لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان، لەو راپۆرتەیدا کە ئامادەی کردووە، بە هیچ شێوەیەک باسی ئەوەی نەکردووە کە لە رۆژئاوی کوردستان کۆمەڵکوژی ئەنجامدرابێت. هەرچەندە پێشتر پارتی کرێکارانی PKK و پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD دەیانگوت کۆمەڵکوژی روویداوە. 

بە پێی زانیارییەکانی (رووداو)، لەو راپۆرتەدا کە لیژنەکە، دوای گەڕانەوەی لە رۆژئاوای کوردستان ئامادەیکردووە، هاتووە کە 3 چیرۆکی جیاواز دەربارەی رووداوەکانی هەردوو ناوچەی تل عەران و تل حاسڵ لەلایەن لیژنەکەوە بیستراون و لە هیچیەک لەو گێڕانەوانەدا ئەوە دەرنەکەوتووە کە لەو دوو شوێنە کورد کۆمەڵکوژ کرابن. 

450 کوردی کوژراو

رۆژی 19/8/2013 لێژنەی لێکۆڵێنەوە لە رووداوەکانی رۆژئاوا، سەردانی رۆژئاوای کوردستانیان کرد. ئەو لیژنەیە لەسەر داوای مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لەلایەن لێژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردەوە پێکهێنرابوو و بۆ ماوەی 5 رۆژ لە رۆژئاوای کوردستان مانەوە. ئەوان، وەک لە راپۆرتەکەیاندا دەردەکەوێت، بە هیچ شێوەیەک بۆیان نەسەلماوە کە زیاتر لە 450 منداڵ و ژن و پیاوی کورد کوژرابن و سەربڕدرابن، وەکچۆن پێشتر PYD باسیدەکرد.

400 کەسیان بینیوە

بەپێی راپۆرتەکە، لێژنەکە سەردانی ناوچەکانی (دێرک، گرکێ لەکێ، بەرەی شەڕ لە گوندی رومێلان پاشا، گوندی زەخیرە، تربە سپی، چل ئاغا، قامشلۆ، درباسیە و سەرێ کانیێ-ی کردووە و چاوی بە نزیکەی 400 کەس کەوتووە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە لیژنەکە ویستوویەتی بچێتە شارێ ئاموودێ، بەڵام لەبەرئەوەی نوێنەرانی PKK و BDP لە لیژنەکەدا ئامادە نەبوون سەردانی ناوچەکە بکەن، سەردانەکە سەرکەوتوو نەبووە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە "سەرەڕای ئەوەی کە ئەندامانی لێژنەکە داوای ئەوەیان کرد سەردانی شاری ئاموودێ بکەن، بەڵام هەریەکە لە (دەلیل ئامەد و شیلان ئەمین ئوغڵوو) ناڕازیبوونی خۆیان پێشانداوە و باسی ئەوەیان کردووە کە لەو شارەدا کێشەیەکی ناوخۆیی سەریهەڵداوە و ئەوەش ئەرکی لێژنەکەمان نییە".

"64 مەسیحی لە رۆژئاوا رفێنراون"

لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیرانی 2013دا، کاتێک ژمارەیەک چالاکڤان لە ئاموودێ دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG و PYD خۆپێشاندانیانکرد، هێزەکانی YPG تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و ئێستا بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە 7 خۆپیشاندەریان کوشتووە.

خەڵک رەخنە لە YPG و PYD دەگرن

لیژنەی لێکۆڵینەوەکە لە 9 ئەندام پێکهاتبوو و نوێنەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان و نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی تێدابوو. ئەوان، بەپێی راپۆرتەکەیان، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ خەڵکدا کردووە و بۆیان روون بووەتەوە کە لەسەر پێکهێنانی هەردوو هێزی سەربازی بە نێوەکانی (ئاسایش) و YPG لە رۆژئاوای کورستان، دوو رای جیاواز هەن: ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد و خەڵکی نزیک لەو ئەنجوومەنە پێیانوایە ئەو دوو هێزە "بۆ بەرژەوەندیی یەک لایەن کاردەکەن"، بەڵام خەڵکی نزیک لە YPG و PYD ئەو هێزانە بە هێزی "نیشتمانی" نێودەبەن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەگەر کۆمەڵکوژی بەرامبەر کوردی رۆژئاوای کوردستان کرابێت، لێی بێدەنگ نابن و دەیانپارێزن، بەڵام دواتر ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی PYD رایگەیاند کە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن هێزەکانی YPGەوە بەتەواوەتی پارێزراوە و پێویستی بە هیچ هێزێکی دیکە نییە. موسلیم ئەوەشی گوت کە ئەگەر لایەنێک هێزی بوێت، ئەوە ئەوان ئامادەن بیانپارێزن.

لیژنەکە: مەسیحییەکانی رۆژئاوا دەڕفێنرێن

 

سەرەڕای ئەو دڵنیاییەی ساڵح موسلیم، بەڵام لیژنەی لێکۆڵینەوە لە راپۆرتەکەیدا باسی ئەوە دەکات کە رۆژئاوای لەڕووی ئەمنییەوە ئارام نییە: "بەهۆی ناسەقامگیری و نەبوونی ئاسایش لە رۆژئاوای کوردستاندا، ژمارەیەک لە بازرگانانی ناوچەکە کۆچبەر بوون و ژمارەیەکیشیان کارەکانیان راگرتووە". تەنانەت دۆخی مەسیحییەکان بەپێی راپۆرتەکە زۆر خراپە و تاوەکو ئێستاش "نزیکەی 48 کەسی مەسیحی لە حەسەکە و 16 کەسی مەسیحی لە قامشلۆ رفێنراون و دواتر بەرامبەر پارە ئازادکراون". هەروەها مەسیحییەکانی رۆژئاوای کوردستان داوایان لە لێژنەکە کردووە کە "مەسیحییەکان پشتگوێ نەخرێن و شان بە شانی کورد، بەشدار بن لە بەڕێوەبردنی ناوچەکەدا".

"3 گێڕانەوە هەن"

سەبارەت بە ناوچەی (تل عەران) و (تل حاسڵ)، کە بە قسەی YPG و PYD لەوێ کۆمەڵکۆژی بەرامبەر کوردانی رۆژئاوا کراوە، راپۆرتی لێژنەکە باسی ئەوە دەکات کە بەهۆی دووریی ناوچەکە و هەبوونی شەڕ لەسەر رێگە و نەبوونی "ئاسایش و سەقامگیری" لێژنەکە "نەیتوانیوە" سەردانی ناوچەکە بکات، بەڵام لە قامشلۆ "چاوپێکەوتن لەگەڵ 3 گرووپی جیاوازی خەڵکی ئەو دوو ناوچەیەدا کراوە، کە پێکهاتبوون لە 50 کەس، ئەوانیش 18 ئافرەت، 11 منداڵ و 21 پیاو بوون"، بەپێی راپۆرتەکە "لەنێو ئەو گرووپەدا 3 چیرۆک و رای جیاواز هەبوون لەسەر رووداوەکان".

هیچ لیستێکی ناوی ئەو کەسانە دەست لیژنەکە نەکەوتووە کە پێشتر دەگوترا کۆمەڵکوژ کراون

بەپێی یەکێک لە گێڕانەوەکان، لەو ناوچانەدا "17 کەس کوژراون، کە لەنێویاندا 4 چەکداری سەر بە لیوای (جەبهەتولئەکراد) هەبوون". بەپێی گێڕانەوەیەکی دیکە "25 کەس کوژراون، کە زۆربەیان بەهۆی توپبارانی رژێمەوە کوژراون". لە گێڕانەوەی سێیەمیشدا گوتراوە کە "لەسەرەتای مانگی 2ی 2013ەوە تاوەکو 31/7/2013، نزیکەی 70 بۆ 80 کەس کوژراون".

 

دوای چاوپێکەوتنەکان و بەپێی راپۆرتەکە، لیژنەکە بۆی دەرکەوتووە کە ئەم لایەنانە بەشدارییان لە شەڕەکاندا کردووە: جەبهەتولنوسرە، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، ئازادیخوازانی شام، کەتیبەکانی سەلاحەدینی ئەیووبی، کەتیبەکانی ئازادی، کە لەلایەن کەسێکەوە بەناوی ئازاد مەرعی شەعبۆوە سەرکردایەتی دەکرێن.

 

لیستی کوژراوەکان "دەستنەکەوت"

 

لێژنەکە لەو راپۆرتەدا باسی شەرەکەی هەردوو ناوچەی تل عەران و تل حاسڵ-یان کردووە و دەڵێن "هیچکام لەو گرووپانەی 3 گێڕانەوەیان هەبووە، زیاتر لە ناوی چەند کوژراو و دەستگیرکراوێکیان نەزانیوە" و هیچ لیستێک لەبەردەست نەبووە. تەنانەت لێژنە "داوای ناوی کوژراو و دەستگیرکراو و وێنە و ڤیدیۆی لەو 3 گرووپە کردووە، بەڵام هیچ شتێک نەگەیشتووەتە دەست لێژنەکە".

"PYD شیری منداڵان و دەرمان نادات"

بەپێی راپۆرتەکە ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە بەردەوام گلەییان هەبووە لە PYDو گوتوویانە "هەموو ئەو هاوکارییانەی رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کراون، بۆنموونە هاوکاریی پزیشکی و شیری منداڵان، کە گەیشتوونەتە دەست (مانگی سووری کوردی- کە رێکخراوێکی تایبەتە بە بواری پزیشکی و سەر بە PYD)یە، بە ئارەزووی خۆیان دابەشیان کردووە"، بەڵام مانگی سووری کوردی ئەوەی رەتکردووەتەوە و گوتوویەتی: "هەموو کەلوپەلەکان بە لیست و دۆکیۆمێنت لەبەردەستدان و هەر لایەنێک بیەوێت ئامادەن بیخەنە بەردەستیان".

لێژنەکە لەگەڵ 400 کەس لە رۆژئاوا قسەیان کردووە و کەس نەیگوتووە کۆمەڵکۆژی کراوە

داواکاری خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لەڕێگەی لیژنەکەوە:

- جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی هەولێر

- پەلەکردن لە راگرتنی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان

- نابێ تەنها لایەنێک بڕیاری شەڕ و ئاشتی بدات

- پێکهێنانی هێزێکی سەربازیی هاوبەش

- پەلەکردن لە رەوانەکردنی دەرمان

- کردنەوەی دەروازەی پێشابیر، بەمەرجێک رۆژئاوا لەدەست یەک لایەندا نەبێت

- راگرتنی کوچبەریی کوردی رۆژئاوا بۆ هەرێمی کوردستان

- گەڕانەوەی سەرکردایەتیی پارتەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان

- رێزگرتن لە ئازادیی رادەربڕین و کاری رۆژنامەڤانی و رۆشنبیران