ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسوڵمان مامۆستا دكتۆر عەلی قەرەداغی دەڵێ‌: ئیسلام گرنگییەكی زۆری داوە بە بەخشینەكان -بەتایبەتی زەكات- بەوپێیە كە لانیكەمی دەستبەری بۆ ئوممەتی ئیسلامی تیایدا جێبەجێ‌ دەبێ، مامۆستا قەرەداغی -لە دیمانەیەكی لە ئەڵقەی ڕۆژی 24 / 4 / 2021 لە بەرنامەی (شەریعەت و ژیان لە ڕەمەزاندا) وتی: لەڕاستیدا ئوممەتی ئیسلامیمان دەناڵێنێ بەدەست هەژارییەكی زەلیلكەر و پڕوكێنەرەوە، كە ڕێژەی هەژاران لە جیهانی ئیسلامیدا زیاترە لە هەموو دەوڵەتانی تری جیهان، ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەری(صلی الله علیە و سلم) هێنایەوە یاد كە دەفەرموێ‌: «لەناو خەڵكانی هەر شوێنێكدا كەسێكی برسیان تێدا بمرێ ئەوا پارێزبەندی خوا و پێغەمبەرەكەی لەسەریان هەڵدەگیرێ‌.» جەختی لەوەش كرد كە برایەتی ئایینی بە جێبەجێكردنی چەند ئەركێك نەبێ دەستەبەر نابێ، یەكێكیان زەكاتدانە، كە مەرجێكی سەرەكییە بۆ بەجێگەیاندنی باوەڕ و برایەتیی، خوای گەورە دەفەرموێ‌: «فإن تابوا وأقاموا الصلاة وآتوا الزكاة فإخوانكم في الدين.» ئینجا ڕوونی كرەوە كە مەزنترین مەبەستەكانی شەریعەت لە فەڕزكردنی زەكاتدا فەراهەمهێنانی دەستەبەری و دەستگرۆییە لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگادا، هەروەها خودكەفائییە لەسەر ئاستی ئوممەت، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە ماڵ و سامان نەبێتە (دولە بین اڵاَغنیا‌و-واتە تەنها لەدەستی دەوڵەمەندەكاندا بێت) ئەوەش بە دابەشكردنەوەی لەناو كۆمەڵگادا. بەڕێز ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسوڵمان ئاماژەیدا بە دەركردنی بەخشینەكان و زەكات، دابەشكردنیان بە باشترین شێوە بەجۆرێ‌ كە پارێزگاری لە سەروەری ئوممەت بكەن بۆ ئەوەی ناچار نەبن پەنابەرنە بەر دوژمنانیان و لەپێناو ماڵ و ساماندا سازش بكەن، تا كۆمەڵگای موسوڵمانیش بپارێزن لە متاوانەكان. ئاسەوارە ئەرێنییەكان لەسەر ئەو كاریگەرییە ئەرێنیانەی كە موسوڵمان زەكات دەردەكا، قەرەداغی وتی: «لەڕاستیدا ڕۆحی زەكاتدەر بە دەركردنی زەكاتەكەی بەرز دەبێتەوە بۆ كەسانی تر، چونكە وەك كەسێكی خۆپەرست نەماوەتەوە، دەبێتە خاوەنی دڵێكی ساغ و دروست، چونكە ئەوەی بۆ خۆی پێی خۆشە، بۆ براكەشی پێی خۆشە، هەروەها دەروونی دەچێتە قۆناغی دەروونێكی ئارام و دڵنیاكەر، چونكە زاڵ بووە بەسەر حەز و ئارەزووەكانیدا. هەروەها وتی هەموو ئەم كاریگەرییە ئەرێنیانە ڕەنگ دەدەنەوە لەسەر ڕەوشتی كەسی زەكاتدەر، لێرەدا بەڵگەی بەم فەرموودەی خوای گەورە هێناوەتەوە كە دەفەرموێ‌: «خذ من أموالهم صدقة تطهرهم وتزكيهم بها.» بەڕێز ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسوڵمان باسی كرد كە ساڵی 2007دا بەڕێزیان و كۆمەڵێك لە پسپۆڕان هەستاون بە ئەژماركردنی بڕی زەكاتی شەرعی لە جیهانی ئیسلامیدا، بۆی ڕوون بووەتەوە كە بڕەكەی بە كەمترین خەمڵاندنی ساڵانە لەنێوان 300 بۆ 400 ملیار دۆلار دایە، ئەوەشی باس كرد كە ئەم بڕە زەكاتە تەنها زەكاتی كۆمپانیاكان و كەسە موسوڵمانەكانە، زەكاتی دەوڵەتان لە بەرووبوومە سروشتییەكانی وەك نەوت و غاز و سندووقی سیادی وڵاتانی تێدا نیە. بەڕێز قەرەداغی ئاماژەی بەوەدا كە گرفتی سەرەكی لە چۆنێتی كۆكردنەوەی زەكات و دابەشكردنی دایە، بەشێوەیەكی ڕاست و دروست بەسەر كەسانی شایستەیدا، هۆكاری ئەمەشی گێڕاوەتەوە بۆ فەرامۆشكردنی دەوڵەتانی ئیسلامی لە هەستان بە گێڕانی ڕۆڵی خۆیان لەم مەسەلە زیندوو و هەستیارەدا. ڕاگەیاندنی نموونەیەكی سەركەوتووانە مامۆستا قەرەداغی نموونەی بەو كارەی خەلیفە عومەری كوڕی عەبدولعەزیز هێناوەتەوە كە (پلانێكی ستراتیژی) داناوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی هەژارییدا، ئەوەبووە كە لە ساڵی یەكەمدا كاری كردووە لەسەر دەرهێنانی هەژاران لە بازنەی هەژاریی زەلیلكەر و پڕوكێنەرەوە و گواستنەوەیان بۆ ئاستی هەبوونی پێویستییە زەروورییەكان، لە ساڵی دووەمدا كاری كردووە لەسەر گواستنەوەیان لە بازنەی جێبەجێكردنی پێداویستییەكانەوە بۆ بازنەی خودكەفائی، لە ساڵی سێیەمدا گواستونیەتەوە بۆ بژێوی تەواوەتی. ئاماژەی بەوەدا كە هەموو ئەم كارانە لە ڕێگای زەكات و بەخشینەكانەوە بووە. هەر لەم میانەیەدا، ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسوڵمان جەختی كردەوە كە چاككردنی سیسته‌می سیاسی و فەرمانڕەوایی ژیرمەندانە دوو مەرجی سەرەكین بۆ دەستەبەركردنی گەشەپێدان لە كۆمەڵگادا. زەكاتی (بت كوین): لەبارەی ئەو شتانەوە كە زەكات لەسەریان واجب دەبێ، بەڕێز قەرەداغی وتی: مەعلوومە كە هەرشتێك بەشێوەیەكی ڕەوا و حەڵاڵ سوودی لێ‌ وەربگیرێ،‌ پێیدەوترێ‌ ماڵ و سامان، هیچ ئەقڵپەسەند نییە كە خوای گەورە زەكات فەڕز بكا بۆ نموونە بەسەر (5) وشتردا، بەڵام فەڕزی نەكا بەسەر باڵەخانەی بەرز بەرزدا یان بۆ نموونە بەسەر كەسێكدا كە كێڵگەی وشترمورغی هەیە و دەیان دانەی لەناو كێڵگەكەیدایە. بەڕێز قەرەداغی لە مەسەلەی ئەژماركردنی زەكاتدا لە گوتەكانیدا وای پێ باش بوو كە زەكات لەسەر هەموو موڵكدارییە جۆراوجۆرەكان دابنرێ،‌ وەك خانووی كرێ‌ و زەوی كشتوكاڵی و پشك و داهاتە ئاڵوگۆڕپێكراوەكان لە بانكەكان و بۆرسە لە بازاڕە داراییەكاندا و دراوە ژمارەییەكان، هەروەها بەسەر ئەوانەشدا كە ماڵ و سامانیان لە ڕێگای چالاكی قەدەغەكراوەوە دەست دەكەوێ‌، هەروەها دەركردنی سەرفیترە و شێوازی دەركردنی. لەبارەی شێوازی دەركردنی زەكات لەسەر دراوە ژمارەییەكان كە بە جفرە و وشەی نهێنین، بۆ نموونە وەك (بت كوین)، ئەوا ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسوڵمان وتی: لەڕاستیدا ئەم دراوانە لەسەر پڕۆسەی كڕین یان فرۆشتن لە نێوان كەسانی لێزان بەوان دامەزراون، هەروەها هیچ بوونێكی فیزیكی بینراو و واقیعیان نییە، لەبەرئەوە ڕەوایەتیان نییە و لەڕووی هۆكارەوە حەرامن، نەك لەڕووی مەبەستەكانەوە. بەڕێز قەرەداغی هەروەها وتی: پێویستە هەركەس بڕێك لەو دراوە جفرەییانەی هەیە، هەستێ‌ بە فرۆشتنیان و ئەو سەرمایەیەی كە پێی ئەوانی كڕیوە سەرمایەكەی وەربگرێتەوە و ئەوەی كە دەمێنێتەوە بیبەخشێ‌ لە بوارە خێرخوازییە جۆراوجۆرەكاندا، بەڵام بۆ مەسەلەی زەكاتدان لێیان ئەوا زەكات لەسەر بەهای بازاڕییان فەڕز دەبێ، ئەویش كاتێك ساڵ دەگەڕێتەوە بەسەریدا.