نزیکەی ١٠ ساڵ زیاتر مێشکم بەم ئایەتەوە مەشغوڵ بوو: «الَّذِي خَلَقَ الْمَوْتَ وَالْحَيَاةَ لِيَبْلُوَكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلًا ۚ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْغَفُورُ» (مولک/۲) ئەویش تەنها (خَلَقَ الْمَوْتَ وَالْحَيَاةَ)، پرسیارەکەم ئەوە بوو چۆن مةوت خەلق دەکات؟ دەمزانی لەوێدا مانایەکی دیکەی هەیە، بەڵام بۆم نەدەدۆزرایەوە!

لەم هەفتەیەدا بەلایەنی کەمەوە بۆخۆم بەوە گەیشتم، مرۆڤ بۆ ئەوەی مانا بە مردنی ببەخشێ، دەبێ مانا بەژیانی ببەخشێت، واتە ئەم دوو پڕۆسەیە بەجۆرێک یەکتری تەواو دەکەن، تەنها ئایەتێکی قوڕئان نەبێ هیچ زمان‌زانێک ناتوانێ لە سێ وشەدا باسی بکات!

ئێمە بۆ ئەوەی قوڕئان قوڵ بخوێنینەوە، دەبێ تیۆرییەکانی زانستی مرۆڤایەتی ئەم سەردەمە بخوێنینەوە، بۆ ئەوەی لە ماناداربوونی ژیان تێبگەین، حەتمەن دەبێ ڤیکتۆر فرانکڵ و  ئیرڤین یالوم بخوێنینەوە! ئەم دوو تیۆرسێنە کە لەبواری مانا بەخشین بە ژیان قسە دەکەن و دەروونسایدا قسەی خۆیان دەکەن، بڕوایان وایە مرۆڤ بۆ ئەوەی لە قەلەقی مەرگ ڕزگاری بێ، دەبێ بگەڕێتەوە بۆ بەخشینی مانا بەژیانی! لەلای فرانکل بۆ ئەوەی مرۆڤ لەژیان بەردەوام بێت، دەبێ هەمیشە شتێک هەبێ بۆی بژیت! مەعنەوییه‌ت پاناییەکی گەورەی لەبیری ئەم پیاوە داگیر کردووە، لەلای یالوم ژیان ئەوکاتە مانا پەیدا دەکا کە مرۆڤ لەژیانی ڕۆژانەیدا بەرپرسیارییەتییەکی هەیە و ئەنجامی دەدا، ئەم بەرپرسیارییەتییە لەگەڵ ئەوەی مانا بە ئێستا و ئایندەی دەبەخشێت، لە قەلەقی و ترسی مردنیش دەیهێنێتە دەرەوە.

جا کاتێک بەقوڕئاندا دەگەڕێیت، تێگەیشتن و تەفسیری ئەم ئایەتانە کاتێک شیرین و مانا دار دەبن کە ئەم تیۆرییە وردانە دەخوێنیتەوە! قوڕئان دەیەوێ بڵێت: هەر مرۆڤێک ئەم ژیانەی مانای نەبوو، ئەوا بێ ماناترین مردنیشی دەبێت، هەرلەبەر ئەمەشە لە ئیسلامدا خۆکوشتن ئەوەندە بەتووندی قەدەغە کراوە و ئەو کەسەی خۆی بکوژێ، ئاگر جێگەیەتی، چونکە مانای لەژیانی خۆی وەرگرتۆتەوە و مردنی خۆشی بێ مانا کردووە، کاتێک دەگەڕێتەوە مرۆڤێکی بێ مەنفەعەتە!

مەرگ و بەرپرسارێتی لەلای ئیڤین یالوم

لەوانەیە زۆر ئاسان نەبێ بەوردی ئەو قۆناغە دیاری بکرێ کە تێیدا مرۆڤ ھەستی بەوە کرد مردن باسێکی جیدییە بۆی و دەبێ لێی بترسێت، بەڵام ھەمووان لەسەر ئەوە کۆکن سەردەمی مۆدێڕنە ئەم دەستەگوڵەشی پێشکەشی کۆمەڵگەی مرۆیی کرد کە لە مردن زیاتر بترسێت!

ھەموو قوتابخانە فکرییەکان باسی مردنیان کردووە و ھۆکاری ترسی مرۆڤیان لە مردن باس کردووە لەگەڵ چارەسەری ئەم ترسەدا کەبە قەلەقی مرد (Death Anxiety) ناوزەدی دەکەن. لەوانەیە بتوانین زیاد لە ھۆکارێک بژمێرین بۆچی لەسەردەمی مۆدێرنەدا ئەم قەلەقی مردنە زیاتر ڕەنگی دایەوە، یەکێک لە هۆکارەکان پاشەکشەی گۆشەنیگای ئایین بوو بۆ ژیان و مردن، لەھەمان کاتدا ئەو گۆڕانەی بەسەر شێوازی ژیانکردندا ھات بەرەو ئاسانتر و خۆشتر چوون؛ ھەروەھا دەرکەوتنی تێگەیشتنەکانی ستارتەر و کامۆ لەبارەی پوچگەرای و بێ مانای ژیان.

قوتابخانە سیکۆلۆژییەکان ھەریەکەو بە مۆدێلی خۆی دەیەوێ مرۆڤ لە قەیرانی ترس و قەلەقی مردن ڕزگار بکات. ڤیکتۆر فرانکڵ جۆرێک ڕووبەڕووی دەبێتەوە و ئیرڤێن یالوم جۆرێکی دیکە.

ئەوەی جێگەی سه‌رنجە یالوم بڕوای وایە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان لە ترس و قەلەقی مردن ڕزگار بکەی، دەبێ بابەتی بەرپرسارێتی وەرگرتن بدەینە کەسەکان و پاشان پەیمانی پابەندبوون بەم بەرپرستارییەتییەوە ببەستین لەگەڵیاندا، بەمە مرۆڤەکە دەتوانێ لە چوارچێوەی ئەو بەرپرسیارێتییەدا مانا بۆ ژیانی پەیدا بکات، لەلایەکی دیکەوە یالوم بڕوای وایە ھۆکاری ئەوەی مرۆڤ لەگەڵ باسی مردن قەلەقە، چونکە مردن بەجۆرێک لەنابووتی ئەبەدی سەیر دەکات و ھەست دەکا لەسەر تەختەی ژیان بۆ ھەمیشە دەسڕێتەوە، بۆیە پرسی جاویدانی دەبێتە دەستکەلای چارەسەری ئەم پرسە.

ئەوکاتەی مرۆڤ ھەستی کرد جاویدانە ئیتر قەلەقی مردن لەلای نامێنێت، ئەو پێشنیار دەکا وابکرێ مرۆڤەکان چاکە بکەن، ئەم چاکەیە وەک شەپۆل نەوە بۆ نەوە دەگوازرێتەوە بەناوی ئەوکەسەی چاکەکەی کردووە، بەمەش جۆرێک لەجاویدانی بۆ کەسەکە دروست دەبێ (وەک سەدەقەی جارییە، جا ئیسلام جوان ناوی ناوە!). لەوێدا بەرپرسارێتی لەگەڵ جاویدانیدا یەک دەگرێتەوە کە مرۆڤ ھەست دەکا بەرپرسیارە بەرامبەر بەوانی دیکە و چاکەی ئەوانی دەوێت و کاریان بۆ دەکا.

جا کاتێک لە گۆشەنیگای ئیسلام وەک قوتابخانەیەکی خاوەن مەنھەج و پرەنسیپ تەماشای ئەم پێشنیارانەی ئیرڤین یالوم دەکەیت، ھەست دەکەی جوان پێکاویتەتی و ڕاست بۆی چووە، چونکە لە مەنھەجی قوڕئاندا ئاماژە بەوە کراوە، بەرپرسیاره‌تی لەسەرشانی مرۆڤایەتییە و ئەم بەرپرسیارێتییە مرۆڤ لەوانی دیکە جودا دەکاتەوە، چونکە ئەوەی شاخ و کێوەکان نەیانتوانی ھەڵیبگرن بە وتەی ئقباڵ لاھووری بەرپرسیارییەتی بوو! ئەگەر سەیری قوڕئان بکەیت دەبینیت یەکپارچەیە لە بەرپرسیارێتی، بۆیە دەبینی تاکی موسوڵمان کێشەیەکی وای نییە لەگەڵ مردن و قەلەقی مردن، بەتایبەتی ئەو کاتەی ئایەتەکانی کاریگەری ھەڵگرتنی ئەم بەرپرسیارییەتییە دێنە گۆڕێ و قسە لەسەر گەورەیی مرۆڤی خۆ بە بەرپرسیارزان و پاداشتەکانی دەکەن لەلای خوای گەورە.