شێخی پیران و ھەڵوێست بەرامبەر قڕکردنی ئەرمەن وەك نموونە

شێخ سەعیدی پیران لە بەرامبەر ھەوڵەکانی حکومەتی (ئیتیحاد و تەرەقی) بۆ قڕکردنی ئەرمەنەکان لە سەروبەندی جەنگی جیھانی یەکەمدا، فتوایەکی مێژویی دەردەکا و بەوەش خزمەتێکی گەورە بە ئیسلام و کورد و ھەق و دادپەروەری دەکات. لە دەقی فتواکەی شێخی پیراندا ھاتووە؛ (هەركەسێك ئەرمەنيیەك بكوژێت وەك ئەوەيە موسوڵمانێكی كوشتبێت، داواتان لێ دەكەم بيانشارنەوە و ڕزگاريان بكەن لە دەست دوژمنكارانى توركيا، هەردەست درێژيیەك بۆيان حەرامە).

ئەم فتوایە، کە جوانترین نوێنەرایەتی ڕوحی ئیسلامیی کوردیی دەکا، جێگەی شانازی ھەتاھەتایی میللەتەکەمان و ئەم گەلە زۆرینە موسوڵمانەیە.

گرنگی ئەم تێگەیشتنە ئەخلاقییە بۆ ئیسلام بۆ ڕابەرێکی میللی نەقشبەندی کورد، لەوەدا دەردەکەوێ کە؛ ئەرمەنەکان مەسیحی بوون، لە پاڵ ھێزەکانی ڕوسیادا لە قەتڵوعامی ھەزاران کوردەوە گڵابوون، ھەندێ لە کوردەکانی ناو دامەزراوە عوسمانییەکان، لە کوشتاری دەستەجەمعیی ئەرمەنەکاندا بەشداربوون، تاوانەکە ڕووپۆشێکی دینی بۆ دەستەبەر کرابوو، کەچی سەرەڕای ھەموو ئەو شتانە، گیانە عەدالەتخوازە ئیسلامییە میللییە کوردییەکە، ھوشیاری و ھاوسەنگی و ھەستی ئەخلاقی لەدەست نادات. نەك ھەر بە چاو و ڕا و پڕوپاگەندەی حکوومەتەکەی ئیتیحاد و تەرەقی ھەڵناخه‌ڵەتێ و پشتیوانی لێ ناکا، بەڵکوو قبووڵی بێدەنگی و چاوپۆشیش ناکا و بەم فتوایە ئیسلام و کورد بێبەری دەکا لە تاوانەکە و کوشتنی ئەرمەنی یەکسان دەکا بە کوشتنی موسوڵمان و داوا لە کوردەکان دەکا، بە ھانای لێقەوماو و ڕاوەدونراوانی ئەرمەنەوە بچن، لە مەرگ ڕزگاریان بکەن.

ئەمەش پێمان دەڵێت شێخی مەزن و شەھیدی سەرکردەمان، جوان ھوشیاربووە بەوەی کە ئەو کوشتوبڕو تاوانە گەورەی دژ بە ئەرمەنەکان دەکرێت، پەیوەندی بە ئیسلامەوە نیەو دژ بەسەرەتاکانیەتی.

(ئیتیحادو تەرەقی) گروپێکی نەتەوەپەرستی تورکن و تاوانەکە مۆدێرنەو خەونی نەتەوەسازیی تورکیی نوێی لە پشتە. ئیمپراتۆریەتی فرەنەتەوەیی و دینی عوسمانی دەمێکە کۆتایی پێھاتووە. لە ئێستادا ھەستی دینی لە خزمەتێکی سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانەی دژە ئیسلامیدا بەکاردێت و سودی خراپی لێ وەردەگیرێت.

ھەر بۆیە، پەردەھەڵماڵین و لابردنی ماسکی خڵەتێنەری ئاینیی لە ستراتیژی قڕکردنی گروپێکی نەتەوەیی دیاریکراو، بەشێکە لە ئەرکی ئەم گوتارە ئیسلامیە عەدالەتخوازە ئەخلاقیە کوردیە.

مەبەستیشمان لە تێگەیشتنی ئەخلاقیی لە ئیسلام لەم گوتارەدا ئەوەیە کە، ھەروەك چۆن ئەخلاق ناسنامەی دینی و نەتەوەیی و مەزھەبیی و چینایەتی ناناسێت، ستەم دەرھەق بە ھەرکام لەو ناسنامانە و شوێنکەوتوانیان ئەنجام بدرێ ستەمە و جەوھەر و پێناسەکەی ناگۆڕێت، ئەم گوتارەش ناموسوڵمانی ئەرمەنەکان و موسوڵمانێتی ڕواڵەتی پەلاماردەرانیان ناکاتە پاساوی ڕەوایەتیدان بە تاوانەکە و تەنانەت بێدەنگبوونیش بەرامبەری، چونکە ستەم و ناھەقی بەرامبەر ناموسوڵمانێ یەکسانە بە ستەمکردن لە موسوڵمانێك، بەحوکمی ئەوەی لە ڕوانگەی ئیسلام و ئەخلاق و مرۆڤایەتییەوە، حەرام و قەدەغەکردنی ستەم دەرھەق بە مرۆڤ و گروپی بێ تاوان، ھیچ ناسنامە و ناونیشانێك ناناسێت. ھەمووان لە بەرامبەر عەداڵەتی خوایی و قانوونی ئەخلاقییەوە یەکسانن، بە گوێرەی بنەما ئیسلامی و ئەخلاقییەکان، ستەمی بەشێك لە ئەرمەنییەکان لە کورد یاخود دەزگا و لایەنێکی تر، پاساوی بەشداریکردن لە تاوانبارکردنی کۆی ئەم گروپە نەتەوەیی و دینییە و ھەوڵی قرکردنیان نادات، چونکە کەسانی بێ تاوان، لە سۆنگەی ھاوبەشیی لە ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی و ھەر جۆرە ھاوبەشییەکی تردا، ئۆباڵی تاوان و خراپەی ھاونەژاد و ئاینەکانیان ھەڵناگرن و بە تاوانبار لە قەڵەم نادرێن.

ماوەتەوە بڵێین، پێویستە ئەم جۆرە فتوایانە وەك ھەڵوێستێکی ڕاگوزەر سەیر نەکەین، چونکە ئاماژەیە بە ڕێبازێکی دیاریکراو لە تێگەیشتن لە ئیسلام و کارلێکی ڕوحی کوردی لەگەڵ ئەم ئایینە مەزنەدا. دەبێ بەشێك بێت لە ئاراستەکردنی ھەوڵەکانی خەمڵاندنی مەرجەعییەتێکی فیکریی، کوردیی، ئیسلامیی ھاوچەرخ، کە ناونیشانە گەورەکەی تێگەیشتنی عەداڵەتخوازانە و لێبوردانە و بە گشتی ئەخلاقیانەیە بۆ ئیسلام. تێگەیشتنێك، سازگارە لەگەڵ مەبەست لە ڕەوانەکردنی کۆی پێغەمبەرانی خوا لە قوڕئاندا کە ناکۆکە لەگەڵ تێگەیشتنی فقھیانە و سەلەفیانە و مێژوییانەی ڕوکەش و دابڕاو لە بەھا مەزنەکانی ئیسلام و قانوونی ئەخلاقیی گەردونیی.

ئەبووبەکر عەلی کاروانی