لێپرسراوی ده‌سته‌ی کارگێڕیی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕایگه‌یاند سووربوونی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوور به ڕێفراندۆم به‌بێ سازانی نیشتیمانی، قه‌یرانی سیاسی هه‌رێمی کوردستان قووڵتر ده‌کاته‌وه.
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس: له وتارێکی له ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌کێتی که له دهۆک پێشکه‌شی کرد، مه‌لا به‌ختیار داوای له مه‌سعوود بارزانی کرد له‌مه‌ڕ بابه‌تی ده‌ستوور گوێ له خه‌ڵک وه‌رگرێت.
هۆشداریی ئه‌وه‌شی دا که ئه‌گه‌ر بارزانی سوور بێت له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوور به ڕێفراندۆم، به بێ ته‌وافۆقی نیشتیمانی، ئه‌وا قه‌یرانی سیاسی هه‌رێم قووڵ ده‌کاته‌وه.
مه‌لا به‌ختیار له وته‌کانی که له که‌ناڵی گه‌لی کوردستان، زمانحاڵی فه‌رمی یه‌کێتی بڵاوکرایه‌وه، وتی: "په‌یامی من بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم ئه‌وه‌یه گوێ له ڕه‌خنه‌ی خه‌ڵک بگرێت و به گفتوگۆ و سازانی نیشتیمانی کار بۆ تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوور بکات، سه‌روه‌ری بۆ خۆی تۆمار ده‌کات و سوور بوونیشی له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوور به بێ ته‌وافوقی نیشتیمانی، قه‌یرانی سیاسی هه‌رێم قووڵ ده‌کاته‌وه."
داواشی له ئۆپۆزسیۆنی هه‌رێم کرد به ته‌حه‌مول بن و ڕایگه‌یاند که پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له هه‌رێم به‌وان ناڕوخێن و ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردن ده‌سه‌ڵاتیان مسۆگه‌ر کرد ئه‌وا حه‌ڵاڵیان بێت و یه‌کێتی و پارتی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن دهگێررن.
هاوپێوه‌ند به سیاسه‌ته‌کان و بڕیاردان له یه‌کێتی، لێپرسراوی ده‌سته‌ی کارگێریی ئه‌و پارته، ڕایگه‌یاند: یه‌کێتی سه‌ربه‌خۆیه له بڕیاردان و دابه‌زان به لیستی سه‌ربه‌خۆ.
مه‌لا به‌ختیار جه‌ختیشی کرده‌وه وه‌کوو یه‌کێتی هاوپه‌یمانیی خۆیان له‌گه‌ڵ پارتی تێک ناده‌ن و دواتر ده‌گه‌نه ئه‌نجام له‌باره‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوور و هاوسه‌نگی خۆیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان و پارتی ده‌پارێزن.
بۆچوونه‌کان