قوڕئان، فێربوونی کتێب (قوڕئان) و زانست وه‌ک یەکێک لە ئامانجەکانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام(د.خ) ئاماژه‌ پێ ده‌کا. پێغه‌مبه‌ر(د.خ) به‌م چه‌شنه خۆی ده‌ناسێنیت و ده‌فه‌رموێ: «إنَّما بُعثتُ مُعَلِّماً» واته: «من وه‌ك مامۆستایه‌ك نێردراوم».

یه‌كه‌م وشه‌یه‌كیش كه له‌ قوڕئانی پیرۆز دابه‌زیوه‌، «اقراء» به‌ واتای «بخوێنه» بوو. له‌ قوڕئانی پیرۆزدا زیاتر له‌ ١٥٠٠ وشه‌ له‌ وه‌رگیراوه‌ی (علم) زانست و هاوواتای ئه‌و هاتووه‌. مێژوونووسان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه به‌ هاتنی ئیسلام، سه‌رده‌می ته‌قینه‌وه‌ی زانست و فێركاری ده‌ستی پێ كرد. له‌ فه‌رمووده‌یه‌ك كه بوخاری گێڕاویه‌تییه‌وه‌ هاتووه‌ كه : «كه‌سێك كه به‌دوای زانستدا ده‌ڕوا، ڕێگاكه‌ی به‌ره‌و به‌هه‌شت ڕاسته‌ڕێ كردووه‌».

له‌ فه‌رمووده‌یه‌كی تر له‌ ڕیوایه‌تی ترمزیدا هاتووه: ‌«إنَّ اللهَ و مَلائِکَتَهُ و أهلَ السَّمَواتِ و الأرضَینَ حتّی النَّملَةَ فی جُحرِها و حَتّی الحوتَ لَیُصَلُّونَ عَلَی مُعَلِّمِ الناسِ الخَیر» واته: پێگومان خوا و فریشته‌كان، ئه‌هلی ئاسمانه‌كان و زه‌وی و ته‌نانه‌ت مێرووله‌ له‌ هێلانه‌كانیان و ماسییه‌كان له‌ زه‌ریاكاندا بۆ كه‌سانێك كه كاری خێر فێر ده‌كه‌ن، دوعای خێر ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها فه‌رمووی: «فَضلُ العالِمِ عَلَی العابِد کَفَضلِی عَلَی أدناکُم» واته: له‌سه‌رتری زانا له‌هه‌مبه‌ر په‌رستكار، وه‌ك له‌سه‌رتری من له‌ئاست كه‌مترینی ئێوه‌یه‌.

پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له‌ته‌واوی بواره‌كانی ژیانی نموونه و پێشه‌نگی ئێمه‌یه‌، له‌سه‌رمانه كه‌ له‌بواری فێربوونی زانست و زانیاریش چاو له‌وی بكه‌ین. كاتێك كه له‌ شه‌ڕی به‌در ٧٠ كه‌س له‌ موشریكان به‌دیلی موسوڵمانان گیران، دوای ڕاوێژ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵان بڕیار درا كه هه‌ر دیلێكی كه توانایی ماڵی هه‌بێ، له‌ به‌رامبه‌ر ٤٠٠٠ درهه‌م ئازاد بكرێ و ئه‌و دیلانه‌ش كه توانایی ماڵیان نییه‌ به‌ڵام خوێنده‌وارن، له‌به‌رامبه‌ر ئازادبوونیاندا، خوێندنه‌وه‌ و نووسین فێری ١٠ كه‌س له‌ موسوڵمان بكه‌ن.

شه‌پۆلی فێربوون كه به‌ «اقرا» له‌ مه‌ككه‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد، بۆ سه‌رتاسه‌ری دونیا په‌ره‌ی سه‌ند و مه‌دینه و حه‌به‌شه‌ و عه‌ڕاق و میسر و ئاسیای ناوه‌ندی و ڕۆژهه‌ڵات و ئیسپانیا و ڕۆژاوا و زیاتر له‌ هه‌زار ساڵ وه‌ك ناوه‌ندی خوێندن و فێركاری و زانست مایه‌وه‌.

ئافره‌تانیش له‌و نیعمه‌ته‌ بێ‌به‌هره‌ نه‌مانه‌وه‌، بۆ نموونه خاتوو عایشه‌(خوا لێی ڕازی بێ) زیاتر له‌ دووهه‌زار فه‌رمووده‌ی له‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ) گێڕایه‌وه‌. پێغه‌مبه‌ر(د.خ) به‌ فه‌رمووده‌ی «أُطلُبُوا العِلمَ وَ لَو بالصِّین» واته: «فێری زانست بن هه‌رچه‌ند له‌ چینیش بێ»، فێری موسوڵمانانی كرد كه بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانست ته‌نانه‌ت پێویسته له‌خزمه‌تی ناموسوڵمانانیش و له‌ دوورترین شوێنه‌كانیش له‌ئاست نیمچه‌دوڕگه‌ی عه‌ڕه‌ب زانست فێر بن.

پێغه‌مبه‌ر(د.خ) كاتێكی دیاریكراوی بۆ فێربوون دانه‌نا، به‌ڵكوو فه‌رمانی به‌ موسوڵمانان كرد كه له‌سه‌ر لانكه‌وه‌ تاكوو ناوگۆڕ به‌دوای زانست دابن و فه‌رمووی: «أُطلُبُوا العِلمَ مِنَ المَهدِ الیَ اللَّحدِ». هه‌روه‌ها ئه‌و فێربوونی زانستی له‌سه‌ر ئافره‌ت و پیاو به‌پێویست زانی و فه‌رمویه‌تی: «الحکمة ضالة المؤمن فحیث وجدها فهو أحقُّ بها» واته: حیكمه‌ت، ونبووی بڕواداره‌ و له‌هه‌ر شوێنێك كه بیدۆزێته‌وه‌، شایسته‌یه‌ كه له‌پێش هه‌موو كه‌سدا به‌ده‌ستی بێنیت.

پێغه‌مبه‌ر(د.خ) فێری موسوڵمانانی كرد كه مافی ئه‌وه‌یان نییه كه ته‌نیا به‌خاتری زانست به‌دوای زانستدا بڕۆن. به‌ڵكوو پێویست به‌ ئامانجی ناسینی خوا و ئاسووده‌یی مرۆڤایه‌تی فێری زاسنت بن. پێغه‌مبه‌ر(د.خ) هات و شۆڕشێكی هزریی پێك هێنا كه به ‌به‌ره‌كه‌تی ئه‌و، بیری كۆنه‌په‌رستی جێی خۆی به‌ تاوتوێی بابه‌تییانه، ڕاستبینانه و بیرسایی دا و به‌پێی وته‌ی «پیرنه» ئیسلام ڕۆخساری جیهانی گۆڕی و نیزامی سوننه‌تی مرۆڤی تێك دا.

كاتێك كه پێغه‌مبه‌ر(د.خ) چۆ ناو مزگه‌وتێك كه كۆمه‌ڵێك له‌وێ خه‌ریكی فێربوونی زانست بوون و تاقمێكیش سه‌رقاڵی په‌رستش، فه‌رمووی: هه‌ر دوو لایه‌ن كاری خێر ده‌كه‌ن، به‌ڵام من پێم خۆشه‌ له‌ كۆڕی ئه‌وانه دانیشم كه خه‌ریكی فێربوونی زانستن، چونكه من ڕه‌وانه كراوم تاكوو كتێب و حیكمه‌ت فێری خه‌ڵكی بكه‌م.

نووسه‌ران: دلێر عه‌بباسی و لوقمان حه‌سه‌ن پوور