ئاشکرایە خێزان دێرینترین دامەزراوەی کۆمەڵایەتییە و کاریگەرترینە لەسەر ژیانی تاک، کە بەدرێژایی مێژوو شەریعەت و یاساکان و ئایینە ئاسمانییەکان گرنگی زۆریان پێداوە و پرەنسیپی تایبەت بەخۆی بۆ دیاری کراوە.

بەڵام بەهۆی گۆڕانکاری و پێشکەوتنی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە زۆرێک لە وەزیفەکانی خۆی لەدەست داوە کە پێشتر ئەنجامی دەدان، بەڵام ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە ئیتر خێزان گرنگ نییە و کۆمەڵگە پێویستی پێی نەماوە و مرۆڤ دەتوانێ لە دەرەوەی خێزانیش ژیانێکی هاوسەنگ بۆ خۆی دابین بکات؟

لێرەدا ڕاجیاییەک دروست بووە لەنێوان بیریار و فەیلەسوفەکان و دابەشبوون بۆ دوو بۆچوون:

بۆچوونی یەکەم/ پێیان وایە لەو کاتەوەی وەزیفەی دەوڵەت فراوان بووە لە کۆمەڵگەدا، ئیتر خێزان پێویستی بوونی نەماوە و بەرەو لەناوچوون دەچێ، مەرج نییە وەزیفەی بیۆلۆجی و پاراستنی جۆری مرۆڤایەتی خێزان پێی هەستێ، خاوەنی بیردۆزەی گەشەکردن (سبنسر و مۆرگان وکارڵ مارکس و انجلز) بانگەشەی ئەم بۆچوونە دەکەن، بەڵگەشیان ئەوەیە لەکۆندا وەزیفەی خێزان زۆر فراوان بووە و هەموو ژیانی کۆمەڵایەتی و  سیاسی و ئابووری گرتۆتەوە، بەڵام هێواش هێواش کۆمەڵگە وەزیفەکانی لێ سەندۆتەوە.

نموونەشیان ئەوەیە لەسەردەمی نوێدا دامەزراوەی پەروەردەیی هەن لەڕووی ئایینی و فکری و ئەخلاقییەوە مناڵ پەروەردە دەکەن، وەک چۆن خوێندنگە و زانکۆکان ئەرکی فێرکردن لەئەستۆ دەگرن، کارگەکانیش کەلوپەل و پێداویستییەکانی تاک دابین دەکەن کە پێشتر خێزان خۆی دابینی دەکردن.

سبنسر دەڵێ خێزان تەنها توێکڵێکە و فشار دەخاتە سەر تاک، ئاندری جێنز فەیلەسوفی فەڕەنسی دەڵێ خێزان بەندیخانەیەکی تاکەکەسییە، هەروەها خاوەنی ئاراستەی سۆشیالیستی لەسەروشیانەوە (مارکس و ئانجلز) پێیان وایە کۆمەڵگە چاودێری و خزمەتی یەکسان پێشکەشی مناڵ دەکا، بەڕای (باکۆنێن) خێزان تاک پاوان دەکا و لەخۆیدا دەیتوێنێتەوە، ڕێ نادا بە ئازادی بژی و ناهێڵێ بەڕووی گۆڕانکارییەکاندا بکرێتەوە، بۆیە ئیتر بوونی پێویست نییە.

بۆچونی دووەم: خاوەنی ئەم بۆچونە دەڵێن کە خێزان بەردی بناغەی کۆمەڵگەیە و دەبێ پارێزگاری لێ بکرێت، تاکەکان بەسروشتی خۆیان دەخوازن لەناو خێزان ژیان بکەن، بۆیە ناتوانن بەدەر لە خێزان تەنها ئەندامی کۆمەڵگە بن و هیچ دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی ناتوانێ جێی بگرێتەوە.

(ئۆگەست کۆنت) دەڵێ: کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە خێزانەکان پێک دێت، نەک لە تاکەکان، (دۆرکایمیش) دەڵێت: ئێمە لەخێزاندا چێژ لە ژیان وەردەگرین لەگەڵ ئەو کەسانەی خۆشمان دەوێن. ئایینیش بە توندی پشتگیری ئەم بۆچوونە دەکات بەو پێیەی هەندێ لە وەزیفەکانی خێزان ناکرێ لەدەرەوەی خێزان مومارەسە بکرێ، وەک وەزیفەی زۆربوون و تێرکردنی غەریزە سێکسییەکان کە لە ڕوانگەی ئایینەوە تەنها و تەنها دەبێ لەناو خێزاندا ئەنجام بدرێت، لێرەوە وازهێنان لە خێزان کۆمەڵگەیەکی ئاژەڵی دێنێتە کایە و یاسای دارستان بەرقەرار دەبێت.

خاوەنی ئەم بۆچوونە دەڵێن؛ خێزان ئەگەرچی هەندێ لە وەزیفە تەقلیدییەکانی لەدەست داوە، بەڵام کۆمەڵێ وەزیفەی سەرەکی گرنگی هەن کە ناتوانرێ نکۆڵیان لێ بکرێ، وەک وەزیفەی بیۆلۆجی و بەخێوکردن و پەروەردەیی و دەروونی و پاراستن و ڕێنمایی....هتد

هەروەها زانایانی بواری دەرونناسی، بوونی خێزان بە پێویست دەزانن بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی دەرونیی تاک و پێیان وایە گەشەی مناڵ لەناو خێزاندا گەشەیەکی تەندروستە، تەنانەت ئەو دایکانەی بایەخ بەماڵ نادەن بەڵام سۆز و خۆشەویستی زۆر بە مناڵەکانیان دەبەخشن، بۆیە (مارگرێت مید) ژنە زانای ئەمریکی دەڵێ: خراپترینی خێزانەکان باشترن لە خۆشترین دایەنگا و باخچەکانی مناڵان. لە کۆتاییدا دەپرسین ئایا ئەو دەنگانەی بانگەشەی لەناوچوونی خێزان دەکەن و بوونی بە پێویست نازانن، دەتوانن پێشبینی ژیانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بکەن لە غیابی خێزان چۆن دەبێت؟ و ئەو مەترسی و دەرهاویشتە نەرێنیانەی کە داڕمانی سیستمی خێزانی بەدوای خۆیدا دێنێ لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و یاسایی و تەندروستی و ئاسایشەوە چین؟