خوای گەورە چی ئەفەرموێ؟

«یا ایهاالذین آمنوا»:

بێ حیکمەت نییە خوا داوا لە ئیماندار دەکا، چونکە کاتێ فەرمانەکە بڕیارێکی ئاسمانییە، پێویست دەکا بەشتێک، کەرەستەیەک، ئامرازێک، ئیڕادەیەک کە ناخ و دەروون بخاتە جوڵە و بزاوتن و قەبووڵی بکات و وەری گرێ و فەرمانبەرداری بێ و جێبەجێی بکات، واتە هەرکاتێ گوێت لە خوا بوو کە بە ئیماندار بانگی کردی، ڕاستەوخۆ ببیستە و بێدەنگ بە و تەنفیز بکە، ئێ دیارە کە خوا بڕیارێک نادا نەتوانی ئەنجامی بدەی و بێحیکمەت ئاراستەت بکات، هەروەها بڕیارەکانی خوا ڕەزاگران نین و خۆشەویستکەر و خۆش مامەڵەن، یانی چێژ لە گوێڕایەڵییان وەردەگریت.

 ئەگەر ئیڕادەیەکیش لاواز بێ، ئەوە ئیتر تیرێکی شەیتانی بەرکەوتووە.

کە دەفەرموێ (کـــما كتب عل الذین من قبلكم) ئیتر سووکنایی بە دڵت دەگا و لە ناختدا هەست بە بارسوکیەک دەکەی، تێئەگەیت لەتۆوە دەستی پێ نەکردووە، بەڵکوو پێش تۆش زۆر بوون لە ئیمانداران بە سەرما و گەرما و نەبوونی و سکێ تێر و دوان برسی دەست و پەنجەیان لەگەڵ ڕۆژوودا گەرم کردبوو  و هیچ تەنگەتاویەک و مڕومۆچی ڕووی تێ نەکردبوون.

ئەگەر بەکەسێکی دەشتەکی کە شاخ و لوتکە و گرد و بەرزایی نەبینیبێ لە ژیانیا بڵێی دەبێ بگەیتە سەر ئەو لوتکە بەرزەی چیای قەندیل یان پیرەمەگروون؟ سەرەتا ئەگەر جەڵتە لێی نەدا، تووشی شۆکێکی گەورە دەبێ و وانازانێ هەرگیز بگاتە ناوقەدی شاخەکە چ جای لوتکە، بەڵام ئەگەر وتت ئەوە ڕۆژانە گەنج و مناڵ و پیر و ژن ئەگەنە لوتکە و دێنەوە خوارێ! ئەوا ڕاستەوخۆ ئاهێک بە بەریدا دێتەوە و بە ئیڕادەیەکی بەهێزەوە هەنگاوەکانی بەرەو لوتکە دەیبەن و بە سانایی دەگاتە لوتکەکە و دەگەڕێتەوە، دواتریش چەندەها جاری تر ڕێگا سەختەکە بەبێ پشوودان دەبڕێت.

ئەم ڕۆژووە پیرۆزەش ئاوایە مادام قەومەکانی تر ئەنجامیان داوە لەسەر ناخ و دەروون و ئیڕادەی ئێمەش ئاسایی دەبێتەوە و گرانییەکەی نامێنێت.

لەمێژووی مرۆڤایەتیدا هەروا بووە چاولێکردن (نەک چاولێگەری) کارت بۆ ئاسان دەکا، بەتایبەتی موسوڵمان زیاتر کێبڕکێ دەکا بۆ کاری خێر ئەگەر بزانێ مونافیسەکانی جولەکە و گاورن و زیاتر و زووتر وەڵامی خوا دەداتەوە و بیرمان دەکەوێتەوە کە تەنها ئێمە نین لە کاروانی خواناسانی مێژوودا ڕۆژوومان لەسەر فەڕز کراوە، ئەگەرچی ناڕەحەتی و گرفتەکانمان زۆر بن بە ئارامگرتن و چاوبڕینە پاداشتی نەبڕاوەی خوایی و شەفاعەتخوازی ڕۆژوو ئەگەینە دوامەنزڵی ڕەمەزان و لەسەر لوتکەی ڕەزامەندی خوا جەژن دەگێڕین.

دیارە ویستی خوای گەورە ئەوەیە بەندەکانی بگەیەنێتە ترۆپکی تەقواداری و دواتریش ببێتە مرۆڤێکی بەسوود بۆ دەورووبەر و سەرەنجامیش لە دواڕۆژدا پلەی بەرز و ڕەزامەندی خوا بەدەست بێنێت.

لێرەوە تێدەگەین بەهێزترین هۆکار و فاکتەر و کردار کە ناخی مرۆڤ پاک ڕابگرن و پاڵفتەی بکەن و گەشەی پێ بدەن تا بگاتە پلەی بەرزی تەقواداری، بریتییە لە ڕۆژوو، هەربۆیە ئەوەی لێمان ئەخوازێ کە خۆمان بۆی ئامادە بکەین، ڕێکوپێککردنی کردار و گفتار و ڕەفتاری ڕۆژووەکەمانە، وریا بین نەیخراپێنین، بەم شێوەیە خوا ئەمان گێڕێت لە گروپ و  زومرەی تەقواداران، بەمانایەکی تر  ڕۆژوو خۆی کانیاو و کانگا و قوتابخانەی بەرهەمهێنەری تەقوایە، ئەوە دواتر ئەرکی تۆیە چەنێ لەو کانزا و مەدرەسەیە گەوهەری خۆت بەدەست بخەی.

ڕۆژوو ئەتپارێزێت لە قەدەغەکراوەکان و نەفس لە خراپەکان زیندانی دەکا و دەبێتە سپەر و قەڵغان بۆ دڵ و دەروون، بۆیە خوای گەورە ڕۆژووی کردوەتە جوانترین کەرەستە و ئامراز بۆ ئامانجێکی گەورە کە چارەنووسی مرۆڤی پێوەبەندە، ئەویش تەقوایە (لعلکم تتقون)، سەروەریش دەفەرموێ: ڕۆژوو پارێزەر و سەنگەر و قەڵغان و پاڵپشتێکی بەهێزە.

ڕۆژووی داواکراو شەمەندەفەرێکی تۆکمەیە و دەتگەیەنێتە دوا وێستگەی مەبەست کە فیردەوسی ئەعلایە.

لەڕوویەکی ترەوە دەفەرموێت ڕۆژوو چەند ڕۆژێکی کەمن(ایاما معدودات) لەو ڕۆژە زۆرانەی ساڵ، تاوەکوو لەسەر دڵمان ئاسایی و ئاسان ببێتەوە و ورەمان پێ دەبەخشێ و دەچپێنێ بەگوێماندا ئارام بگرن ئەم ڕۆژانە نامێننەوە و زوو تێدەپەڕن و پاداشتێکی بێشومار و لەڕادەبەدەر دەست ئەخەن، لە لوتفی خوایە ئەگەر کەسێک پاساوێکی شەرعی هەبوو دەتوانێ بەڕۆژوو نەبێ کە ئەمەش هەر لە گەورەیی خوا و ڕوخسەتەکانی ئایینەکەیەتی کە هەموو بەندایەتی و پەرستشەکانی بە مەرجی توانابوون داناوە و پەیوەستی کردووە (لایکلف اللە نفسا الاوسعها)، بۆیە دەبێ مرۆڤی باوەڕدار هەستی بخاتە کار و ویژدانی زیندووی ڕاگرێ و پێبزانێ بەو هەموو منەتانەی خوا کەپێی بەخشیوین، ڕەحمەتی ئەو هەموو ئاسانکاریانە بنرخێنین، نەک هەر ئەو لوتفەی خوا بۆ کەسێک نەتوانێ ڕەمەزان بەڕۆژوو بێت، بەڵکوو دەفەرموێ لەدرێژی ساڵەکەدا کەی بۆت گونجا بیان گرەوە، نەک دوای ڕەمەزان ڕاستەوخۆ و یەک لەدوای یەک بەبێ پچڕاندن (فعدةٗ من ایام اُخــر).

کەهاتینە دونیا و چاومان کرایەوە، ئیتر چەندەها تاقی کردنەوەی خوایی بەرامبەرمان ڕاوەستان. یەکێکیان ئاستی ملکەچیمانە بەرامبەر ئەم مانگە پیرۆزە(وان تصوموا خیر لكم) کە خوای گەورە زۆر بە سادەیی ئەم فەرمانەمان بەسەرا دەدا کە ناوەڕۆکی ڕۆژووەکەت سەرفرازی و سوودی دونیا و دواڕۆژی خۆتی تیایە، ئەگەر نایشیگری ئەوەهەرخۆت لەو خێروبێرە بێبەش دەکەی و دواجار خۆیشت باجەکەی ئەدەی (واتە ئاستی گۆێڕایەڵیمان دەرئەخا)، دواتر خوای گەورە دەفەرموێ: (شهر رمضان) مانگەکەی داوەتە پاڵ ڕەمەزان تا لەو وەهم و گومانانە بەدوور بیت کە ڕۆژوو چەند ڕۆژێکە (ایاما معدودات) واتە (٣-٦-٩-١٤......هتد)، نەخێر ڕۆژوو یەک مانگی تەواوە، دواتر زیاتر جەختی لەسەر دەکا و دەفەرموێ: (ولتكملوا العدة) واتە هەموو ڕۆژەکانی ئەو مانگە بەبێ دابڕان دەبێ بەڕۆژوو بیت، ئەو مانگی ڕەمەزانە گەورەییەکەی لەوە دایە پێش واجب بوونیشی بە ١٢ ساڵ جوانترین پەیام و خەڵاتی پێشکەش بە من و تۆ کردووە کە قوڕئانی تیا هاتووەتە خوارەوە، دەخیلەن نەکەی بە یاخیبوون و بێباکیت فەرامۆشی بکەیت، خۆت بچوک مەکەرەوە و ئاگر لە چارەنووسی خۆت بەرمەدە، هەر ئێستە بڕیاری گوێڕایەڵی و ئامادەسازی بدە بۆ لەئامێزگرتنی میوانە عەزیزەکە، ئەو دو تاقانەیە کە تکاکاری دواڕۆژن، قوڕئان و ڕۆژووەکانن، گوێڕایەڵی واتە تۆ سوپاسی خوات کردووە لەسەر ئەو قوڕئانە فریادڕەس و ڕێ ڕۆشن کەرەوەیە (لعلکم تشکرون)، ئیتر خۆت هەڵسەنگێنە بەو ئەندازەیەی کە ئاشنایی و دۆستیت لەگەڵ قوڕئاندا هەیە؟؟ ئایا بەشی خۆت و پێویستی سەفەرت لێ پچڕان و خستتە ناو پرێسکەی سەفەرەکەت؟ ئایا هیچت نووسی لەناو کەیس و مەلەفی پێچراوەی ڕۆژانەتا؟؟

لێرەوەیە پەیوەندی قوڕئان و ڕۆژووت بۆ دەردەکەوێ کە چەندە هاوتەریب خزمەت بە تۆ دەکەن، قوڕئانەکە ڕووناکی ڕێ تا سەرکەوتن و گەیشتن بە دوامەنزڵی ئارامی، ڕۆژووەکەشت پەروەردەی ڕۆح و فکر و ناخ و گەیشتن بە کەشتی تەقواداری و سەرەنجامیش لەسەرووی باخی بەهەشتا ئۆقرەگرتن، گرنگە لەگەڵ قوڕئان و دیارییە جوانەکەی ئاسمان ببینە دۆست، هەروەک سەروەر لەم مانگەدا بە وردی لەگەڵ قوڕئانا بوونە دۆست و یار و یاوەربوون.

قوڕئان چرای هیدایەتە، تاریکی گومڕایی ڕادەماڵێ لەم دونیا پڕلە جەنجاڵی و شێواوی سەرجەم سێکتەر و بوارەکانی ژیانکردندا، قوڕئانەکەت بخەرە ئامێزت، لە باوەشی بگرە، بیخەرە سەرسەرت، بینووسێنە بە دڵتەوە، بیکەرە سۆمای چاوەکانت، ئەم قوڕئانە فوڕقانە، فورقان لێرە ڕەوا و ناڕەوا و حەق و ڕاستیت نیشان دەدا، سنوورەکانت بۆ دیاری دەکا تا سنووری خوا و خەڵک نەبەزێنی، قوڕئان ڕەش و سپیت بۆ پاک دەکا وەکوو هێلکە، قوڕئان زۆر گەورەت دەکا تا بە شتی بچوک و هەوەسبازاڕییەکانەوە سەرقاڵ نەبی، قوڕئان دەتباتە لوتکەی شکۆ، ئیتر بۆ بەڵگە ناگەڕێی تا حەرامە وردیلەکان حەڵاڵ بکەی، تا قەدەغە گەورەکان سانا ببنەوە لەلات، تا هەرچی ئارەزووت ببێت بیشەرعێنی، ئەم ڕەمەزانە تەقوات بەنسیب دەکا، تەقواش چەوتی و هەڵیت پەڵیتەکانت بۆ ئاشکرا دەکا، ڕۆژوو، تەقوا، قوڕئان، فوڕقان، هەردووکیشیان لەم مانگەدا لەبەردەستان (ان تتقوااللە یجعل لکم فرقانا). ئەمەش سەرکەوتنی تۆیە هەروەکو چۆن خوای متعال سەرکەوتنی غەزای بەدر بە فوڕقان ناوزەد دەکا.

مانگی ڕەمەزان بەمانگی ئارامگری و تێکۆشان و ماندووبوون ناسراوە، کە مەبەست لێی دوورکەوتنەوەیە لە تەممەڵی و ساردوسڕی، بۆیە دەبینی زۆربەی جەنگ و فیداکارییەکان و خەبات و تێکۆشان لەم مانگەدا بەدی کراون و ڕوویان داوە، کە ئەمەش بەهێزترین فاکتەری پەروەردەی ناخ و دڵ و ڕۆحیانەتە، بەهۆی گەشەسەندنی بیر و ئاوەز و ژیری مرۆڤەکانە، دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ ڕەمەزان هیممەتبەرزی و تاقەتی زۆری ئەوێ، چونە ناو ڕەمەزان سەفەری سویسرا و ئەنتاڵیا نیە، التزاماتە بە داخوازییەکانی پەروەردگار، کە دەفەرموێ (وبینات من الهدی) دوای (هدی للناس) وەدێت کە ڕێنموونی گشتی خواییە بۆ مرۆڤایەتی و سەدان دیمەن و مەشهەد و چیرۆکی ڕابردووەکان و نەسیحەت و بەڵێنی خوایی و هەڕەشە و سزای یاخییەکان لەخۆ دەگرێ، بۆیە دواتر بەڵگەکان تایبەت دەکا بە ئیماندارەوە و ڕێنوێنی بۆ بەرچاوڕۆشنی و زانینی ئەحکامە شەرعییەکان و فەڕز و سنوورە خواییەکان بۆ بڕوادار، واتە قوڕئان ڕێخۆشکەرە بۆ گەیشتن بە حەقیقەت.

ئالێرەوە بیرکردنەوە لە نیعمەتەکانی خوا دەبێتە واجبی عەین، کە خوای خاوەن میهر ئێمەی گێڕاوە بە ئوممەتی سەروەر و نەوەی هیدایەت دراوان، ویستی خوای بەسۆز وایە کە كاری سەرشانمان سوک بکات و فشار نەخاتە سەرمان، تۆ بیربکەرەوە چەنێ دڵخۆشی ئێوارانی بەربانگ ئەکەیتەوە کە مەعنەویەن ڕەحمی خوایە ڕژاوەتە سەر مەوقعی سکونەتی دڵت، خۆ ئەگەر ڕوژوو بارگرانی لەلامان دروست بکات، ئەوە حیکمەتەکەی نازانین یان وەسوەسەیەک و مارەتۆپیوێک هەڵخراوەتە بەر دەممان و بەرچاومانی گرتووە، تۆ خۆت بخەرە ناو ویستی خواوە تێدەگەی چەند کارئاسانی بۆ کردووین، سەدان نموونەی پیاوانی مێژوومان لەبیرە کە بەو گەرمای هاوین و کرێکاری و سەپانی و وەرزیەری و جوتیاری و شوانیان کردووە و بەڕۆژووش بوون و ئەرخەیانیش بوون.

واهات میوانی ئازیز نەکەی دەم و چاوت بدەی بەیەکا و بەرچاوتەنگ دەرکەوی! ئاممان بە بەڵا و موسیبەت و بارگرانی نەزانی! دەخیل ساردوسڕ نەبی لە ئاستیا، نەکەی پچڕپچڕ بیگریت، خوا کامڵە و کاری تەواویشی ئەوێ (ولتکملوا العدە) کە بەڕاست ئەم دوو وشەیە داچڵەکێنەرن و وریامان دەکەنەوە کە ئێمە لە حزووری کێ وەستاوین و کێ چاودێرمانە و کێ تەماشامان دەکا، نابێ ئیهمالی بکەین، ورە و وزەمان پێ دەبەخشن بەجۆرێک بڕیاری جددی و یەکلاکەرەوە بدەین لە ملکەچی نواندندا و سەرەنجام ئێمە گرەومان بردبێتەوە نەک دۆڕاندنبێتمان لەگەڵ شەیتانا.

ئیتر کە تەماشا دەکەین خوا ئەو هەموو لوتفەی بەرامبەرمان نواندووە و هەڵی بژاردووین بۆ ئەم بەرپرسیاریە مەزنە و بەسەری کردووینەتەوە بە نیعمەت و ڕەحمەتەکانی لە چەشنی ڕۆژووەکان و ڕێنوێنی و مۆفەقی و دەستی گرتووین و یارمەتی داوین تا ڕێگەی ڕەزامەندی و بەرەو لای خۆی ڕێگە بگرینەبەر بە تەربییەتی ناخ و دڵمان و گەشەپێدانی فکر و ئاوەزمان، بۆیە لێرەوە ئەرکی ئێمە دەست پێ دەکا کە زیاتر قەدری خواکەمان بزانین و بە زمانیش دەری ببڕین کە تۆ لای ئێمە زۆر گەورەیت (ولتکبروااللە علی ماهداکم) و نیشانە و عەلاماتی فەرەحیمان پێوە دیار بێ کە بەڵگە بێ لەسەر شوکرانەبژێری (ولعلکم تشکرون).

ئیتر دەرگای ڕەحمەت ئاوەڵایە تەنها ماوە تەقەی لێ بدەی.

زەمینەسازی و خۆسازدان بۆ گەیشتن بە ئامانج و مەبەست لە سیمای مرۆڤی عاقڵمەند و وئەزمووندارەکانە، لێرەوە دوای گوێڕایەڵی خوا و ئەنجامدانی ئەرکەکانمان لە ڕەمەزاندا و گرتنی ڕۆژووەکانی مانگ و خوا بەگەورە زانین و شوکرانە بژێری کە ئەمانە ئامڕازی زەمینەسازییەکەن بۆ بەدیهاتنی داوا و هیوا و ئاواتەکانت، کەچی پێش ئەوەی تۆ داوا بکەی، خوای گەورە خۆی دەسپێشخەری دەکا و دەفەرموێ ئیتر کاتیەتی تۆش داوا بکەی، من پێت ببەخشم و شایانی پاداشتی و خۆت نزیک کردوەتەوە و منیش نزیکم لەتۆوە، چی دەڵێی بڵێ (فانی قریب اجیب دعوة الداعی اذا دعاني)، لە لوتفی خوایە داواکردن و پاڕانەوەکانیشت بە پەرستش لێ وەردەگرێ، دەست نانێ بەڕووتەوە، شتێکت پێ دەبەخشم هەرگیز تەسەورت نەکردبێ، جۆرێک پێت دەبەخشم عەقڵ جام ببێت، بەس تۆ داوا بکە لە خۆم و کەسیش مەکەرە نێوەندگیرمان، من خۆ نزیکترم لەو مخلوقانەی تر (واذا سالك عبادی فاني قزیب). ئەوەندە تۆی ڕۆژووەوانی خۆش دەوێ بڕیاری داوە دوعاکانت ڕەت نەکاتەوە، لەوەش زیاتر بە جوانترین و میهرەبانترین وشەی (عبادی) دەتدوێنێ کە پێغەمبەرانی پێ دواندووە (سبحان الذی اسری بعبده) (واذكر عبادنا ابراهی واسحاق ویعقوب)، ئەمە بۆ ئەوەیە زیاتر لە دەرگا پڕ لە سەخاوەتەکەی بدەین بۆ بەدەستهێنانی ڕاز و نیازەکانمان.

ئیمانداری لەسەرتۆ و و وەڵامیش لەسەرخوا (فلیستجیوا لی ولیؤمنوا بي)، وریاش بین لای خوا گۆترەکاری و هەرزان بازاڕی و داشکاندن و لەنگەفرۆشی بوونی نیە، لای خوای گەورە پێوەر ئاستی (ئیمان) و بەرخورد و ئەتەکێتی ڕۆژانەتە، بەپێی ئاستی ڕاستگۆیی ئیمان ئەبەخشێ، هەڵبەتە پێوەرەکەش لای خۆیەتی نەک لای من و تۆ، ئەوەی لای من و تۆ پێوەرە ئەتەکێت و مۆڕاڵ و مامەڵەی ڕۆژانەیە. هەربۆیە وەڵامدانەوەی خۆی(فلیستجیبوا لی) پێش ئیمانیش خستووە (فلیؤمنوا بی) تا دڵنیاییمان بداتێ و هاندەرمان بێ بۆ نزیککەوتنەوەی زیاتر و متمانە و دڵنیایی بەهێزتر بە بەڵێنەکانی خوا کە خوا خاوەنی بەڵێنی خۆیەتی و کەس فریو نادات.

بوونی ئیمانی حەقیقی مانای ژیان و ژیانەوەی تۆیە بە ئەبەدی (استجیبوا لله وللرسول اذادعاكم لما یحییكم).

دەروازەکانی  چاکەکردن لە ڕەمەزاندا جۆراوجۆرن بۆ وەبەرهێنان.

لە تایبەتمەندییەکانی مانگی نوور، زۆری ڕێگاکانیەتی بۆ گەیشتن بە لیقای خوا، سەروەرمان(د.خ) لەم مانگەدا وەکو شنەی شەماڵ فکر و هۆش و عەقڵی بەقووڵی زاخاو ئەدایەوە بە قوڕئان و کەلامە شیرینەکەی خوا، بەجەستەش دەست لەملانی نوێژ و تەڕاویح و شەوانەش شەوبێداری ئاڵابوو لە گەردنی، یادی خوا و تەسبیحاتی کردبوە کانیاوی زمانپاراوی و ویردی سەرزمانی، باوەشی عەشقی بۆ ئیعتکاف کردبوەوە هەرکە بیست ڕۆژی تێدەپەڕی بارگەوبنەی ده‌پێچایەوە بۆلای یاری وەفاداری و خۆی لە دونیا دوور ده‌كه‌وتەوە و دڵە پاکەکەی لەگەڵ حوببی حەبیبەکەیدا ئاوێزان دەبوون.

بەکورتی ئەو بازاڕە گەرمە بەنرخە لەم مانگەدا هەیە لە کاتەکانی تردا دەست ناکەوێت.

لەڕێنماییەکانی ئازیزمان کە لەوپەڕی دڵسۆزی و خەمخۆریدا وەکوو ڕۆژی ڕووناک شەوق دەداتەوە کە هانمان دەدا و تەشویق و تەشجیعمان دەکا تاکو وەکو خۆی لە خوا نزیک ببینەوە (چەن گەورەی سەرۆک)، بۆ نموونە گەورەیی پارشێوکردن.

ئاخر پارشێو ئەگەر موژدە و هاندانی ئەو نەبێ خۆشییەکەی لەکوێدایە، چ عەقڵێکی زەمینی بێ وەحی دەرکی دەکا و قەبووڵی دەکا کە پارشێو گرنگی و قورسایی خۆی هەیە ئەگەر  لە دیدی شەرعەوە نەبێ (تسحروا فان فی السحور برکە)؟ ئایا جێگای تێڕامان و هەڵوێستە لەسەرکردن نیە؟؟ بەڵام باسەکە جۆرێکی ترە، سەروەر تێمان دەگەیەنێت کە فرسەتە و خوای خالقی ئەرز و ئاسمان نزیکتر دەبێتەوە یانی لێبوردنی زیاتر دەبەخشێ هەرکەس دەتوانێ کێبڕكێ بکا! (وبالاسحار هم یستغفرون)، (والمستغفرین بالاسحار)، کات و زەمان لای خوا قیمەتیان جیاوازترە.

هاندانمان بۆ ڕۆژووشکاندن لە بەربانگا، ئاخر ڕۆژووەوان ئاسایی بە عشق و تامەزرۆییەوە چاوەڕێی بانگە و لەتە خورما و پەرداخە ئاو هان بەدەستییەوە تاکو ڕاستەوخۆ بیشکێنێ، کەچی ئەم نازدارە دەیکاتە سوپرایزێکی ئاسمانی و خەڵاتی خوایی و دەفەرمێ زوو بیشکێنن پاداشت لەوە دایە، نوێژ مەکەن تا نەیشکێنن، فرسەتیشە دوعاش بکەن کە دڵنیابن مسۆگەر گیرایە لای خوا، هەڵبەتە (بەوشێوەی قازانجی ئێوەیە نەک ئەوەی ئێوە داوای دەکەن؟ ئاخر من چی ئەزانم کاتێ خوا داواکەم ئەبیستێ و ئەو ئۆڤەرەکەم پێشکەش دەکا)، کاتی بەربانگ جائزەی تیا خەڵات دەکرێ ،تاجی خوایی دەخرێتە سەر سەران، سوپرایز ئەمان سوپرایز؟ وێنەی نەبووە و نیە لێرە. بۆنی دەمی ڕۆژووەوان چەنێ کیلۆمەتر میسکی جێهێشتووە و لای خوا پیرۆزە.

سوپرایزێکی بێ وێنەی تر گەر لەبیرت چوو شتێکت خوارد لەو ڕۆژەدا، ئەوە نەک ڕۆژووەکه‌ت بەتاڵ نابێتەوە، بەڵکوو ئازیزەکەم دەڵێ: بەردەوامبە ئەوەش دەعوەتی خواییە و نۆشی گیانت بێ، تا ئێستە ئەم ئۆڤەر و خەڵاتانەتان بینیوە؟

دواتر دەڵێ قومەئاوێ لەتە خورمایەک بکەنە دیاری هاوڕێکەتان تا ڕۆژووەکەی پێ بشکێنێ کە بە ئەندازەی پاداشتی ئەو پاداشت دەکرێی؟؟

ڕابمێنە ئەگەر پلەی ڕۆژووەکەی تۆ  (٦٠) پلە بێ برادەرەکەت (١٠٠) پلە بێ ئەوا بەو لەتە خورمایە باڵانسەکەت ئەفڕێ لە شەستەوە بۆ  سەد و شه‌ست و ئیتر با مەحەببەتی نێوانتان بوەستێ کە سەرسوڕهێنەرانە زیاد دەکا.

دەیان نموونەی تر کە بوارنیە بۆ نووسینیان لەم پۆستەدا.

کەواتە ئازیزی من گەنجینەیەکی خوایی دانراوە هەرکەس دەتوانێ بەشی خۆی لێ بەرهەم بهێنێ و دەستی بخات و لە مافی کەسیش کەم ناکات.

تەمەنت زۆر بەنرخە هەرکاتێ قەدرت زانی.

ڕەمەزان مانگی خەمڕەوێن و سووکنایی دڵه‌ ئەو کاتەی نرخی ڕۆژووت بۆ دەرکەوت.

ژیان و تەمەنمان هەم کاتیە و هەم ئەمانەتێکی گەورەیە لە ئەستۆماندا، شکۆی مرۆڤ بە لەهـ و لەعب و مەستی و بێئاگایی و چێژە سنووربەزێنەکانەوە نیە، وریابە بەرچاوت تاریک و لێڵ نەکەن و فریو نەخۆی تا لە خشتەت نەبەن، سروشتیان فێڵبازی و خەڵەتاندن و مەکر و ناز و خۆدەرخستنە (وما الحیاةالدنیا الامتاع الغرور )، کەواتە کاری فەرمی سەرەکیمان گرنگیدانە بەو سەرقاڵیانەی کە بەرەو دیداری خوامان ئەبەن و پیویستە پەلەی تیا بکەین (وسارعوا الی مغفرة من ربكم) پێچەوانەی جیهانبینی خۆمان کاریگەری هەوا و ئارەزووەکانمان، گەر ئاوامان کرد، ئەوە تۆ نرخی ژیانت زانیوە و بۆی تێدەکۆشی (والباقیات الصالحات خیر عندربك) خۆت دادوەری خۆت بە ئەوەی تۆی پێوەسەرقاڵی بۆلای خوات دەبا؟؟ ئایا ئەم کارە سوودی گشتی کۆمەڵگای تیایە کەتۆی مەشغوڵ کردووە؟ خۆت و خوا فکری لێ بکەرەوە.

لوتفی خوا ئاوایە گەر خۆشی بوێیت کارئاسانیت بۆ دەکا و زەمینەی خێرت بۆ فەراهەم دێنێ و دڵت بەرەو تەقوا و پەرێز پاکیت دەبا.

بزانە بەم سێ چەمکە سوود لەڕۆژوو وەردەگری و ڕووسووریت بەدەست هێناوە؟ (قەدری تەمەن ـــ قەدری کردەوەی چاکە و ئەرێنی ــ قەدری کەسایەتیت)، هەرکاتێ وجودی خۆتت زایە کرد و وێرانت کرد، ئیتر سوودی دونیا و دواڕۆژی نابێ و دۆڕان و مایەپوچی و دەستبەتاڵی و هەناسەساردی و چارەنووسی ڕەش چاوەڕێتە، خوابمانپارێزێ (نعمتان مغبون فیهما كثیر من الناس)، ئیتر لێرەوە بزانە کە ڕەمەزان بەنرخترین کاتی تەمەنتە و سوپای دوژمنەکانت تێکشکاندووە و توانیوتە نەیەڵی فرسەتی زێڕینت لەدەست دەرچێ، نهێنییەکانی ڕەمەزان زۆر بارسوکیت بۆ فەراهەم دەهێنن و دڵی بەزیو زیندوو دەکەنەوە (دەرگاکانی دۆزەخ دادەخا، شەیاتینی کڵۆم دەکرێن، دەرگاکانی بەهەشت کراوە دەبن) کە ئەمانە هەموویان ڕێگەت بۆ ڕۆشن دەکەنەوە و نەک بەرپێت بەڵکوو سنووری ئەو دیوی دونیاشت نیشان دەدەن و وزە و توانای هەستانەوە و ئەکتیڤیت پێ دەبەخشن، بارگرانی لەشت ئاسان دەکەن و ئاوڕژێنی ناخت ئەکەن و سوکنایی بە دڵی ماندووت دەگەیەنن، ڕەمەزان یانی پاکتاوکردنی تاوانی دەیان ساڵەی ڕابوردوت، داپۆشین و سڕینەوەی ئەو عەیب و هەڵانەی کە پێت خۆشە کەس نەیان بینێت. کاممان خەمسارد و هەڵەی ئابڕوبەرانەی نەبووە؟ دەی کەواتە فرسەت لەبەر دەستمانایە بۆ قەرەبووکردنەوەی تەمەنی بەباچوومان، نازارەکەم  دروودی خوای لەسەر دەفەرموێ نێوانی دوو ڕەمەزان گوناهەکان ئەخنکێنێ، شەوانە ڕەحمەت و مەغفرەت و لێخۆشبوونی خوایی سەراپای ڕۆژووەوانان دەگرێتەوە، شەوی قەدر و پاداشتی بێ ئەندازە و  فڕینی باڵانس بەرەو فیردەوسی ئەعلا و دەیانی ئۆڤەریتری خوایی، کەواتە کاتیەتی کاری جوان بخەینەسەر خەرمانی ژیانی هەژارانەمان، ڕۆژووەکان بەجوانی بگرە تا بەر موژدە و سوپرایزی خوا بکەویت (الصوم لی وانا اجزی به) و تا فریشتەکانیش لە گەورەیی ڕۆژوودا شــۆک ببن و نەتوانن پاداشتەکە بنووسن و خوا بفەرموێت دوورکەونەوە نووسینی ئەو پاداشتە لە توانای ئێوەدا نیە! سوپاس خواکەم گیان.

بەڵام ڕۆژوو بێت ڕۆژوو، نەک خۆمان لەهیچ گوناهێک نەپارێزین جگە له‌ خواردن و خواردنەوە، بەڵام زمانمان بەربدەینە شکۆی مرۆڤەکان، ئەوە نەگرتنی باشترە (فلیس لله حاجة فی ان یدع طعامه وشرابه).

ڕۆژوو دەبێ (من صام رمضان ایمانا) بێت لە دڵەوە قەناعەتت بە خوایەتی خوا و ڕبوبیەتی و ئولوهیەتی و حاکمی و شارعی و ڕازقی بێت؟ (احتسابا) و بە یەقین و متمانە و دڵنیاییەوە بەتەمای پاداشتی دواڕۆژ بیت.

کاتێ ڕۆژوو دەتپارێزێ، تۆش ئەو بپارێزی و فەزڵی بدەی بەسەر تیڤی و فلیم و کات بەفێڕۆدانا.

 

وریای دزەکانی ڕەمـــــەزانبە!!

لەبەرامبەر مەزنی ڕەمەزان و کاتە پیرۆزەکانیدا ئیتر دزەکان دەکەونەخۆ تا دەستکەوتەکانت لەبار بەرن و پاداشتەکانت نوقسان ببن، ئەو دزەش بەفێڕۆدانی کات و ساتە زێڕینەکانی ئەم ڕەمەزانە بەهارییەن کە بەهیچ جۆرێک بۆت قەرەبوو ناکرێنەوە گەنجینە و داهاتێکی زۆر لەدەست ئەدەی.

ڕەمەزان خەرمانی حاسڵاتە و نەکەی بوار بدەی دزەکان بیسووتێنن، لەدوای سووتانی خەرمانیش ئیتر تا ساڵێکی تر مەگەر هەر حەسرەت و ئاخ هەڵکێشی، دیارە هەرچی کار و پڕۆژەی دونیاییە گەر بشفەوتێ قەرەبوو دەکرێتەوە، جیاوازییەکە نێوانی ئاسمان و ڕێسمانە.

دزەکان زۆرن بەکورتی هەرچی سەرقاڵت بکا لە دەرەوەی ڕەمەزان، ئەوە دزەکەیە و گەر لەدەستت بیفڕێنێ هێز نیە لێی وەربگرێتەوە، لە نموونەی زیاد و بێسوود بەکارهێنانی ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان و تەکنەلۆجیا و کارە لاوەکییەکانی بازاڕکردن....هتد.

هەڵبەتە بەداخەوە ئەو هۆکار و فاکتەرانەی هاندەرتن بۆ کاری چاکە زۆر لەهۆکارە خراپ و زیانهێنەرەکان کەمــترن و سەدان کەناڵی خراپ و شەپۆلی خنکێنەر ڕێگای ئاسانیان لەبەردەستایە.

زۆرجار کۆڕ و سمینارێکی ئایینی لە تەڕاویح و جەماعەت و شەونوێژ دوورمان دەخەنەوە و ئەجری زۆرت لێ دەسێنن، کە ئەمەش جۆرێکە لەو فێڵانەی لێمان دەکرێت، وریای کاتە زێڕینەکانت بە کە لە خوات نزیک ئەکەنەوە، خوا چاکەی ئێمەی دەوێ، باش بزانە زانا و پێشینەکانی ئێمە لەم مانگەدا لە هەموو کۆڕ و دەرس و سەردان دوورکەوتوونەتەوە بۆ ڕۆژوو قورئان و جەماعەت و تەڕاویح و سەدەقە و تەسبیحات، چونکە بەقوڵی لە ڕەحم و فەزڵی خوا تێگەیشتوون و دزە جۆراوجۆرەکانیشیان ناسیوە (والله یرید ان یتوب علیكم، ویرید الذین یتبعون الشهوات ان تمیلوا میلا عظیما)، لەم کاتەدا دوو ئیڕادە کێبڕکێ دەکەن، یەکەم ئیڕادەی خوا دەیەوێ لێت خۆش ببێت و ناخیشت پاک بکاتەوە و کارئاسانیت بۆ دەکا، ئیڕادەیەکی تریش دەیەوێ وێرانت بکات و چارەنووست بڕوخێنێ.

جاری وا هەیە لە ڕێگەی خواردن و خواردنەوەوە دێتە ژوورێ و بەبیانووی ڕەمەزانە و هیلاکین لە نیوەڕۆوە تا شێوان لە چێشتخانە ئیش دەکا و کاتی پیرۆزی دەکاتە قوربانی حەوت جۆر خواردن بەفێڵی ئەوەی کە چێشت لێنانیش بۆ ڕۆژووەوان خێرە، مەبەستم ئەوە نییە خواردنی خۆش نەخورێ، دیاره‌ مەبەستم کات کوشتنی زیادەیە.

بۆیە ڕەمەزان مەیدانی  تفاق خستنە بۆ زستانی سەخت و شەختە، پلانێکی ئاسایی دەوێ و پێویست بە تەفاسیل و تەنزیر و تەختیتی گەورە نیە، چوون هەموو شتەکان دیارن، نەک پلان و بەرنامە دانێیت و جێبەجێی نەکەی، ئەوەی بیستووتە و گرنگە لەگەڵ ماڵ و مناڵ سەرگەرمی پیادەکردنی ببە و بڕیار لە گۆڕانکاری ڕیشەیی بدەن، ئیتر قوڵ بۆی دامەچۆ لە پلان و ملاندا.

بزانە پێغەمبەر و پێشینەکان چیان کردووە، تۆش ئەوە بکە و ئێمە لەو سەروەرە عاقڵ و زانا و لەخواترستر نین.

خاڵێکی تر با پەرستشەکانت لەجێی خۆیاندا بن، کە بانگ درا واز لە قوڕئان بێنە و نوێژەکەت بکە، کە تەڕاویح هاتە پێشەوە سەردانی ماڵان مەکە، چونکە کاتی تر سەردان دەکرێ، بەس تەڕاویح کە ڕۆیی ناگەڕێتەوە. ئەنواعی عیبادەت ئەنجام بدە لەم مانگەدا.

بەکورتی وریابە دزەکان کاتت لێنەسێنن.