له 20 نۆوامبری ساڵی 1986 زایینی دوو خوێندکاری 9 ساڵەی ئاناتۆری نییۆیۆرکی، به نووسینی نامەیەک داوایان له سەرجەم منداڵانی دنیا کرد که رۆژێک تایبەت به ئاشتەوایی تەرخان بکرێت. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان له 20 نۆوامبری 1959 بەیاننامەی مافی منداڵان و له ساڵی 1989دا پەیماننامەی‌ مافی منداڵانیان پەسند کرد. پەیماننامەی‌ ڕێزگرتن له‌مافه‌كانی‌ منداڵان یه‌كێكه‌ له‌و ڕێكه‌وتنانه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن زۆرترین وڵاتانی‌ جیهانه‌وه‌ واژۆكراوه‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ی‌ ئاماره‌ فه‌رمی‌‌و نافه‌رمییه‌كانی‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هێشتا وه‌ك پێویست ڕێز له‌مافه‌كانی‌ منداڵان نه‌گیراوه‌، به‌ڵكو ڕوبه‌ڕوی‌ توندوتیژی‌‌و كوشتن‌و ده‌ستدرێژی‌ و بازرگانی‌ پێوه‌كردن ده‌بنه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌به‌شێك له‌وڵاتانی‌ ئه‌فریقادا، هاوكات له‌وڵاته‌ هه‌ژارنشینه‌كانیشدا به‌هۆی برسێتی‌‌و كه‌می‌ خۆراك‌و ده‌رمانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن‌و گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. به‌گوێره‌ی‌ ئامارێك كه‌ (ئۆلیڤه‌ر دی‌ شاتر) بڕیارده‌ر و پسپۆڕی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ مافی‌ مرۆڤ بڵاویكردۆته‌وه‌، به‌ هۆی‌ برسێتی ‌‌و كه‌می‌ خۆراكه‌وه‌ له‌هه‌ر شه‌ش چركه‌یه‌دا منداڵێك له‌جیهاندا گیان له‌ده‌ست ده‌دات، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی‌ نیگه‌رانییه‌ و شیاوی رامان و تێفکرینە.. پاش شەری جیهانی دوهەم له ساڵی 1946 زایینی له ئوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانی له منداڵان، رێکخراوێکیان به نێوی یونیسێف پێک هێنا و له 8 ئۆکتۆبردا به رۆژی جیهانی منداڵان ناسرا. ئەرکی لێژنەی یاریدەدانی منداڵان واته یونێسف، ئاگاداری له منداڵان و دابین کردنی پێویستیه یەکەمینیەکانی سەرەتایی ژیانیان، هان دان و دڵگەرمی دایک و بابان بۆ فێر کردن و راهێنانی منداڵانه. هەروەها تێکۆشان به مەبەستی کەم کردنەوەی رێژەی نەخۆشییەکان و مردنی منداڵان و پشتگری و ئاگاداریان له کاتی شەر و رووداوه سروشتیەکانە. له پێشەکی پێکهاتنامەی مافی منداڵان نووسراوه که " منداڵ دەبێ له کەشێکی پڕی بەختەوەری و خۆشەویستی و سازش دا گەوره بێت." بێ گومان بنەماڵە وەک ناوەندێکی بچوکی نێو کۆمەڵگا گرینگترین و زەبەندترین ئەرکی پەروەردەی منداڵی لەسەر شانه و خێزان وەک یەکەمین فێرگەی منداڵ، فێری وانەی پێکەنین، گریان، خۆشەویستی، ئاکار جوانی و ئاریکاری دەکات. ئەرکی سەرەکی خێزان کەسایەتی پێدان به منداڵه. و بەتایبەت لەناو خێزان دا ئەرکی دایک لەمەر ئەندامانی دیکەی خێزان قورستره و پێویسته دایک وێرای دایک بوونی، مامۆستای منداڵەکەی بێت . لە کاتێکدا ھەست و بیر و مێشک و گوێ و چاوی منداڵان سێ ئەوەندەی گەورەکان تیژتر و تینوتر و بەھێزتر و بەربڵاوترە، کۆمەڵگای ئەمڕۆ وەک هۆکارێک بۆ دابەزینی ئاستی کەسایەتی ناھێڵن بەشێک لە منداڵان، ڕاستەوخۆ لە گەڵ سروشت و ڕاستیەکاندا رووبەروو ببنەوە و خۆیان ئەزموونی راستەقینەی ژیان بە تاقی بکەنەوە. منداڵانی ئەورۆ، بەرپرسان و خاوەن ئەرکی گەورەی سبەی رۆژن و خۆیان راهێنەرانی رەچەڵەکی نوێن، ئەو بەرەی که هەر رۆژەی گۆرانکارییەک بەسەر بواری ژیانیان دادێت. مناڵانی ئەورۆ گیرودەی دوو شتی دژ بە یەکن: له لایەک بایەخه پڕ بەهاکانی رابردوو و له لایەکی تر هۆگری ژیاری بەرەو ماشینی چوونی سەردەمی ئێستا. پێویسته خێزان و قوتابخانه و مامۆستایانی منداڵان لەو باروودۆخه دا منداڵان لەسەر بنەماکانی دروستی ئەخلاقی عەمەلی، پەروەرده بکەن و فێری چۆنیەتی ژیانیان بکەن. مناڵان لەگەڵ ئیمه گەوره دەبن، پێدەکەنن، دەگرین، یاری دەكەن و فێر دەبن. گەورەکانیش دەزانن بەرپرسن له فێرکردنی مناڵان، بەڵام لەگەڵ ئەوه زۆر کات لەبیریان دەچێتەوه که مناڵان بەرکار نین. مناڵانیش بیر دەكەنەوه، هەست دەكەن و خوازیارن بۆچوونیان بڵێن. بەم چەشنه پێویسته ببیسرێن، بیریان لێ بکرێتەوه و له پێوەندیەکانی رۆژانه دا گرینگیان پێ بدرێت. مناڵانمان پێویستیان بەوەیه که سەبارەت به شتانێک که کاریگەریان لەسەر ژیانیان هەیه بۆچوونی خۆیان بڵێن و بەشداری بکەن. وێرای گوێبیستی بۆچوونەکانیان پێویسته بیر و باوەریان کارتێکەر بێت. مناڵان بە پێی تەمەنیان دەبێ له بریارەکانی ژیانیان دا بەشدار بن و ئەوه پێویستی به گۆرانکاریی لە شێوەی روانین بە منداڵانە لە لایەن گەورەکانیان. پێویسته ئێمه راهێنان لەسەر ئەو بەشه بکەین که تەنیا قسه بۆ مناڵان نەکەین بەڵکو گوێبیستی قسەکانیشیان بین. هەرچەند هەنگاوەکانی سەرەتا لەوانەیه ئەستەم بێت , بەڵام به دڵنیایەوه هۆکارێکە بۆ گەشە و پێگەیشتنی کەسایەتی منداڵ و کۆمەڵگاش لە دوارۆژ دا بەهرەی پێویستی لێ دەبات. کاتێک تازەلاوان گلەیی و گازندە دەكەن، دیاره نارازین و گەرەکیانە قسه بکەن و له ئاوات و هیوا و هەستەکانیان بدوێن، ئەوان مافی خۆیانه لە سەر ژیانیان هەستیار بن، بۆچوونیان بڵێن و گرینگی بە بۆچوونیان بدرێت. ماف و ئه‌رکه‌کانی دایک و باوک، به‌ شێوه‌یه‌کی یه‌کسان دیاری‌کراون. دایک و باوک بوون هه‌م مافه‌ و هه‌م ئه‌رکه‌ له‌ سه‌ر شانیان که‌ باشگوزه‌رانی بۆ منداڵی خۆیان دابین بکه‌ن. ئه‌رکی سه‌رشانی دایک و باوکه‌ که‌ منداڵی خۆیان له‌ ژینگه‌یه‌کی هێمنانه‌ و هانده‌رانه‌دا په‌روه‌رده‌ بکه‌ن و پێیان رابگه‌ن و هه‌روه‌ها، زه‌مینه‌ی‌ خوێندنێکی گونجاویشی بۆ ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن. ده‌بێ منداڵ له‌ که‌شێکی تێکه‌ڵ به‌ تێگه‌یشتن و ئاسایش و هه‌ست و سۆزدا په‌روه‌رده‌ بکرێت. مناڵی پشکۆیەکە له رووباری راستی بەرەو زوڵاڵی ئاو مناڵی لاپەرەیەکه له ئەوین و خۆشەویستی بە وێنەی شکۆ و هەیبەتی مانگ مناڵی زنجیرەی هەنیسک و فرمێسکە به دوا سروشت مناڵی هەڵاڵەیەکی سوورە بۆ باخی هیوا