بڵەین دەست بەتاڵە، خۆ ڕادەستکردن و تەسمیلبوون لە بەرامبەر دابی کلتووری هاوردە وەکوو ئەو دابانەی باسیان لێ کرا، شتێکی سەیر و سەمەرە نییە و خاوێنکردنەوەی داوێنی کلتووری کوردەواری لە داب و نەریتی لەو چەشنە، بە دەمارگرژی ناکرێ و پشووی درێژ و کاری پەروەردەیی درێژخایەنی پێویستە.

ئەما ڕەخنەی کۆمەڵایەتی لەسەر چوارشەممەسووری، ڕەخنەیەکی گشتگیرە و نیشانەی ماندووبوونی زۆرینەی چینەکانی کۆمەڵگایە لەو ناقۆڵایی و نالەباری و ناهەنجارییانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە ئەو دابە کۆنەوە لکێندراون.

وه‌ڵام: شێوازی ڕەسەنی بەڕێوەبردنی چوارشەممەسووری ئەوەیە کە لە بڵینداییەکان یا لە کۆڵاناندا ئاور دەکرێتەوە و خەڵک لێی دەهاڵێن و بەسەریدا باز دەدەن، دانەوێڵەی خۆراکی (آجیل) بڵاو دەکەنەوە و نەورۆزانە دەکەن، زەلـلـەک دەسووتێنن و شادمانی دەکەن. لە شوێنی جیاواز دابی جیاوازتریش بەڕێوەدەچێ. ئەما لە ساڵانی ڕابردوودا چەن دیاردەی زۆر قێزەون پەرەی ئەستاندووە کە بۆتە هۆی گورزوەشاندن لە ژینگە و ئاسایشی هاونیشتیمانیان و بەفیڕۆدانی سامان. بۆ وێنە:

ئاورکردنەوە بە تەگەری ماشێن

وەشاندنی هێلکە و تەنانەت بەرد و زبڵ و زاڵ لە ڕێبواری سوار یا پیادە

کڕین و تەقاندنەوەی تەقەمەنی.

ئەوانە چەن خوو و دیاردەی نەشیاون کە پێویستە هەموو شارۆمەندان زۆر بەرپرسیارانە هەڵسووکەوتی لەگەڵ بکەن و لە تەنیشتی بەبێ هەڵوێستی تێنەپەڕن. زۆر کەس نەخۆشیی پشوو و هەناسەبڕکێی لێیە و بە دووکەڵی لاستیک و تەگەر تووشی کێشە دەبێ. زۆر کەس لەماڵێ نەخۆشی هەیە و بە دەنگی تەقەمەنی ئاسایشی لێ هەڵدەگیرێ. زۆر کەس لەشساغی خۆی بە تەقەمەنی دەکەوێتە مەترسییەوە. زۆر کەس بە پێدادانی هێلکە و زبڵ و زاڵ تووشی زەرەر و گرفتاری دێ و بەتایبەت ئەگەر ئەو کەسە میوانی ناهاوزمان بێ، ناوزڕاندنێکی ناشیرین بۆ کوردەواری بەدوای خۆیەوە دێنێ. بەفیڕۆچوونی میلیۆنان و بگرە میلیارەها تمەن، ئەویش لەو قەیرانی سەختی دارایی ئێستادا، سەرباقی هەموو دەردانە.

لە ئەگەری درێژەی ئەو خوو و خدە نالەبار و نەشیاوانە، چوارشەممەسووری نەک نابێته‌ هۆی شادومانی و زڕاندنەوەی خەمۆکی لە کۆمەڵگا، بەڵکوو سیمایەکی ترسێنەر دەبەخشیتە شار و دێهاتەکان کە بە ڕوونی دژایەتیی ژیار و ژینگەی پێوە دیارە و تەنانەت زۆر جار سەردەکێشێ بۆ کاری دژە مرۆیی و کردەوەی تاوانبارانە و دژەیاسایی.

گەلێک دەتوانێ شانازی بە چاند و کلتووری خۆی بکا، کە بەرپرسانە لەگەڵ داب و نەریتەکانی کۆمەڵگایەکەی هەڵسووکەوت بکا. لە بەرامبەر کردەوەی نەشیاو هەڵوێست بگرێ، ڕاستیان کاتەوە و کردەوە ئەرێنییەکان پەرە پێ بدا. مەکۆی سەرەکیی پەروەردە بنەماڵە و خوێندنگایەکان و تا ڕادەیەکیش مزگەتەکانن. داوایەکی ڕەوایە کە لە دایک و بابان و مامۆستایانی خوێندنگا و مامۆستایانی ئایینیمان بوێ، بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە و پەڵەی چوارشەممەسووری ماندوونەناسانە هەڵوێست بگرن.

تکایە ...

موحەممەد جەماڵەددین واژی/ پەسوێ