ئەوەی لە قوڕئانی پیرۆزدا لەبارەی قەدرەوە باس دەکرێ، شەوی قەدری پێغەمبەرە، ئەو شەوەیە تاجی ئەزموونکردنی وەحی کراوەتە سەری موحەمەد(د.خ)، شەوی گۆڕانکارییە گەورەکەیە، لە موحەممەدێکی قوڕه‌شیەوە بۆ مرۆڤێکی گەردوونی و یونیڤێرساڵ، دڕانی بەرگی جەستەیە تا ڕۆحی ئازاد ئازاد ببێ و بدا لەشەقەی باڵ، ئەو گێڕانەوانەش لەبارەی دە شەوی کۆتایی ڕەمەزانەوە هاتوون پێش بینین بۆ مرۆڤێک بەو هەموو ڕاهێنانەوە بتوانێ ئەزموونی قەدر بکات.

ناوەڕۆکی ئەو پەڕەگرافەی سەرەوە لە بیرمەندی ئێرانی عەبدولکەریم سروش وەرگیراوە، لەسروشیشەوە دەڕۆین بۆلای مەولانا، ئەو گوتەنی پێغەمبەر چووە حەوت ئاسمان، تۆش هەستە بڕۆرە سەربان، ئەو گەشتە سیدرەتولمونتەها، تۆ تەنها دوو هەنگاو بەرز بەرەوە، بنەمای بابەتەکە لێرەوەیە، مرۆڤ تا کوێ دەتوانێ بڕوا و تا کوێش توێشووی ئیمان پڕ دەکات، پێغەمبەر وەحی بۆ نەهات، ڕۆیشت و وەحی لەگەڵ خۆی هێنایەوە، ئەو چاڵی ڕۆحی هێندە گەورە بوو، هێندە باڵای کردبوو، گەیشتە ئاستی وەحی و هێنانەوەی لەگەڵ خۆی، مرۆڤێکی پاسیڤی بێ ڕۆڵ نەبوو، مرۆڤێکی گەورە و خاوەن ئەزموون بوو، ئەزموونی ئیمانی و ڕۆحی، بۆیە لەم چرکەساتەدا ئەو کانیاوی ڕۆحی دەتەقێ، ئەو لەناخیەوە نووری ئیمان چرۆ دەکا، خوداش وەحی خۆی پێ دەبەخشێ.

چیرۆکەکە لێرەوە دەست پێ دەکا، ئایا نزیکەی چوارهەفتە پەرستش، هێندە ڕۆحی گەورە کردووین ئەزموونی ئیمانی بکەین، شەوی قەدر بۆ ئێمەش ڕووبدات، شەوی قەدر بوونێکی سەربەخۆی نییە، ڕوو دەدا بۆ هەرکەسێک ڕوو بدا، هێندەی ڕوودانەکەی پڕ خێرە، هەزار مانگ نییە قەدری  پێغەمبەر، هەزار بۆ موبالەغەیە نەک تەحدید، زۆر زۆر پڕخێرە، لە هەزاران مانگی بێ ڕۆح پڕخێرترە. قەدری هەرکەسێکیش هێندەی قوڵایی ئەزموونی ئەو خێردارە، قەدر کانییەکە لە دەشتێکی کاکی بەکاکی وشکدا دەتەقێ و فەڕ و پیت دەداتە زەویەکەی، دەیگۆڕێ بۆ دایکێک هەزاران جۆر میوەی جۆراوجۆر لە کۆشیدا پەروەرێن دەکا.

چرکە ساتە ئیمانییەکان وەک هەڵچوونی دەریا وەهان، هەموو مرۆڤێک چرکە ساتی ئیمانی هەن، دەریاکان لەگەڵ هەڵکشاندا بەسەر ڕوی وشکانیدا هەڵدەگەڕێن، بەڵام کاتێک دادەکشێنەوە تەنها چاڵاوەکان ئاو گڵدەدەنەوە، تەنها ئەو مرۆڤانەش کاریگەری هەڵچوونی ئیمانیان لەسەر دەمێنێتەوە کە چاڵەکانی ڕۆحیان قوڵتر کردوون، ڕەمەزان تەنها ئەم پاگلەمەکردنەی چاڵاوەکانی ڕۆحە، تا هەڵچوونی ئیمانی پڕیان بکا لە سازگاراوی ڕۆح، شەوی قەدریش هەر ئەوەیە، مرۆڤ بگاتە ئاستی نزولکردنی پەیامی خوا بۆناو ڕۆحی.

هەریەکێکمان جوبریلێکی تایبەتمان هەیە، تەنها ئەوکاتە دەبێتە میوانمان جێ بێتەوە لەناوماندا، ماڵێکمان ببێ بۆ میوانخوانی، ڕۆحێکمان ببێ بۆ نزولی دووبارەی ئایاتی ناو وەحی، بتوانین پەیامی خودا لە شتێکی دەرەکییەوە بۆ شتێکی ناوەکی دەربگێڕین، قەدر پاراوکردنی ڕۆحە بە ئیمان و ئەزموونی دینی، ئەگەر ئەوە ڕوی دا، قەدرێکی حەقیقی ڕوی داوە، وەگەرنا بە ئێمە چی دونیای هەمووان گوڵزار بێ و ئێمە لە دێمەڕێیەکدا بژین.