پلەکانی ڕیا:  

بەشێوەیەکی گشتی ڕیا دوو پلەی هەیە:  

١- هاوەڵبڕیاردانی گەورە (الشرك الأكبر): 

ئەم پلەیە هەستیارتر و مەترسیدارترە و ئەو ڕیایەیە کە لە بنەماکانی دیندا درووست دەبێـت و مرۆڤ پێی کافر دەبێت، وەک ئەوەی دووڕووەکان لە سەردەمی پێغەمبەردا ﷺ دەیانکرد و خوای گەورە لە قورئاندا تۆماری کردووە و دەفەرموێت: [وَإِذَا لَقُواْ الَّذِينَ آمَنُواْ قَالُواْ آمَنَّا وَإِذَا خَلَوْاْ إِلَى شَيَاطِينِهِمْ قَالُواْ إِنَّا مَعَكْمْ إِنَّمَا نَحْنُ مُسْتَهْزِئُونَ](سورة البقرة،الآیة14). واتە: کاتێک ئەو دووڕووانە باوەڕدارەکانیان دەبینی؛ دەیانگوت: ئێمەش باوەڕدارین و لەگەڵتانین، کاتێکیش لەگەڵ شەیتانەکانی هاوشێوەی خۆیان و لە پەنهانیدا بەیەک دەگەشتن؛ دەیانگوت: ئێمە لەگەڵ ئێوەین و گاڵتەمان بەعەقڵی ئەوانە دێت، کە شوێنی محەممەد ﷺو پەیامەکەی کەوتوون. لە ئایەتێکی تردا دەفەرموێت: [اتَّخَذُوا أَيْمَانَهُمْ جُنَّةً فَصَدُّوا عَن سَبِيلِ اللَّه]( سورة المنافقون،الآیة2). واتە: ئەوانە ئیسلام و باوەڕەکەیان کردبووە قەڵغانێک بۆ پەردەپۆشکردنی کوفرو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە دونیاییەکانی خۆیان و بەو شێوەیەش لەڕێی خواناسی لایان دابوو، گومڕا بوون. 

ئەم جۆرە خەڵکانە، لە ئێستاشدا زۆرن و کە دەیانبینیت خۆیان وەکو موسڵمان نیشان دەدەن و لەوانەشە هەندێک جار موزایەدەی دینداریش لەسەر موسوڵمانان بکەن، بەڵام لە ناخ و بەرنامەی خۆیاندا، خوانەناس و مولحیدن. 

٢- هاوەڵبڕیاردانی بچووک (الشرك الأصغر):   

ئەم جۆرەیان بۆ خەڵکی باوەڕدار دروست دەبێت، بەتایبەتی کاتێک کارێک دەکەن و جگە لە ڕەزامەندیی خوا مەبەستی تریان بەکارەکەیان دەبێت و نیەتەکانی دڵیان تەواو بۆ خوای گەورە یەکلا ناکەنەوە، پێغەمبەری خوا ﷺ ئەم جۆرەی لە ڕیا، بە هاوەڵبڕیاردان ناو بردووە و لەبارەیەوە فەرموویەتی: {إِنَّ أَخْوَفَ مَا أَخَافُ عَلَيْكُمْ الشِّرْكُ الْأَصْغَرُ}. واتە: ئەوەی کە زۆر لێی دەترسم تووشی بن، هاوەڵبڕیاردانی بچووکە، هەرچەندە پێغەمبەرﷺ دەزانێت ئەمانە بڕوادارن، بەڵام لەوە دەترسێت ڕیا لە ناو دڵیاندا چەکەرە بکات. هاوەڵان پرسییان: (وَمَا الشِّرْكُ الْأَصْغَرُ يَا رَسُولَ اللهِﷺ؟). واتە: هاوەڵبڕیاردانی بچووک چییە ئەی پێغەمبەری خواﷺ؟؛ - چونکە ئەوان تا ئێستا شتێکیان بەو ناوەوە نەبیستبوو، ئەویش لە وەڵامدا فەرمووی: {الرِّيَاءُ، يَقُولُ اللَّهُ عَزَّ وَجَلَّ لَهُمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ إِذَا جُزِيَ النَّاسُ بِأَعْمَالِهِمْ اذْهَبُوا إِلَى الَّذِينَ كُنْتُمْ تُرَاءُونَ فِي الدُّنْيَا فَانْظُرُوا هَلْ تَجِدُونَ عِنْدَهُمْ جَزَاءً؟}( صحیح الجامع،رقم 155). واتە: مەبەستم ڕووپاماییە، خوای گەورە لە قیامەتدا پاش ئەوەی خەڵکی پاداشتی کردەوەکانیان وەردەگرن بە ڕیاکاران دەفەرموێت: بڕۆن بۆ لای ئەوانە کە لە دونیادا ڕووپاماییتان بۆ دەکرن، بزانن هیچ پاداشتیان لا دەست دەکەوێت.  

لە فەرموودەیەکی تردا، پێغەمبەرﷺ ڕاشکاوانەتر و ڕوونتر لەم بابەتە دەدوێت و ڕاڤەی ڕیا بۆ هاوەڵەکانی دەکات و دەفەرموێت: {مَنْ صَلَّى يُرَائِي فَقَدْ أَشْرَكَ، وَمَنْ صَامَ يُرَائِي فَقَدْ أَشْرَكَ، وَمَنْ تَصَدَّقَ يُرَائِي فَقَدْ أَشْرَكَ، وإن الله عز وجل يقول: أَنَا خَيْرُ قَسِيمٍ لِمَنْ أَشْرَكَ بِي، مَنْ أَشْرَكَ بِي شَيْئًا فَإِنَّ حَشْدَهُ عَمَلَهُ قَلِيلَهُ وَكَثِيرَهُ لِشَرِيكِهِ الَّذِي أَشْرَكَ بِهِ وَأَنَا عَنْهُ غَنِيٌّ}(الامام احمد بن الحنبل،المسند،28،ص365 ).واتە: هەرکەس بۆ ڕووپامایی نوێژی کرد؛ ئەوە هاوەڵی بۆ خوا بڕیار داوە، هەرکەس بۆ ڕووپامایی ڕۆژووی گرت؛ ئەوە هاوەڵی بۆ خوا بڕیار داوە، هەرکەس بۆ ڕووپامایی پارەی بەخشی؛ ئەوە هاوەڵی بۆ خوا بڕیار داوە و خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا دەفەرموێت: من باشترین هاوبەش دەبم بۆ کەسێک هاوبەشم بۆ بڕیار بدات، هەرکەسێک هاوبەشی بۆ من بڕیاردا، هەموو کردەوەکانی، گەورە و بچووکی، باش و خراپی، زۆر و کەمی هەمووی بۆ ئەو کەسە جێ دەهێڵم کە کردوویەتی بەهاوبەشی من و من پێویستم پێی نییە و با بڕوات ئەو پاداشتی بداتەوە.

حوکمی ئەو کردەوانەی ڕووپامایی و ڕیایان تێدا درووست دەبێت:  

ئەو کردەوانەی ڕیایان تێدا درووست دەبێت دەکرێت بکرێن بەچەند بەشێکەوە:  

١- ئەگەر سەرەتا پاڵنەرو مەبەستی کردەوەکە ڕیا بوو؛ ئەوە خوای گەورە وەری ناگرێت و کردەوەکە بەتاڵ دەبێتەوە و پێویستە کەسەکە بە نیەتێکی پاک جارێکی تر بیکاتەوە، ئەگەر بیەوێت خوای گەورە لێی وەربگرێت. 

٢- ئەگەریش سەرەتا مەبەستی کەسەکە ڕەزامەندیی خوای گەورە بوو، پاشان لە کاتی کردەوەکەدا نیەتی گۆڕا، ئەو کات سەیر دەکەین ئەگەر هەستی ڕیاکردنەکە تەنها بەدڵدا تێپەڕی بوو و زۆر لە دڵیدا نەمابویەوە و کاریگەری لەسەر دڵ و دەروونی درووست نەکردبوو؛ ئەوا هیچ کێشەی نییە و کردەوەکەی درووستە. بەڵام ئەگەر لە دڵیدا جێگەی گرت و نیەتەکەی گۆڕا ئەو کات زانایان بۆچوونیان لەسەر درووستی کردەوەکە جیاوازە:  

پێشەوا ئەحمەد و حەسەنی بەصری پێیان وایە کردەوەکە هەر درووستە و بەتاڵ نابێتەوە؛ چونکە سەرەتا نیەت و  پاڵنەری کارەکە بۆ خوا بووە. 

هەندێکیش دەڵێن: ئەم حوکمەی پێشەوا ئەحمەد باسی دەکات بۆ ئەو جۆرە کارانەیە کە سەرەتاکەی تا کۆتاییەکەی یەک پەرستشە و ناکرێت لێک داببڕێت وەکو نوێژ و ڕۆژو و حەج، بەڵام ئەگەر سرووشتی پەرستشەکە وابوو کە جیاوازی لەنێوان بڕگەکانیدا هەبوو وەکو قورئان خوێندن ئەو کات کەی نیەتەکەی گۆڕا لەو کاتەوە کارەکەی بەتاڵ دەبێتەوە و پێویستە نیەتێکی تازە بهێنێتەوە بۆئەوەی پەرستشەکەی قەبووڵ بێت.  

خۆ ئەگەریش گۆڕینی نیەتەکە بەهۆی ڕیاوە نەبوو، بەڵکو جگە لە بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی خوای گەورە و دەستکەوتنی پاداشتی قیامەت نیەتی دەستکەوتنی شتێکی دونیایشی تێکەڵ بوو وەک مەبەستی دەستکەوتنی غەنیمەت لە غەزادا، یان بازرگانی لەحەجدا، زاناین دەڵێن ئەو مەبەستە لاوەکییە کردەوەکە بەتاڵ ناکاتەوە، بەڵام لە خێرو پادشاتی کەم دەکاتەوە، بەبەڵگەی ئەو فەرموودەیەی کە پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرموێت: {مَا مِنْ غَازِيَةٍ تَغْزُو فِى سَبِيلِ اللَّهِ فَيُصِيبُونَ الْغَنِيمَةَ إِلاَّ تَعَجَّلُوا ثُلُثَىْ أَجْرِهِمْ مِنَ الآخِرَةِ وَيَبْقَى لَهُمُ الثُّلُثُ وَإِنْ لَمْ يُصِيبُوا غَنِيمَةً تَمَّ لَهُمْ أَجْرُهُمْ}(صحیح المسلیم،ج۳،ص۱٥۱٤ ). واتە: هەر کۆمەڵێک لە پێناوی خوادا بڕۆن بۆ غەزا و غەنیمەت و دەستکەوتی شەڕو ماڵی دونیایان دەستکەوت؛ ئەوا دوولەسەر سێی پاداشتی غەزاکەیان دەڕوات و تەنها یەک لەسەر سێیان بۆ قیامەت دەمێنێتەوە، خۆ ئەگەریش هیچ غەنیمەت و دەستکەوتی شەڕیان دەست نەکەوت؛ ئەوا پاداشتی غەزاکەیان لای خوا و لە ڕۆژی دوایی بەتەواوی وەردەگرن.

دامەزراویی دڵ (الیقین) 

یەکێکی تر لە کردەوە گرنگەکانی دڵ (يقين) ە و (یقین) یش بریتییە لە بوونی باوەڕی تەواو بە هەموو ئەو شتانەی کە لێمان پەنهانن بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر لەو شتانەی کە بەرجەستەن و دەیانبینین؛ چونکەی ئەوەی دەیبینین بەچاو، یان بەهەستەوەرەکانی تر هەستیان پێ دەکەین ئەوانە ئێمە لەڕێگەی توانا سنووردارەکانی خۆمانەوە دەیانسەلمێنین، کە لەوانەیە لەژێر کاریگەریی هەندێک شتدا زانیاری هەڵەمان پێ بدەن وەک لە کاتی بوونی جادوو، یان نەخۆشی, بەڵام ئەوەی خوای گەورە دەیفەرمووێت؛ هیچ جێی گومان و دوودڵی نییە و لە هیچ کاتێکیشدا و لەژێر کاریگەریی هیچ شتێکدا خوای گەورە زانیاریی هەڵە ناداتە بەندەکانی، ئیتر عەقڵ و هەستەوەرەکانی ئێمە بیسەلمێنن، یان نا؛ ئەوە ئەرزشێکی ئەوتۆی نییە بەمەرجێک لەشەرع و فەرموودەی خوادا سەلمابێت.  

باوەڕی دامەزراویش بەو شێوەیە باڵاترین پلەکانی باوەڕە و لە قۆناغی ئیسلام و ئیمان هەڵدەکشێت بۆ قۆناغی ئیحسان کە پێغەمبەری خوا ﷺلە بارەیەوە دەفەرموێت: {الْإِحْسَانُ أَنْ تَعْبُدَ اللَّهَ كَأَنَّكَ تَرَاهُ فَإِنْ لَمْ تَكُنْ تَرَاهُ فَإِنَّهُ يَرَاكَ} (صحیح البخاری،ج۱،ص۱۹). واتە: ئیحسان ئەوەیە کە بەشێوەیەک خوا پەرستی بکەیت کە خوای گەورە دەبینیت، خۆ ئەگەر تۆ ئەو نەبینیت ئەوا ئەو تۆ دەبینێت.

قۆناغەکانی گەشتن بە یەقین:  

خۆشەویستان هەڵوێستی مرۆڤەکان لەبارەی شتەکان، تا گەشتن بە بڕیاردان لەسەریان بەسێ قۆناغدا تێپەڕ دەبێت:  

١- دوودڵی (شک): بریتییە لە بوونی دوو ئەگەر، هیچ کامیان بەسەر ئەوی تریاندا زاڵ نین و خاڵی یەکلاکەرەوەش لەنێوانیاندا نییە، خوای گەورە کە باسی هەڵوێستی بێباوەڕان دەکات بەرامبەر بە پەیامەکەی خوای گەورە لەبارەیانەوە دەفەرموێت: [وإِنَّهُمْ لَفِي شَكّ مِّنْهُ مُرِيبٍ] (سورة هود: الآیة۱۱۱ ). واتە: ئەوانە لە دوودڵییەکی زۆردان بەرامبەر بە پەیامەکەی پێغەمبەر ﷺ

٢- گومان (ظن): لەم قۆناغەشدا هێشتا ئەگەرەکان تەواو یەکلا نەبوونەتەوە، بەڵام هەندێک ئاماژە پێمان دەڵێن کە یەکێکیان لەوانی تر بەهێز ترە، بۆیە مرۆڤ دڵی بەلای ئەوەیاندا زیاتر دەچێت. خوای گەورە کە باس لە بیروباوەڕی بێباوەڕان بەرامبەر بە پەرستراوەکانیان دەکات دەفەرموێت: [إِن يَتَّبِعُونَ إِلَّا الظَّنَّ وَمَا تَهْوَى الْأَنفُسُ](سورة: النجم الآیة۲۳). واتە: ئەوانە تەنها شوێنی گومان و ئارەزوەکانی خۆیان کەوتوون و دڵنیا نەبوون و نین لەوەی ئەو بت و بیردۆزە و دروشمانەی دەیپەرستن هیچ سوودێکیان هەیە، یان نا؟!. 

بیروباوەڕی خەڵکانی دوور لە خوا هەمیشە لەم دوو قۆناغە داخراوەدا سووڕاوەتەوە و هەرگیز نەگەشتووەتە کەناری ئارامی و دڵنیابوون، چ سەبارەت بەو دروشم و ئایدیا پووچانەی بەپیرۆزیان داناوەو کاریان لە پێناودا کردووە و ژیان و تەمەنیان بۆ تەرخان کردووە و خەڵکیان لە پێناودا بۆ فریو داوە، چ سەبارەت بەو ڕاستی و پیرۆزییە ڕاستەقینانەی کە سەنگەریان لێ گرتووە و دژایەتییان کردووە و شەمشەمە کوێر ئاسا چاویان بەڕووناکی ڕاستییەکانیدا هەڵنەهاتووە، هەر لەبەرئەوەشە هەرگیز ئاسوودە نەبوون و کەسێتییەکی جێگیر و دامەزراویان نەبووە و لەسەر بیروباوەڕێکی دیاری کراو ئۆقرەیان نەگرتووە و هەر ڕۆژە و بە بای لایەک و لەسەر پەتێک یارییان کردووە و هەمیشە لە خولگەی ئارەزووەکانی خۆیان و بەرژەوەندییەکانی خەڵکێکدا بوون، ڕۆژێک چەپ بوون و ڕۆژێک ڕاست و ڕۆژێک لەگەڵ ڕۆژهەڵات و ڕۆژێک لەگەڵ ڕۆژئاوا و بە وێنەی تەلەفۆنی سەر جادە هەرکەس پارەی تێکردبن، ئیتر لە دەستی ئەودا بوون و کارو بەرنامەی ئەویان ڕایی کردووە. خوای گەورەش لەبارەی بیروباوەڕی ئەوانە دەفەرموێت: [وَمَثلُ كَلِمَةٍ خَبِيثَةٍ كَشَجَرَةٍ خَبِيثَةٍ اجْتُثَّتْ مِن فَوْقِ الأَرْضِ مَا لَهَا مِن قَرَارٍ](سورة:ابراهیم، الآیة۲٦ ). واتە: نموونەی بیروباوەڕی خراپ و دوور لە ڕاستیی، وەکو دارێکی پیسی هەڵکەنراو لە زەوی وایە و ئۆقرە و ئارامی لێ هەڵدەگیرێت و هەر ڕۆژە با لەلایەکدا فڕێی دەدات. 

٣- قۆناغی دڵنیایی (یقین): مرۆڤ لەم قۆناغەدا دڵنیایی تەواوی بۆ درووست دەبێت و بەهۆی بەهێزی بەڵگەکان و بەدواداچوونی بەردەوامەوە ڕاستییەکانی بۆ یەکلا دەبێتەوە، هەر بۆیە زانایان دەڵێن: هەموو یەقینێک زانستە، بەڵام هەموو زانستێک یەقین نییە. 

کەواتە: گەشتن بەم قۆناغە و بەدڵنیای تەواو پێویستی بە بەڵگەی زانستی و لۆژیکی بەهێز هەیە، هەر بۆیەشە زانستی خوای گەورە وەسف ناکرێت بە یەقین؛ چونکە ڕاستە ئەو زانایە بەهەموو شت، بەڵام ئەو زانست و زانیارییانەی کە هەیەتی لە دەرەنجامی بەڵگە و بەدواداچوونەوە دەستی نەکەوتووە، بەڵکو هەر لە ئەزەلەوە ئەو زانستەی هەبووە و زانستی خوای گەورە زیاد و کەم ناکات. ئەوە ئێمەین بۆ گەشتن بەڕاستییەکان پێویستیمان بە بەڵگە و بەدواداچوون هەیە. 

ئەم قۆناغەش تایبەتە بە بڕواداران؛ چونکە هیچ پەیام و بەرنامەیەکی تر وەکو ئیسلام بەڵگەی ڕاستی و زانستی نییە، یان بەڵگەکانی ئەوەندە بەهێزو یەکلاکەرەوە نین؛ تا شوێنکەوتەکانی بیگەیەنێتە کەناری ئارامی لە باوەڕەکەیدا. 

هۆکارەکانی درووستبوونی یەقین:  

بۆ گەشتن بەم قۆناغانەش مرۆڤی باوەڕدار پێویستی بە دوو هۆکارو هاوکاری سەرەکی هەیە ئەوانیش:  

١- پێویستی بە زانستی دڵە. 

٢- پێویستی بەوەیە کە ئەو زانستەی لە واقیع و ژیانی ڕۆژانەیدا ڕەنگدانەوەی هەبێت و بەرجەستەی بکات. 

خوای گەورە لە قورئاندا کۆمەڵێک دیمەنی دامەزراوی و پتەوی باوەڕی پێغەمبەرانمان بۆ باس دەکات؛ تا ئێمەش لێیانەوە فێر بین و چاویان لێ بکەین و هاوشێوەی ئەوان فەرمانبەرداری فەرمانەکانی خوای گەورە بین لەوانە: 

دیمەنی ئیبراهیم کە چۆن ئامادە بوو هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە گیانی خۆی ببەخشێتە خوای گەورە و لە پێناوی ئەودا بخرێتە ئاگرەوە و بسووتێنرێت، یان دواتر چۆن ئامادەبوو خێزان و کۆرپەلە تاقانەکەی لە بیابانێکی وشک و چۆڵدا جێ بهێڵێت، کە بەپێی هەموو پێوەرەکان ئەو جێهێشتنە ڕادەستکردن بوو بە مەرگ، دەڵێن: کاتێک ئیبراهیم دروودو سڵاوی خوای لێ بێت، خاتوو هاجەرو ئیسماعیلی دانا، خاتوو هاجەر شوێنی کەوت و سێ جار بانگی کردو دەیگوت: ئەی ئیبراهیم تو خوا خوا فەرمانی پێ کردوویت لێرەدا جێمان بهێڵیت؟ ئەویش قوڕگی پڕ بووبوو لە گریان، نەیدەتوانی وەڵامی بداتەوە، دواجار ئاوڕی دایەوە و فەرمووی: بەڵێ خوای گەورە فەرمانی پێ کردووم. ئەوجا خاتوو هاجەر فەرمووی: کەواتە: بڕۆ جێمان بهێڵە خوای گەورە دەمانپارێزێت( ابن ابی زمنین، تفسیر القرآن العزیز). 

ئەوەی زۆر جێی سەرنجە لەم دیمەنەدا جگە لە هەڵوێستی حەزرەتی ئیبراهیم دروودو سەلامی خوای لێ بێت هەڵوێستی خاتوو هاجەرەی خێزانێتی کە پێغەمبەریش نییە، بەڵام ئەو باوەڕە پتەو و دامەزراوەی بە خوای گەورە هەبووە، کە ئەگەر ئەمە فەرمانی ئەو بێت، ئیتر ترسی نییە و ئەو خۆی دەیانپارێزێت.  

یان دیمەنی موسا پێغەمبەر دروودو سەلامی خوای لێ بێت کاتێک خوای گەورە فەرمانی پێ دەکات لەژێر باڵی ڕەشی شەودا خۆی و گەلەکەی میسر بەجێ بهێڵن، ئەوە بوو کاتێک فیرعون پێی زانین شوێنیان کەوت و لە کەنارەکانی دەریادا پێیان گەشت و موسا و گەلەکەی کەوتنە نێوان بەرداشی دوو هێزەوە، هێزی دەریاو هێزی سوپاکەی فیرعەون، لەو کاتانەدا گەلەکەی هاواریان کردو گوتیان: [إِنَّا لَمُدْرَكُونَ](سورة الشعراء،آیة٦۱ ). واتە: ئەوە فیرعەون پێمان گەیشتەوەو تیاچووین، بەڵام موسا لەو پەڕی متمانەبوونەوە بە خوای خۆی هاواری کردو فەرمووی: [كَلَّا إِنَّ مَعِيَ رَبِّي سَيَهْدِينِ]( سورة الشعراء، آیة٦۲). واتە: نەخێر من خوای گەورەم لەگەڵە و ئەو ڕزگارمان دەکات، خۆ ئەو کاتەی موسا قسەکە دەکات؛ خوای گەورە هیچ بەڵێنێکی پێ نەداوە کە ڕزگاری بکات، بەڵام متمانەی موسا بە خوای گەورە ئەو دڵنیاییەی پێ دەبەخشێت، کە خوای گەورە ڕزگاریان دەکات. 

یان دیمەنی پێغەمبەری ئیسلام ﷺلەو کاتەی لەگەڵ ئەبوبەکری هاوەڵیدا، لە ئەشکەوتەکەدا خۆیان حەشار دابوو، بێباوەڕان گەشتنە بەردەمی ئەشکەوتەکە و ئەبوبەکر بە ترسێکی زۆرەوە دەیچپاند بەگوێی پێغەبەرداﷺو دەیگوت: (ئەگەر یەکێکیان سەیری بەرپێی خۆی بکات دەمانبینێت و دەماندۆزنەوە، بەڵام پێغەمبەری خواﷺ لەو پەڕی ئارامی و متمانەبوونەوە بە خوای گەورە پێی فەرموو: {مَا ظَنُّكَ يَا أَبَا بَكْرٍ بِاثْنَيْنِ اللَّهُ ثَالِثُهُمَا}( صحیح البخاری،ج٥،ص٤). واتە: ئەی ئەبوبەکر گومانت بەدوو کەس چۆنە کە خوای گەورە سێیەمیان بێت، دڵتەنگ مەبە؛ خوامان لەگەڵە. خوای گەورەش ڕزگاری کردن. 

جابری کوڕی عەبدوڵڵا دەگێڕێتەوەو دەڵێت: (كُنَّا مع رسول اللِّهِ ﷺبذاتِ الرِّقاعِ، فإذَا أتينا على شَجرةٍ ظليلة تركْنَاهَا لرسول اللَّهﷺ فَجاء رجُلٌ من الْمُشْرِكِين، وسيف رسول اللَّه ﷺمُعَلَّقٌ بالشَّجرةِ، فاخْترطهُ فقال: تَخَافُنِي؟ قَالَ: {لا}. قَالَ : فمَنْ يمْنَعُكَ مِنِّي؟ قال: {اللَّه}. قال: فسقَطَ السَّيْفُ مِنْ يدِهِ، فأخذ رسَول اللَّه ﷺ السَّيْفَ فَقال: {منْ يمنعُكَ مِنِّي؟}. فَقال: كُن خَيْرَ آخِذٍ، فَقَالَ: {تَشهدُ أنْ لا إلَه إلا اللَّهُ، وأنِّي رسولُ اللَّه؟}. قال: لا، ولكِنِّي أعاهِدُك أن لا أقَاتِلَكَ، ولا أكُونَ مع قوم يقاتلونك، فَخلَّى سبِيلهُ)(صحیح البخاری،ج٥،ص۱۱٤). 

واتە: لە خزمەتی پێغەمبەری خوادا بووینﷺلە غەزای (ذات الرقاع)، ڕێمان کەوتە دارێک سێبەری هەبوو جێمان هێشت؛ تا پێغەمبەری خوا ﷺکەمێک پشووی لێ بدات، لەو کاتەنەدا یەکێک لە بێباوەڕان دزەی کردبووە ناو سەربازگەی موسڵمانان و گەشتبووە پێغەمبەر و ئەویش ڕاکشابوو شمشێرەکەشی کردبوو بە دارەکەدا، پیاوەکە شمشێرەکەی هەڵکێشاو گوتی: ئەی محەممەد لێم دەترسیت؟ پێغەمبەری خوا ﷺفەرمووی: نەخێر. گوتی: ئێستا کێ لە دەستم ڕزگارت دەکات؟! پێغەمبەری خوایشﷺبەو پەڕی ئارامی و دڵنیاییەوە فەرمووی: خوای گەورە.

کابرا کە گوێی لە ناوی الله بوو شمشێرەکەی لە دەست کەوتە خوارەوە و ئەوجا پێغەمبەر ﷺ شمشێرەکەی گرت بەدەستییەوە و فەرمووی: ئەی ئێستا کێ تۆ دەپارێزێت و ڕزگارت دەکات؟! پیاوەکە دەستی بە پاڕانەوە کرد و گوتی: ئەی محەممەد من کردم، تۆ نەیکەیت، تۆ براگەورە و دەستڕۆیشتوویەکی باش بە.

پێغەمبەرﷺپێی فەرموو: باوەڕ بهێنەو بڵێ: باوەڕم وایە کە جگە لە خوای گەورە پەرستراوێکی تر بەحەق نییە و موحەممەدیش پێغەمبەری خوایە، ئازادت دەکەم. پیاوەکە گوتی: باوەڕ ناهێنم، بەڵام بەڵێنت پێ دەدەم کە هەرگیز شەڕت لەگەڵ نەکەم، لەگەڵ کەسانێکیش نەبم کە شەڕت لەگەڵ دەکەن، پێغەمبەری خواﷺئازادی کرد. 

بزانن بەڕێزان، ئەم ئارامی و دڵنیایی و لەگەڵ خوابوونە چ بەرهەم و دەرەنجامێکی گەورە و ناوازەی هەیەو چۆن خوای گەورە بەهۆیەوە بەندەکانی لە ساتە سەختەکاندا ڕزگار دەکات

 

پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح

سه‌رچاوه‌: کتێبی کردەوەکانی دڵ