پاش 42 ساڵ لە تێپەڕبوونی کارەساتی ناکازانی لە وڵاتی یابان، لە 7ی پووشپەڕ و لە ئێران، کارەساتی سەردەشت ڕووی دا. پێداچوونەوەی ئەم دوو کارەساتە دەتوانێ خاڵی زۆر گرینگمان پێ نیشان بدات. مەبەست لەم کورتە نووسینە، ئاوڕدانەوەیێکە لە بەستێنی کۆمەڵایەتی یابان و ئێران کە ئەو دوو کارەساتەی لێ کەوتەوە. 

لە 18ی گەلاوێژی ساڵی 1324ی ھەتاوی، بەرانبەر 9ی ئووتی 1945 زایینی، برینی بۆردومانی ئەتۆمی ناکازاکی، تەنیا سێ ڕۆژ دوای کارەساتەکەی ھیرۆشیما بە کوژران و برینداربوونی ھەزاران کەس، کولایەوە. بەڵام 10 ساڵی پێ نەچوو کە نەک شاری ناکازاکی، بەڵکوو وڵاتی یابان کەوتە سەر ڕێگەی گەشەکردن و گەلێ زیاتر لە ڕابردوو، بووژایەوە. چیرۆکی گەشەکردن لە یابان، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 19ی زاینیی.

لە وڵاتی ئێران ھێشتا 15 ساڵ لە کۆچی دوایی ئەمیرکەبیر تێپەڕ نەببو کە لە یابان، لە ڕێوڕەسمی ھەڵبژاردنی ئیمپڕاتۆر میجی، خودی ئیمپڕاتۆر، یاسایێکی 5 بڕگەییی دەر ده‌کا. لەو یاسانامەدا، وێڕایی دانانی مەجلیسی شۆڕایی و شوێنە گشتییەکان بۆ گۆڕینەوەی ڕاوبۆچوون و ڕاپرسی، لە ھەموو خەڵکی داوا دەکرێ کە لە بەڕێوبەرایەتی وڵات و سڕینەوەی یاسای تەشریفاتی ھاوکاری بکەن. ھەروەھا داوای کرد کە ھەموو دەرەتانی چینایەتی بۆ سڕینەوەی ناعەدالەتییەکان بەکار بگیردرێت و ھەموو یاسایێکی عادڵانەی سرووشتی، جێگری داب و نەریتی نادروست بێت. لە کۆتاییدا جەختی لەسەر ئەوە کرد کە ھەموو خەڵکی ھەوڵ بدەن بۆ بەدەستھێنانی عیلم و زانیاریی جیھانی تا بنەماکانی ئیمپراتۆرییەت بەھێز بکرێت.

گەشەکردن، پێویستی بە نەرم و نیانی و شلک‌بوون (انعطاف) ھەیە. خەڵکی ناکازانی و ھەموو یابانییەکان، لە کاتی شکستھێنان لە شەڕی جیھانی دووھەم ئەو نەرم‌ونیانەیان بە باشی نیشان دا. گەشەکردن، پێویستیی بە تێکۆشانێکی زۆر و کەم‌وێنە ھەیە کە تێکۆشانی یابانییەکان، بووەتە نوقڵی ھەر مەجلیسێک. گەشەکردن، پێویستی بە ھاوکاری چاک لەگەڵ خەڵکی و پاراستنی مافی لایەنی بەرانبەر ھەیە، لەکاتی قەیران و ڕووداوەکان، پاراستنی مافی یەکتر لە فرۆشگە و دوکانەکان، بە باشی خۆی دەنوێنێ. گەشەکردن، نیازی بە فەرامۆشی و لەبیرکردنە ... تەنانەت لەگەڵ دوژمنەکانیشت. وڵاتی یابان لەم بوارەدا شاکارێکی جیھانییە، بەو جۆرەی کە گۆڕستانەکانی ئەم وڵاتە پڕە لە تەرمی کوژراوانی ناوخۆ و بکوژەکانیان کە بێگانە و دەرەکین. 

گه‌شه‌کردن، نیازی به‌ ھاوکاری و ھاودڵیی لە نێوان لایەنی زۆرینە و کەمینەی دەسەڵاتدار ھەیە. دەتوانین ئەم ھاوکارییە بێ‌وێنەیە لە نێوان حیزبی زۆرینە لەگەڵ لایەنی کەمیینەدا ڕچاو بکەین. ئه‌م لایەنە باشترین ھەڵ‌ومەرج بۆ حیزبی کەمینە، دەڕەخسێنێ تا بتوانن لە سازو کاری ھێز و دەسەڵات لە ئاستی جیھانیدا بەشداری بکەن و ڕۆڵی دیپلۆماتیکی خۆیان بنوێنن. لەم چیرۆکی گەشەکردنەدا، مەودای نێوان ئێمە و وڵاتی یابان یەکجار زۆرە. مەودایێک کە ڕەنگە بە 100 ساڵیش تێپەڕ نەبێت.

کاتێک کە ماتۆڕی گەشە بکەوێتە ڕێ، ئیتر نە بۆمبی ئەتۆمی و نە شکستھێنان لە شەڕی نێونەتەوەیی و نە ھیچ لەمپەرێ، ناتوانێ سەر ڕێگای لێ بگرێت، بەڵکوو ئەم شکست و سەختییانە، ھێندەی دیکە بەھێزترمان دەکات، بەڵام کاتێ کە لە ڕێگای گەشەکردن ھەنگاومان نەنا، بۆمب و شکست‌ھێنان، سەد ھێندە دوامان دەخا. چیرۆکی گەشەکردن، لە وڵاتی ئێران و ھەر بەم پێیەش لە شاری سەردەشتی ئێمە، چیرۆکێکی خەماوییە. بە پێچەوانەی چاکسازییەکانی ئیمپڕاتۆر میجی (یان باشتر بڵێین شۆڕشەکەی میجی) کە ھاوکات بوو لەگەڵ شۆڕشی مەشرووتە لە ئێران، پاشاکانی قەجەر و ڕژێمی پەھلەوی، مەتەیان لە ڕیشەی شۆڕش نا و گەشەکردنیان نەزۆک کرد. پاش تێپەڕبوون لە ڕژێمی پەھلەوی و سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، ھێشتا ھەنگاوێکمان نەناوە. 

جەستەی نیوەزیندووی سەردەشت، پاش بۆردوومانی 7ی پووشپەڕی 1366، تووشی شۆک بوو و بەم شۆکە ھێندەی دیکە لە ئیشکردن دوا کەوت. ئێستا 35 ساڵ بەسەر ئەم کارەساتەدا تێپەڕیووە، بەڵام پێناسەکانی گەشەکردن لە سەردەشت، چەندین خاڵی ناحەزمان پێ نیشان ئەدەن کە ھۆکارەکەشی نەخۆشینێکی درێژخایەنە: بژیویی کەم، زۆرترین ئاستی بێکاری، دابەزینی ئاستی جەماوەر، کۆچکردن  و دەردی ئاوارەبوون، لەناوچوون بەھۆی خنکان لە کاتی قاچاخی مرۆڤەکان کاتێ لە زەریاکانی ئەورووپا و تورکیاوە تێپەڕ دەبن، جادە و بانی نالەبار و مەرگاوی، نەبووی بەستێنی باش بۆ ئاوەدانی ـ تەنانەت نەبوونی سەلاخخانەیەکی کارامە ـ بەشێکن لەم کەم و کورتییانە.

بەراوردکردنی سەردەشت نەک لەگەڵ شاری ناکازاکی، بەڵکوو لەگەڵ شارێکی وەک مەحه‌للات لە پارێزگای مەرکەزیی ئێران کە ئێستاکە وەکوو قوتبێک لە بەرھەمھێنانی گوڵ و گیای زینەتی دەناسرێت، ئاستی ئەم دواکەوتنەمان زیاتر پێ نیشان ئەدات. لە بارودۆخێکی وەک ئێستادا کە دەوڵەت لە بووججەدا ھەزاران ملیارد کەمی ھەیە و بۆ دابینکردنەکەشی کێشەی ھەیە و تووشی ناتەوانی بووە، دەبێ چاو لە دەستی کەسایەتیی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بکات تا بتوانن کێشەی خەڵکی حەل بکەن. جێگای پرسیارە کە سەردەشت بە ھەبوونی ئەو ھەمووە سەرچاوە سرووشتیەوە، بە ھەبوونی ئەو ئاو و ھەوا و سرووشت و بازاڕچەی سنووری و ھەبوونی نوخبە و سەرمایەی کۆمەڵایەتییەوە، ناتوانێ وەک شاری مەحەللات بجووڵێتەوە؟! بڵێی بە ھاوکاری نوخبە و خوێندکاران لەگەڵ بەرپرسانی وڵات، سەردەشت لە داوی فەقیری و کۆچکردن و دەیان گرفتی تر ڕزگاری نەبێت و ئەو کۆت و زەنجیرە بپسێ و لەم سەردەمی گەشەکردنەی ئێستادا، ڕێگای پێشکەوتن و سەرھەڵدان بگرێتە پێش؟