بە نێوی خودا سەبارەت بە مێژوو و هۆی سەرهەڵدانی، چوارشەنبەسووری، نەوڕۆز و سێزدەبەدەر، هەروەها هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەم جۆرە دیاردانە، لە ڕوانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە - لە چوارچێوەی سێ پرسیار - وتوێژێکمان لەگەڵ بەڕێز مامۆستا سەیید موحەممەدئەمین واژی پێک هێناوە. هیوادارم جێی ڕەزامەندی بێ بۆ هەموو لایەکمان.

پرسیاری یەکەم: مامۆستا گیان تکایە بە شێوەیەکی کورت؛ ئاماژەیەک بە مێژووی سەرهەڵدانی ئەم سێ بابەتی، نەتەوەیی و مێژووییمان کە بریتین لە: (چوارشەنبەسووری، نەورۆز و سێزدەبەدەر) بفەرمووی، تکایە!

وه‌ڵام: منیش زۆر خۆم بە بەختەوەر دەزانم بۆ پێکهێنانی ئەم دیمانەیە.بەرلەوەی وه‌ڵامی پرسیارەکان دەمەوە دەبێ ئاماژە بکەم من لەم بەستێن و بوارەدا؛ مێژوو و شوێن و هۆی سەرهەڵدانی ئەم سێ جێژنانە؛ شارەزایی و پسپوڕیم نییە، تەنیا دەتوانم؛ ئاماژە بە بیر و بۆچوونی هەندێک نووسەرانی مێژوویی ئەم بابەتانە بکەم و باسی لێوەکەم؛ دەنا ئەمە کاری دیڕۆکناسان و ئوستوورەناسانە. بە پێویستی دەزانم بەر لەوە باس لەم بابەتانەی سەرەوە بکرێ؛ ئەوەیە کە، جێی خۆیەتی ئاوڕدانەوه‌یەکمان هەبێ لەسەر هێندێک لەم دابونه‌ریتانە. یان بڵێین هێندێ لەم جێژنانەی کە لە ئێران بەگشتی و بە تایبەتی لە کوردستانی ئازیزمان بەڕێوە دەچێ. بە بڕوای من دەکرێ جێژنەکان بە سێ بەش دابەش بکرێ:

١. ئەم جێژنانەی کە ڕەنگ و بۆنی ئەفسانەیی و نمادینیان پێوە دیارە - کە ئەوانیش بە دو بەش دابەش دەکرێن کە بریتین:

الف): نیشتمانی یان نەتەوەیی، وەک:

۱ـ چوارشەنبەسووری

۲ـ نەورۆز

۳ـ سێزدەبەدەر

۴ـ کۆسەگەری (شەوی بەر لە ساڵ تازەبوونەوە، لە تاقمی شەش کەسی و چوار کەسیی منداڵ و مێرمنداڵ و لاوان بۆ وەرگرتنی خەڵات لە خاوەن ماڵان، پێک دێ. کە زۆرتر بە هەلاوە مەلاوە یان هەتەری مەتەرێ نێودێرە)

ب): ناوچەیی، وەک:

۱ـ جێژنی پیری شالیار کە زستانی هەموو ساڵێ لە هەورامانی تەخت و لەسەر گۆڕی پیری شالیار بەڕێوە دەچێ کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. 

٢ـ نەورۆزی پاڵنگان: بیست ڕۆژی دەمێنێ بۆ ساڵ نوێبوونەوە، بە لیباسی ڕەسەنی کوردی دێنە سەربانەکان و دواتر بە ڕێژە و مەشغەڵ بەدەست دەچنە سەر دووندی شاخی ئەم شوێنە و دواتر بەرەو خوار دادەگەڕێنەوە و ئەوسا کۆڕی تایبەتی بۆ دەگرن.

۲. ئەم جێژن و داب و نه‌ریتانەی کە مۆرکی ئایینیيان لە سەرە بریتین لە:

۱ـ جێژنی قوربان

۲ـ جێژنی ڕەمەزان

۳ـ جێژنی مەولوود

۴ـ جێژنی مێعڕاج

۵ـ جێژنی بەرات

۳. هەڵبەت هێندێکیش داب و ڕەسمی کۆمەڵایەتی هەن کە ڕەنگوبۆنی سروشتییان هەیە و پەیوندی بە مرۆڤەوە هەیە -بە سرنجدان بەوە کە ژیانی کوردەواریی هەڵقوڵاوی دوو دیاردەی ئاژەڵداری و کشت و کاڵ بووەـ بریتین لە:

۱ـ بووکەبارانە: لە کاتی نەبارینی باران (نێوەڕاستی بەهار و پاییز) ئەم شێعرانەیان دەخوێندەوە: خوایـــە بـــــاران ببـــــــارێ/ لـــە لادێ و لــە شـــــــــارێ/ لە ســـبەینـێ تا ئێــــــــوارێ/ بـە لــیزمە بێــتە خــــــوارێ ئەم ڕەسمە لە ڕێکخراوی یوونسکۆ وەک جێژنێکی نامەلمووس تۆمار کراوە.

۲ـ بێڵندانا: کە لە شەوی ١٤ی ڕەشەمە بەڕێوە دەچێ.

۳ـ تیرگان: لە ١٥ی بانەمەر کە بەدەرکردنی مەڕ بۆ بەندەن و شاخەکان بەڕێوە دەچێ.

۴ـ شەوچلە: کە ئێستاکە بە شەوی یەڵدا به‌نێوبانگه.

۵ـ جێژنی هەنار: لە دەڤەری پاوە و لە نێوەڕاستی پاییز بەڕێوە دەچێ. گەڕانەوە بۆ سەر ئەم سێ جێژنانی کە سەرەتا ئاماژەمان پێ کرد؛

١ـ چوارشەنبەسووری: هێوارەی سێ‌شەنبەی کۆتایی ساڵ دەست پێ ‌دەکا و تا نیوەشەو کە پێ دە چوارشەنبە دەنێ بەردەوامە. مێژووەکەی، شوێنی سەرهەڵدانی و هۆکارەکەی ڕوون نییە و بیر و بۆچوونی جیاوازی لەسەرە، وەک دەڵێن:

١ـ پێشوازی لە نوێبوونەوەی ساڵی نوێیە.

٢ـ هێمای ئایینی زه‌رده‌شتە.

٣ـ هەندێک بە کلتووری عەڕەب یان هاوردەی وی دەزانن کە هاتۆتە وڵاتی عەجەم.

بە کورتی بنەمایەکی نادیاری هەیە.

سەبارەت بەوە کە پاشماوەی ئایینی زەردەشت بێ، خودی زەردەشتەکان بە هەڵەی دەزانن، بۆ وێنە: «کوروش نیکنام» یەکێک لە گەورە موغانی زەردەشتی، لە دیمانەیەک لەگەڵ دەزگای ڕاگەیاندنی BBC دا دەڵێ: «ئێمەی زەردەشتی هەرگیز لە کۆڵان ئاور ناکەینەوە و هەڵپەڕین بەسەر ئاوردا بە کارێکی نەشیاو و ناڕەوا و بێڕێزی بە ئاوری پیرۆز دەزانین. تەنانەت «جەهانگیر ئوشیدەری» گەورە پیاوی ئایینیی زەردەشتی لە سەردەمی ژیانی «مۆبەد مۆبەدان»، لە لاپەڕەی ۳۳۳ ی کتێبی «دانشنامە مزدیسنا»دا دەنووسێ: «لە ئایینی زەردەشتی و ئێرانی کۆندا شتێک بە نێوی حەوتوو هەر نییە و ڕۆژانی حەوتوو هاوردەی ئەدیانی سامیینە و چوارشەممە سووریش دابێکی عەڕەبییە کە بە ژیاری ئێرانییەوە لکێندراوە؛ چون عەڕەب پێیان وایە کە چوارشەممه‌ ڕۆژێکی شومە»

۲ـ نەورۆز: مێژووەکەی وەک چوارشەنبەسووری مێژوویەکی لێڵە، بەڵام هێندێک بۆچوون هەن کە مێژوونووسان لەسەری کۆ دەنگن:

الف) بە سەرەتای شۆڕشی کاوە‌ی ئاسنگەر دژی زەححاک دەژمێردرێ.

ب) سەرەتای دامەزراندنی دەسەڵات (حکومت)ی کوردی لە لایه‌ن مادەکانە.

د) ئایینی تایبەتی بە زەردەشت. فارسەکان دەڵێن بەر لە ئیسلام یەکه‌م پاشایەکی کە گرینگی بە نەوڕۆز داوە "کوروش" بووە. دوای ئیسلام "موحه‌ممه‌د جه‌لاله‌ددین مه‌له‌کشاە"ی سەلجووقی بووە، کە ڕێکخستنی ڕۆژژمێری ئێستای ئێران بە ئەمری وی و زانایی و دامەزرێنەریی حەکیم عومەری خەییام بووە و سەری ساڵ و نەورۆزی تێدا دیاری کردووە.

بەڵام ئەوە کە مێژوونوسان و لێکۆڵەرانی شوێنەوارناسی تا ڕادەیەک لەسەری کۆ دەنگن ئەوەیه‌ کە بەر لە زەردەشت هەبووە و مێژووی زیاتر لە سێ هەزار ساڵەی هەیە، شوێنی و سەرهەڵدانەکەشی میزۆپۆتامیایە. مەلای جەزیری لە دیوانەکەیدا ئاماژە بە نەوڕۆز دەکا و و هەروەها ئەحمەدی خانی شاکارە ئەدەبێکەی لە مەم و زیندا بە نەوڕۆز دەس پێ دەکا و باس لە نەورۆز و چوونەدەر و و گرینگیدان بەو ڕۆژە دەکەن. لەم دواییانەشدا مامۆستا «پیرەمێرد»، دوای گەڕانەوە لە ئەستەمبووڵ ـ کە ماوەیەکی دوور و درێژ هاوڕێی شێخ سەعید نوروسی (نوروزی کە توورکەکان ئەمەیان بە نەوروسی گۆڕیی) بووە ـ یەكەم كەس بوو کە لە شاری سلێمانی یادی نەورۆزی بە ئاگركردنەوە لەسەر گردی «مامەیارە» کردەوە و ئەم شێعرەشی بۆ دانا:

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە / جەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە ھاتەوە.

دوایی پیرەمێرد، مامۆستا «عەلائەددین سجادی»یش پشتگیری لە پیرەمێرد دەكا و دەڵێ: «ڕوژی نەورۆز جەژنی قەومی كوردستانە، ئینجا عەجەبا ڕوژێك بناغەی بووژانەوەی ژیانی قەومێكی تێدا دەركەوێ‌ ئیتر چون ئەو ڕوژە نەكەین بەجەژن» 

٣ـ سێزدەبەدەر: لە بارەی هەڵبژاردنی ژمارەی سێزدە و مانای سێزدە، بیر و بۆچوونی جیاواز هەیە:

ـ چوونکە ساڵ دوازدە مانگە ئەوەشیان کردۆتە سێزدە.

ـ چونکە بەسەر خۆیدا دابەش ناکرێ.

ـ بابەدەم و حەووا لەم ڕۆژە لە بەهەشت دەرکراون و هۆکارەکەشی ئەهریمەن بووە.

ـ شتێکی هەڵکەوتویی و ئیتتفاقی بووە

ـ سێزدە بۆ دەڕ واتە شاخ و کێو

ـ سێزدە ڕۆژێکی شوومە و واباشە پیاو لە ماڵ دەرکەوێ.

دیارە ژومارەی سێزدە لەناو هەندێک لە مەسیحییه‌کانیش وەک ڕۆژێکی شووم چاوی لێکراوە، بۆ وێنە هەوڵ دەدەن لە فڕۆکە، ئوتبووس سواری سەندەڵی ژومارە سێزدە نەبن.

تەنانەت کاتی نانخۆردن هەوڵ دەدەن کە لەسەر سفرەی نانخواردن سێزدە کەس نەبن. لە ژاپۆن ژومارەی ٤ وەک شتێکی شووم چاوی لێکراوە.

پرسیاری دووهەم: ئایا سەبارەت بە چوارشەنبەسووری و نەورۆز ڕوانگەیەکی فیقهی هەیە؟

وه‌ڵام: زانایان بە درێژایی مێژوو بە دوو بەش دابەش بوون: بەشێکیان بە ناپەسەندیان زانیوە و دژایەتی ئەو بەشەیان کردووە. بەشەکەی دی بە شتێکی ئەرێنیان زانیوە.

ـ ئەوانەی کە بە ناپەسەندیان زانیوە و دژبەری بەڕێوەچوونی چوارشەممەسووری و نەورۆز و سێزدەبەدەر بوونە، بەڵگەکانیان ئەمانەیە:

ا) خوای گەورە لە سووڕەی موباڕەکی فوڕقان، کاتێ لە پەسەندی بڕواداران دەدوێ، دەفەرموێ: «والذین لایشهدون الزور و اذا مروا باللغو مروا کراما». کەسانێکن کە لە کۆڕبەندی زۆر (کە کۆڕی لاڕێیان و هەڵەکارانە) بەشداری ناکەن». هەندێ لە ڕاڤەگەران و توێژەرانی قوڕئان لەسەر ئەم باوەڕەن کە مەبەست لە وشەی «زۆر» جێژنی موشریکانە.

ب): ئەنەسی کوڕی مالیک بە گێڕانەوەی حەدیسێک‌ دەفەرموێ: «قدم رسول الله صلی الله علیه وسلم المدینه و لهم یومان یلعبون فیهما فقال ما هذان الیومان؟ قالوا کنا نلعب فیهما فی الجاهلیه! فقال رسول الله (ص) ان الله قد أبدلکم بهما خیرا منهما: یوم الاضحی ویوم الفطر» (ئه‌بوو داوود گێڕاویه‌تییه‌وه‌) کاتێ خۆشەویست(د. خ) هاتە مەدینە، خەڵکی وێ دوو ڕۆژیان هەبوو، کە تێیدا جەژن و شادیان دەکرد. خۆشەویست (د.خ) فەرموی: "ئەم دو ڕۆژە چیە؟" عەرزیان کرد: "ئێمە ـ لە دێرەوە و هەنووکە ـ لەم دوو ڕۆژەدا بە خۆشی و شادییەوە سەرگەرم دەبین! خۆشەویستی خودا فەرمووی: خوا دوو ڕۆژی باشتر لەوەی بۆ ئێوە داناوە کە جەژنی قوربان و ڕەمەزانە.

ج): نەورۆز جێژنی مەجووسەکان و ئاورپه‌رستانە و لە کاتێکیشدا خۆشەویست(د.خ) فەرمویەتی: "من تشبه بقوم فهو منهم". «هەرکەس وەک گەلێک خۆ بخەمڵێنێ، لە پەسڵان لەوان دەژمێردرێ».

د): پێشەوای بڕواداران عومەری کوڕی خەتتاب(ڕ.خ) لەسەرده‌می پێشەوایی خۆی لە ئەهلی زیممە ـ (هاووڵاتیان جگە موسوڵمان) ـ بڕیاری لێ وەرگرتن، کە لە نیشتمانی موسوڵمانان مافی بەڕێوەبردنی جێژنەکانی خۆیان بە شێوەیەکی به‌ربڵاو نەبێ (بەڵکە هەر دەبێ لە په‌رستگەی خۆیان و لەناو ماڵەکانیان بەڕێوەی بەرن). یان دەبێژن کە لە سەردەمى عومەرى کوڕى عه‌بدولعه‌زیز هەر وابووە. بەو بەڵگانه دەلیلیان هێناوەتەوە لەسەر ئەوەی کە بەشداریکردن لە چوارشەممەسووری و نەورۆز و سێزدەبەدەر و بەچاک زانینی ئەوان دەبێتە هۆی دەرچوون لە ئیسلام و خەتەراتێکی لەپێ دایە.

هاوڕایانی جێژنە نەتەوەییەکان و ئەم کەسانەی کە بەڕێوەچوونی چوارشەممەسووری و نەورۆز و سێزدەبەدەر بە ئاسایی دەزانن و دژایەتی لەگەڵ ئایینی ئیسلام نابینن، بەڵگەکانیان ئەوەیە:

ا: دەڵێن هیچ بەڵگەیێکی بەهێز یان بە واتایەکی دی «قطعی الثبوت و قطعی الدلاله» له‌سەر بەشداریکردن و نه‌کردن لە چوارشەممەسووری و نەورۆز یان حەرامبوونی ئەوانە لە قوڕئان و حه‌دیسی ڕه‌سوول(د.خ)دا بەدی ناکرێ؛ ئەوە کە دەڵێن خوای گەورە لە سووڕەی فوڕقاندا فەرموویەتی: «والذین لایشهدون الزور و اذا مروا باللغو مروا کراما» ئەوە بیر و بۆچوونی چەند زانایە کە بیروبۆچوونی زۆری زانایان ئەمەیە کە مەبەست قسەی پووچ و بن شڕە. هەروەها ئەوە بیروبۆچوونی زانایانە کە دەفەرموون لە «ئوسول‌ولفیقە»دا ئەسڵێکیان هەیە کە «الأصل في الأشياء الإباحة»، واتا ئەسڵ لە شتەکاندا حەڵاڵ بوونە. دەی کاتێک دەقێکی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕەتکردنەوە چوارشەممەسووری و نەورۆز نییە، ئەگەر وایە ئەوانەش موباحن و بە حەڵاڵ دەژمێردرێن.

ب: سەبارەت بە فەرموودەی خۆشەویست(د.خ) حەدیسەکە ئاماژە بەوەی ناکات کە جێژنەکانی وەکوو نەورۆز و ئەوانی تر بەڕێوە نەچن، مەبەستی ئەوەیە کە جێژنی قوربان و ڕەمەزان لە هەموو جێژنەکانی تر بەڕێزتر و بەنرخترن. جیا لەمەش ئەم فەرموودەیە لە ڕوانگەی زانستی فەرموودە‌ناسی، سست و ڕەخنە‌هەڵگرە.

ج: سەبارەت بەم فەرموودەی تر «من تشبه بقوم فهو منهم» مەبەست باری بیر و ڕایە. دەنا ئێستا کە لە وڵاتانی ئیسلامیدا دەبەرکردنی جلی کۆت و شاڵوار و هتد... باوە، بەو پێیە دەی وای لێدێ کەس لە جغزی ئیسلام جێی نابيتەوە.

د: نەوڕۆز جەژنی ئاورپەرستانە نییە. وەک ئاماژەی پێ کرا و بەپێی لێکۆڵینەوەکان سەلمێندراوە، نەوڕۆز بەر لە هاتنی ئاریایییەکان بۆ ئێران، لە میزۆبۆتامیا هەبیووە. عەللامە دێهخودا لەژێر وشەی نەورۆز‌دا دەڵێ: لە ئەوێستادا ناوێک لە نەورۆز نەهاتووە و ئەگەر نەورۆز لە جەژن زەردەشتییه‌کاندا هەبایە، ناوی لە ئاوێستا دەهات. هـ: و هەروەها ئەوانەی کە شاهیدی بە سەردەمی ئیمامی عومەر دێننەوە، دەڵێن: ئیمامی عومەر (ر.خ) تازە وڵاتی ئیسلامی پەرەی ستاندبو و دایرەی وڵاتانی ئیسلامی گەورە ببۆوە، ئەگەری وەی هەبوو کە ئەو ئایینانەی دیکە زیندوو ببنەوە و ئایینی پیرۆزی ئیسلام بێتە ژێر پرسیاره‌وە.

و: هەروەها بەڵگە دێننەوە کە ئەو فەرموودەیەی کە ئیمامی بوخاری دەیگێڕێتەوە کاتێک کە باپیری ئیمام ئەبوو حەنیفە فاڵودەی دێنێ بۆ ئیمامی عەلی(ڕ.خ)، ئیمامی عەلی فەرمووی ئەوە بە چ بۆنەیەکەوەیە، عەرزی دەکات ئەوە بە بۆنەی نەورۆزە، ئیمامی عەلی لە فاڵودەکەی دەخوات و دەفەرموێ: هەر ڕۆژێکتان نەورۆز و نەورۆزتان پیرۆز بێ.

ز: هەروەها دەلیل و بەڵگەی هەندێک لە نووسەرانی کوردیش وەک شێخ موحەممەدی خاڵ، مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای چرۆستانی و زۆر زانای دیکە لەسەر ئەوەیە کە نەورۆز جێژنێکی کۆنی کوردەوارییە و ئاگرکردنەوەش هیچ هێما و بەڵگەی ئاورپەرەستن نییە، بەڵکوو دروشمی سەرکەوتنە. جا بەو بەڵگانە ئەو زانایانە بە حەڵاڵی دەزانن. لە ناوەڕاستی نەوەدەکان و لەسەروبەندی جەژنی نەورۆزدا، کە ڕۆژنامەیەکی عیراق دیدارێک لەگەڵ مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەڕڕیس پێک دێنێ، مامۆستا زۆر زانایانە دەڵێت: «جەژنی نەورۆز، جەژنێکی ناسراوی سەردەمی ئیسلام و پێش ئیسلامە، هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ ئایینی موسوڵمانان نییە. جەژنی نەورۆز دروشمێک نییە بۆ فەساد، بەڵکوو جەژنی بەهار و شادی کوردە».

مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان سددیق دەڵێ: "هەموو نەتەوەیەک جیا لە جێژنەکانی ئایینی جێژنەکی نەتەویی (ملی) و نیشتیمانیشیان هەیە، بۆ وێنە ڕۆژی سەرکەوتنی، یا ڕۆژی سەربەخۆبوون، کە ڕەنگبێ بڵێین نەوڕۆز ڕۆژی جێژنی نەتەویی کوردە و ڕۆژی سەربەخۆبوونیەتی".

سەبارەت بە حەڵال و حەرامییەکەی بە بڕوای من ئەوەڵەن نابێ بەو خەستوخۆڵییە ئێمەی موسوڵمان بچینە نێو ناخی بابەتەکە، چونكه لانیکەم گومانی لەسەرە. ئەگەر واهات چوینە نێو ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانە. بەو مەرجانەی خوارەوە گرفتی تێدا نابینم: ١- تێکەڵاوی ژن و ئافرەت نەبێ. ٢- بەمەبەستی بەپیرۆز زانینی بابەتەکە و یا بە شووم زانینی ڕۆژەکە نەبیت. ٣- بێ شەرعی تێدا نەکرێت، ئەگەر ئەو مەرجانە هاتنە دی بە بڕوای من حەڵاڵە، دەنا گەر بەپێچەوانە بێت بەشداریکردن تێیدا بە دروست نازانم و بە حەرامی دەزانم. واللە اعلم.

پرسیاری سێهەم: لە کۆمەڵگای ئێستاکە هەڵوێستی ئێمە لە هەمبەر ئەم دیاردانە دەبێ چۆن بێ؟ و شێوازی هەڵسووکەوتی دروست و کەڵکدار بفەرموو ده‌بێ چۆن بێ؟

وه‌ڵام: هەڵوێستی ئێمە مانان وەکوو بانگخوازێکی ئایینی سەبارەت بەو ڕەوتانە یان بەو شتانەی کە دێنە پێشێ بە نێوی جێژن و دابونەریت و لەو چەشنانە، کە هەندێکیان فولکلۆڕ و هەڵقوڵاوی ناو کۆمەڵگان و بەشێکیشیان هاوردەن و لە وڵاتانەی دەرەکی ڕا دێنە نێو کۆمەڵگای ئیسلامی و دەورووبەری خۆمان دەبێ بەپێی ئەو یاسا و بنەمایەی کە پێغەمبەری خوا(د.خ) بێ کە دەفەرموێ: «لا ضَرر و لا ضرار فی الاسلام» نە زەرەرگەیاندن بە خۆت و نە بە کۆمەڵگا، لە ئیسلامدا نییە و ئەو شتەیەمان لەبیر بێ کە هەمیشە بە شێوەیێکی مامناوەندی دەگەڵ شتەکان هەڵوێستمان هەبێ لەبەر ئەوەی کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئایینێکی مامناوەندییە، دەی کەوایە دەبێ لە وتارەکانماندا، لە هەڵوێستماندا، لە نووسینماندا لە هەموو ئەو شتانەی کە هەڵگر و نیشانده‌ری بیروبۆچوونی بانگخوازێکی ئایینییە دەبێ ببیندرێ. نابێ چەکوشی لەگەڵ بابەتەکان مامەڵە بکەین. چاو لێ بکەین بزانین کە لەو جێگایەیدا کە دژایەتی لەگەڵ دین هەبوو -واتە دژایەتی لەگەڵ قوڕئان، فەرموودەی خۆشەویست(د.خ)، کۆدەنگ(اجماع)ی زانایانی ئیسلام و قیاس- دەبێ لە بەرامبەریدا هەڵوێستی شیاومان هەبێ. لەو جێگایەیدا کە لە چوارچێوەی دیندا بگونجێ، دەبێ بەهێز بکرێ و بەپێی ئەو فەرموودەیە کە لە ئوسوولی فیقهدا هەیە کە دەفەرموێ: «الأصل في الأشياء الإباحة»، ئەسڵ لە شتەکاندا موباح و حەڵاڵبوونە؛ نەک حەرامبوون. [چۆن تاوانی گەورەیە، حەرامی بە حەڵاڵ زانی و بە هەمان شێوەش حەڵاڵی بە حەرام] ئەگەر بەڵگەیەک هەبێ لەسەر حەرامبوونەکەی، دەبێ دەپێشیدا ڕابووەستی.

دەی مادام کەوایە دەبێ زۆر بە شێنەیی و زۆر بە لەسەره‌خۆیی بۆ بابەتەکان بچین و تاوتوێی بابەتەکە بکەین. دەبێ لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەڵسەنگێنین.

ئەو شتانەش وەکوو نەورۆز و وەکوو سێزدەبەدەر و ئەوانە؛ ئەگەر بە مەبەستی نحوسەت و شومی بێ، بەڵێ شتێکی خەراپە و نابێ بەشداری تێدا بکرێ، بەڵام ئەگەر بە مەبەستی شادمانی و خۆشحاڵی بێ بەشداریکردن تێیدا دروستە.

خاڵێکی دیکە کە جێی سه‌رنجە ئەمەیە کە ئەمڕۆکە لە دونیای مۆدێڕنیتە و جیهانی بووندا زۆر شتی دیکە واریدی فەرهەنگی ئیسلامی و کوردستانی ئازیزمان بووە، بۆ وێنە شەوی یەڵدا هەیە کە تازەگی وردەوردە لەنێو ئێمەی کورددا پەرەی ستاندووە، لە کاتێکدا لەنێو ئێمەدا شەوچەلەمان هەیە. یان ڕۆژی والنتاین (خۆشەویستی) کە وای لێ هاتووە دەبێ لە یەک ڕۆژی تایبەتدا بەڕێوە بچێ. یان ڕۆژی دایک، ڕۆژی باوک پەیدا بووە یان ڕۆژی لە دایکبوونی منداڵ بۆ هەموو ئەوانە جێژن بەڕێوە دەبەن و یا هەندێک لە جێژنەکانی ئایینەکانی ترە کە دەبێ خۆی لێ بپارێزین.

ئێمە دەبێ بزانین ئەگەر بەڕاستی دژایەتی لەگەڵ دین هەیە دەبێ هەڵوێستمان جیا بێ و بە حەرامی بزانین و خۆمانی لێ دوور کەینەوە و دیارە هەندێکیان لە سایەی گلۆبالیزەیشێن و بە مەبەستی بێهێزکردن و لاوازکردنی جێژنەکانی خۆمان و بە شێوەی هێرشی فەرهەنگی پەرەی پێ دەدرێ، بەڵام ئەگەر بزانین بە شێوەێکی ئیسلاحگەرایانە و بە شێوەێکی چاکسازانە بتوانین بابەتەکە بقۆزینەوە چاکی بکەین و ڕەنگ و بۆنێکی دینی پێوە بدەین یان بیکەنە هەل و دەرفەتێک بۆ ئەوەی کە بتوانین تێیدا پەیامی دینی ڕابگەیەنین، بەڕای من ئیشکالی نییە، وەکوو ئاماژەم پێ کرد؛ دەبێ هەڵوێستمان مامناوەندی بێت لە هەموو شتەکاندا بەتایبەتی لەو شتانەی کە ئەمڕۆکە وردەوردە دەیان هەوێ ڕەخنە بکەنە ناو فەرهەنگ و کلتووری ئیسلامی و لە قالبێکی دیکەدا و لە ڕەنگێکی دیکەدا خۆ دەنوێنن، بە هەر حاڵ بە شێوەیه‌کی کورت دەتوانین وەکوو پلیکانێک و سەکۆیەک و فرسەتێک، نەک وەکوو تەهدیدێک چاوی لێ بکەین و بتوانین، لەوانە کەڵکی خۆی لێ وەربگرین. ئەگەر بەو شەرتەی لەگەڵ ئامانجەكانی شەریعەت؛ کە بریتین لە:

پاراستن(حفظ)ی دین، پاراستنی گیان(نفس). پاراستنی ئاوەز(عقل)، پاراستنی تۆرەمه‌(نسل)، پاراستنی سامان(ماڵ) - دژایەتیان نەبێت. بەڵام ئەگەر بزانین لەگەڵ شەریعەت، هاوسەنگ نییە و بەڵکوو دین پێداگری لەو شتەی دەکات دەبێ ئێمەش لەم قاڵبەدا بین و ئەگەر قابلی تەعدیل بوو؛ دەبێ ئەو شتەیەی تەعدیل بکەین. دەبێ ئەو شتەی ڕێکوپێکتر بکەین بۆوەی کە بتوانین ئێمە پەیامی خۆمانی تێدا ڕابگەیێنین. هیوادارم توانیبم ئەو بابەتە کە پێویستە سەبارەت بەو سێ باسەی کە باسمان کرد لە مێژووی سەرهەڵدانی چوارشەممەسووری و نەورۆز و ئەوە ڕای زانایانە و هەڵوێستی ئێمەی موسوڵمان، پەیامی خۆمڕا گەیاندبێ.

والسلام علیکم و رحمة الله و برکاته.

مامۆستا واژی لە کۆتایی دا ئاواتی سەرکەوتن و تەمەن درێژیمان هەیە بۆتان و هیوادارین، ئەم وتووێژە بەکەڵک بووبێ.

براتان: م. حەسەنی ڕەببانی/بانە