ئەم ناونیشانەی داومە بە بابەتەكە تەنها بۆ ئەوە نیە بەتەنها ڕووم لەو درامایە بێت، بەڵكو تەنها وەكو نمونەی دیاری ئەو بوارە هێناومەتەوە كەلەچاو هەموو فیلم و دراماكانی كە تاوەكو ئێستا دەركراون بڵاوتر و بەرچاوترە زنجیرەی توركی "حریم السلطان، دەرباری سوڵتان" یان "القرن الذهبی، سەدەی زێڕین" كە لەلایەن میریال ئوكای یلماز شاهین نوسراوە. ئەم درامایە خۆی لە 124حەلقە زیاتر دەدات و تیایدا باس لە كەسێتی سوڵتان سولەیمانی قانونی دەكات لە ڕووی سۆزداریەوە و ئەوە بەدەر دەخات كە سوڵتان چەندە لە دەربار و حەرەمی خۆیدا خەریكی شەراب خواردن و شەهوەتبازی و ژن بووە، بەمەش مێژووی ئەم كەسایەتیە دەشێوێنێت كە وەك رەجەب تەیب ئۆردوگان دەڵێ "سوڵتانەكەی ئێمە 30ساڵ بەسەر ئەسپەوە بوو بۆ ئەوەی ئاینی ئیسلام بگەیەنێتە خەڵكی" هەروەها دەڵێ "ئەوەی لەم زنجیرەدا نیشان ئەدرێ‌ باپیرەی ئێمە نیە و ئێمە سوڵتانێكی بەو جۆرە ناناسین". بەڕاستی ئەوەی تۆزقاڵێ لە مێژووی كەسێتی سوڵتانی خوێندبێتەوە لەبیر تیژی و ئیمانداری و ئازایەتی ئەم كەسە تێدەگا كە زنجیرەكە جگە لە سەرنج ڕاكێشانی خەڵكی و كۆكردنەوەی بینەر هیچی تر نیە و هیچ واقیعیەتێكی مێژوویی نیە جگە لە ناوی كەسێتیەكان نەبێ. هەڵەیەكی دی ناو ئەم درامایە ئەوەیە وەكو دەرهێنەر و نوسەرەكەی دانیان پیا ناوە ئەمان سودیان لە وێنەكانی رۆژهەلاتناسەكان بینیوە لە كاتێكدا ئێمە دەزانین زۆرێك لەو وێنانەی رۆژهەلاتناسان بەتایبەتی ئەوانەی دەربار یان خەیاڵی خۆیان بووە یان بۆ نیشاندانی خیلافەتی عوسمانی بووە بە دەوڵەتێكی شەهوانی هۆكاری ئەمەش بۆ ئەو رقە گەورەیە دەگەرێتەوە كە گەورە و بەهێزانی ئەم دەوڵەتە بۆ چەندین سەدە ئەوروپایان سەرشۆر كردبوو لەبەرامبەر دەسەڵاتەكەیان. هەربۆیە شێوازی جلوبەرگی ئافرەتانی چ كەنیزەك و چ سەربەستی دەربار هەموی دوورە لە واقیعی مێژووییەوە و ئەوە رشوون و ئاشكرایە كە ئەندامانی حەرەم چ ئەوانەی ژنی سوڵتان بون و چ ئەوانەی كەنیزەكی بون هەمویان پابەندی ئاینیان هەبووە و داپۆشراو و مولتەزیم بون و دەرسی قورئان و وانەی ئاینیان بووە و دەورەی زانستی و خوێندەواریان بووە و هەروەها گرنگی بەكارەكانیان دراوە و دەرفەتیان بۆ رەخسێنراوە ئەوە نەبووە هەر خەریكی جوانكاری و سەرنجبردنی خەلیفە بوبن بەڵكو بە چەندان كەنیزەكی دەربار شویان بە كەسانی دەرەوەی كۆشك كردووە و خەلیفەی یارمەتی داون بۆ ئەوەی بەیەك بگەن. ئەم درامایە لەگەڵ ئەوەی 70هەزار سكاڵای لەسەر تۆماركراوە بۆ ئەوەی راگیرێ بەلاچم كەناڵەكانی راگەیاندنی خۆمان لە ئێستادا لە سێ كەناڵەوە بە زمانی كوردی پەخش ئەكرێ‌! ئەوەی دەمەوێ‌ لێرەدا بە كورتی ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە چ وڵاتانی عەرەبی و توركی عەلمانی و چ خۆرئاوا بۆ شاردنەوەی دیوی شەهوانی سەرۆكەكانی خۆیان ئەم جۆرە حەلقە و مسلسلانە دەردەكەن كە ئەگەر ژیانی هەریەكە لەو هونەرمەندانە هەر خۆیان بگرین كە ئەو رۆڵە دەبینن ژیانی خۆیان پڕیەتی لە هەوراز و نشێو و زوعفی سۆزداری و تەڵاقداری و چەندان دەردی نائومێدی بە هەمان شێوەش ئەو سەرۆكانەی لە ساحەی عەلمانیەكاندا بون ئەگەر بەدرێژایی حاڵیان تەماشا بكەن چەندان نمونەی قێزەونی وەكو دەسەڵاتەكەی "زین العابدین بن علی" كە ژنەكەی "لیلی تەرابلوسی" دەستەمۆی كردبوو یان "سۆزان موبارەك" كە بەتەواوی دەسەڵاتی "حوسنی موبارەك"ی قۆرخ كردبوو، یان هەریەكە لە دەسەڵاتدارانی تری ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا كە ئەگەر مێژووی وڵاتانی ئەوروپا هەڵبدەینەوە بە سەدان نمونەی لایەنی جنسی و كاریگەری لەسەر بارودۆخی وڵاتەكەیان دەبینین. هەربۆیە پێم وایە ئەم هەوڵەی لە "حریم السلطان" دراوە شتێكی نوێ‌ نیە و بەمەشەوە ناوەسترێ‌ وەك دەبینین چەندین درامای تر لە پاش ئەوە دەركراوە چ لە توركیا و چ لە وڵاتانی تر كەنیزەك كێیە و چ مافێكیان هەبووە لە حەرەم سەرادا؟! * كەنیزەك بە هەر ئافرەتێك وتراوە كەلە شەرەكاندا بە دیل گیراوە. داهێنراوی موسڵمانان نیە، تاوەكو بەڕوی موسڵماندا بدرێ‌ بەڵام بەشانازیەوە باشترین مامەڵە مامەڵەی موسڵمانان بووە لەگەڵیدا كە بەچەندان كەنیزەك بونەتە وەلی عەهد و دەسەڵاتدار و ژنی سوڵتان و خەلیفەكان و دایكی خەلیفە و سوڵتانەكان. * كەنیزەك بەڵێ لە كۆشكدا بووە بەڵام ئازادبووە شوو بە كێ‌ بكات، كەنیزەكی وا هەبووە سێ جار خەلیفە چۆتە داوای شوی پێنەكردووە دوایی شوی بەیەكێكی تر كردووە و خەلیفەش هاوكاری كردووە بۆ ئەوەی بەیەك بگەن. * هەموو مانەوەی كەنیزەك لە كۆشكدا 8ساڵ بووە ، مەگەر كەنیزەك لە پاش ئەوە خۆی حەزی كردبێ بمێنێتەوە ئەگەر نا ئازادبووە بۆ هەر كوێیەك بڕوات بۆیە ئەو ماوەش هێڵراوەتەوە تاوەكو توشی هەڵە و لادان نەبێ هەروەكو ئێستا لە خوارووی عێراق دەبینین بەهۆی شەرەوە بە چەندان ئافرەت رۆژانە توشی تاوان و لارێی دێن و هەموشی بەهۆی نەمانی مێرد و سەرپەرشتیاریانەوەیە كەلەبەر پەیداكردنی ژیان و حاڵی توشی وەها كاری لارێی دەبێ. هەروەها كەنیزەكە بەتەمەنەكان لەلایەن گەنجەكانیانەوە خزمەت كراون و رێزیان لێگیراوە. * پێویست بووە لەسەر سەرجەم ئەندامانی ناو حەرەم نوێژ بكەن و هەركەس پابەند نەبوایە بە توندی سزا دەدرا. پاشانیش فێری قورئان خوێندن دەكران و خەتمیان دەكرد. به‌ڵام سوڵتان سلێمانی قانونی كێیە؟ ناوی سولەیمان كوڕی سەلیم كوڕی بایزید كوڕی محمد فاتیحە، لە 6ی نوفمبری 1494ز لەدایك بووە. دەیەمین سوڵتانی عوسمانی و 80هەمین خەلیفەی موسڵمانانە. لە 5ی نۆڤمبری 1566 و لەتەمەنی 71ساڵیدا وەفاتی كردووە. ئەم خەلیفە نازناوی قانونی لێنراوە بەهۆی دادپەروەری لەگەڵ ژێردەستەكانیدا و دەوڵەتەكەی گەیاندۆتە ئەوپەری سەردەمی زێرینی و گەشە و فراوانخوازی بە رادەیەك مێژونوسان دەڵێن سەردەمی فراوانخوازی ئەم سوڵتانە خۆی بەتەنها هاوتایە لەگەڵ هەموو سوڵتانەكانی تری ئەم دەوڵەتە چونكە توانی سنوری دەوڵەتی عوسمانی بكاتە دووئەوەندەی خۆی. هەروەها شارەزا و تێگەیشتوو و لەخواترسێكی بێوێنە بووە و زانایانی لە دەوری خۆی كۆكردۆتەوە و گرنگیەكی زۆری لە ئاوەدانكردنەوە و گەشەسەندنی وڵاتەكەی داوە لە روی بازرگانی و بیناسازی و .... هەروەها شاعیر و ئەدیب و زمانزان بووە هەریەكە لە زمانەكانی توركی و عەرەبی و فارسی و سربی زانیوە .... ئایا خەلیفەیەك بەم بەهێزیە ئەكرێ‌ ئەوەندە شەهوانی و مەیخۆر و سەرخۆش و سەرمەست بوبێ بە شەواندا و بەرۆژیشدا ئەوەندە بیر تیژ و خواناس بوبێت؟؟!!! سەرچاوەكان : 1. الحریم فی قصر العثمانی: دكتورة ماجدة صلاح مخلوف 2. حریم السلطان: سمیر فراج 3. ویكیپیدیا موسوعة الحرة 4. ماڵپه‌ڕی بزاڤ پرێس