با دیندار و بێ‌دین و باوەڕدار و بێ‌باوەڕ و ڕەش و سپی و... بەیەکەوە بژین و ڕێز لەیەکتری بگرین و دوژمنایەتی یەکتر نەکەین و زۆریش ئاساییە ھەر یەکەمان چەسپاو و دامەزراو بین لەسەر مەبادییەکانی خۆمان و ھەر یەکەمان باوەڕی بە بیروڕاکانی خۆی ھەبێ و دەرگای گفتوگۆ و وتووێژ بکەینەوە بەسەر یەکتردا. ئەم ئایەتە لوتکەی بەیەکەوە ژیانە: «يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا» (حوجوڕات/١٣) ئه‌ی خه‌ڵکینه بێگومان ئێمه هه‌مووتانمان له‌ نێر و مێیه‌ک دروست کردووه (که ‌باوکه ‌ئاده‌م و دایکه حه‌وایه‌) و کردوومانن به‌ چه‌نده‌ها گه‌ل و تیره و هۆزی جۆربه‌جۆر، تا یه‌کتر بناسن و په‌یوه‌ندیتان خۆش بێ به‌یه‌که‌وه.

کەواتە با لەجیاتی دژایەتیكردن، یەکتر بناسین. لەجیاتی ڕەگەزپەرستی، یەکسانی بەرپا بکەین. لەجیاتی چینایەتی، دادگەری بڵاو کەینەوە. لە جیاتی ڕق، خۆشەویستی. لەجیاتی درۆ، ڕاستگۆیی. لەجیاتی ستەم، دادپەروەری. لەجیاتی دژایەتی، دۆستایەتی هه‌ڵبژێرین. ئەسڵ وایە ژیان ئاوابێ:

١. ھەموو کەس ئازادی ئایینی ھەبێ، ھەرکەس ئازادە چ ئایینێکی ھەبێ و کەس بۆی نییە زۆری لەکەس بکا بۆ ئایین گۆڕین و ھەر یەکێک لەوانە دەتوانن پەیڕه‌وی ئایینی خۆیان بکە، بۆنموونە کەنیسە و...، خۆیان ھەبێ و بەئازادی مومارەسەی ئایینداری خۆیان بکەن.

٢. ئازادی بیڕ و ڕا، ھەموو کەس ئازادە چۆن بیر دەکاتەوە...، ھەتا کەسی مولحیدیش ئازادە، وەک خوای گەورە دەفەرموێ: «فمن شاء فليؤمن ومن شاء فليكفر» واتە: کێ باوەڕ دێنێ با باوەڕ بێنێ و کێش باوەڕ ناھێنێ، با باوەڕ نەھێنێ و ئازادە، ھەرچەند مولحید بڕوای بە خوا و قوڕئان و پێغه‌مبەر و ئایین و دواڕۆژ و... نییە، بەڵام ئازدە و کەس ناتوانێ ڕێی لێ بگرێ و ئازادی لێ زەوت کات، بەو مەرجەی سنووری خۆی تێنەپەڕێنێ و سوکایەتی نەکات بە بەرامبەرەکانی.

٣. مافی ئابووری، ھەموو کەسێک دەبێ مافی ئابووری و کارکردن و ئیشکردنی ھەیە و نابێ ڕێگری لە ھیچ کەسێک بکرێ لەبەر ئایین و بیر و ڕای جیاواز.

٤. مافی سیاسی.

٥. مافی خاوەنداری ماڵ و موڵک.

٦. مافی خوێندن و بەدەستھێنانی زانست و زانیاری.

٧. مافی کۆمەڵایەتی.

٨. ڕێز، ھەموو کەسێک دەبێ ڕێزی تەواوی لێ بگردرێ و کەس نابێ بێ‌ڕێزی پێ بکرێ لەبەر جیاوازی ئایین و بیر و ڕا و دەنگ و ڕەنگی جیاواز.

٩. مافی ژیان، ھەموو کەسێک مافی ژیانی ھەیە.

١٠. یەکسانی بەرامبەری یاسا، ھەموو کەس وەک یەکە بەرامبەر یاسا، وەک پێغەمبەر (د.خ) فەرمووی: «وَايْمُ اللَّهِ لَوْ أَنَّ فَاطِمَةَ بِنْتَ مُحَمَّدٍ سَرَقَتْ لَقَطَعْتُ يَدَهَا» (بوخاری) (٣٤٧٥) و موسلیم (١٦٨٨) واته: ئەگەر فاتمەی کچم دزی کردبا، دەستم دەبڕی.

١١. یەکسانی بەرامبەر قەزا.

١٢. یەکسانی بەرامبەر وەزیفە و تەعیینبوون.

١٣. یەکسانی نێوان ژن و پیاو، پیاو و ژن یەکسانن، یەکسانن بەرامبەر خوا و خەڵک و ئایین و حکومەت و دەسەڵات و سیاسەت و ئابووری، ژن و پیاو لە تێڕوانینی ئیسلامدا ھیچ جیاوزییه‌کیان نییە و کەسیان لە کەسیان بەڕێزتر و گەورەتر نییە، بەڵکوو گەورەیی بە خواناسی و تەقوا و خۆپارێزی و ئەخلاقە، وەک خوای گەورە دەفەرموێ: «إن أكرمكم عند الله أتقاكم».

١٤. ڕەچاوکردنی لێھاتوویی و کارامەیی لە پلە و پۆست.

١٥. دژایەتی کردنی گەندەڵی و خراپەکاری، واجبە لەسەر ھەموو کەسێ لە ئاست خۆی و بەپێی توانای خۆی دژایەتی گەندەڵی بکات، وەک پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێ: «من رأى منكم منكراً فليغيره بيده، فإن لم يستطع فبلسانه فإن لم يستطع فبقلبه وذلك أضعف الإيمان».

١٦. دژایەتیکردنی زوڵم و ستەم، واجبە ھەر کەسەو لەئاست خۆی و بەپێی توانای خۆی دژایەتی زوڵم و ستەم بکات، بەڵام بەحکمەت و لێزانی نەک بەکوێرانە، بۆیە پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێ: «أفضل الجهاد: كلمة حق عند سلطان جائر» باشترین جیھاد کەلیمەی حەقە لەلای دەسەڵات دارێکی زاڵم.

١٧. ژنان بۆیان ھەیە بەژداری تەواو و کارایان ھەبێ لە کایە جیاوەزەکانی پەروەردە و فێرکردن و فێربوون و ئابووری و حکوومەت و دەسەڵات و...

١٨. ھیچ کەس مافی دەستدرێژی بۆ کەسی بەرامبەری نییە، ھەرکەسێ دەستدرێژی بکات، دەبێ بە ئەندازە و ڕێکاری تایبەتی خۆی سزا بدرێ.

١٩. پێکەوە ژیان، نابێ ئایین و بیر و ڕا و بۆچوون و ڕەنگودەنگی جیاواز پێکەوە ژیان و بەیەکەوە ژیان تێک بدات و دوژمنایەتی دروست کات، بەڵکوو پێویستە ھەموویان بەیەکەوە بژین، ژیانی پێغەمبەریش(د.خ) مەزنترین نموونەی ئەو پێکەوەژیانەیە.

٢٠. پەیوەندی ھەبوونی وڵات و کۆمەڵگەی موسوڵمان بە وڵات و کۆمەڵگە جیاوازەکانی جیھان.

٢١. دەرگاکردنەوە و واڵاکردنی وڵات و کۆمەڵگە بەسەر جیھان و سوودبینین لە شارستانییە جیاوازەکان و سوودبینین لە زانست و...

٢٢. یارمەتی دانی موسوڵمانان لە نێوان خۆیان و غەیری خۆیان، ھەتا ئەگەر بیر و ڕاشیان جیاواز بێ، یان کەسێکی دوورەدەست لەوسەری دونیا پێویستی بە یارمەتی ھەبێ و کارەکەی مەشرووع بێ، پێویستە یارمەتی بدرێ.

٢٣. کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئایین و بیر و ڕا جیاوازەکان بە ئازادانە، ئیسلام ھەرگیز نەترساوە و ناشترسێ لە گفتوگۆ و گەنگەشەکردنی پرس و بابەتە جیاوازەکان، بۆیە پێویستە دەرگا واڵا کرێ بۆ ھەموو بیر ڕا جیاوازەکان، خوای گەوەر ڕێی بە شەیتان دا گفتوگۆی لەگەڵدا بکات و ھەمووشی تۆمار کردووە لە قوڕئاندا و ئەو گفتوگۆیە ھەتاھەتایە دەمێنێتەوە، بۆیە ئەگەر بڕوانییە قوڕئان پڕیەتی لە گفتوگۆی نەیاران و دوژمنان، کەواتە ئەگەر دوژمنیشت بێ، مافی گفتوگۆی ھەیە و دەبێ بواری تەواوی پێ بدرێ کە بیر و ڕای خۆی دەرببڕێ بەبێ ھیچ فشار و...

٢٤. ئازادیدان بە ڕێبازە جیاوازەکان، ڕێبازە جیاوازەکان ناو ئیسلام، بۆ نموونە ھەرکەس ئازادە لەڕووی فیقھیەوە پەیڕەوی چ مەزھەبێک دەکا، (حه‌نه‌فی، مالکی، شافعی، حه‌نبه‌لی،...) و لە عەقیدەدا (ئەشعەری، ماتریدی، سه‌له‌فی،...) و ھەروەھا مەزھەبەکانی تریش، واتە کەس بۆی نییە مەزھەبێکی فکری و عەقیدەیی یان فیقھی و تەزکییەیی و تەسەووفی زاڵ کات و ھەروەھا بۆ ئایینەکانی تریش ئازادن پەیڕەوی لە چ مەزھەبێکی خۆیان دەکەن، بۆ نموونە نەسڕانییەکان ئازادن لە (كاسوليكی، ئه‌رسه‌كس، بروتستانت).

کەواتە بەکوردی و بەکورتی دەبێ (ئازادی) و (دادگەری) و (ڕێز) و (یەکسانی) و (برایەتی و تەبایی)، پارێزراو بن و ھەرشتێ دژی ئەوانە بن، دەبێ بەپێی ڕێکار و ڕێ و شوێنی خۆی دژایەتی بکرێ و ڕێی لێ بگیردرێ. تێبینی: بەڵگە بۆ ئەوەی کە ئیسلام باوەڕی بە پێکەوە ژیان ھەیە، ئەوەیە کە بڕواننە ھەموو وڵاتانی ئیسلامی، ھەموو ڕەنگ و ئایینە جیاوەزەکانی تێدا بوون، بڕواننە کوردستانی خۆمان (مەسیحی و جولەکە و ئیزیدی و...) ھەبوون و ھەشن و بە ھاوڵاتی پلە یەکیش چاویان لێ کراوە و پەرستگا و شوێنە ئایینییەکانیشیان ماوە و پارێزگاریان لێ کراوە.

نووسه‌ر: م. سه‌لاحه‌ددین ئه‌حمه‌د