ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح گوتی: بناولێدەریی لە دەریای بێ بنج و بناوانی پەیام و سرووشی ئاسمانیدا هیچکات کۆتایی نایە و موعجیزە ئەبەدی و جیهانییەکانی قوڕئانی پیرۆز بە بەردەوامی گەلێک ئاسۆ و دیمەنی جیاواز و نەدیتراوە دەخاتە بەرچاوی ڕێبوارانی ڕێگای قورئان و لێکۆڵەرانەوە.   

بە پێی ڕاپۆڕتی ئیسلاح وێب، دوکتور عەبدوڕەحمان پیرانی، وەک دەرچووی قوتابخانەی زانستە ئایینییەکان و ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح -کە یەکێکە لە ڕێکخراوەکانی سوننەمەزهەبی ئێران-، پاش بڵاوبوونەوەی وەرگێڕاوە نوێیەکەی قورئانی پیرۆز لە لایان پسپۆڕانی سوننەمەزهەبەوە سەبارەت بە چوارچێوە و ئامانجەکانی ئەو بەرهەمە لە میانەی وتووێژێکدا بابەتگەلێکی ئاراستە کرد کە لە درێژەدا دەقی وتووێژەکە خراوەتە بەردەم خوێنەرانەوە:  

 -ئامانج لە وەرگێڕانی قورئان چییە؟

قورئانی پیرۆز لە باوەڕی دینی ئێمەدا نوور، جیاکەرەوەی حەق لە ناحەق، پەیامێکی ئاشکرا، ڕێنوێن و ڕوح و باشترین بەرنامە و ڕێبازی ژیانە، جا بە مەبەستی گەیشتن بە جیهانبینییەکی دروست و سەرکەوتن لە ڕەوگەی ڕاهێنان و چاکسازی و باشکردنی بوارگەلی فەرهەنگی و ئەخلاقی خۆمان و خەڵک، ئاوێتەبوون لەگەڵ ئامۆژگارییە بەرزەکانی پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. سەرەڕای ئەوەی کە تێگەیشتن  لەم پەیامە ئاسمانییە سانایە و ئەستەم و دژوار نییە بەڵام وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز هەنگاوێکە بۆ ئاسانکاری بە مەبەستی تێگەیشتنی زیاتری هەموو بەردەنگێک و هەوڵێکە بۆ گەیاندنی ئامانجە ڕەبانییەکان و ئامۆژگارییە ئاسمانییەکان. بناولێدەری لە دەریای بێ بنج و بناوانی پەیامی ئاسمانیدا هیچکات کۆتایی نایە و سەرەڕای ئەوەش کە تا ئێستا گەلێک دوڕ و گەوهەری پڕبایەخ لە زەریای پڕ لە زریوەی وەرگێڕان و ڕاڤەی قورئاندا دۆزراوەتەوە بەڵام بە هۆی مەزنی و  موعجیزە ئەبەدییەکان و جیهانیبوونی قورئانی پیرۆز، بە بەردەوامی گەلێک ئاسۆ و دیمەنی جیاواز و نەدیتراوە لە بەردەم ڕێبوارانی ڕێگای قورئان و لێکۆڵەراندا هەیە.

 - جیاوازی لەنێوان ئەم وەرگێڕاوەیە وەررگێڕاوەکانی تر لە چیدایە؟

گەرچی تا ئێستا گەلێک وەرگێڕاوەی جۆراوجۆر لە قورئانی پیرۆز بە زمانی فارسی خراوەتە بەردەم خوێنەران  کە هەرکامیان پوان و باشی خۆیان هەیە، بەڵام هەوڵی جیاواز لە بەستێنی وەرگیڕاوەدا بە بەردەوامی پێویستە و هیچ وەرگێڕاوەیەک لە قورئانی پیرۆز ناتوانێ کۆتا قسە و ئاخرین هەوڵ لەم بوارەدا بێت، چونکە سەیروسەمەرەکانی قورئانی پیرۆز بێبڕانەوەیە.

لەم وەرگێڕاوە نوێیەدا هەوڵ دراوە وێڕای کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونەکانی پێشوو، بە تایبەت ئەو وەرگێڕاوانەی کە لەو چەند دەیەی ڕابردوودا بڵاو کراونەتەوە، ڕەخنە و تێبینییەکان ڕەچاو بکرێن و لە کەموکورتییەکانی بواری فەنی و واتایی دووری بکرێ. 

- چ تایبەتمەندییەک لەم وەرگێڕاوەیەدا هەیە کە بۆتە هۆی جیاوازی ئەم بەرهەمە لەوانی تر؟

ئەو بابەتانەی کە ئەو دەقە لەوانی تر جوێ دەکاتەوە یەکیان ئەوەیە کە ئەم وەرگێڕانە بە کۆششی تاقمێک لە وەرگێرەکان خراوەتە ڕوو کە بە گفتوگۆ و هاوفکری و بەشداری چالاکانە بەرهەم هاتووە، هەر بۆیە هیوادارین کەمترین هەڵەی تێدا بێت. دووهەمینیان ئەوەیە کە هەر شتێکی وا لەو وەرگێڕاوەیەدا هاتووە، وەرگێڕاوی واتای پەیڤ و لەفزەکانی قورئان لە ڕادەی ئاستی دەرک و تێگەیشتن و واتاهەڵێنجانی کەسانی وەرگێڕە. سێهەمیان ئەوەیە کە لەم وەرگێڕاوەیەدا هەوڵ دراوە ئاستی جیاوازی بەردەنگان ڕەچاو بکرێ، چونگە ئامانجی سەرەکی وەرگەڕاندن تێگەیاندنی بەردەنگانە لە واتای ئایەتەکان. بۆ باشتر تێگەیشتن لە واتای ئایەتەکان لە هەر شوێنێک پێویست بووبێت لە ڕستە و دەستەواژەی زیاتر کەڵك وەرگیراوە، پاشان بە وردبوونەوە لە تەفسیرگەلی جیاواز و هەروەها بەپێی ئایەتەکانی پێشتر و دواتر، یەکێک لە ڕەهەندەکانی تەفسیر هەڵبژێردراوە و لە وەرگێڕاوەکەدا ڕەچاوە کراوە. 

 -لە کام وەرگێڕاو و تەفسیر و ڕاڤەگەلێک بۆ بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە کەڵکتان وەرگرتووە؟ 

لەم وەرگێڕاوەدا لە تەفسیرگەلێکی جۆراوجۆر کەڵک وەرگیراوە کە ئەژمارێکیان بریتین لە: [زاد المسير في علم التفسير نوشتەی عبدالرحمن ابن‌الجوزی، المحرر الوجيز في تفسير الكتاب العزيز نوشتەی ابن‌عطیّة، البحر المحیط في التفسیر اثر ابوحیان اندلسی، الکشّاف عن حقائق غوامض التنزیل جارالله زمخشری، أنوار التنزیل و أسرار التأویل قاضی بیضاوی، تفسير الراغب الأصفهاني، جامع البیان فی تأویل القرآن کریم امام طبری،  معالم التنزيل في تفسير القرآن(تفسير البغوي) از البغوي، مدارک التنزیل و حقائق التأویل النسفي، التحریر والتنویر ابن‌عاشور، روح المعانی آلوسی، فی ظلال القرآن سید قطب و الجامع لأحکام القرآن امام قرطبی] 

-ئەو کەسانەی کە ئێوەیان لەو کارە گرینگە یارمەتی داوە و هاوکارتان بوون کێ بوون و ئەم بەرهەمە لە کام دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە؟

لەم پڕۆژەیەدا، بەڕێزان دوکتور مەحموود وەیسی و دوکتور قادر قادری کە هەردووکیان ئێستا لە مامۆستایانی زانکۆن و کاتی خۆی دەرچووی حوجرە و قوتابی و خوێندکاری زانستە ئاینییەکان بوون، هاوکاریان کردووین. بەڕێز مەسعوود ئەنساری کە یەکێکە لەو کەسانەی وا لەسەر بابەتەکان قورئانییەکان لێکۆڵینەوە دەکات و لە ئاستی ئێراندا لەم بوارەدا هەڵکەوتوویە، هەڵەچنی و ئێدیتی کارەکەی لە ئەستۆ بووە. بەرهەمەکە لە لایان دەزگای ئۆفۆقی عیلم لە چاپ دراوە کە جێی خۆیەتی سپاسی کارگێڕانی ئەو دەزگایە بەتایبەت بەڕێز داوود ناروویی بکەم و لە خودام داوایە هەرچی زیاتر لە بەستێنی ئەو خزمەتگوزارییە فەرهەنگیانە ڕۆژ بە ڕۆژ سەرکەوتووتر بێت.  

-لە کۆتاییدا ئەگەر قسەیەک ماوەتەوە بیفەرموون؟

بێگومان ئەم وەرگێڕاوەیەش بە لەبەرچاوگرتنی کەموکوورییە زاتی و ئاساییەکانی مرۆڤ هەڵە و لاوازیگەلێکی هەیە، هەر بۆیەش لە هەموو قەڵەم بەدەستان و خاوەن بیر و شارەزایەک داوا دەکەین ڕەخنەکانیانمان وەک دیارییەک بە خەڵات بۆ بنێرن. 

لە بارەگای خوداوەندی مەزنیش دەخوازین بە لوتف و کەرەمی خۆی ئەم هەوڵ و کۆششە کورت و موختەسەرەمان لێوەرگرێ، بەڵکوو ببێتە تۆشووی ئاخرەت و هۆکار و سەبەبێک بۆ لێخۆشبوون لە تاوان و کەمایەسییەکانمان بێت.