ژیانی واتادار چییە؟

زۆر كه‌س ژیان به‌ڕادەی پێویست واتادار نابینێت، هۆکاری زۆربەیان سەرسووڕهێنەرە. زۆرێک له مرۆڤەکان به ‌منیان وتووە کەوا ژیانی خۆیان یان بەگشتی، بێواتای ده‌بینن و یا به‌ڕاده‌ی پێویست واتاداری هه‌ست پێ ناكه‌ن. به‌ڵام زۆرێک له ڕونکردنەوەکانیان له‌سەر بێواتایی ژیان، لاواز و زۆر جاریش بەهەڵە داڕێژراوە. من وای بۆ دەچم کە زۆرێک لەو ژیانانەی كه ده‌ڵێن بێواتان، له‌ڕاستیدا واتادارن و زۆرێکی دیکەش که بێواتان، دەکرێت لە بوارێكه‌وه‌ واتادار بکرێن.

ئەم وتاره‌ له شتانێك ده‌دوێت کە بەگومانی من پێوه‌ندی به‌ هەڵەکانی واتای ژیانه‌وه‌ هه‌یه‌، کە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە هێندێک کەس ژیانی خۆیان -بەڕای من به‌شێوەیەکی ناپێویست- بێواتا ببینن، هەروەها باس له‌ چۆنیەتی شێوازی گۆڕینی ژیانێکی کەم واتا بۆ ژیانێکی واتادار ده‌كا. به‌هه‌ر حاڵ بۆ شیكردنه‌وه‌ی ئەم بابەتە، پێویسته لە شێوازێكی فیلسووفانە، بۆ ڕوونکردنەوەی "واتای ژیان" دەست پێ بکەین. ئەم ڕوونکردنەوەیە، زۆرینەی ئەم بابەتەی ئێستا دەگرێتەوە. (بابەتەکانی دیکە، لەسەر ئەم هەڵەیانە کار دەکات، کە زۆر كه‌س سه‌باره‌ت بە واتای ژیان تووشی بوون).

له وتووێژی ڕۆژانەدا، زاراوەی واتا (مەعنا)، دوو چەمکی بنەڕەتی هەیە. چەمکی یەکەم به ‌ڕوونکردنەوە و ڕاڤه‌ و شیكردنه‌وه‌ پێوه‌ندی هەیە. بۆ وێنە، کاتێک کەسێک دەڵێت: «واتای eau)) له‌نێو زمانی فەرەنسەیی، واتای ئاوی زمانی ئینگلیزییە» ئەم کەسه چەمکی یەکەمی بۆ واتا، بەکار بردووە. ئەم بابەتە له‌سەر ڕستەی؛ «ئه‌و تابڵۆی ئاگادارکردنەوەی ڕێگەوبانه‌، نیشانەی ئەمەیه کەوا خەریکی نۆژەنکردنەوەی ئۆتووبانن.» بەکار هاتووه.

بەڵام چەمکی سەرەکی دیکەی «واتا» لەگەڵ بیری هاوشێوەی بایەخ، نرخ و گرینگی پێوەندی هەیە. بۆ وێنە کاتێک کەسێک دەڵێت: «دیتنی ئەو بۆ من ڕووداوێکی زۆر تایبەت بوو.» یان «لەچاو سەوداگەلی هەرەگەورەی ئابووری، ئەم بیست دۆلارە هیچ نییە.» لێره‌ چەمکی دیکەی "واتا"ی بەکار هێناوە.

له‌سەر ئەم پێوەرە ئەو فیلسووفانەی کە لەسەر مانای ژیان دەنووسن و هەروەها منیش که ئیددیعا دەکەم له باسەکانی پێوەندیدار له‌سەر واتای ژیان، زۆرتر له‌ چەمکی دووهەم یان به واتایەکی ‌تر، هەمان نرخ و به‌ها كه‌ڵك وه‌رده‌گرم، چەن نموونەیەک دەخەینه بەرچاو. هاوکارێکی زۆر سەرکەوتوو به منی گوت کەوا چیتر ژیانی خۆی واتادار نابینێت! کاتێک بیرم هێنایەوە کەوا ئیشەکەی جیاواز و کەموێنەیه، له وه‌ڵامدا گوتی: بەڵێ وایه، «بەڵام بۆم گرینگ نییه». یان کاتێک ئاماژەم بەوە کرد که ژیانی له‌ ڕووی ئابوورییەوە پارێزراوە، له وه‌ڵامدا گوتی: دەی کەواتە چی؟! کاتێک درێژەمان‌ به قسەوباس دا، دەرکەوت کە هەرچەند پێشتر ئەم لایەنانە له ژیانیدا بۆی بەنرخ بوون، بەڵام بە هۆی هێندێ لایەنی خراپی دی ژیانی، ئیتر هه‌موو ژیان له‌بەرچاوی بێنرخ بووه. پاشان قەبووڵی کرد کە ئەگەر تێڕوانینی بۆ هەندێک لایەنەکانی ژیانی بگۆڕێ، دەتوانێ سەرله‌نوێ ژیانێکی پڕمانا هەست پێ بكاته‌وه‌.

کەسێکی دیکه پێی گوتم: ژیانم بێواتایه، چونکه له نووسینی چرۆکێکدا بەو شێوەی کە دەمویست، سەرکەوتوو نەبووم. له‌ درێژه‌ی وتووێژدا ده‌ركه‌وت کە ئه‌و ژیانی خۆی بێ مانا دەبینێ، چونکه له ڕوانگەی ئەودا هیچ شتێکی پڕبایەخی لێ نەبوو. هەر وەک باسه‌كانی تری که پێوەندییان بە مانای ژیان هەبوو، لێرەش بابه‌ته‌كه‌ به‌ها و بایەخی پێویست بوو.

کەسانێک کە دوای له‌دەستدانی کەسێکی خۆشه‌ویستیان، ژیانی خۆیان پووچ و بێواتا دەبینن، ڕەوتێکی هاوشێوەی ئەمە تێدەپەڕێنن. شتێکی به‌نرخ له ژیانیاندا هەبووە کە ئێستا ڕۆیشتووە، ئەم کەسانە ئەگەر دیسان له‌گەڵ کەسێک یان شتێک ئاشنا ببن کە تا ڕادەیەکی باش به نرخ بێت، تێڕوانینیان دەگۆڕێ و ژیانیان پڕواتا دەبێته‌وه‌.

ئێمه ده‌توانین ببینین کاتێک که به‌ڵگەكانی فەلسەفی بۆ بێواتابوونی ژیان دەخرێنە بەر سەرنج، دیسان واتای ژیان له‌گەڵ باسی نرخ و به‌هادا یەک دەگرنەوە. هەروەها نافەلسەفییەکانیش کەوا ژیانی خۆیان بێمانا دەزانن، زۆرتر لەم چەشنه بەڵگانه پیشان دەدەن. بۆ نموونه: فیلسووفی بەناوبانگ «تۆماس نیگڵ»، گرینگبوونی خۆمان له بەرامبەر جیهاندا دەخاته بەرباس و دەڵێ: ئێمه هیچ کاریگەرییه‌کمان له‌سەر زۆرێنەی جیها‌دا نییه، ئێمه تەنیا له‌سەر ژینگەی چواردەوری خۆماندا کاریگەریمان هەیە و له بەرامبەر ئەو شتانەی کەوا له سەیارەی زوحەل ڕوو دەدەن و هەروەها ئەو شتانەی کە له کاکەشانێکی‌ تردا ڕوودەدات، كاریگه‌ریمان نییه‌. من به بەڵگە له‌سەر بچووکی جیهان، لەم بابەتەدا وه‌ڵامێک نادەمەوە. «هەرچەند که پێم وایه وه‌ڵامێکی باشی هەبێت»، چونکه ئێستا من به کورتی باس له شیکردنەوەی دەستەواژەی «واتای ژیان» دەکەم. دەمەوێ تەنیا ئاماژە بەوە بکەم کە‌وا ئەم بەڵگه که دەڵێ چونکه ئێمه هیچ کاریگەریمان له‌سەر سەیارەی زوحەلدا نییه، ژیان بێواتایه، بەرامبەری ئەم ئیددیعایه‌یه که ده‌ڵێ ژیان به تەواوەتی شایسته یان به‌نرخ نییه، چونکه کاریگەریمان له‌سەر زۆحەل نییه.

هه‌ر ئه‌و باسه سه‌باره‌ت به‌ بەڵگەی به‌نێوبانگی (بەڵام، دیسان، بە ڕای من ناسەرکەوتوو) سه‌باره‌ت به‌ بێواتابوونی ژیان کە پێوەندی به زەمانەوە هەیه دەگونجێ. ئەم بەڵگە به‌و بۆچوونه دەست پێ دەکا که له دوای یەک ملیۆن ساڵی تر هیچ کەسێک ئێمەی له‌بیر نییه. ئه‌و شێوازه‌ هه‌ر ئه‌و به‌ڵگه‌ له‌خۆی ده‌گرێت كه ژیان به‌ڕاده‌ی پێویست واتادار نییه‌.

ئەم بابه‌ته‌ هەروەها بۆ بەڵگه‌کانی‌ تر سه‌باره‌ت به‌ بێواتابوونی ژیان دەگونجێ. به بۆچوونی من ئامانج لەم باسه، نرخ و به‌هایه‌. ژیانێکی پڕواتا ئەو ژیانەیە کە ئێمە بزانین هەڵگری ڕاده‌ی پێویست لە لایەنەکانی پڕبایەخی ژیانه یان نا. ئەم ژیانە لە دەستپێکێک لە به‌هاكان بە پێی پێویست زۆر باش تێپەڕ بووە، بەم بۆنەیه که ئێستا ئێمه ژیان واتادار دەبینین. به‌ڵام ژیانی بێواتا ئەوەیه که هێشتا لەم دەرگایه تێنەپەڕیبێت. هەندێ کات کەسانێک ژیانی خۆیان بێواتا دەبینن و به پووچی وەسفی دەکەن، له کاتێکدا ڕوونكردنه‌وه‌ ئه‌وه‌یكه ژیانیان له‌چی پووچ به‌تاڵه‌، بۆیان ئه‌سته‌مه‌. وه‌ڵام ئەوەیه که ئەو ژیانانە، به‌ها و نرخی تەواویان پێ نه‌دراوه‌.

تێگەیشتن لەمە که بینای واتاداربوونی ژیان، به‌هایه‌، دەتوانین ئەو هەڵە زۆرانه‌ی که خەڵک له‌سەر واتای ژیان تووشی بوون، ڕاست کەینەوە. باس لەم هەڵانه له وتارێكی تردا باس لێ ده‌كه‌م.

 

سەرچاوە: گۆڤاری"موتڵەق" گۆڤاری فەلسەفه

تۆماس نیگڵ، له دایکبوون، مردن و واتای ژیان مامۆستای فەلسەفه له زانکۆی حەیفا

نووسه‌ر: دكتۆر ئیدۆلاندائۆ (iddo landau)

وه‌رگێڕ بۆ فارسی: مه‌سعوود عه‌لی محه‌ممه‌دی 

وه‌رگێڕ بۆ كوردی: شه‌هلا ئه‌حمه‌دی