گرینگترین و سەرەکیترین بەرپرسیارێتی مرۆڤ لەم گەردوونە و گۆی زەوی، بەرپرسبوونی له هەمبەر خواوەندی میری مەزنەوەیه. ئەو خودایەی که تەواوی کەره‌سه‌کانی بەختەوەری بۆ دابین کردووە، شایانی ئەوەیه که بەندە به‌پێی توانا شوکرانە بژێر و ئەمەگداری نێعمەتەکانی پەروەرێنی خۆی بێت و قبووڵی ئەو ئەرکانە بکات کە پێی سپێردراوە.

هەر کەسێک له ڕوانگەیەکی جیاوازەوە ئەرکێک له‌سەر شانییەتی و وەزیفەیەک له ئەستۆی دایه، چونکه مرۆڤ له‌گەڵ لایەنی جۆراوجۆر پێوەندی هه‌یه‌: بۆ وێنه پێوەندی له گەڵ خوڵقێنەری خۆی و پێوەندیگەلی کۆمەڵایەتی و ژینگه، جا شێوازی بەرپرسبوونیشی جیاوازه‌.

بەرپرسیارێتی مرۆڤ له بەرانبەر خالقدا

مرۆڤ ئەو بوونەوەرەیە که خودای مەزن له‌نێو هەموو گیانلەبەراندا هەڵیبژارد و ئەمانەتێکی پێ سپارد کە بە مەوجووداتی دیکە نەدرا، خودای باڵادەست بۆ کامڵبوونی مرۆڤ هێندێک ئەرک و فەرمانی بە دەستی پێغەمبەرانەوە ڕاگەیاندووه‌.

یەکێک لەو ئەرکانه ستایشکردن و بەندایەتی بوو، گرینگترین ئەرکی مرۆڤ بەندەگی خوای پەروەردگارە، کەوا بوو یەکەمین و گرینگترین بەرپرسیارێتی ئینسان له بەرانبەری خودایه و له ڕۆژی مەحشەردا له جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانه بەرپرسه و ئەگەر مرۆڤ له بەرانبەری ئەم نیعمەتە پڕبایەخە که خودا پێی بەخشیوە خۆی به بەرپرس نەزانێ، دیارە ژیانێکی بێهوودە و پووچ و بێ ئامانجی دەبێ و قەت ناگاته پایەی بەرزی مرۆڤایەتی. جا لێرە دەردەکەوێ بەرپرسبوونی له ئاست خوداوەند چەندە پێویستە و لازمە .

بەرپرسیارێتی مرۆڤ له بەرانبەر خۆیدا

تەواوی بوونەوەرەکانی جیهان بەرەو کامڵبوونێک دەڕۆن کە خودا ڕەچاوی گرتووە بۆیان و تەواوی پێداویستی و کەرەسەی لازم بۆ گەشتن بەو کامڵ بوونەشی پێشبینی و دابین کردووە، بەڵام جگه له مرۆڤ باقی بوونەوەرەکان نه عیلمیان له‌سەر ئامانجی ژیانیان هەیە و نه خۆیان ڕێگەیان هەڵبژاردووە، بەڵکوو خودای حەکیم بە شێوەیەک جیهانی ڕێکخستووە کە هەر مەوجوودێک بەرەو مەبەستی کۆتایی خۆی حەڕەکەت دەکات و جگە لەمەش ڕێگه چارەیەکی نییه، هەر بوونەوەرێک بەرەو کامڵبوونی تایبەتی خۆی دەڕوات و مرۆڤیش لەم بارەوە ئازاد و سەربەسته.

خودا ئەوپەڕی ڕێز و بایەخی داناوە بۆ مرۆڤ، چونکه داوای لێ کردووە کە مەوجوودێکی بێهوودە و بێ ئەرک و بەرەڵا نەبێت و هەست به بەرپرسیارێتی له خۆیدا پەروەردە بکات و هەمیشه خۆی به مەسئوول بزانێت، له ئاکامدا قەت نرخی خۆی کەمتر لەوە نەزانێ که نەگاته لیقای پەروەردگاری و بەهەشتی هەتاهەتایی،چونکە ئەگەر پێچەوانەی ئەمە بکات دەچێته زومڕەی زیانکاران.

بەرپرسیارێتی مرۆڤ له بەرانبەر بنەماڵە و خێزان

هەر تاکێک دەرهەق بە باوک و دایکی کە ئەمیان بە دونیا هێناوە و پەروەردەیان کردووە بەرپرسیارە، دەبێت ڕێزیان لێ بگیرێت و هەوڵ بدات ڕەزامەندییان بەدەست بێنیت. ئەگەر هاوسەرگیریشی کرد دەرهەق به ژن و منداڵ بەرپرسیارە و دابینكردنی پێداویستی ژیان له ئەستۆی دایە.

ئەگەر تاکەکان له‌گەڵ بنەماڵەی خۆیاندا بەرپرس نەبن، زۆر ناخایەنێت کە سیستەمی بنەماڵە لاواز دەبێت و بەرە و جیلی مرۆڤ بەرەو فەوتان و قڕان دەچوات.

بەرپرسیارێتی مرۆڤ له بەرانبەر کۆمەڵگادا

مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییه، ناتوانێ به تەنها پێداویستییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، هەروەها بۆ دابینکردنی نیازە مادییەکان وەکوو: خواردەمەنی، پۆشەنی، خانوو و...هتد. پێویستی به هاوکاری خەڵکانی‌ترەوە هەیە و بۆ دابینکردنی پێداویستییه مەعنەوییەکانیش وەکوو: دۆستایەتی و ئەوینداری و سۆز... کەسێکی دەوێ کە خۆشی بوێ و ئەمیش ئەوی خۆش بوێ. کەوابوو مرۆڤ ناچار به ژیانی نێو کۆمەڵگایە و بۆ زۆرێک له دەسەنەکان و بەهرەی ژیانی، منەتباری کۆمەڵگایه و هەردەم له خەڵکانی ‌ترەوە خێر و بەرەکەت به‌دەست دێنێ و له سای هەڵسوکەوت له‌گەڵ کۆمەڵگا له خەم و پەژارەی تەنیایی ڕزگاری دەبێت و گوڵی پێکەنێن له‌سەر لێوی چرۆ دەکات و زانست و ئاگاهی زیاد دەبێت، ئا بەم شێوەیە هەست بە دەستی میهرەبانی پەروەردگار دەکات، هەر بەو جۆرەی پێغەمبەری خۆشەویست دەفەرموێت: دەستی خودا له‌گەڵ جەماعەت و کۆمەڵه.

بێگۆمان ئاسەوارێک کە له بەرەکەتی پێوەندی و تێکه‌ڵاوبوونی له‌گەڵ کۆمەڵگادا نەسیبی مرۆڤ دەبێ و دەبێتە هۆی ئەوەی له بەرانبەریاندا هەست به بەرپرسیارێتی بکات، لەم جیهانەش کەمترین ئەرکی ئەوەیە کە بەرگیری خۆی بکات له ئازارگەیاندن به خەڵکانی‌تر.

بەرپرسیارێتی مرۆڤ له بەرانبەر ژینگه‌دا

سەرچاوە سرووشتییەکان سامانێکن که سرووشت بۆ مرۆڤی پێکهێناوە و خودی ئینسان له به‌دیهاتنیدا هیچ ڕۆڵێکی نەبووە. له‌ناوبردنی سەرچاوە سرووشتییەکان و پیسکردنی ژینگە یەکێک له گەورەترین کێشە و گیر و گرفتی سەردەمی ئێستایە کە ژیانی مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە.

بە ڕای بیرمەندان و زانایان، زۆرێک له بێسەروبەری و نالەباری سرووشتی وەکوو: لافاو، پێشەوە چوونی ئاوی زەریاکان، کەم بوونەوەی ئاوهەڵگری ژێر زەوی و لاوازبوونی چینی ئۆزۆن به هۆی وێرانکردن و پیسکردنی ژینگەوەیە. له ڕوانگەی ڕاهێنانە ئایینییه‌کان پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکان و ژینگە له هەرە گرنگترین و پڕبایه‌خترین مەسەلەی ئاکاری و ئەخلاقی ئابووری بە هەژمار دێت...

سەرچاوە: وێب سایتی بەیتووتە