ئەم ڕەوتە بەشێکی زیندوو و کاریگەرە لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی گەلانی موسوڵمان لە سەرتاسەری وڵاتانی ئیسلامیدا و خاوەنی مێژوویەکی دەیان ساڵەیە لە خەبات و قوربانیدان لەپێناو ئازادی و دادپەروەری و جێگیرکردنی دیموکڕاسییەتدا، هەوڵەکان ئێستا بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەتی مومارەسەکردنی کاری سیاسی و گەیشتن بە دەسەڵات، بۆ هەستی ئامانجی سەرەوە بووە، هەر لەو بوارەدا ڕۆڵی کاریگەریشی هەبوو لەسەرخستنی شوڕش و ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەڕەبیدا، دژ بە ڕژێمە گەندەڵ و دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە، بەڵام مەخابن ئەوە بوو لەلایەن هێزە دژ و نەیارەکانی چاکسازی و دیمۆکڕاسی لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ڕووبەڕووی دژایەتی گەورە و دژوار بوویەوە کە بووە هۆی شکستهێنان بە شۆڕشەکان و دوورخستنەوەی ڕەوتە ئیسلامییەکە لە دەسەڵات، بەتایبەتی لە میسر کە مەڵبەندی سەرەکی ڕەوتی ئیسلامی سیاسییە لەناوچەکەدا.

دەرەنجام حاڵەتێکی نائاسایی و ناسەقامگیر ڕووی کردۆتە وڵاتانی ناوچەکە بەگشتی بەهۆی پێکدادانی توند لە نێوان جەماوەر و لایەنە گۆڕانخواز و چاکسازیخوازەکان لەلایەک و دەسەڵاتە ستەمکارەکان و دەستێوەردانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەلایەکی ترەوە.

بێگومان ئەم حاڵەتە نائاسایی و ناسەقامگیرەی کە ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێت، تاسەر نابێت و درەنگ یان زوو کۆتایی دێت و بە دڵنیایی گۆڕانکاری بەسەر هاوکێشە سیاسییەکاندا دێت.

چونکە جەماوەری ئەم وڵاتانە بەگشتی و نەوەی نوێ بەتایبەتی بێدار و هۆشیار بوونەتەوە و تامەزرۆی ئازادی و دادپەروەرین و سەرەنجام هێزە ئیسلامییە ئیسلاحخواز و گۆڕانخوازەکان بە پشتیوانی جەماوەر سەرکەوتن بەدەست دەهێنن و لە هەموو حاڵەتێکدا دیارە ڕەوتی ئیسلامی میانڕەو بەشێکی کارا و سەرەکی دەبێت لەنەخشەی سیاسی ئایندەی وڵاتانی ناوچەکە، چونکە بەبێ بەشداری ڕاستەقینەی ئەم ڕەوتە لەپڕۆسەی سیاسیدا حاڵەتی سەقامگیری سیاسی هەرگیز نایەتە دی.

ئەوەی کە پەیوەستە بەخودی ڕەوتە ئیسلامییەکەوە بۆ ئەوەی لەم دۆخە دژوار و چەقبەستووە دەربچێت و شکست و ڕووداوە کارەساتبارەکانی ڕابوردوو دوبارە نەبنەوە و لە ئایندەدا بتوانێ ڕۆڵی کاریگەر و بنیاتنەرانەی چاوەڕوانکراوی هەبێت، پێویستی بە خۆداچوونەوەی ڕیشەیی هەبێ و گەرەکە ئاڕاستەی قیبلەنمای خۆی ڕاست بکاتەوە و گۆڕانکاری جیددی لە دیدگا و ستراتیژیەتی خۆیدا ئەنجام بدات لەسەر ئاستی ناوخۆی ڕەوتەکە و چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ دەرەوەی خۆَیدا. لێرەدا بەکورتی ئاماژە بەچەند خاڵێکی سەرەکی لەو بارەیەوە دەکەین:

یەکەم
ڕەوتی ئیسلامی پێویستە جارێکی تر پێناسەی خۆی ڕاست بکاتەوە، چونکە پێش ئەوەی تەنها ئەوەی تەنها بزافێکی سیاسی بێت و ئامانجەکەی دەسەڵات بێت، بزافێکی گۆڕانخواز و چاکسازیخوازە و ئامانجەکەی کۆمەڵگەیە و تەوەرەکەی مرۆڤە، چونکە ڕەوتی ئیسلامی لەبنەڕەتدا پڕۆژەی هەستانەوە و چاکسازیی کۆمەڵگە موسوڵمانەکانە، کاری ڕێکخراوەیی و دەسەڵات هۆکارن بۆ بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژە ئیسلاحییەکەی نەک بە پێچەوانەوە. هۆکاری ئەم ڕاستییە ئەوەیە کە ململانێی نێوان هێزە سیاسییەکان لە یاریگای دیموکڕاسیدا تەنها ڕواڵەتی شەڕەکەیە، ئەگینا شەڕی ڕاستەقینە ئەوەیە کە لە جیهانی ئەفکار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگۆزەرێت کە مەرجەعییەت و ژێرخانی مەعریفی و مەعنەویی هەر سیستەمێکی سیاسییە، لەڕوانگەی ئیسلامەوە دیارە ئەولەویەت بۆ ئەم لایەنە گرنگەیە.

دووەم
ڕەوتی ئیسلامی پێویستە پڕۆسەیەکی خۆنوێکردنەوەیی ناوخۆیی هەمەلایەنە ئەنجام بدات و مامەڵەی دروست لەگەڵ پێشکەوتن و پەرەسەندنەکانی سەردەمدا بکات، بەڵکوو پێویستە رۆڵی پیشەنگ و ڕێبەرایەتی ببینێت یەکێک: لەو شتە سەرەکیانەی ئەم قۆناغە بریتییە لە بەدامەزراوەیی کردنی بوارە سەرەکییەکانی کار و ئەرکی ڕەوتەکە، بەتایبەتی هەردوو بواری سەرەکی بانگەواز و سیاسەت لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی وەزیفی و پسپۆڕێتی و مۆسساتی تایبەتمەند بەهەردوو بوارەکە بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی تەواوکاری نێوان هەردوو پڕۆسەکە کە وەک پەیوەندی نێوان گیان و جەستەیە، چونکە سیاسەتی دروست و دادپەروەرانە، گومانی تێدانیە کە پارێزگاری لە پڕۆسەی بانگەواز و چاکسازی کۆمەڵایەتی دەکات، هەروەک بانگەوازی دروست و میانڕەوانەش پارێزگاری لەتاک و کۆمەڵگە دەکات و لە ڕوانگەی ئیسلامەوە هەردوو پڕۆسەکە هاوکار و تەواوکاری یەکترن.

سێیەم
گۆڕینی فەلسەفەی ململانێکان لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا بەشێوەیەک کە تەنها کورت نەکرێتەوە لە شەڕ و ململانێی نێوان کوفر و ئیمان یان هەق و باتڵدا. چونکە ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆکارێک بۆ لەدەستدانی هاوسۆزی و پشتیوانی جیهانی و شەڕەکە وەک شەڕی ئایینی و تائیفی وێنا دەکرێت، دیارە گەلانی جیهان بێزارن لە شەڕی ئایینی و دەرهاوێشتە نەخوازراوەکانی. لەو سۆنگەیەوە پێویستە لەسەر لایەنەکانی ڕەوتی ئیسلامی کە پەیامی خۆیان بەشێوەیەک ئاڕاستە بکەن کە شەڕەکە شەڕی نێوان ستەمکار و ستەملێکراوە و ئەمان لەپێناو ئازادی و دادپەروەریدا خەبات دەکەن و بەرگریکاری ڕاستەقینەی دیموکڕاتییەتن لە وڵاتانی خۆیاندا. بۆیە پێویستە ڕەوتی ئیسلامی زیاتر بکرێتەوە بەسەر دەرەوەی خۆیدا و دیالۆگ لەگەڵ هەموولایەک بکات لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە بەگشتی و وڵاتانی ڕۆژاوا بەتایبەتی و بۆئەوەی هەموولایەک دڵنیا بکاتەوە لەڕێبازی میانڕەوانە و ئاشتیخوازانەی خۆی، هاوکات لەگەڵ هێز و لایەنە گۆڕانخواز و چاکسازیخوازەکاندا پێکەوە کاری هاوبەش بکەن لە پێناو جێگیرکردنی پایەکانی دیموکڕاتی و هێنانە کایەی سیستەمی سیاسی دادپەروەر و حوکمی ڕەشید کە گەلانی ناوچەکە و لە سایەیدا بحەسێنەوە و کۆتایی بەم نەهامەتی و ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییە بهێنڕێت کە دەیان ساڵە یەخەی گەلانی ئەم وڵاتانەی گرتووە.