قوربانیدان...

لەم ڕۆژگارەدا کێشە خێزانییەکان بەردەوام لە زیادبووندان، هۆکاری زۆرە بەڵام من دەمەوێ لەسەر یەکێک لەو هۆکارانە قسەبکەم کە بە بڕوای من هۆکارێکی گەورە و سەرەکییە، ئەویش نەبوونی قوربانیدانە.

هاوسەرەکان چ ژن چ پیاو پێش هاوسەرگیری دەبێ لەوە تێبگەن کاتێک دەچنە ناو ئەو پڕۆسەیەوە، ناچنە ناو مامەڵەیەکی بازرگانی و شەراکەتەوە، بەڵکوو دەچنە ناو چوارچێوەیەکەوە کە مامەڵەکردنیان لەگەڵ یەکدا هەمیشە پێویستی بە قوربانیدانە لەپێناو یەکیتردا و لەپێناو بەردەوامی ژیانی خێزانیاندا، ئەگەر واتێبگەن کە مامەڵەیەکی شەراکەتیان دەست پێ کردووە، ئەوا هەمیشە بەریەککەوتن دروست دەبێ، من و تۆیی دروست دەبێ، وەک چۆن دوو شەریک لە مامەڵەیەکی بازرگانیدا بۆ نموونە پێکەوە دوکانێک دادەنێن، دەبێ وەکوو یەک پارە بخەنە ناو مامەڵەکەوە، وەکوو یەک بچنە سەر دوکانەکە، وەکوو یەک پارە لە داهاتەکەی هەڵگرن ئەگەرچی یەکێکیان پێویستی زیاتریشی بە پارە هەبێت، واتە مامەڵەی یەکسان، ئەمە پێی دەوترێ شەراکەت، بەڵام لەخێزاندا ژن و مێرد شەراکەت ناکەن، وەکوو ئەوەی کە باوە لەناو خۆماندا و دەوترێ شەریکی ژیانن، بەڵکوو دەبێ بە شێوەیەک خێزان دروست بکەن کە ئامادەی قوربانیدان بن لەپێناو خۆیان و مناڵەکانیان و بەردەوامی ژیانی خێزانیان، ئیتر ئەوکاتە پیاو چەندە زیاتر ماندوو بێ و داهاتی زیاتر بهێنێتەوە بۆ خێزانەکەی، ئەوەندە زیاتر دڵی خۆشترە، بەهەمان شێوە ژن چەندە ماندوو دەبێ لە خزمەتکردنی خێزانەکەی و لە گەورەکردن وپەروەردەکردنی مناڵەکانی، ئەوەندە زیاتر دڵی خۆشە بە کارەکەی، واتە چێژ دەبا لە بەجێهێنانی ئەرکەکەی.

خۆ ئەگەر قوربانیدانەکە دوولایەنە بوو، ئەوا خێزانێکی تەواو بەختەوەرن و مناڵەکانیش کاتێک گەورە بوون، هەمان ڕێچکەیان دەبێت، بەڵام ئەگەر یەک لایەنەش بوو، واتە هەر ژنەکە یان هەر پیاوەکە وابوو، ئەوا ئەو باوەڕی بە قوربانیدان هەیە و پاداشتی خۆی لە دنیا و دواڕۆژدا وەردەگرێ و ئەگەر کێشە دروست بوو لەخێزاندا، ئەوا کەمترین هۆکار دەکەوێتە ئەستۆی ئەو، واتە نابێ چاو لەویتر بکا و بڵێ مادام ئەو وادەکا، منیش وادەکەم، یان ئەو بۆ ئەوکارە ناکا، منیش نایکەم.

کەواتە ئەگەر قوربانیدان نەبێت، کوا دایک و باوک مافی ئەو هەمووە ئەرک و زەحمەتە وەردەگرن کە ئەنجامی دەدەن لە ژیاندا، ئەگەر باوەڕیان بە قوربانیدان نەبێت، زوو ماندوو دەبن و دەپسێن لەژێر قورسایی ژیاندا، لە ئێستاشدا کە زۆرێک لە ژنان کاری دەرەوەی ماڵیش دەکەن و پارە و داهات دێننەوە بۆماڵ کە ئەرکی ئەو نییە، بەڵام بێگومان ئەوە قوربانیدانە لەپێناو خێزانەکەیدا، بەمەرجێک من وتۆیی نەکا لەگەڵ هاوسەرەکەیدا و کیسەیان جیا نەبێ، کاتێک پیاو و ژن هەردووکیان داهاتیان هەیە، ئەگەر کیسەجیاییان نەبێ و پێکەوە بڕیار لە سەرفکردنی بدەن، ئەوە گەورەترین نیعمەت و هۆکاری ئاسوودەیی خێزانە، بەڵام پیاویش هاوکاری ژن بێ لە ئەرکی ناو ماڵ و پەروەردەکردنی منداڵەکانیاندا.

ئەگەر خێزان وابوو، کەمترین کێشەیان دەبێت، بەڵام ئێستا دەبینین خێزانەتازەکان ئەو تێگەیشتنەیان نیە، یان بڵێین باوەڕیان بە قوربانیدان نیە. دەڵێ بۆچی ئەو چیە و من چیم، ئەگەر ئەو وانەکا، منیش نایکەم ئەگەر ئەو وانه‌بێ، منیش وانابم کە ئەمە سەرەتای لێکهەڵوەشانی خێزانە، هۆکاری زۆربوونی کێشەکانە. بۆیە جارێکی تر پێویستمان بە پەروەردەکردنەوەی گەنجەکانە و تێگەیاندنیان لە ئەرک و مافیان پێش ئەوەی بچنە ناو پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە. نەجیبە شێخ لەتیف