جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی ئێران، به ناردنی نامه‌یه‌ك بۆ ئه‌مینداری گشتی مه‌جمه‌عی جیهانی بۆ نزیكخستنه‌وه‌ی مه‌زهه‌به ئیسلامییه‌كان، هه‌ندێ له گرفته‌كانی ئه‌هلی سوننه‌تی ئێرانی به شێوه‌ی گشتی بۆ باس كرد. ده‌قی نامه‌كه به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌یه:
بسم الله الرحمن الرحیم
ڕێزدار، جه‌نابی ئایه‌توڵڵا مۆحسین ئه‌راكی
ئه‌مینداری گشتی مه‌جمه‌عی جیهانی بۆ نزیكخستنه‌وه‌ی مه‌زهه‌به ئیسلامییه‌كان
السلام علیكم و رحمة الله و بركاته
یاد و بیری هه‌وڵ و تێكۆشانی پێشڕه‌وانی یه‌كیه‌تی و نزیكخستنه‌وه‌ی نێوان شوێنكه‌وتوانی ئایین‌زا ئیسلامییه‌كان، له تێكۆشانه به‌نرخه‌كانی پێشه‌وای شه‌هید حه‌سه‌ن به‌ننا، شێخ شه‌ڵتووت، ئایه‌توڵڵا بروجێردی و قومی، تا ده‌ستكه‌وته به‌نرخه‌كانیان له چوارچێوه‌ی مه‌جمه‌عی جیهانی نزیكخستنه‌وه‌ی نێو مه‌زهه‌به ئیسلامییه‌كان له سه‌ره‌تایی دامه‌زرانیه‌وه تا ئێستاكه خۆی ده‌رخستووه، به‌رز ڕا ده‌گرین.
هاتنه‌دی یه‌كیه‌تی و یه‌کگرتوویی گه‌له ئیسلامییه‌كان، بۆ خێرخوازانی ئۆممه‌تی ئیسلامی ئاواتێكی دێرینه و ئارمانجێكی پیرۆزه، له سه‌رده‌می كاڵبووه‌نه‌وه‌ی سنووره جۆگرافیایی و سیاسییه‌كان له ڕۆژئاوادا و پێكهاتنی یه‌كیه‌تیيه به‌ھێز و ناوچه‌ییه‌كان ئه‌ویش به ئێستراتێژیایی داڕێژراو و دروشمگه‌لی ئاشكرا وه‌ك پاره‌ی هاوبه‌ش، لابردنی په‌ساپۆرت و ...، ئه‌م ئارمانه نه بۆ به‌ربه‌ره‌كانێ و به‌رانبه‌ری له‌گه‌ڵ یه‌كییه‌تیه‌كانی «دیكه«، به‌ڵكوو بۆ زیادكردنی توانایی گه‌له موسوڵمانه‌كان، و له پله‌ی یه‌كه‌مدا سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر گرفته ناوخۆیه‌كانی ئوممه‌تی ئیسلامی وه‌ك ڕاوه‌ستان له‌بواری زانستی و كلتووری، لاوازی بنیاده‌كانی گه‌شه‌پێدان، لاوازی و سستی بایه‌خه‌كان و چه‌مكه مه‌ده‌نیه‌كان وه‌ك : ڕه‌واداری، به‌رانبه‌ری هاووڵاتی و بنه‌ما نه‌زه‌ریه‌كانی هاتنه‌جێی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ... گرینگی تایبه‌تی په‌یدا كردووه.
به پێویستمان زانی تا به ڕوانین بۆ ئه‌زموونی نزیك به سی ساڵی ئه‌م ڕێكخراوه‌یه كه له‌ژێر ئیداره‌ی به‌ڕێزتاندایه، هه‌ندێ خاڵ، نه وه‌ك دیاری كردن، به‌ڵكوو به‌ناوی نموونه و به كورتی له‌به‌ر چاو گرتنه‌كه‌ی، به هۆمێدی توێژینه‌وه و په‌یداكردنی ڕێی چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵتان باسی بكه‌ین.
1ـ له بواری جۆرناسیه‌وه، له‌مپه‌ره مه‌عریفی و تیۆرییه‌كان، ته‌نیا یه‌كێ له له‌مپه‌ره‌كانی هاتنه‌دی یه‌كیه‌تی و یه‌كگرتووییه. ئه‌گه‌ر چی گومان له بایه‌خ و گرینگی ئه‌م جۆره له‌مپه‌رانه‌و هه‌وڵدان بۆ لابردنه‌كه‌ی نییه، به‌ڵام ته‌نیا باسكردن له‌م به‌شه و له‌به‌رچاو نه‌گرتنی به‌ستێنه‌كانی دیكه، هاتنه‌دی و به ئه‌نجام گه‌یاندنی كۆی هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكان به‌رانبه‌ری گرفت ده‌كاته‌وه، وا دیاره گرینگی له‌مپه‌ره ده‌رونی و ڕه‌وانیه‌كان زۆر زیاتره له گرفته تیۆرییه‌كان.
2ـ هه‌بوونی جێگری كاروباری ئێران له‌م مه‌جمه‌عه‌دا، له بواری پێكهاته‌یی، خاڵێكی به‌هێز به ئه‌ژمار دێ، ئێمه به ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمانی ده‌زانین كه ماڵئاوایی و ده‌سخۆشی خۆمان بۆ هه‌وڵ و تێكۆشان و به‌دواداچوونی جێگری تایبه‌تی مه‌جمه‌ع بۆ سازكردنی مزگه‌وت و شوێنه ئایینیه‌كانی ئه‌هلی سوونه‌ت له تاران‌دا ـ جیاواز له هاتنه‌جێی ئه‌م هه‌وڵ و تێكۆشانانه ـ ده‌رببڕین، به‌ڵام له‌ڕاستیدا گرفته‌كان و كێشه‌كان زیاتر له‌وه‌ن كه ته‌نیا به سازكردنی مزگه‌وته‌كان كۆتایی پێ بێت و له‌بواری جۆگرافیاییشه‌وه ته‌نیا له تاران‌دا بێت.
3ـ له به‌شی میدیا و فه‌رهه‌نگ (كلتوور)، شێوازی پاشگه‌ڕی له هه‌ندێ مینبه‌ره فه‌رمیه‌كان و پرۆگرام و موسه‌لسه‌له‌كانی میدیای فه‌رمیه‌وه بگره تا ئه‌ده‌بیاتی هێرشكه‌ری هه‌ندێ له گۆڤار و بڵاڤۆكه و سایته ئینتێرنێتیه‌كان و هه‌ر وه‌ها نه‌بوونی هه‌لی به‌رانبه‌ر بۆ وڵامدانه‌وه و تێبینی، و بوونی هه‌ندێ نووسراوه‌ی ره‌دكه‌ره‌وه له ئاستی وانه‌ی زانكۆكاندا، ڕۆژ به ڕۆژ دیواری بێ‌باوه‌ڕی و بێ‌بڕوایی لای هاووڵاتیانی ئه‌هلی سوونه‌تی به‌رزتر و پته‌وتر كردووه.
4ـ له به‌شی پله‌و پایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و قه‌بووڵكردنی كێشی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت له ئێران‌دا، به‌داخه‌وه هیچ به‌ڵگه و ئاسه‌وارێك كه بۆ به‌رگری و دیفاع ببێت، نییه. دوای تێپه‌ڕینی نزیك به 35 ساڵ له هاتنه سه‌رکاری کوماری ئیسلامی ئێران، له ناو ئه‌و هه‌مووه مودیر و به‌رپرسه‌دا كه وڵاتی ئێران‌دا هه‌یه، به‌داخه‌وه هیچ كات له نوخبه‌كانی ئه‌هلی سوننه‌ت له هیچ پۆست و مه‌قامێكدا وه‌ك : وه‌زیر، باڵوێز و ته‌نانه‌ت به‌رپرسی پارێزگا ـ ته‌نیا له ماوه‌یه‌كی كه‌م و سه‌ره‌تایی ھاتنه سه‌ر کاری حکومه‌تی کوماری ئیسلامی ئێران‌دا نه‌بێ ـ كه‌ڵك وه‌ر نه‌گیردراوه.
5ـ له چه‌ن مانگی رابردوودا، شه‌پۆلێكی نوێ له بێ‌به‌شكردنی هاووڵاتیانی ئه‌هلی سوننه‌ت له مافه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ستی پێكردووه و له بواری ڕۆحی و ڕه‌وانیه‌وه له‌ناوچه ئه‌هلی سوننه‌ته‌كاندا بارودۆخێكی خراپی پێكهێناوه كه ئه‌ڵبه‌ت ده‌كرێ سه‌رچاوه‌ی له به‌رچاوته‌نگی هه‌ندێ به‌رپرسی ناوچه‌كانه‌وه گرتبێ.
6ـ باس كردنی ئه‌م گرفتانه له‌گه‌ڵ جه‌نابتاندا له‌به‌ر ئه‌وه نیه كه ئێوه به ده‌سه‌ڵاتدار له ته‌واوی ئه‌م به‌شانه‌دا ده‌زانین، به‌ڵكوو پێمان وایه كه نیزام و ده‌سه‌ڵات بۆ ھاوسه‌نگی و ھاوته‌رازی پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ گرفته‌كانی تایبه‌ت به هاووڵاتیانی ئه‌هلی سوننه‌ت، پێویستی به شێواز و پێكهاته‌یه‌كی ڕێك و پێك هه‌یه كه له ئێستادا، له‌ناو ته‌واوی ڕێكخراوه فه‌رمیه‌كانی ده‌وڵه‌تدا، مه‌جمه‌عی ته‌قریب، له هه‌موو ڕێكخراوه‌یه‌ك ئاشناتره به‌م جۆره گرفتانه. بۆیه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كرێ كه له‌م به‌شه‌دا ئورگان و ده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌كانی نێو حكومه‌ت مولته‌زیم به وه‌رگرتنی ڕای مه‌جمه‌ع وه‌ك ڕای كارناسانه بكرێن و هه‌م مه‌جمه‌عیش بایه‌خی زیاتر بداته ئه‌و به‌شه‌ی كه ده‌بێ له‌ناوچه‌كانی ئه‌هلی سوننه‌تدا چاودێری زیاتر بۆ بینینی ئه‌م گرفتانه بكرێ، كه بۆ نموونه له‌م نامه‌دا ئاماژه به چه‌ندانه‌ی كرا، و ئه‌گه‌ریش پێویست بوو به‌ڵگه بۆ سه‌لماندنه‌كه‌ی هه‌یه.
7ـ له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی زیاد له سی ساڵ له ئه‌زموونی كۆنفڕانسه‌كانی یه‌كیه‌تی ئیسلامی و ئه‌ده‌بیاتی پێكهاتوو له به‌ستێنی ئه‌م كۆنفڕانسانه‌دا، به‌داخه‌وه به‌رهه‌مه كاریه‌كانی، له‌گه‌ڵ چاوه‌ڕوانیه سه‌ره‌كیه‌كان، یه‌ك ناگرنه‌وه. بۆیه پێشنیار ده‌كرێ له په‌نای دوو چه‌مكی «وحدت و تقریب»، جه‌خت بكرێته سه‌ر چه‌مكگه‌لێكی وه‌ك «ڕه‌وا داری و قه‌بووڵكردنی لایه‌نه‌كانی دیكه« و جێخستنی ئه‌م چه‌مكانه له‌ناوی گرووپه فیكریه‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌وا له مینبه‌ره‌كانیان به ده‌سته و هیوادارین به‌شێوه‌ی جیددی له مه‌جمه‌عدا باسی لێبكرێ.
جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی ئێران، وه‌ك ڕێكخراوێكی مه‌ده‌نی له چوارچێوه‌ی بیري ئیسلامی‌دا كه له لایه‌ن فیكریه‌وه سه‌رچاوه‌ی له به‌ستێنی مامناوه‌ندی سه‌حوه‌ی ئیسلامی وه‌رگرتووه، له هه‌موو كاتێكدا به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی له‌به‌ر چاو گرتووه و جه‌ختیشی له‌سه‌ر كردووه. بۆیه ئاماده‌بوونی خۆی بۆ به‌یانی گرفته‌كان و خستنه به‌رچاوی پێشنیار و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م گرفتانه، ڕا ده‌گه‌یێنێ.
جه‌ماعه‌تی ده‌عوت و ئیسلاحی ئێران
91/12/17
بۆچوونه‌کان