"چه‌ند مانگی دوایی، کات و ساتێکی خراپ بۆ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریکی بوو بۆ ئه‌وه‌ی باس له سه‌نگ و پێگه‌ی ئه‌مه‌ریکا بکه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌تی ئێران سیگناڵگه‌لێکی ئاشتیخوازانه‌ی به‌رچاوی ناردووه. ئه‌م سیگناڵانه به هه‌ڵبژاردنی حه‌سه‌ن ڕۆحانی ده‌ستیپێکرد که نه ته‌نیا "نا" وتنێک به ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بوو، به‌ڵکوو به چۆنیه‌تی حوکمڕانی له‌و سه‌رده‌مه بوو و ..."
کوردپرێس: کاتێک ده‌وڵه‌تی ئۆباما باسی له کرده‌وه‌ی سه‌ربازیی له دژی سووریا کرد، په‌نای بۆ هه‌موو ئه‌و بژاردانه برد که ئه‌گه‌ری هاتنه‌پێشی له ئارادا بوون، له‌وان پاراستنی پێودانگه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان یان پێش گرتن له ڕوودانی هۆلۆکاستێکی دیکه. زۆربه‌ی ئه‌و بابه‌تانه یان زێده‌ڕۆیی تێیدا کرابوو، یان پێشینه‌یه‌کی خراپیان بوو، به‌ڵام ده‌یانتوانی پاشهاتی مه‌ترسیداریان ببێ بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان.
نێزیک له زۆرینه‌ی به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریکا، له‌وان باراک ئۆباما، جان کێری و چاک هێگێڵ به چه‌شنێک هه‌ڵوێستیان ئه‌وه بوو که ئێمه بۆ پاراستنی سه‌نگی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان له به‌رانبه‌ر ئێران، ده‌بێ کرده‌وه‌ی سه‌ربازیی له به‌رانبه‌ر سووریا بگرینه‌به‌ر. زۆر ڕێگا له پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان هه‌یه که بتوانێ به وردی چه‌مکی پاراستنی سه‌نگ، دیراسه بکات و له زۆربه‌یان ئه‌م مانایه به‌ده‌ست دێت که ته‌نیا به ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌یه‌کی ساده، ناتوانرێ سه‌نگ و پێگه بپارێزرێت، وڵاتان له‌وه ئاگادارن که بارودۆخه‌کان له پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان به ته‌واوه‌تی لێک جیاوازن و ئه‌وه‌ی ده‌کرێت له بارودۆخێکی تایبه‌تدا ئه‌نجام بدرێت، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ بارودۆخێکی جیاوازی دیکه‌وه نابێ. به ڕاستی پێویست ناکات که هێرش بکرێته سه‌ر وڵاتی A بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتی B تێبگات که وڵاتێکی که‌له‌ڕه‌قی.
ئه‌مه‌ریکا چ پێگه و سه‌نگێکی له هێرش بۆ سه‌ر عێراق و به‌رده‌وامیی ڕاسپارده‌ییه‌که‌ی پاش ڕووخانی ڕژێمی پێشووی ئه‌و وڵاته به‌ده‌ستهێنا؟ ئه‌م وڵاته له به‌هه‌ده‌ردانی پاره و هێزه‌کانی له ویتنام که به‌هۆی نیگه‌رانی له ناوبانگییه‌که‌یه‌وه بوو، چ سه‌نگێکی به‌ده‌ستهێنا؟ ئه‌گه‌ر واشنتۆن دروشمه‌گه‌لێک به بێ وردبینی و تێڕامانه‌وه به‌کار دێنێ، ڕێگای ئه‌وه نییه که بۆ نادژبه‌یه‌ک بوون و ناته‌بابوونی کرده‌وه‌ی سه‌ربازیی، وردبینی وه‌لاوه بنێ. ئه‌م کاره کاریگه‌ری ناخاته سه‌ر جه‌ماوه‌ر، به‌ڵکوو پێیان ده‌ڵێت ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان ئه‌وه‌نده له‌خۆباییه که بۆ هه‌ر شتێک که هه‌رگیز هیچ سه‌رکه‌وتنێکی بۆ به‌ده‌ستناهێنێت، پاره‌یه‌کی زۆر خه‌رج ده‌کات. چه‌ند مانگی دوایی، کات و ساتێکی خراپ بۆ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریکی بوو بۆ ئه‌وه‌ی باس له سه‌نگ و پێگه‌ی ئه‌مه‌ریکا بکه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌تی ئێران سیگناڵگه‌لێکی ئاشتیخوازانه‌ی به‌رچاوی ناردووه. ئه‌م سیگناڵانه به هه‌ڵبژاردنی حه‌سه‌ن ڕۆحانی ده‌ستیپێکرد که نه ته‌نیا "نا" وتنێک به ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بوو، به‌ڵکوو به چۆنیه‌تی حوکمڕانی له‌و سه‌رده‌مه بوو. ڕۆحانی له ڕۆژانی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن، به هێرشکردنه سه‌ر سه‌عید جه‌لیلی، پاڵێوراوی ئوسووڵگه‌رای نێزیک له ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، ڕه‌خنه‌ی لێ گرت به‌هۆی نه‌گه‌یشتن به ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای جیهانی و سه‌رنه‌که‌وتن له که‌مکردنه‌وه‌ی گه‌مارۆکان له دژی ئێران.
ناوبراو گوتبووی: "چه‌رخی سانتریفیووژه‌کان کاتێک به‌سووده که چه‌رخی وڵات و ئابووری و ژیانی خه‌ڵکیش بچه‌رخێت."
ڕۆحانی پاش هه‌ڵبژاردنیشی، هه‌رچه‌ندڕۆژ جارێک سیگناڵێکی ئاشتیخوازانه‌ی ده‌نارد. نامه‌گه‌لێک له نێوان ئه‌و و ئۆباما ئاڵوگۆڕ کراوه. له ڕۆژی 4ی سێپتێمبێر ئه‌کاونتێکی تویته‌ر که ده‌گوترێ هێ سه‌رۆک کۆماری ئێرانه، پیرۆزبایی ساڵی نوێی له جووله‌که‌کان کرد. ناوبراو ڕایگه‌یاند که وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕاسپێردراوه بۆ دانوستانی ناڤۆکی و ئه‌و ئه‌رکه له ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ندراوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی گرینگیی نه‌رمی نواندن له دانوستان له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا و شه‌فافییه‌ت له به‌رنامه‌ی ناڤۆکی ئێران قسه‌ی کرد که به مانای ئه‌وه دێت مۆڵه‌ت به پشکێنه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌دات سه‌ردانی ئێران بکه‌ن. شپیگێل، چاپی ئه‌ڵمانیاش له ڕاپۆرتێکدا ڕایگه‌یاند که ڕۆحانی ئاماده‌یه له به‌رانبه‌ر لابردنی گه‌مارۆکان له‌سه‌ر ئێران، دامه‌زراوه‌ی ناڤۆکی فێردۆ دابخات.
ئه‌ڵبه‌ت ده‌سه‌ڵاتداری یه‌که‌م نه‌ک ڕۆحانی به‌ڵکوو ئایه‌توڵڵا خامنه‌ییه که به توندی دژی ڕۆژئاوا و دژی ئه‌مه‌ریکایه، به‌ڵام به‌ڕێزیان سیاسه‌توانێکی زیره‌ک و لێهاتووه که ده‌یه‌وێت ناڕه‌زایی ناوخۆیی که‌م بکاته‌وه. ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی ڕۆژی 17ی سێپتێمبێر وتی که ئێران به مه‌به‌ستی هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای جیهانی به "نه‌رمی نواندنی قاره‌مانانه" له‌گه‌ڵیان هاوکاری ده‌کات.
هه‌روه‌ها جه‌ختی کرد: "ئێمه نه‌ک له‌به‌ر ئه‌مه‌ریکا یان لایه‌نێکی دیکه، به‌ڵکوو له‌به‌ر باوه‌ڕیمان، چه‌کی ناڤۆکیمان قبووڵ نییه و کاتێک ده‌ڵێین که‌س نابێ چه‌کی ناڤۆکی ببێ، به دڵنیاییه‌وه خۆشمان به‌دوایدا نین."
ئه‌ڵبه‌ت ئه‌و ئه‌گه‌ره له‌ئارادایه که هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه شانۆیه‌ک بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌رێکی دیکه‌ش له ئارادایه. گه‌مارۆوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان له دژی ئێران زیانێکی به‌رفراوان و گه‌وره‌ی له‌و وڵاته داوه و پشتگیریی تاران له به‌شار ئه‌سه‌دیش بۆ ئێران تێچوو و به‌هایه‌کی زۆری بووه، له‌م بارودۆخه‌دا پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌کان، نه‌هێشتنی گه‌مارۆکان و بووژانه‌وه‌ی ئابووری، ده‌توانێ بۆ حکوومه‌تی ئێران زۆر به‌قازانج بێت.
لانیکه‌م ده‌وڵه‌تی ئۆباما ده‌بێ به پێشنیارێکی ژیرانه و لۆژیکیانه له ئێران نێزیک ببێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته پیشان بدات ئه‌گه‌ر حکوومه‌ت ئاماده بێت به‌رنامه ناڤۆکییه‌که‌ی وه‌لاوه بنێت، داهاتوویه‌کی پرشنگدارتر چاوه‌ڕوانی گه‌لی ئێران ده‌کات، به‌ڵام له کاتێکدا له ده‌هۆڵی شه‌ڕ ده‌ده‌ن، دژواره که لۆژیکی ده‌رکه‌ون.
سه‌رچاوه: تایم / وه‌رگێڕان: کوردپرێس
بۆچوونه‌کان