مامۆستا عەلی ڕەحمانی به ناوی خوا له کاتی چاوگێڕانم به گرووپی “احياء فقه الدعوه” له تۆڕی کۆمه‌ڵايه‌تی تێلێگرامدا، له‌ناکاو سه‌رم له ناو کۆمه‌ڵێ برا و خوشکی ئازيزمه‌وه ده‌رهێنا و ئاگادار بووم که باسی ئه‌م مه‌سه‌له ده‌که‌ن. چاوپێکه‌وتنی ئه‌م سێ وشه‌يه، منی خسته ڕامان و بيرکردنه‌وه له‌باره‌يانه‌وه، ئه‌ويش له‌م کاته ناسکه‌دا که بێداری ئيسلامی و بانگه‌وازی ئه‌م دينه له ‌قه‌يرانێکدايه. به بيری من مێژووی ئيسلامی قه‌يرانی وای که‌م به‌خۆيه‌وه ديبێ. چاوپێکه‌وتن و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نووسراوه ‌و ئه‌و وشانه، له‌لايه‌که‌وه دڵخۆشی کردم، له‌لايه‌کی‌ تره‌وه که‌ بيرم له‌م دۆخه زۆر ئاڵۆزه‌ی جيهانی ئيسلام و بێداری ئيسلامی کرده‌وه، منی زياتر خسته ناو بيرکردنه‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه ‌بوو هاتمه سه‌ر ئه‌وه‌ی که بازێ ده‌رده‌دڵ بکه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و ئازيز و خۆشه‌ويستانه‌م که ئه‌و په‌يامانه ده‌گه‌يه‌نن و باسی ده‌که‌ن. ١. له زۆر له‌مێژه‌وه، باسی ده‌عوه‌ و بانگه‌واز و فه‌هم و تێگه‌يشتن و زيندووکردنه‌وه‌ی هه‌ر کام له‌م‌ وشانه کراوه ‌و ده‌کرێ. نووسه‌ران، بانگخوازان و بيرمه‌ندان، هه‌ريه‌ک به ئه‌ندازه‌ی توانايی خۆيان، به بۆچوون و به‌رداشتيان له‌و ده‌قه‌ پيرۆزانه‌ی که ئه‌و که‌ليمه‌ و وشانه‌ی تيايه، ئاساری زۆريان خستوه‌ته به‌رده‌س موسوڵمانان و کتێبخانه‌ی فيکری ئيسلامييان پێ ڕازاندووه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌مه‌نديان کردووه. خوا جه‌زای هه‌موو لايه‌کيان بداته‌وه که‌ هه‌ريه‌ک ده‌سه‌پاره‌ی خۆی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و نووره که بۆ ڕۆشنايی ئه‌و ڕێگه هه‌ڵکراوه. هيوادارين خوا له نامه‌ی چاکه‌کانياندا بياننووسێ. ٢. له پاش تێپه‌ڕبوونی ١٤٣٦ ساڵ به‌سه‌ر هه‌ڵهاتنی ڕۆژی ئيسلامدا، که ئێسته له سه‌ده‌ی ٢١ له سه‌رده‌می ته‌قينه‌وه‌ی عيلم و زانين و ته‌کنه‌لۆژيدا ژيان ده‌به‌ينه سه‌ر، له کاتێکا به فه‌رمايشتی دوکتۆر قه‌رزاوی، دونيا وه‌کوو ئاواييه‌کی لێهاتووه‌ و له زه‌مانێکا که په‌ڕازيتی زۆر ده‌خرێته سه‌ر فيکری ئيسلامی و ئيسلام، له که‌ش و هه‌وايه‌کی ئاوادا، به‌کاربردنی ئه‌مجۆره که‌ليمانه و باسکردن له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مکه به‌رزانه، چاوه‌ڕوانی زياتر دروست ده‌کا بۆ ڕۆشنکردنه‌وه‌ی زياتری ئه‌و مه‌فاهيمانه ئا له‌م ڕۆژگاره‌دا. ٣. جێگه‌ی باسه ئه‌مه‌ی که جگه له‌و ده‌قه‌ پيرۆزانه که باسی ده‌عوه‌ت ده‌کا، هه‌رچی نووسراو هه‌يه، به‌رداشته له‌و مه‌فاهيمانه که زانايان و بانگخوازان و نووسه‌ران و بيرمه‌ندان له درێژايی مێژوودا باسيان کردووه‌ و بۆ ئێمه‌يان به‌جێ هێشتووه، هه‌ر هه‌موويان به‌پێی بۆچوونی خۆيان و له سه‌رده‌می ژيانيانا و له کات و زه‌مانێکی دياريکراودا وتوويانه. زۆربه‌ی ئه‌و نووسراو و بۆچوونانه به گوێره‌ی نيازی ئه‌و ڕۆژگاره بووه که تێیدا ژياون. هه‌رچه‌ند هه‌ندێ له‌و نووسراوانه له‌وانه‌يه ئيسته‌يش کارايی خۆيان له‌ده‌س نه‌دابێ و که‌ڵکيان لێ وه‌رگيرێ، به‌ڵام زۆربه‌يان ئه‌مڕۆ ناتوانن نيازی ئێمه جێبه‌جێ بکه‌ن. چونکه ئه‌وان مرۆڤی ڕۆژگاری خۆيان بوون به گشت تايبه‌تمه‌ندييه‌که‌وه له‌و کاته‌دا. ئێمه‌يش مرۆڤی زه‌مانی خۆمانين به‌م گشته قه‌يران و گێژاوه فيکری و کۆمه‌ڵايه‌تيیه‌وه که‌واين تيايدا و له ناويا ده‌ژين و ده‌س و په‌نجه‌يان له‌گه‌ڵ نه‌رم ده‌که‌ين، که پێشووه‌کان(پێشينيان) به خه‌ويش نه‌يانديوه تا ڕێگه‌چاره‌يان بۆ دياری که‌ن. هه‌ر وه‌کوو ده‌زانين ڕاوبۆچوونه‌کانيشيان ده‌قه‌ پيرۆزه‌کان نين تا له گشت ڕۆژگارێکا به پيرۆزی ته‌ماشا کرێن و پارێزگاريان لێ بکرێ و ده‌سيان لێ نه‌درێ. که‌وايه به فه‌رمايشتی دکتۆر فه‌تحی يه‌که‌ن خوا لێی خۆش بێ، که له گۆڤاری موجته‌مه‌عی کووه‌يتدا نووسراوه‌یێکی هه‌يه، ده‌فه‌رموێ: هه‌ر ده‌ ساڵ جارێ ده‌بێ قسه‌ و وتار و شێوه‌ی بانگه‌واز بگۆڕێ، چونکه بينه‌ر و بيسه‌ری ئێمه گۆڕاون و ده‌گۆڕێن. هه‌ر له‌م باره‌وه ده‌ڵێ: نووسراوه‌ی ساڵه‌کانی حه‌فتای زايينی که‌متر به‌که‌ڵکی ساڵه‌کانی هه‌شتا و نه‌وه‌دی زايينی دێت. به‌ڕاستی واده‌زانم ئه‌گه‌ر ئێسته له ژيانا بوايه ئه‌و ده‌ ساڵه‌ی ده‌کرد به چوار پێنج ساڵ. چونکه عيلم و ته‌کنه‌لۆژی و زه‌مان و نيازه‌کان و پرسياره‌کان ئه‌وه‌نده خێرا و ئازا و به‌توندی ده‌گۆڕێن، هه‌ر فره‌ئاساييه که خه‌ڵکيش له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا بگۆڕێن. هه‌ر به‌وشێوه و زياتريش پێويستی به‌و گۆڕانه‌يش له زوان و وتار و قسه و بانگه‌واز و که‌ره‌سه‌ی ده‌عوه‌تا هه‌يه. هه‌ر له‌م زه‌مينه‌دا، دوکتۆر قه‌رزاوی دوو کتێبی زۆر نايابی هه‌يه به‌ناو “خطابنا الاسلامی فی عصر العولمه” و “الصحوة الاسلامية من المراهقة الی الرشد”. ئه‌م دوو کتێبه به‌ڕاستی ده‌بێ به وردی ته‌ماشا بکرێن و ديڕاسه و لێکۆڵينه‌وه‌يان له‌سه‌ر بکرێ و تاوتوێ بکرێن و هه‌ر له‌و زه‌مينه‌دا نووسراوه‌یێکی بيرمه‌ندی گه‌وره، دوکتۆر عیسام به‌شير هه‌يه که له ناوه‌ندی فيکری ئيسلامی وه‌سه‌ت باسی کردووه. ئه‌مانه‌ و نموونه‌يان به‌تايبه‌تی بۆ مامۆستايان و بانگخوازان زۆر پێويسته بيانخوێننه‌وه. له‌گه‌ڵ چاکه‌ی ئه‌و دوو کتێبه‌دا که ده‌ڵێم، خۆتان ده‌زانن ئه‌گه‌ر ئائێسته بينووسينايه، ئاڵوگۆڕی تێدا ده‌کردن و به‌م شێوه نه‌ده‌بوون که ئێسته وان له‌به‌ر ده‌ستا. چونکه بازێ شت ڕووي داوه که نياز به ڕێنمایی تازه‌تر هه‌يه له‌مباره‌وه. پرسياری تازه وه‌ڵامی تازه‌ی ده‌وێ. ئاڵوگۆڕی ڕاوبۆچوونه‌کان له مێژووی فيکری ئيسلاميدا له‌ناو زاناياندا هه‌ر له ژيانی خۆياندا شتێ غه‌ريب و نامۆ نيیه ‌و بووه‌ و هه‌يه، هه‌ر زۆر ئاساييه بوونه‌که‌ی و ئێسته‌يش ده‌بێ ببێ.لێره‌دا به پێويستی ده‌زانم که ئاماژه بکه‌م به فه‌رمايشتێکی بيرمه‌ندی گه‌وره‌ی وڵاته‌که‌ی خۆمان، کاک ناسر، خوا لێی خۆشبێ که بۆ لابردنی به‌شی عه‌ڕه‌بی خوتبه‌ی جومعه له کوردستاندا ده‌يفه‌رموو: «خوتبه ‌و وتار ئه‌وه‌يه به زوانی ئه‌و خه‌ڵکه و دانيشتوان بێ بۆ ئه‌وه لێی حاڵی بن، ئه‌گينه ئه‌وه موتبه‌يه، خوتبه نیيه!» ٤. هه‌موولا ده‌زانين پايه و بنه‌ڕه‌ته‌کانی ده‌عوه‌ت نه‌گۆڕن و ناگۆڕێن، به‌ڵام شێوه‌کانی ده‌عوه‌ت و بانگکردن نابێ نه‌گۆڕ بن، چونکه به زه‌ره‌ر‌ه و ئه‌ده‌بياتی ده‌عوه‌ت ده‌بێ هه‌ميشه ئاڵوگۆڕ بێ به‌سه‌ريا. فيقهی ده‌عوه يانێ چاک تێگه‌يشتن له‌و ده‌قه‌ پيرۆزانه‌ی که باسی ده‌عوه‌ت ده‌که‌ن و وان له‌به‌ر ده‌سماندا و هه‌ميشه هه‌ن و که‌ڵكيان لێ وه‌رده‌گيرێ و کارايی خۆيان هه‌يه و له‌هه‌موو ڕۆژگارێکدا وه‌کوو ئه‌ساس ده‌بێ موسوڵمانان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ريان، بۆ ئه‌وه‌ی که بيانخه‌نه کار. کاتێ تێکه‌ڵ به ژيانيان کردن ئه‌و ده‌قانه به زيندوويی راده‌گرن، به‌ڵام کاتێ به‌کارمان بردن، ئه‌وه تێکه‌ڵی ده‌که‌ين له گه‌ڵ بۆچوونی خۆمان و ليباسی به‌شه‌ری ده‌که‌ين به به‌ريانا. وه‌کوو محه‌ممه‌د كوڕی موختار شه‌نقیتی له کتێبی “الخلافات السياسيه بين الصحابه: رساله فی مکانه الاشخاص و قدسيه المبادئ” ده‌ڵێ: «ته‌نانه‌ت به نيسبه‌تی پێغه‌ممه‌ريشه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و گشته گه‌وره‌ييه‌وه که هه‌يه‌تی، کاتێ ئه‌و ده‌قه‌ پيرۆزانه‌ی قوڕئان ده‌خاته کار و جێبه‌جێيان ده‌کا و تێکه‌ڵی ده‌کا به ژيان و زه‌مينييان ده‌‌کا، به‌شه‌ريبوون‌ به‌و ده‌قه‌ پيرۆزانه‌وه ده‌رده‌که‌وێ.» له گه‌ڵ ئه‌م جياوازييه‌دا که به نيسبه‌تی پێغه‌ممه‌ره‌وه هه‌يه، ئه‌مه‌ی که هه‌ميشه خوای گه‌وره ده‌ستی پێوه بووه و چاودێری کردووه‌ و له هه‌ڵه پاراستوويه‌تی و ياداوه‌ری پێداوه، به‌ڵام بۆ باقی موسوڵمانان ئه‌م تايبه‌تمه‌ندييه‌ نیيه. که‌وايه هه‌ر ئه‌مانه‌ و نموونه‌يان بوون به ئه‌ساس بۆ دروسبوونی فيکری ئيسلامی، تا گه‌يشتووه‌ته ئێره‌ و له‌مه‌و دواش هه‌روا ده‌ڕوا. و ‌ئه‌م شته هه‌روا په‌ره‌ی سه‌ند، به‌تايبه‌تی له‌پاش نه‌مانی شووڕا و خوله‌فای ڕاشدين تا ئێسته، که بازێ له عورف و عاده‌تی ناله‌بار تێکه‌ڵ بوون به فيکر و فه‌رهه‌نگی ئيسلامی، له هه‌مان کاتدا له‌گه‌ڵ ڕۆحی دينيشا سازگار نين، که به‌دوورکه‌وتنه‌وه‌مان له عه‌سری سه‌عاده‌ت ئه‌م شته‌ی زياتر پێوه دياره، تا ئه‌و راده‌یه‌ كه هه‌ر وڵاتێ له هێندێك شتی تایبه‌ت به‌ خۆیدا تێکه‌ڵ به فيکری ئيسلامی بووه، وه‌ها جێگه‌ی گرتووه که باسکردن و جياکردنه‌وه‌يان له ئيسلام زۆر دژوار بووه. ـ هه‌ڵبه‌ت ئالێره‌دا له‌ باسی عورفدا جێی خۆیه‌تی بڵێم: که ئيسلام عورفی سه‌حيح و ڕه‌سه‌ن و پاک و خاوێن و دوور له خو‌ڕافات به ڕه‌سمی ده‌ناسێ و ده‌ستووری پێداوه، وه‌کوو ده‌فه‌رموێ:«خُذِ الْعَفْوَ وَأْمُرْ بِالْعُرْفِ وَأَعْرِضْ عَنِ الْجَاهِلِينَ» [ئه‌عڕاف/١٩٩] […فه‌رمانيش به باو و نه‌ريتی چاک بده…] ته‌نانه‌ت بازێ له زانايانی ئوسووڵ، به يه‌كێ له به‌ڵگه‌کانی شه‌ريعه‌ت دايانناوه. قه‌بووڵكردنی عورفی سالم و پاڵافته‌کردن و پاککردنه‌وه‌يان له عوڕفی ناسالم له مێژووی ئايينه ئاسمانیيه‌کان و ئيسلامدا شتێکی غه‌ريب نیيه. سه‌ره‌ڕای ئه‌ميشه قه‌بووڵكردنی عوڕفی سالم نرخدانانه بۆ عه‌قڵی ئه‌و خه‌ڵکه. هه‌ر وه‌کوو ئه‌ميشه ده‌زانين که عوظف و عه‌قڵه‌کان و سه‌مه‌ره‌کانيان و ئاسه‌واره‌کانيان له که‌سێکه‌وه بۆ که‌سێکی‌ تر و له کۆمه‌ڵگا‌يه‌که‌وه تا نيشتمانێکی‌ تر جياوازی زۆر به‌دی ده‌کرێ. که‌وايه عوڕفی سالم هه‌م دين وه‌ری ده‌گرێ و هه‌م عه‌قڵ، که باسی ئه‌مه ده‌بێ به جيا بکرێ. به‌ڵام هه‌ر وه‌کوو وتم تێکه‌ڵبوونی شتی بێبنه‌ما به‌و مه‌فاهيمه ڕاست و پاکانه ئه‌وه‌نده ئاڵۆزی دروست کردووه، بيسراوه‌ و وتراوه که ده‌ڵێن: ئيسلامی خه‌ليج[که‌نداو]، ئيسلامی عه‌ڕه‌بستان، ئيسلامی پاکستان و تاڵه‌بان، ئيسلامی ئێران و هه‌روه‌ها بۆ هه‌رکام له‌مانه بازێ فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکی و خۆماڵی ئه‌و وڵاتانه‌ی پێوه ئاڵاوه و به‌ڕوونی پێوه دياره، تا ئه‌و راده‌ گدیشتووه‌ كه هێندێ شت تێکه‌ڵ بووه به دين بۆ هێندێ له موسوڵمانان وه‌کوو ئه‌سڵی دينی لێهاتووه و به‌نرخه‌وه ته‌ماشايان ده‌کرێ، نه‌ک ته‌نيا ئه‌مه، به‌ڵکوو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هێندێ شتی حه‌ڕه‌کی و بۆچوونی حه‌ڕه‌کی که‌سايه‌تيیه حه‌ڕه‌کيیه‌کانيش بۆ بازێ له شوێنکه‌وتوانيان خه‌ريکه جێگه‌ی‌ ده‌قه پيرۆزه‌کان بگرێته‌وه‌ و باسکردنيان بڤه بێت! برايه‌ک بۆی گێڕامه‌وه که له سه‌فه‌رێکی يه‌ک مانگه‌دا، له‌گه‌ڵ چه‌ن برای موسوڵماندا ده‌چێ بۆ پاکستان، له دانيشتنی ساڵانه‌ياندا به‌شداری ده‌کا. ئه‌و برا فه‌رمووی به چاوی خۆم بينيم و درۆ ناکه‌م که له جێگه‌يه‌کدا سيواکی ده‌سته‌جه‌معیيان دانابوو. په‌تێکی پێوه به‌سرابوو، ئه‌و سه‌ری په‌ته‌که به‌سرابوو به بزمارێكه‌وه‌ له جێگه‌ی ده‌ستنوێژگرتن، هه‌ر که‌س ده‌هات سوڕی ده‌دا له ده‌ميه‌وه‌ و ده‌ڕۆيشت. ئه‌مه نموونه‌يه‌ک له‌و هه‌زاران نموونانه که چووه‌ته ناو فيکری ئيسلاميیه‌وه که بۆ باسکردن ناشێن و که‌سانێک ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ده‌يانه‌وێ له سه‌ده‌ی بیست‌ و يه‌کدا لاوان و خه‌ڵك و خوێنه‌واران بانگ که‌ن بۆ لای ئه‌و ئيسلامه‌ی به‌بۆچوونی خۆيان! ئه‌نجامدانی کارێکی وا له سه‌رده‌می عيلم و زانين و پێشکه‌وتنی پزشکی ‌و ته‌ندرووستيدا به ناوی ئيسلام و سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ره‌وه، ئه‌وه‌نده ناشيرينه که به هيچ شێوه‌يه‌ک سيواککردنی وا نابه‌سرێ به پێغه‌مبه‌ره‌وه. جا ئه‌وه‌ش که زۆر جێگه‌ی سه‌رسووڕمانه ئه‌و کاره دزێوانه که لکێنراوه به ئيسلام و پێغه‌مبه‌ره‌وه، به ئيهانه‌تيش ته‌ماشا ناکرێ! خوانه‌خواسته، له‌م به‌سه‌رهاته ئه‌وه‌م مه‌به‌ست نيیه که ته‌حقيری ئه‌و موسوڵمانانه بکه‌م، “په‌نا به‌خوا”. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌مه قه‌بووڵ که‌ين که عوڕف و عاده‌تی ناله‌بار تێکه‌ڵ بووه به ئيسلام، به‌ ناوی ئيسلامه‌وه و له‌سه‌ر حیسابی ئيسلاميش ده‌نووسرێ. ٥. «إحياء فقه الدعوه»: فيرووزئابادی له قامووسه‌که‌يدا ده‌ڵێ: ڕيشه‌ی فقهـ له جێگه‌يه‌کدا به‌کار ‌ده‌برێ که دژوارتر و ده‌قيقتر و عه‌ميقتر بێ. ڕاغيب ده‌ڵێ: فیقهـ باشتره‌ له عيلم. له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه ده‌کرێ مانای جۆراوجۆريان لێ بکرێ. هه‌رچه‌ند هێندێ له‌ماناکان پێچه‌وانه‌ی ئه‌ساس ‌و ڕيشه‌ی که‌ليمه‌کانيش بێ. به‌ڵام هه‌ر باسی ده‌که‌م. بۆ ڕۆشنبوونه‌وه‌ی شته‌که و زه‌مينه فه‌راهه‌مکردن بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌مه‌وێ له‌م نووسراوه‌دا باسی‌که‌م. «إحياء فقه الدعوه» يانێ چاک تێگه‌يشتن له‌و ده‌قه‌ پيرۆزانه و جێبه‌جێ کردنيان له ژيانی ڕۆژانه‌دا و بانگکردنی خه‌ڵک بۆ لای. «إحياء فقه الدعوه» يانێ زيندووکردنه‌وه‌ی ئه‌و ئامراز و که‌ره‌سانه‌ی که له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر و ياران و شوێنکه‌وتووانی ئه‌وان به‌کاريان بردوون بۆ بانگه‌واز، ئێمه‌ش هه‌ر ئه‌وانه بگرين به‌ده‌سته‌وه که‌ ئه‌م مانايه جێگه‌ی بيرکردنه‌وه‌يه و دوورمان ده‌خاته‌وه له ڕۆحی مه‌سه‌له‌که. «إحياء فقه الدعوه» يانێ زيندوو کردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌خلاقه جوان و ئاکاره به‌رزانه‌يه که ياران و شوێنکه‌وتووانی ئه‌وان بوويانه، که هه‌ر ئه‌و تايبه‌تمه‌نديیانه بوو، بوون به هۆی ئه‌وه بچنه ناو دڵی خه‌ڵکه‌وه‌ و هيدايه‌تيان کردن و ئه‌و ئيسلامه‌يان گه‌ياند. «إحياء فقه الدعوه» يانێ خۆمان به‌رينه‌وه ئه‌و که‌ش و هه‌وايه‌ی که ئه‌و گه‌وره‌گه‌له‌ی تێدا ژياون، له لايه‌نی کۆمه‌ڵايه‌تی و ئابووری و شێوه‌کانی ئيداری و ژيان و ئاوه‌دانی و زۆر شتی‌ تر، که ئه‌ميشه زۆر دوورمان ده‌خاته‌وه له خه‌ڵک و ژيان و له کاروان زياتر دوور ده‌که‌وينه‌وه. «إحياء فقه الدعوه» يانێ زيندووکردنه‌وه‌ی شێوه‌ی قسه‌کردن و ئه‌ده‌بياتی وتاری و گوفتاريان و هه‌ر به‌و شێوه خه‌ڵک ده‌عوه‌ت که‌ين که ئه‌وان کردوويانه. که ئه‌م مانايه زۆر دوورمان ده‌خاته‌وه و کارايی ده‌عوه‌ت که‌م ده‌کاته‌وه و موسوڵمانان غه‌ريب ده‌که‌ون. هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه ‌و زياد له‌مانيشه جێگه‌ی بيرکردنه‌وه‌يه و ده‌بێ به‌وردی لێکۆڵينه‌وه‌يان له‌سه‌ر بکرێ و شی بکرێنه‌وه و کاری پسپۆڕی و کارناسييان له‌سه‌ر بکرێ. ٦. خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «ودخلوا البیوت من ابوابها»، واده‌زانم ئه‌م ئايه‌ته زۆر يارمه‌تيمان ده‌دا بۆ چوونه‌ناو ئه‌م باسه‌وه. ئه‌وه‌ی که‌ زۆر گرينگه له‌مباره‌وه، گه‌ياندن و جێبه‌جێکردنی په‌يامی خوايه، به‌هه‌ر شێوه‌يه‌کی گونجاو و مه‌شرووع و حه‌کيمانه له‌سه‌ر ئه‌ساسی چاوڕۆشنی. هه‌موولا ده‌زانين موسوڵمان ده‌بێ بگه‌ڕێ بۆ ئه‌وه‌ی چۆن زه‌مينه‌ی هيدايه‌تی خه‌ڵك فه‌راهه‌م کات و چۆن ئه‌م دينه بگه‌يه‌نێ و کارێ بکا که کۆمه‌ڵگه گوێی بۆ بگرن و قه‌بووڵی که‌ن. له‌مباره‌وه ده‌توانين دوو شتی زۆر ئه‌ساسی و سه‌ره‌کی باس که‌ين: يه‌که‌م: خۆشه‌ويستی بۆ خه‌ڵك، سه‌رفه‌نه‌زه‌ر له ڕه‌نگ و نه‌ژاد و ڕه‌گه‌ز و عه‌قيده و بيروباوه‌ڕ و پيشاندانی ئه‌و خۆشه‌ويستييه و خستنه‌کاری به زوان و ئه‌خلاقی ئيجتيماعی، له‌به‌ر ئه‌وه که خۆشه‌ويستی و سۆز شتێکی ده‌روونييه و به‌ کرده‌وه و گوفتار نه‌بێ نابينرێ و نازانرێ. دووهه‌م: به ده‌م خه‌ڵکه‌وه بوون و خزمه‌ت پێيان به ئه‌ندازه‌ی توانايی و لابردنی سته‌م له سه‌ريان. ده‌رمانکردنی ده‌رد و ئاسانکردنی گرفت و ناڕه‌حه‌تيیه‌کانيان. ئه‌مانه‌ و نموونه‌يان کۆمه‌ک ده‌که‌ن به‌وه‌ی که موسوڵمان بچێته ‌ناو دڵی خه‌ڵکه‌وه. ئه‌وه‌ش ده‌زانين که کۆمه‌ڵگه نيازيان به‌م شتانه هه‌يه. هه‌ر وه‌کوو له قوڕئانيشه‌وه ئه‌مه به‌ڕوونی و ڕۆشنی ده‌رده‌که‌وێ. قورسايی و سه‌نگينی ئه‌م دوو دێوه‌زمه‌يه، يانێ هه‌ژاری و نه‌بوونی ئازادی و ئه‌منييه‌ت، که هه‌ميشه له درێژايی مێژوودا پشتی خه‌ڵکيان شکاندووه، فه‌قيری و هه‌ژاری و ژێرده‌سته‌بوونی ئه‌م و ئه‌و کارێکی کردووه، ئه‌گه‌ر بزانن و ببينن که‌سێ دێ به‌ هاواريانه‌وه و دڵسۆزانه و بێته‌ماع، ئه‌م دوو به‌ڵا له‌سه‌ريان لاده‌با، يان لانیکه‌می هاوده‌ردييان له‌گه‌ڵ ده‌کا، ئارامش بۆ ده‌روون و ئاوه‌دانی بۆ ناو ماڵ و کۆمه‌ڵگايان درووس ده‌کا، زه‌مينه‌ی قه‌بووڵکردنی ئيسلام چاکتر فه‌راهه‌م ده‌بێ. به‌ڵام به بوونی ئه‌م دوو به‌ڵايه له کۆمه‌ڵگه‌دا، به‌تايبه‌تی ئاله‌م ڕۆژگاره‌دا و له وڵاتانی ناوه‌ڕاست‌ و به‌ ناو ئيسلامييه‌کاندا، خه‌ڵکی فه‌قير ناتوانن له‌سه‌ر پێی خۆيان بوه‌ستن. به‌ڵێ گرفت زۆره و ناڕه‌حه‌تيیه‌کان له ئه‌ژمار نايه‌ن، به‌ڵام زۆربه‌ی گرفته‌کان له‌م دوو به‌ڵا ڕه‌شه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن و ده‌ته‌نێته‌وه. ٧. مه‌علوومی هه‌موولايه‌که نه‌خۆشين و ده‌رده‌کانی ئه‌ندام و لاشه و جيسم جياوازن، هه‌ر وه‌کوو ده‌رد و نه‌خۆشينه ده‌روونييه‌کانيش وان و جياوازی به‌دی ده‌کرێ له نێوانياندا و هه‌ر ئه‌م ئافه‌ت و نه‌خۆشينه فيکری و کۆمه‌ڵايه‌تيیانيشه به نيسبه‌تی کۆمه‌ڵگا و تاکه‌کانيشه‌وه جياوازی هه‌يه، هه‌ر وه‌کوو به نيسبه‌تی زه‌مان و ڕۆژگاره‌کانيشه‌وه هه‌یه ئه‌م شته به‌ته‌واوی ڕوون و ئاشکرايه. کاتێ ئه‌مه‌مان زانی، به ئاسانی قه‌بووڵی ده‌که‌ين که ده‌رمانه‌کان و شێوه‌ی ده‌رمانکردن و ڕه‌وشی به‌رگری له‌و ئافه‌ت و ده‌ردانه زۆر جياوازن و ده‌بێ به پێی زه‌مان و ڕۆژگار و کۆمه‌ڵگا و تاکه‌کان و بنه‌ماڵه‌کانه‌وه جياوازی ببێ. که‌وايه ده‌بێ چاک بزانين هه‌ر به‌و نيسبه‌تيشه بۆ ئاڵوگۆڕی شێوه‌ی وتار و ده‌عوه‌ت و بانگه‌واز پێويست ده‌کا. چونکه بيسه‌ر و بينه‌ره‌کانمان گۆڕاون، هه‌ر وه‌کوو ڕۆژگار گۆڕاوه. ده‌بێ ئه‌ده‌بياتی ده‌عوه‌ت و شێوه‌کانی بانگکردن گۆڕان بێ به‌سه‌ريدا. هه‌موولا ده‌زانين خه‌ڵک و زه‌مان و شێوه‌ی ژيان و بيرکردنه‌وه ‌و ده‌رده‌کان و نه‌يارانی دين و که‌ره‌سه‌ی به‌ربه‌ره‌کانی و ڕووبه‌ڕووبوون له‌گه‌ڵ دين و زۆرێکی‌ تريش گۆڕاوه و ئاڵوگۆڕ هه‌موو شتێکی گرتووه‌ته‌به‌ر و پرسياره‌کانیش گۆڕاون. ته‌نانه‌ت پرسياری ئه‌مڕۆ هينی دوێنێ نييه، چ جای ئه‌وه زۆر بچينه دواتره‌وه. ئه‌گه‌ر به‌وردی ته‌ماشايه‌کی مێژووی فيکری پڕ له هه‌وراز و نشێوی ئيسلامی بکه‌ين و سه‌رنج بده‌ین له‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی که له درێژايی زه‌ماندا هاتووه به‌سه‌ريدا، به‌چاکی بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که‌ هه‌ر نووسراوێکی فيکری، به‌ ڕۆشنی نيازی سه‌رده‌می خۆی پێوه ده‌رده‌که‌وێ. ئه‌و بيرمه‌ند و نووسه‌ره، مرۆڤی سه‌رده‌م و ڕۆژگاری خۆی بووه و وه‌ڵام پرسيار و نيازه‌کانی سه‌رده‌می خۆی پێوه دياره و ئه‌و ئاڵوگۆڕه له ته‌واوی سه‌ده‌کان و نووسراوه‌کان و شێوه‌ی نووسينه‌کان و جیاوازی فيکری و بير و بۆچوونه‌کان به چاکی ده‌رده‌که‌وێ. له سه‌ره‌تای هه‌ڵهاتنی ڕۆژی ئيسلامه‌وه، خوێنه‌واره‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا و که‌سانێ که نووسينيان بزانيبايه، ئه‌ويش به‌و شێوه زۆر سه‌ره‌تاييه، به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردران. به‌ڵام ئێسته سه‌ده‌ی بيست‌ و يه‌که. خوێنه‌واری و ئاساره‌کانی عيلم و زانين هه‌موو جێگه و شوێن و کون و قوژبنێکی داگرتووه. وشکايی و به‌رزايی و نزمايی و بان و خوار، شه‌و و ڕۆژ، ده‌روون و بیروون، قووڵايی ده‌رياکان، ئا له‌م ڕۆژگاره‌دا به هه‌زاران ڕشته‌ی ته‌خه‌سسوسی عيلمی هه‌يه و ده‌خوێندرێ که ڕۆژگارانی ڕابردوو و سه‌ده‌ پێشووه‌کان نه زانيويانه و نه بيستوويانه. له‌وانه‌يه به خه‌ويش نه‌يانديبێ. ئه‌گه‌ر به‌مشێوه بڕوا، به فه‌رمايشتی يه‌کێ له زانايان، ئه‌گه‌ر به‌شه‌ر نه‌بێ به به‌ڵا بۆ گيانی خۆی، هێشتا گڕوگاڵ ده‌کا. که‌وايه وه‌ڵامی پرسياره‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه ‌و چاره‌ی ده‌رده‌کانی ئه‌مڕۆ له ئاسار و شوێنه‌وار و نووسينی نووسه‌رانی ڕابردوودا که‌م ده‌ست ده‌که‌وێ. له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه، دروشمی ئه‌مڕۆمان بکه‌ين به‌مه‌ که: ئه‌مڕۆ و ئێسته له سه‌ده‌ی بيست‌ويه‌ک، چۆن خه‌ڵک بانگ بکه‌ين بۆ لای دينی خوا؟ باسی چی بکه‌ين و له‌کوێوه ده‌ست پێ بکه‌ين؟ سنه، عه‌لی ڕه‌حمانی ۸/۱۲/۱۳۹۳ هه‌تاوی پێداچوونەوە : عەبوڵڵا عەلیپوور