وەزیری پێشووی ئیتلاعاتی ئێران کە وەک "یاریدەدەری باڵای سەرکۆمار بۆ کاروباری کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان" دیاری کراوە باسی لە بەرنامەکانی داهاتووی خۆی بۆ چارەسەری پرسی کەمایەتییەکان کردووە.

عەلی یونسی، لە یەکەم وتوویژ پاش راسپێردرانی بۆ ئەو ئەرکە بە رۆژنامەی ئارمان"، چاپی تارانی رایگەیاندووە کە بە زوویی گرووپی کاری تایبەت بە کەمایەتییە نەتەوەییەکان پێک دێنن و لەم رێگەوە گرینگی زیاتر بە گەشەپێکردنی ناوچەگەلێک وەک سیستان و بەلووچستان و کوردستان دەدەن.

یونسی لەسەر ئەو باوڕەیە کە ئەگەر شارۆمەندان بە مافی تەواوی خۆیان بگەن، پرسی کەمە نەتەوەکانیش چارەسەر دەبێت و پێشی وایە کە سەرکۆماری ئێستای ئێران، تێگەیشتنی باشی لە کێشەی هاووڵاتییان هەیە و بۆ وێنە گەیشتنی کەمە نەتەوەکان بە مافەکانیان لە سەروی لیستی ئامانجەکانی دایە.

وەزیری پێشووی ئیتلاعات و راوێژکاری ئێستایی رووحانی لە کاروباری کەمە نەتەوە و ئایینییەکان، کورد، بەلووچ و زەردەشتییەکان وەک "ئێرانی هەرە رەسەن" پێناسە کردووە و وتوویەتی کە چارە تەنیا ئەوەیە کە هەموو شارۆمەندان مافی یەکسانیان هەبێ، جیاوازییە ئێتنیکی و ئایینییەکان رێزیان لێ بگیرێ و ئەو جیاوازییانە نەک وەک هەڕەشە و مەترسی بەڵکوو وەک جوانی و دەوڵەمەندی ئێران ببینرێن.

یونسی پێی وایە کە دەستووری ئێران دانی بە مافی کەمایەتییەکان ناوە بەڵام کێشە روانگەی توندی هەندێک کەس و بەڕێوەبردنی سەلیقەیی یاساکانە کە بۆتە هۆی زەرەرمەندی و بێ بەشی کەمایەتییەکان.

ناوبراو لە بەشێک لە وتەکانیدا رەتیکردۆتەوە کە کێشەی کەمایەتییەکان بەهۆی پاشخانی ئایینی و ئێتنیکییان بێت بەڵکوو کێشەی لەم چەشنە لە زۆر وڵاتی تردا هەیە.

گرینگیدا بە گەشەکردنی ناوچەی کەمایەتییە نەتەوەییەکان، کەمکردنەوەی ئاستی هەژاری و بەشدارکردنی کەمایەتییەکان لە بەڕێوەبەری و سپاردنی پۆستە ئیدارییەکان پێیان، بەشێک لەو بەرنامانەن کە یونسی و تیمەکەی بەنیازن ئەنجامی بدەن.

عەلی یونسی لە بەشیک لەم وتووێژەیدا وتوویەتی کە روانگەیەک لە ناو دەسەڵاتدارانی ئێراندا هەیە کە کەمایەتییەکان بە مەترسی دەزانێ و پێی وایە کە ئەگەر دەستیان ئاوەڵا بهێشترێتەوە، گووشار دەخەنە سەر حکوومەتی ناوەندی و دەرفەت بۆ جیابوونەوە دەخوڵقێنن بەڵام بەقسەی ئەو، نابێ کەمایەتییەکان پەراوێز بخرێن و بەڵکوو دەبێ رێگە بە گەشەسەندنی ناوچەکانیان بدرێ و لەم رێگەوە یەکگرتوویی نەتەوەیی بەهێزتر بکرێ.

ناوبراو دەڵێ دەبێ حیسابی کەسانی سەر بە بێگانە و توندڕۆکانی دوو لایەنی سووننی و شیعە لە زۆرینە جیابکرێتەوە و پێش بە توندڕۆیی، دووبەرەکی و ئاژاوەنانەوە بگیرێ تا رێگە نەدرێ سووکایەتی بە کەمایەتییەکان بکرێ.

حەسەن رووحانی، لە سەردەمی پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردنی سەرکۆمارییدا، بەڵێنی بە کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان دابوو کە مافەکانیان دابین دەکات و کۆتایی بە هەڵاواردنیان دێنێت.

چاوەڕوان دەکرا کە ناوبراو وەزیر یا لانیکەم جێگرێک سوننی یا لە کەمە نەتەوەکان دیاری بکات بەڵام نەتەنیا ئەوکارەی نەکرد بەڵکوو وەزیری پێشووی ئیتلاعاتی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەمایەتییەکان دیاری کردووە.

هاوکات ئەگەری دیاریکرانی پارێزگاری کورد بۆ ورمێ، سنە و کرماشان لەم دواییانەدا بۆتە جێگەی مشتومڕێکی زۆر.