«ساڵیانی درێژ توێژینەوە و بەراوەردکردنی حوکمە فیقهییەکان(زانستە ئایینییەکان) لەگەڵ دەقی ئایاتی ئیلاهی و سونەتەکانی پێغەمبەری ئیسلام(د.خ)، هەروەها به لەبەریەکڕاگرتنی وتەکانی زانایانی گەورەی دین، ئەم بچووکەی وادار کرد هەندێک مەسەلە کە ئەمڕۆکە پێویست و زەروورە، سەبارەت بە کاروباری شەخسی و حوقووقی ژن و مێرد بێنمە سەر کاغەز». چەن ڕستە دواتر دەڵێ:
«بە داخەوە لەو کاتەوە کە چاولێکەری و چەقبەستنی فیکری لە نێو کۆمەڵی موسوڵمانان پەرەی گرت، بزاڤی چاکسازی و پێشکەوتن خوازی ڕاگیرا و خلیسکانە زیانمەند و پێویست بە ڕاست کردنەوەکانی پێشینیان پێشی لێ نەگیرا. بیدعەتە ناحەزەکانی خەڵک خەڵەتێن و هەلپەرەستی و ئینسان پەرستییەکان و دووڕوویی و ماستاوچییەتی و حەرامخۆران و بێدەنگی لە بەرامبەری ئەهلی زوڵم کە خراپترین نەخۆشی کۆمەڵایەتییە لە نێو موسوڵمانان بوو بە قانونێکی نەگۆڕ. ئەوەش بۆتە داردەستی دوژمنانی ئەو دینە پاک و خوداییە، ئومێد وایە بێداری موسوڵمانان کە بە خۆشیەوە لە وتار و نووسراوەی زانایان و ئەهلی فەزڵ نیشانەکانی دیارە، ئەو برینە ساڕێژ کا و میللەتانی موسوڵمان بە یارمەتی ئیلاهی، گەورەیی و سەرکەوتنی پێشوو وەدەست بخەنەوە» (لاپەڕەی 24).
لەو نامیلکەیەدا چەن مەسەلەی مەشهوور کە لە کتێبەکانی مەزهەبی شافێعیدا هاتووە بە دەستی بەهێز و بیری وردی مەلا کەریم دووبارە خراونەتە بەرباس، ڕێگەی ڕاست و عەقڵپەسندنیان لە ڕووی دەقی قورئان و حەدیسی سەحیح بۆ دۆزراوەتەوە.
یەکەم: کچ بە زۆر بە شوودان باتڵ کراوەتەوە.
دووهەم: منداڵ، بە منداڵی مارەکردن باتڵ کراوەتەوە.
سێهەم: هاوکووفبوون جگە لە دین و ئەخلاق ڕەچاو ناکرێ.
چوارەم: تەڵاق دەبێ لە حوزووری شاهێددا بەڕێوە بچێت.
پێنجەم: تەڵاق دەبێ سێ جار بەڕێوە بچێت جا ئەوجار بە یەکجاری لێک جودا دەبنەوە.
شەشەم: سێ تەڵاق بە یەک لەفز ناکەوێ.
حەوتەم: تەحلیل بەشەرت (مارەبەجاش) کارێکی پڕ نەنگ و عارە کە پێغەمبەر لەعنەتی کردووە.
هەشتەم: سوێندخواردن بە تەڵاق تەڵاقی پێ ناکەوێ.
نۆهەم: شەرتدانان بۆ تەڵاق باتڵ و ناڕەوایە.
دەهەم: تەڵاقێک بە زۆر و تۆبزی بێ ناکەوێ.
یازدەهەم: تەڵاقێک لە ڕق هەستان دابێ ناکەوێ
دوازدەهەم: تەڵاقی ژن بۆ ئەوەی میرات(ارث) نەبا ناکەوێ.
سێزدەهەم: تەڵاق لە کاتی حەیزدا ناکەوێ (طلاق بدعی).
چواردەهەم: ژن بە ژنە ناڕەوایە.
پازدەهەم: لە زاراوەیەکدا بە ناوی «خولع» ژنیش دەتوانێ یەک لایەنە جیا بێتەوە.
شازدەهەم: کاتێک ژنی تەڵاقدراو لە حەیز کەوت، بە هەر هۆیەک بێ عیددەی ئەو بۆ مێردکردنەوەی دووبارە، وەک باقی ژنانی ئاسایی تەڵاقدراو، هەر سێ مانگە.
کاتێک نامیلکەی «احوال شخصیه و حقوق زوجین» دەبینی خۆت لە بەرامبەری عالەمێکی پوختە و هەڵکشاودا دەبینی کە بەسەر ئەسراری شەریعەتدا شارەزایە، دوورە لە چاولێکەری و دەمارگرژی، پرسیارەکەی پێشووم دووبارە گەشتر هەڵەسوونی دێناوە زانایەکی ئاوا بۆچی دەبێ دەمارگرژی سەبارەت بە شیعە هەبێ؟ بڵێی بەڵگەی هەبێ؟ بۆچی دەبێ نزیکبوونەوەی مەزاهیب بە ناجایز بزانێ؟ تاکوو دواتر بۆم دەرکەوت لە نێو ئەهلی سوننەتدا ڕوانین بۆ مێژووی خەلافەتی ڕاشیدە و خیلافاتی بەینی سەحابە و چۆنییەتی تێکچوونی خەلافەتی ڕاشیدە و پلە و پایەی موعاویە و یەزیدی کوڕی، دوو بۆچوون بووە و هەیە5؛
بۆچوونی یەکەم کە ڕەنگە زۆربەی ئەهلی سوننەت بە درێژایی مێژووی ئیسلام لەسەری بوون و مێژوونووسانی ئەو سەردەمە وەک «خزری بەگ» و «شیبلی نوعمانی» و «هەیکەل» و «ئەحمەدئەمین» و «تەها حوسێن» و «عەلی وردی» لەسەری ڕۆیشتوون و شرۆڤەیان کردووە و لە لایەن زانایانی سەر بە چاکسازی و ڕەخنەگر و عەقڵانی و عەداڵەتخواز بە باش وەرگێڕاوە و نۆژن کراوەتەوە، ئاوا دەڵێ: «دوورکەوتنەوە لە زەمانی پێغەمبەر و هاتنەخوارێی سرووشی ئاسمانی، زۆربەی موسوڵمانانی وردە وردە بەرەو دنیا کێشا، موسوڵمانان لە زەمانی خەلافەتی حەزرەتی عوسمان گڕو ینی ئیمانیان سارد ببووەوە، خوشگوزەرانی ڕەواجی پەیدا کرد و جیاوازی چینایەتی دیاردەیەکی بەرچاو بوو، تایەفەگەری و نەژادگەرایی هاتە گۆڕێ، لە هەمووان زیاتر «بەنی ئومەییە» وەبەر ئەو تەوژمی دنیاگەراییە کەوتن، لە دەزگای خەلافەتدا دزەیان کردبوو، حەولی خۆوەپێشدانیان بوو، لە ئاکامی کێبەڕکێ و ڕقەبەرایەتی بەنی ئومەییە و نەیارانی ئەوان خوێنی حەزرەتی عوسمان ڕژاو بەنی ئومەییە خوێنی حەزرەتی عوسمانیان کردە بەهانە و کراسی خوێناوی حەزرەتی عوسمانیان کردە ئاڵا تا خەلافەتیان وەچنگ خست، بەها ئیسلامییەکانی سەر بە یەکسانی و ئازادی و شەرعیەتیان خستە ژێڕ پێ، شەڕی خوێناویان لە نێو موسوڵمانان ساز کرد، خەلافەت بوو بە پادشایی و هەڵبژاردنی پیاوە مەزنەکان و ڕیش سپی و زاناکان گۆڕا بە وەراسەت، خەلافەت بوو بە بنەماڵەیی و مڵکی تایبەت، جینایەتی هەرە گەورەی بەنی ئومەییە جینایەتەکانی یەزید بوو، حەزرەتی حوسێنی لە کەربەلا کوشت، کەعبەی وەبەر مەنجەنیق دا، مەدینەی قەتڵوعام و ئەتک کرد، لە دیدی ئەو موسوڵمانە ئەهلی سوننەتانەی کوترا، یەزید ئەگەر کافر نەبێ فاسقە، قەدیمییەکانی لایەنگری ئەو بۆچوونە لە کوتانی موعاویە خۆ دەپارێزن بەڵام خاوەنانی ئەو بۆچوونە لەم عەسرەدا زمانی ڕەخنەگری و سکاڵا بۆ ئەویش درێژ دەکەن. لەو بۆچوونەدا خەتای خوێنڕێژی و لە پاشان تێکچوونی خەلافەت و ڕەوشتی عادڵانەی سیاسی بەسەر بەنی ئومەییەدا دەشکێتەوە.
بۆچوونی دووهەم گەڵاڵەکراوی «قازی ئەبووبەکری ئیبنولعەڕەبی» لە کتێبی «العواصم من القواصم»دایه کە خەڵکی مەغریب بووە، دواتر لە عەسری ئێمەدا لە لایەن «محبالدین خطیب» مێژوونووس و ئەدیب و زانای سووری نیشتەجێی میسر، نۆژەن کراوەتەوە و لە بەرامبەری بزاڤی «تقریب مذاهب»ی شێخ شەڵتووتەوە هاتۆتە ئاراوە. لە لایەن هەندێک لە سەلەفییەکان و هەندێک لە دیوبەندییەکان بە ئاگاهی یا بە نائاگاهی دووپات کراوەتەوە. ئەو بۆچوونە ئاوا دەڵێ: «دوژمنانی ئیسلام کە چاویان بە سەر پەرەگرتنی ئیسلام هەڵنەدەهات و دوای شەهادەتی حەزرەتی عومەر کەوتنە جموجۆڵ، «ابن سبا» نێوێک، لە قەدیم جووڵەکانی یەمەن، لە نێو لایەنگرانی حەزرەتی عەلی لە ئاخری خەلافەتی حەزرەتی عوسماندا ڕەخنەی کرد و هێندەی ناڕازیانی حکومەتی والییەکانی حەزرەتی عوسمانی دنە دان و تەحریکی کردن تا زەمینەی کوشتنی حەزرەتی عوسمانی فەراهەم کرد. دواتر بە فێڵ و دەسیسە، شەڕەکانی جەمەل و سیفینی ساز کرد. لەگەڵ دارودەستەکەی دەنگۆیان بڵاو کردەوە کە هەر پێغەمبەرێک جێنشین و جێدارێکی هەیە. جێنشینی پێغەمبەری ئیسلام عەلی کوڕی ئەبوو تالیبە، تەنانەت «ابن سبا» گوتی: عەلی خودایە.
حەزرەتی عەلی بە قەولێک دەستووری ئاورتێبەردانی دان. دوای شەهادەتی حەزرەتی عەلی بە دەستی لایەنگرانی پێشووی خۆی واتە خەواریج. حەزرەتی موعاویە قاتڵانی حەزرەتی عوسمانی کوشت، وڵاتی ئیسلامی هێور کردەوە و ڕێزی زۆری لە حەزرەتی حەسەن و حەزرەتی حوسێن و باقی سەحابەکان و خێزانەکانی پێغەمبەر دەگرت. شەڕی لەگەڵ کافران دەست پێ کردەوە، حکومەتێکی بە سیاسەت و لێبردووی بووە، حوبی پێغەمبەری زۆر بووە، پێش مردنی گوتبووی بڕێک لە نینۆک و مووی پێغەمبەر(د.خ) -کە هەڵی گرتبوو-لەگەڵم لە کفنەکەدا بیپێچنەوە. ئەو لە پێشدا داوای خەلافەتی نەکردووە، داوای سزای قاتڵەکانی حەزرەتی عوسمانی کردووە. یەزیدیش زۆری بوختان پێکراوە، بە هەر حاڵ حاکمێکە کە بە سفارشی بابی کراوەتە خەلیفە و زۆربەی خەڵک بەیعەتیان پێ کردووە، حەزرەتی حوسێن فریوی خەڵکی کووفەی خواردووە، یەزید لە کوشتنی حوسێندا بێ تاوان بووە، زۆریشی پێ ناخۆش بووە، ڕێزی لە ئەهلی بەیتی حوسێن گرتووە. حەزرەتی حوسێن نەدەبوو قسەی گەورەکانی سەحابە وەپشت گوێ خا. یەزید چونکە موسوڵمان بووە ئەگەر کاری خراپیشی بووە نابێ لەعن بکرێ کە تایبەت بە کافرانە، ئێستاش شیعە لە تەقریبی مەزاهیبدا فێڵیان لە بن سەردایە، شێخ شەڵتووتیان فریو داوە، ئەوان دوژمنی سەحابە و دوژمنی ئەهلی سوننەتن».
لەو بۆچوونەدا کە پێم وایە مەلا کەریمیش هۆگری بووە، زۆرتری خەتای کێشەکان بەسەر دوژمنانی ئیسلام و مونافیقاندا دەشکێننەوە کە لە نێو حکومەتی حەزرەتی عەلی ڕەخنەیان کردبوو.
ئەهلی سوننەت لە هەردووک بیر و باوەڕی پێوەندیدار لەگەڵ ئاژاوەکانی سەدری ئیسلام، تێیاندا هەیە دەتوانین زانایانێکی زۆر لە ڕابردوو و لە ئێستا نێوبردە بکەین و ڕەنگە زۆرێکیش تێکەڵێک لە هەردوو بیر و باوەڕەکان بیرۆکەیەکی سێهەم بخەنە ڕوو، لە ئاکامدا بۆم دەرکەوت مەلا کەریم بە بۆنەی مێژووناسییەوە هەردووک ڕوانگەکانی چاو پێکەوتووە ڕوانگەی دووهەمی هەڵبژاردووە. ئەوەش لە نێو مەلایانی کورددا دەگمەنە. بە تایبەت کاتێک بەرەی مامۆستا شێخ عێزەدین لە ئەو پەڕی کراوەییوە دەکرێ بڵێین لەبەر بێ دەر و پەیکەری و بێ سەرەوبەرەییدا کتێبەکانی «مەحموود ئەبووریەیان» تەبلیغ دەکرد وەک «اضواء علی السئه النبویه»(تیشکخستن لەسەر سوننەتی پێغەمبەر) یا «ابو هوریره شیخ المضیره» (ئەبوو هوڕەیرە شێخی شۆرباوان). مەحموود ئەبوورییە کابرایەکە کە بە «متشیع» دەژمێردرێ، هەروەها کەسانێک بە بێ باوەڕ بە سوننەتی پێغەمبەری دەزانن6، هەروەها لایەنگری حکومەت و سکولاریسم بووە و دژ بە حەرەکەتە ئیسلامییەکان. بە تایبەت کتێبەکانی تەوهینی زۆری تێدایە بە هاوەڵانی پێغەمبەر، وەک لە باسی ئەبوو هوڕەیرە بە ئاشکرا دیارە. ئەو کتێبانەی لە قوم چەندین جار چاپ کراون و ئەگەر ڕاست بێ دەستیان تێ نەبردبێ لەو کتێبانەدا ڕایگەیاندووە لەگەڵ مەلایانی شیعە وەک «مرتضی عسکری» پێوەندیان بووە. جا مەلا کەریمیش چۆتە جەمسەری بەرامبەر، یەزیدیشی بە باش داناوە یا لانیکەم پاکانەی بۆ کردووە. ڕەنگ بێ لە ئەهلی سونەتدا کەسانێکیش بووبن وەک «طه حسین» و «ابن سبأ»یان زیاتر پێ ئەفسانە بێ، وەک لە کتێبی «فتنە الکبری»دا وێڕای ڕێزگرتن و داخ و نافات لە کوژرانی حەزرەتی عوسمان، پێی وایە لە دەستتێوەردانی ئەو بنەجووە لە ئاژاوەکان، مێژوونووسان زێدەڕۆییان تێدا کردووە. هەروەها ناکرێ پیاوێکی وەک مەلا کەریم ئاگاداری ڕاو و بۆچوونی «آیت اللە مردوخ» و «کاک ئەحمەد موفتیزادە» نەبووبێ، هەر لەسەر نەفسی ئەو مەزووعە کە خیلافاتی بەینی سەحابەیە کە لە شاری سنەدا و لە هەموو کوردستاندا ئەهلی فکر پێیان دەزانی، بۆیە لە مامۆستا ئەحمەدیانم بیست کە گوتی هەر باسی کاک ئەحمەدت دەکرد مەلا کەریم هەڵدەبەزیەوە چونکە چاوەڕوان دەکرێ ئەو لایەنگری بۆچوونی مەردووخ بووبێت. لە وەفاتی مەردووخیش مەجلیسی تەرحیمی لە مەهاباد بۆ داندرا و مەلاکەریم لەو مەجلیسەدا قسەی کرد7.
ئێستا بچینە سەر باسی کوردایەتی. مەلا کەریم وەک مەلایەکی وریا و باسەواد و نیشتمانپەروەر لە ساڵانی فەقێیەتی و مەلایەتیڕا ئاگاداری مەسەلەی کورد بووە. دەزانین خەباتی کورد لە ئێران و عێراق تا شێستەکان هاوقۆڵ بوون، زۆرێک مەلا و فەقێ و ئینسانە ئازا و باسەوادەکان هۆگریان بەو خەباتە هاوقۆڵیە هەبوو کە بە سەرۆکایەتی بارزانی بەڕێوە دەچوو بەڵام لە ساڵەکانی نێوەڕاستی شیستەکان، هەم شۆڕش لە کوردستانی عێراق بوو بە دوو کەرتی تاڵەبانی و بارزانی هەمیش براڤی کوردی ئێران لە ژێر سێبەر و داڵدەی پارتی و بارزانی هاتە دەرێ بەڵام هەر کەسان و کەسایەتی وا هەبوو کە خۆشویستنیان و سەمپاتییان بۆ بارزانی و ڕێبەری پێشووی حیزبی دیموکڕات «ئەحمەد تۆفیق» هەر هەبوو کە چەپی نەبوو. وێدەچێ مەلا کەریم یەک لەوان بووبێ. بەڵام لە بەرەی بەرامبەری بۆچوونەکەی مەلا کەریم هۆگرانی بزاڤی کوردی ئێران کە لەو کاتڕا زۆربەیان وەسەر چەپایەتی گەڕابوون بارزانی و پارتییان لە کوشتنی «سولەیمانی موعینی»، چالاکێکی سیاسیی مەهابادی، بە تاوانبار دەزانی و ئەوانیان بە هۆکاری ئاشبەتاڵی شۆڕشی ئەیلوول دەزانی لە ساڵی 1975.
لێرەدا بیرەوەرییەکم هەیە لە گێڕانەوەیەکی مامۆستا «مەلا حەمەدی سەلفی» زانایەکی ئایینی سەر بە پارتی کە لە «فستیڤاڵی جیهانی مەولانا خالید» لێم بیست. مەلا حەمدی فەرمووی لە ئاشبەتاڵەکە هاتمە ئێران سەردانی شێخ عێزەدینم دەکرد. شێخ دەیگوت بۆ پەناتان بە ئێران هێناوە؟ ئاخر نازانن شای ئێران هەتا ئانیشک دەستی بە خوێنی کورد سوورە، منیش دەمگوت ناچارییە، پاش چەند ساڵ دوای شۆڕشی ئێران ئەگەر شێخ هاتە عێراق، لێم ڕاسپارد و گوتم ئاخر بۆ هاتوون بۆ عێراق؟ نازانن سەدام هەتا شانی دەستی بە خوێنی کورد سوورە، شێخ گوتبووی پێم خۆشە بیبینم، نەچووم بۆ دیتنی.
دەردەکەوێ هەڵوێستی مەلا کەریم لەمەڕ کوردایەتی دەگەڕێتەوە بۆ پێش شۆڕش کە نوقتەی بەرامبەری هەڵوێستی شێخ عێزەدین و بەرەی چەپ بوو کە لە سەردەمی شۆڕشی 79ی ئێران خۆی وەدەرخست. کەوابوو سەیر نییە مەلا شێخ عێزەدین لە ڕەئسی هەیئەتێکدا بێ کە داوای کرد «قیادەی موەققەت» دەبێ لە ئێران دەرکرێ. مەلا کەریمیش لەسەر گۆڕی بارزانی کەسانی نووسەری مادەی هەشتەمی بڕیارنامەی 8 مادەیی مەهاباد بە خائین بداتە قەڵەم.
ئەگەر ڕا و بۆچوونی مەزهەبیی مەلا کەریم لەگەڵ کۆماری ئیسلامی شیعی نالێک بوو، ڕا و بۆچوونی نیشتمانییەکەی هانی دەدا لەگەڵ سەرانی کۆماری ئیسلامی دانوستان بکا. بە پشتیوانی ئەو تاقمەی لە حیزبی دیموکڕات جیا ببوونەوە و بە یارمەتی مەلاکان و خەڵکی جاڕز لە شەڕی نێو شارەکان، ئا لەو ئاستەنگەدا هەوڵی ئەوەی دەدا حەسارێک و کۆزیلکەیەک بۆ کوردی سوننی دروست بکا و لەبن چنگی کۆماری ئیسلامییان بێنێتە دەرێ، وێدەچێ باوەڕی پێشووی خۆی لەمەڕ شیعەدا هەر هەبووبێ، لە بیرەوەریەکانی «شێخ حوسێنی کرمانی»دا هەیە کە دەڵێ بە توندی جوابی هاوکارییەکەی ڕەت کردۆتەوە بەڵام ئەوەندەش هەیە شۆڕشی وڵاتداگری 79 و هەروەها دەوامی کۆماری ئیسلامی و زاڵبوونی بە سەر نەیارانی ژوورەوە، مەلا کەریمی تێگەیاند بەلانیکەمێکیش لەوەی کۆماری ئیسلامی دەیدا قنیات بکرێ باشترە، بە خۆیدا پەرما گرووپە چەکدارەکان دەور لێدا و حەول بۆ ئەو لانیکەمە بدا. بە داخەوە لەبەر ناکۆکی مەزهەبی پێشووی لەگەڵ کاک ئەحمەدی موفتیزادە زەینی بۆ ئەو لایە نەدەچوو کە هاودڵی و ڕاگۆڕینەوەیەکیش لەگەڵ کاک ئەحمەدی موفتیزادە بکا بۆ ئەو بارە قورسەی هەڵی گرتبوو. هەرچەن لەو کاتەدا نێوانی کاک ئەحمەدی موفتیزادە و کۆماری ئیسلامیش بەرەو گرژی دەچوو، چونکە کاک ئەحمەد و هاوڕێیانی تازە «شەمس»یان دروست کردبوو کە لە تۆڵەیدا هەر لەو ساڵەی مەلا کەریمی تێدا شەهید کرا کاک ئەحمەدیش گیرا و لە زینداندا بە هەمان چارەنووس دوچار بوو.
بە کورتی مەلا کەریم بوو بە پێشەنگی جەماعەتێکی هەمە ڕەنگی شپڕێوی نادیار کە تازە بە دووی ئەو هەمووە کوشتارە لە بەینی بەرەی شۆڕشوانی کورد و کۆماری ئیسلامیدا کرابوو، ڕق و قین هەر دوو بەرەی گرتبوو، تازە وەبیری سیاسەت و وتووێژ و عەقڵانییەت کەوتبوونەوە. لە کاتێکدا وەختی ئەوە ساڵی 58ی کۆچی یا 80 میلادی بوو، ڕەنگ بوو حیزبی دیموکڕات ژیانەوەی دانوستانەکانی پێ ناخۆش نەبووبێ بەڵام کوژران و شەهادەتی مەلا کەریم لە سەرەتای ساڵی 61، ئەو تەرح و گەڵاڵەی لە پێش مەیین و گرسان لەناو برد و سڕییەوە.
ئەوەش بزانین کە حیزبی دیموکڕات و شێخ عێزەدین خۆیان لە کوژرانی مامۆستا مەلا کەریم بێ دەخڵ کرد، حیزب چەن جار لەسەر ڕادوێکەی ڕایگەیاند. شێخیش لە نامەیەکی سەرەخۆشی کە بۆ مەلایانی مەهابادی نووسی مەلا کەریمی بە بڕبڕەی پشتی دەزگای مەلایەتی لە کوردستان دانابوو، دەگوترێ کۆمەڵە لە سەرتادا خۆشی خۆی لە کوشتنی مەلا کەریم دەبڕێ بەڵام پاشان بێ دەنگی گرتە پێش ئەو قەتڵە هەر لە ژێر پەردەدا ماوە.
ئاسەوارەکانی شاریکەندی:
1-نامیلکەی «احوال شخصیه و حقوق زوجین» لە ساڵی 68 چاپ کراوە.
2-وتاری سەر نەوار لە هاتنەوەی مامە غەنی لە ساڵی 57.
3-وتار لەسەر قەبری مەلا مستەفای بارزانی.
4-وتار لە کۆڕی مەلایانی شیعە و سوننی لە ورمێ.
5-چەن قەسیدە و غەزەل بە زمانی فارسی.
6-چەن نەوار بە کوردی لەسەر شەش ڕوکنەکەی ئیمان لە لایەن برای خۆشەویست کاک «محەممەدی ئەحمەدیان» پیادە کراوە کە بڕیاڕە بڵاوی بکاتەوە.
بە خۆشییەوە ئەو برایە پیادەکراویی ئەو نەوارانە و چەن نەوارێکی دیکەی بە دڵاوایی خستە بەردەستی ئەو بچووکە. ئەوەی دەتوانم بڵێم ئەوەیە کە لەو نەوارانەدا شەهید شاریکەندی زۆر وەستایانە و هەمەلایەنە و بە زمانێکی یەکجار ساکار ئەو بابەتە ئیمانییانەی شرۆڤە کردووە کە بەڕاستی هەر لە خۆی دەکاڵێتەوە. لە هەموو بابەتەکاندا شوێنەواری دەمارگرژی و قسە بەزۆرسەپاندن نابینی و ڕووبەڕووی زانایەکی قسەپتوون و ڕێدەرکردوو دبییەوە، وێنەی زانایانی هاوچەرخی بەرەی ئیسلاح. خوا دەرەجەی عالیتر کا.
ناسر عەلیار- هاوینی ساڵی 97ی هەتاوی
6-القرآنیّون و شُبُهاتَهُم حول السُّنّه – اعداد خادم حسین الهیبخش الإستاد الامساعد بکلّیه التربیه جامیه ام القری
بۆچوونهکان