دوای تێپەربوونی 13 ساڵ له پێغەمبەرایەتی و بانگەوازی ئیسلامی به شێوازێکی سنووردار و پڕ لە چەرمەسەری و ئازار، له کاتێک دا ئەشکەنجەی برواداران گەیشتبو لووتکەی خۆی، تا ئەو جێگەیە که بڕیاری بێ شەرمانەی کوشتنی پیغەمبەر (درودی خوای لێبێت) له لایەن موشریکانی مەککه درا. هەر چەند پێغەمبەر گیانی لە مەترسی دابوو بەڵام کتوپڕ دەروازەیەکی رەحمەتیان به روودا کرایەوه. کۆچ کردن له زێد و وڵاتیان و جێ هێشتنی ماڵ و سامانیان بە مەبەستی پێکهێنانی ژیانێکی نوێ لەگەڵ هاوەڵانێکی نوێ، شۆڕشێکی مەزن بوو و دەسپێکی گۆانکارییەکی کەم وێنە بوو لە مێژووی مرۆڤایەتی،کۆچ کردنێک که تەنیا رزگار بوون له دەست ستەم و ملهوڕی و لاساری چەوسێنەران نەبوو بەڵکو کۆچ کردن بۆ وەدەست هێنانی کۆمەڵگایەکی خاوەن ژیار و شارستانییەتێکی بێ وێنە بوو. ئامانجی ئەم بڕیارە مێژووییە پەرەپێدان و بانگەشە بۆ رزگار کردنی هەموو جیهان له تاریکی و نەزانی بەرەو رووناکی و بەختەوەری بوو. بێگومان هیچ ژیار و تەمەددونێک به هەڵکەوت دروست نابێ بەڵکو پێویستی به رێخوشکەری و بوونی کەسانی کاریگەر و خەباتکار هەیە. پێغەمبەر زانا بەو بابەته به پێشڕەوییەکی هەنگاو به هەنگاو، سەرەتا ئەستوونی ئیمان له دڵی بڕواداران دادەکوتێ و دوایی لەسەر فەرمانبەری و رەوشت جوانی و ئەوین و خۆشەویستی خوای میهرەبان شاگردانی پەروەردە دەکات. پاشان به هاوڕێیەتی هاوەڵانی دڵسۆزی و پشت به خوا بەرەو توونا کردنی سیستمی کۆمەڵگای گەندەڵی ئەو کات بۆ قەوارەیەکی پیشکەوتوو و خاوەن شارستانییەت هەنگاو هەڵدێنێتەوه تاکوو کۆمەڵگایەک لەسەر بناغەی ئاکار جوانی و رەچاو کردنی مافی شارومەندی بنیات بنێت. دوای دانانی بناغەی شارستانییەتی ئیسلامی له دڵی موسوڵمانان ئەم جارە کاتی پێکهێنانی دەسەڵاتێکی مەدەنی بوو که بە هۆی باروودوخی نالەبار و شێواوی مەککه پێویست بوو شوێنێکی گونجاوتر هەڵبژێرن، بۆیە به ویستی خوا بۆ مەدینه کۆچ دەكەن و بەم ئاوایە مەدینە دەبێتە مەکۆی پاراستنی کەرامەت و مەزنایەتی مرۆڤ و چینی چەوساوەی ئەو کاتی وڵاتی حیجاز. هەموو ساڵێک ئەم یادە بیرەوەری گەشەی چینی بنیامە و هەمووی مرۆڤایەتی ئەبوایە جەژنی گەورە بوون و ئازاد بوون بگێڕن، هەر بۆیە هونراوەی خەلکی چاو لە رێی مەدینه لە پیشوازی پێشەواکەیان تەزوویەک ئەداتە وجودمان: طلع البدر علینا من ثنیات الوداع ... کە رامانێک دەکەینە بەردەم دیرۆکی کۆچ، دەستکەوتەکانی زۆر گەورە و پربایخ خۆ دەنوێنن پێوەندی بە هێز و راسا نێوان کلتووری شارستانییەتی و دینی ئیسلام، یەکگرتوویی دەخاته دڵی ئیمانداران بۆ جێبەجی کردنی ئەرکی قورسی ئیلاهی و ئاوەدانی دڵ و زەین و زەوین. کۆچ که تەنیا مەبەستی دەرباز بوون له گەمارۆی ستەمکارانی مەککه نەبوو بەڵکو کۆچ کردن له ژیانی خێڵەکی و توندئاژۆیانە بوو بەرەو ژیانێکی سەقامگیر و شارستانی. هیجرەت بنەکۆکی کلتووری مەزنی شارستانییەت و نوێکاری بوو. لەرووی ڕێژەی پابەند بوونی خەڵکی مەککه و تایف و مەدینه به دینی ئیسلام له دوای وەفاتی پێغەمبەر دەردەکەوێت که لە نێوان بایخە مرۆڤێکان و شارستانییەتی پیشکەوتوو پیوەندییەکی پتەو هەیه. ئەو کۆمەڵگایەی که له دەڤەرێکی دواکەوتوو له کلتوور و ژیاری شارستانی ژیان بەسەر دەبەن له بواری بایخی مرۆڤیش دا دواکەوتووترن، بۆیه خوای گەوره مەککەی بۆ دابەزینی وەحی و مەدینەی بۆ بانگەشه و پێکهێنانی کۆمەڵگای مەدەنی و ئیسلامی هەڵبژارد. قورەیشێکان که له موحەممەد تەواو بێ هیوا ببوون، دەستیان دایه پیلانێکی زۆر ناحەز بۆ له ناو بردنی، بۆیه کۆڕێکی زۆر نهێنییان رێکخست و به رواڵەت هیچیان له خۆیان نیشان نەدا که کەس گومان به پیلانی ناڕێکیان نەبات، بەڵام لە بیریان چوبوو که رووی پیلانیان له خوای ئاگادار به هەموو نهێنییەکان ئاشکرا دەبێت و خۆی باشترین پیلانگێڕه و له شوێنیک ڕا که به بیریشیان دا نایەت دەستیان روو دەکات. به ئەمری خوا جبرەئیل پیلانی موشریکانی به پێغەمبەر راگەیاند و فەرمووی خوا ئیزنی داوه له کاتی دیاری کراو دا له مەککه کۆچ بکەن و لەمە بە دوا له شوێن خەوی شەوانت مەخەوه. دەمەوساتی قرچەی گەرمای نیوەڕۆ، کاتی پشوودان، پێغەمبەر روی کرده ماڵی ئەبوبەکر، ئەبوبەکر که پێغەمبەری لەو ساته وەخته دیت هەستی به رووداوێکی گرینگ کرد. پێغەمبەر هەواڵی کۆچ کردن و هاوڕێیەتی لە سەفەری پێدا و پاشان پلانی کۆچیان داڕشت و پێغەمبەر تا کاتی دیاریکراو گەڕایەوه ماڵێ و به کاری رۆژانەی سەرقاڵ بوو تا کەس هەست پێنەکات. بەمەبەستی رێ وون کردن سەرەتا بۆ لای یەمەن رۆیشتن، تاکوو نزیک کێوی سەور بوون، رێگایان ئەستەم و دژوار و پێی پیرۆزی پێغەمبەر بریندار، تا گەیشتنە سەر لووتکەی چیا و ئەشکەوتی سەور. ئەبووبەکر خەم خۆرە دلسۆزەکەی پێغەمبەر بە پێویستی زانی سەرەتا له نەبوونی مەترسی دڵنیا بێت، هەر بۆیە هەموو ئەشکەوتی پشکنی و هەموو کون و کەلێنی ئاخنی، ئەو جار چوونە ژوورێ و پاشان پێغەمبەر کە لەسەر رانی ئەبووبەکر پشووی دەدا، قەزا وابوو مارێک به پێی ئەبوبەکر وەدا و له زۆری ئازار، فرمێسکی چاوی دەرژایە سەر روومەتی پیغەمبەر (ص). لەو لاوه چاوەڕوانی تامەزرۆیانی مەدینه، هەموو بەیانیان ئیماندارانی دەکێشا بۆ دەرەوەی شار. چاوەڕوان دەوەستان، تاکوو گەرمای پڕ تینی نیوەڕۆ ناچار به گەڕانەوەی دەکردن تا ئەوەی که له هەشتومی رەبیعولئەووەل هەواڵێک له یەهودییەک بیسترا کە چاوەڕوانی کۆتایی پێهات و بەختەوەری بەرەو ڕووتان هات. خۆشی و تەکبیری ئیمانداران، مەدینەی وە زایەڵە خست و به شایی و هونراوه پێشوازیان له پێغەمبەر کرد. خۆشەویستی زێد وڵات له دڵی مرۆڤ دا هەستێکی هۆگرانە دەخوڵقێنێ و دووربوونەوە دەبێته هۆی پەرۆشی و دڵتەنگی. موسوڵمانانی مەککە دوای کۆچ کردنیان بۆ مەدینه زۆر بۆ مەککه دڵتەنگ ببوون , بیلال به هۆنراوەیەک تاسه و پەرۆشی خۆی بۆ مەککه دەردەبڕێت و دەڵێ: خۆزگه بمزانیبا که دەکرێ شەوێکی تر له مەڵبەندی مەککه بەسەر ببەم، لە کاتێکدا پنچه گیا بۆن خۆشەکانی ئەزخەر و جەلیل دەوریان داوم. ئایا دەکرێ رۆژێک بێت بچمەوه سەر ئەستێرکی ئاوی مەجەننە؟ ئایا جارێکی تر هەیبەتی کێوەکانی مەککە به چاوەکانم دەبینمەوه؟ پێغەمبەر له وەڵامی بیلال دا دەستی نزا بەرەو پەروەردگاری بەرز دەکاتەوه و دەفەرموێ: خودایه! مەدینەش هێندەی مەککه و زیاتریش لامان خۆشەویست بکه و له نەخۆشی بیپارێزه و به رێژەی سەنگ و پێوانەی بەرەکەتی پێ بده و نەخۆشی وەباش لە مەدینه راگوێزه، دیارە پەروەردگاریش نزاکەی لێوەرگرت. پێویسته له هیجرەتی پێغەمبەر (درودی خوای لێبێت) و هاوەڵانی بۆ مەدینه فێری وانەی ژیان بین و بەرەو ژیانێکی نوێ کۆچ بکەین. کۆچ له گیرۆدە بوون بە دنیای نەفس و دارایی بەرەو ئامانجە ئاسمانییەکان، کۆچ له ژەنگ و ژاری رۆژگار بەرەو سەفا و شەنگی روحی. کۆچ له نزمایی و داماوی بەرەو تروپک و بەرزایی ئینسانییەت، کۆچ له گەندەڵی بەرەو چاک سازی، کۆچ له خاویلکەیی بەرەو تیکۆشان و چالاکی، کۆچ له بێ ئامانجی و بێ کەڵکی بەرەو رەوتێکی پەیامدارانە، کۆچ له وەستان بەرەو پێشکەوتن. با کۆچ بکەین لە هەرچی بیری نەرێنی و خەساردەره بەرەو ژیانێکی دڵگوشا و هیوا بەخش، بەرەو ئاوەدانی دڵه وێران بووەکان و کۆچ بکەین بەرەو گۆڕانکارییەکی هەمەلایەنە و ژیان بەخش . دل رەقی، سیخوڕی، بێ ریزێ، غەیبەت، بەدگومانی و بەدناوی لەهەمبەر هاوڕێیان، دوور بڕێژین و بەرەو ژیانێکی مرۆڤانه و رۆشن بینانه کۆچ بکەین. له نەفسی لاسار بەرەو نەفسی فەرمانبەرانەی پەروەردگار کۆچ بکەین و ژیانێکی بەختەوەرانه و پڕی ئاسوودەیی بۆخۆمان و دەوروبەرمان مسۆگەر بکەین.