پێشەکی

پێدەچێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هیچ بابەتێک هێندەی باسی فیقهی ئیسلامی جەدەل و کێشە و مشتومڕی لەسەر نەبێ، واتە هەموویان لەسەری دەدوێن و لە لایەکی تر هیچ کام لە زانایانی هاوچەرخ قسەیەکی جیددی و شێلگیرانەیان لەسەر ئەو پرسە نییە، دووربوونەوە و بێئاگاییەکی قووڵ و قورس باڵی خستۆتە سەر هەڵگرانی ڕۆشنبیران و زانایانی ئایینی.

نوێگەری لە فیقهی ئیسلامی هەر لە دێر زەمانەوە جێگای مشتومڕی زانایانی ئیسلام بووە، بێگومان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتن لە ئیجتهاد و فەتوادان و نوێگەری، سەرەڕای زانست و ئەزموون، بریتییە لە بوێری، ئەگەرچی ڕەوت و بزاڤەکان بە پشتبەستن بە قوڕئان و فەرموودە و بنەما فیقهییەکان دێنە مەیدانی تێکۆشان، بەڵام تێگەیشتنی دروست لە دەقەکانی دەبێتە دوڕیانی جیابوونەوەی ڕەوتەکان و لێرەوە تێگەیشتنی دروست دەبێتە پێوەری ناسینەوەی ڕێبوارانی ڕاستەقینەی ڕێگای حەق و ئیتر چیدی مەلەف و شوناسیان لەگەڵ کەسانی دی تێکەڵ نابێ.

ئالێرەوە ئەرک و وەزیفەی ڕۆشنبیرانی ئیسلامی دەردەکەوێ کە: قوڕئان و فەرموودە و فیقهـ، وەک پەیامێکی نەمر دەرکەوێ و نە قوڕئان ببێتە فەرموودە و نە فیقهـ و… ببێتە شتێکی تر.

هه‌ر له‌و بواره‌دا دیمانه‌یێکمان سه‌باره‌ت به‌ نوێگه‌ری له‌ فیقهی ئیسلامیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز "پڕۆفیسۆر خاڵید موحەممەد ساڵح"  پێک هێناوه‌.

دیمانە: عەبدوڵڵا عەلیپوور

پڕۆفیسۆر.د. خالید محه‌ممه‌د ساڵح قادر؛ لە دایكبووی: (١/١/۱۹۷٥) عێڕاق، سلێمانی. هەڵگری بڕوانامەی دكتۆڕا لە فیقهی بەراورد لە شەریعەی ئیسلامی و مامۆستا لە كۆلێجی یاسای زانكۆی سلێمانی.

پرسیار: تکایە پێناسەیەک لەسەر فیقهی ئیسلامی بفەرموون، بە چ دەوترێت فیقهی ئیسلامی، جیاوازی نێوان "فیقه‍" و "شەریعەت" چییە؟

وه‌ڵام: وشەی (فیقھ) لە زمانی عەڕەبیدا بەواتای فەهم و تێگەیشتن دێت، هەر وەک پەروه‌رێنی بێهاوتا لەسەر زمانی پێغەمبەر شوعەیب دەفەرموێ: قَالُوا يَاشُعَيْبُ مَا نَفْقَهُ كَثِيرًا مِمَّا تَقُولُ». سووڕەتی هوود ئایەتی ۹۱.  واتە: ئه‌ی شوعه‌یب ئێمه‌ لە زۆرێک لەوەی کە تۆ باسی دەکەی، تێناگه‌ین. یان وەکوو پێغەمبەری خودا دەفەرموێت: (مَنْ يُرِدِ اللَّهُ بِهِ خَيْرًا يُفَقِّهْهُ فِي الدِّينِ). (بوخاری و موسلیم گێڕاویانه‌ته‌وه‌) واتە: هەر کەس خوای گەورە خۆشی بووێت و بیەوێت چاکەی بەرامبەر بکات و لەچاکەدا بەکاری بهینێت، لە ئایینەکەی خۆی فامیدە و شارەزای دەکا.

لەڕووی زاراوەییشەوە: (فیقه‍) بە واتای تێگەیشتن لە کۆی ئەو دەقە شەرعییانە دێت کە پەیوەستن بە کردەوەکانی مرۆڤەوە.

سەبارەت بە جیاوازی نێوان (فیقه‍ و شەریعەت): شەریعەت وشەیەکی گشتگیرە و بەکۆی ئەو دامەزراوە ئیسلامییە گەورەیە دەگوترێ کە هەموو چەمکە شەرعییەکان لە خۆ دەگرێ، بە گشت سەرچاوەکانی حوکمی شەرعی و لێکدانەوەی زانایان بۆ ئەو سەرچاوانە و چۆنییەتی دابەزاندنیان بۆ زەمینی کارکردن، بەڵام (فیقه‍‌) بریتییە لە تێگەیشتنی ئێمە و شێوازی لێکدانەوەمان بۆ دەقەکانی شەریعەت. 

دەقەکانی شەریعەت بریتین لە قوڕئان و سوننەتەکانی پێغەمبەر، کە ئەم دووانه بەهێزترین سەڕچاوەی گشتین. تێگەیشتن و لێکدانەوە و دابەزاندنی زانایان بۆ ئەو دەقانە لەسەر ئەرزی واقیع پێی دەگوترێت (فیقه‍).

خۆ ئەگەر بمانەوێ ئەو دوو چەمکە لێک جیا بکەینەوە ئەو کات دەڵێین: (دین) لەگەڵ (فیقه‍) ئەو کات زاراوەی (دین) بریتییە لە دەقە شەرعییەکانی قوڕئان و سوننەت کە سەرچاوەکەیان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ خوای گەورە دەگەڕێتەوە و سەرجەمیان پیرۆز و پاک و بێگەردن و هیچ هەڵە و کەم و کورتییەکیان تێدا نییە و گۆڕانکاری و سڕینەوەیان بەسەردا نایەت و مەحاڵە هیچ کام لەم دەقانە دژی عەقڵ یان بەرژەوەندی مرۆڤ بوەستنەوە. بەڵام (فیقه‍) هیچ کام لەم سیفەت و تایبەتمەندییانەی تێدا نییە و دەکرێ لە بارەیەوە بڵێین: 

یەکەم: (فیقه‍) زادەی بیری مرۆڤەکان خۆیانە.

دووەم: هیچ کات وەکوو دین تەماشا ناکرێ و پیرۆز نییە.

سێیەم: ئەگەری هەڵەی هەیە و پارێزراو نییە.

چوارەم: بەپێی کات و شوێن ئەگەری سڕینەوە و گۆڕانکاری هەیە.

پێنجەم: دەکرێ سرووشتی بیرکردنەوەی خاوەنەکەی یان هەلومەرج و بارودۆخی چواردەوری کاریگەری لەسەر دروست بکات.

بۆیە گرنگە ئێمە لەم جیاوزاییە تێبگەین و هەر یەک لەو دووانە لەجێی شیاوی خۆی دابنێین و تێکەڵیان نەکەین. زانایانی پێشین ئەم ڕاستییەیان زانیوە و بۆ خۆیان و خەڵکیشیان یەکلا کردۆتەوە و هەمیشە داوای ئەوەیان لەخەڵکی کردووە کە شوێنی دەق بکەون نەک بۆچوونەکانی ئەوان و هەرگیزیش بۆچوونەکانی خۆیان لەخەڵک نەکردووە بە دین و کۆدەنگ بوون لەسەر ئەو بنەمایەی کە دەڵێ: (لەهەر شوێنێک فەرموودەیەکی دروستتان بینی ئەوە مەزهەبی منە). لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کات مەبەستیان نەبووە مەزهەب بۆ خەڵک دروست بکەن تا خەڵکی واز لە دەق بهێنن و بەگوێی ئەمان بکەنك هەر بۆیە کاتێک پێشەوا مالیك كتێبی (الموطأ) دەنووسێ، ئەبوو جەعفەری مەنسوور داوای لێ دەكا كە بۆی بنێرێت، تا چەند وێنەیەكی لەبەر بنووسرێتەوە و بڵاوی بكاتەوە بەهەموو جیهانی ئیسلامیدا و هەموو خەڵكی ناچار بکات تەنها كار بەو کتێبە بکەن و كار بەهیچی تر نەكەن، ئەویش ڕازی نابێ و قبوڵی ناکات.

گرنگیشە لەوە تێبگەین کە کاتێک زانایەک هەڵە دەکات واتەی ئەوە نییە کە ئیسلام هەڵەیە، بەڵکوو ئەو هەڵەی کردووە و پێویستە ڕەخنە لە قسە و لێکدانەوەکەی ئەو بگیرێت نەک کۆی پڕۆسەی دین و هەڵەکردنی زانایانیش کارێکی ئاساییە و لە هەرچی بواری زانستی هەیە لە دونیا دەکرێ پیشەگەران و زانایانی ئەو بوارە هەڵە بکەن، بواری ئاینییش هەر وایە و لەو هاوکێشەیە بەدەر نییە و پێغەمبەری خودایش ئاماژەی پێ دەکا و دەفەرموێت: «إِذَا حَكَمَ الْحَاكِمُ فَاجْتَهَدَ ثُمَّ أَصَابَ فَلَهُ أَجْرَانِ، وَإِذَا حَكَمَ فَاجْتَهَدَ ثُمَّ أَخْطَأَ فَلَهُ أَجْرٌ». (بوخاری و موسلیم گێڕاویانه‌ته‌وه‌) واتە: هەركات فەرمانڕەوای زانا بڕیارێكی دا سەبارەت بە پرسێکی شەرعی، ئەگەر بڕیارەكەی دروست بوو، ئەوە دوو پاداشتی هەیە- پاداشتێكی ماندوبوونەكەی كە بەشوێن ڕاستیدا گەڕاوە، پاداشتێكیشی بۆ ئەوەی كە ڕاستیی پێكاوە و بەخەڵكی گەیاندووە، ئەگەریش بڕیارەکەی هەڵە بوو ئەوە یەك پاداشتی هەیە، ئەویش پاداشتی ماندووبوونەكەیەتی کە بەشوێن ڕاستیدا گەڕاوە.

 چونکە ئەمڕۆ زۆربەی ئەو قسانەی ڕەخنەئامێزن و ئاراستەی ئیسلام دەکرێن، قسەی خەڵکە دەربارەی تێگەیشتنی ئێمە، نەک خودی دەق، ئێمەش دەڵێین: هەرکەس گلەیی لە دەق هەبێ با بێ پێمان بڵێ، چونکە دەقەکە بە هیچ شێوەیەک ڕەخنە هەڵناگرێ، بەڵام هەر کەس ڕەخنەی لە تێگەیشتن و قسەی ئێمە هەیە یان لە وتە و تێگەیشتنی پێشەوا و زانایەک هەیە، ئەوە زۆر ئاساییە و دانی پێدا دەنێین و ڕەخنەکەیمان قبوڵە،. ئێمە لە کۆتاییدا مرۆڤین و دەکرێ قسەکەمان هەڵە یاخود ڕاست بێ.

لەبەر ئەوە شەریعەت بریتییە لە کۆی دامەزراوە شەرعییەکە بە دین و بە فیقهیشەوە، دینیش بەتەنها بریتییە لە دەق کە مەعسووم و موقەددەسە، فیقهیش بریتییە لە تێگەیشتن و لێکدانەوە و بیرکردنەوەی ئێمە یا خود شێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ دەقدا.

پرسیار: هەندێ بۆچوون بۆ ئەوە دەچن کە ئایینی ئیسلام، هاوشێوەی مەسیحییەت پێویستی بە چاکسازی هەیە، لەو بارەوە ڕای بەڕێزتان چییە؟

وه‌ڵام: سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارە هەمووان ئەو ڕاستییە دەزانین کە ئایینی ئیسلام وەکوو ئایینی مەسیحییەت نییە؛ چونکە ئایینی مەسیحییەت ئەو کات و بە ئێستایشەوە بە تەواوی شێواوە، شتێکی ئەوتۆی تێدا نەماوە کە لە ئایینی ئاسمانی بچێ و بەڕاست مابێت، پیاوە ئایینییەکانیان بە ئارەزووی خۆیان دەستکاری دەقەکانی ئینجیلیان کردووە، گۆڕانکاری لە سەرجەم حەرام و حەڵاڵ و بنەما ئایینی و ئەخلاقییەکانیدا ڕووی داوە، هەر بۆیە ئەو کات و ئێستایش ئایینی مەسیحییەت پێویستی بە گۆڕانکاری ڕیشەیی هەیە تا ببێتەوە بەو ئایینەی کە خوای گەورە پێی ڕازییە و پێغەمبەر عیسا و کتێبی ئینجیل بانگەشەیان بۆ کردووە.

ئایینی ئیسلام لە هیچ کاتێکدا بەو شێوەیە نەشێوێنراوە و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە؛ چونکە سەرچاوە سەرەکییەکانی کە بریتین لە دەقەکانی قوڕئان و فەرموودە و سوننەتەکانی پێغەمبەر تا قیامەت پارێزراون و خوای گەورە خۆی بەڵێنی ئەوەی بە موسوڵمانان داوە، ئەگەر نوێگەرایەتییەکیش هەبوبێ و پێویست بوبێت، ئەوە لە بابەت و چەمکە فیقهییەکاندا بووە یان لە تێگیشتن و شێوازی مامەڵەی ئێمەی موسوڵماندا بووە نەک لە خودی ئیسلام و بنەما سەرەکییەکانیدا؛ هەر بۆیە سەرەڕای زۆری دوژمنانی ئیسلام و ئەو نەهامەتیی و هەڵدێر و نشێوییانەی بەسەر ئیسلام و موسوڵماناندا هاتووە، ئیسلام هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە تەنانەت یەک حەرام و حەڵاڵ یان سوننەتێکی نە شێواوە و نەگۆڕاوە. سیما جوان و پاکەکەی هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، تەنانەت کاتێکیش دەڵێین: فەتوا بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێ مەبەستمان ئەوە نییە کە حوکمە شەرعییەکە لە بنەڕەتدا دەگۆڕێ، بەڵکوو ئەوەی دەگۆڕێ شتێکی کاتیی سنووردارە و تایبەتە بە کەسێک یان شوێنێک و بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە، ئەگەرنا حوکمە شەرعییەکان جێگیرن و تا قیامەت گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە و نایەت. 

بۆیە بەهیچ شێوەیەک لەو ڕووەوە بەراورد لە نێوان ئایینی ئیسلام و مەسیحییەتدا ناکرێ.

ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە پێویستمانە لە نوێگەرایەتی، نوێگەرایەتییە لە واقیعی ئێمەی موسوڵمان و کۆتاییهێنانە بەو حاڵەتی پەرتەوازەیی و شپرزەییەی تێیدا دەژین، کۆتاییهێنانە بەم حاڵەتی دابڕانەی لەنێوان ئێمە و ئیسلامدا دروست بووە، کۆتاییهێنانە بەو حاڵەتی ژێردەستەیی و خۆ بچووککردنەوەیەی بەرامبەر کلتوور و فەرهەنگی ڕۆژاوا بۆمان دروست بووە، کۆتاییهێنانە بەم فۆڕمی دووڕوویی و دونیاویستییەی بۆمان دروست بووە.

پێویستە نوێگەرایەتی لە شێوازی تێگەیشتن و مامەڵەکردنمان لەگەڵ چەمکی خواناسی دروست بکەین. بەوەی دینداری کۆمەڵێک دروشمی بێ گیان و بێ هەست و ڕواڵەتی بێ ناوەڕۆک نییە؛ بەڵکوو خۆ بەدەستەوەدانی تەواوە بۆ گشت فەرمانەکانی خوای گەورە لە گشت کایەکانی ژیاندا، لە ئەخلاق و سیاسەت و ئابووری و کۆمەڵایەتی و هتد ...دا، ئەم چەمکانەن لە ئەمڕۆدا که پێویستییان بە چاکسازی و نوێبوونەوە هەیە، نەک خودی ئیسلام وەکو ئایین، بەڵکوو ئێمە وەکو موسوڵمان.  

پرسیار: چۆن فیقهی ئیسلامی نوێ بکرێتەوە؟ ئایا نوێکردنەوەی فیقه پێویستە؟

وه‌ڵام: بەڵێ فیقهی ئیسلامی ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە نوێکردنەوە هەیە، هۆکارەکانی ئەم نوێکردنەوەیش خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە لەوانە:

کۆمەڵێک بابەت کە له‌ کاتی خۆیدا زانایان قسەیان لەسەر کردووە، هیچ دەقی لەسەر نەبووە و هیچ بەڵگەیشیان بەدەستەوە نەبووە و پشتیان بە ئیجتیهادی خۆیان یان زانیاری خەڵکی پەیوەست بە باتەکەوە بەستووە، بۆ نموونە: بابەتە فیقهییەکانی پەیوەست بە ئافرەت، وەک بابەتەکانی کچێنی و مناڵبوون و سووڕی مانگانە و زۆرترین ماوەی مانەوی منداڵ لە سکی دایک و نەسەب و کۆمەڵێک بابەتی تر هەموو ئەوانە لە ئێستادا و لەسایەی ئەو پێشکەوتنە زانستیانەی لەو بوارەدا سەریان هەڵداوە، پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە.

کۆمەڵێک بابەتی سیاسی یاسایی ئابووری و دارایی و بازرگانی نوێ سەریان هەڵداوە کە پێشتر و لەسەردەمی ئەو زانا بەڕێزانەدا بوونیان نەبووە، یان هەبووە و لە ئێستادا شێوازیان گۆڕاوە، هەموو ئەوانە لە ئێستادا پێویستییان بە داڕشتنەوە و پێداچوونەوە و لێکدانەوەی سەردەمییانە هەیە لە چوارچێوەی دەقە شەرعییەکان و پێداویستییەکانی کۆمەڵگەدا. .کۆمەڵیک بابەتی فیقهی تر هەن کە لە بنەڕەتدا پەیوەندیان بە ئیسلامەوە نییە و ئیسلامیش داینەهێناون؛ بەڵام کە ئیسلام هاتووە دیاردەیەکی بەربڵاو بوون و بووە بە بەشێک لە سیستمەی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکانی ئەو سەردەمە و ئیسلام بەناچاری مامەڵەی لەگەڵدا کردووە تا قۆناغ بەقۆناغ بنەبڕی کردووە و زانایان لە کتێبەکانیاندا بەوردی باسیان لە بارەوە کردووە و داڕشتنەوەیان بۆ حوکمەکانی کردووە؛ بەڵام لە ئێستادا ئەو بابەت و دیاردانە نەماون و مانەوەیان لە کتێبە فیقهییەکاندا زۆر کات گرفت و گومان لای خەڵکی دروست دەکەن و باشتر وایە لە کتێبە فیقهییەکاندا بسڕدرێنەوە، ئەمیش وەک بابەتەکانی پەیوەست بە سیستەمی کۆیلایەتی و کەنیزەک کە لەهەرچی بابەتی فیقهیدا هەیە باس کراوە و گرنگی پێ دراوە.

ئەو هەموو ئاڵۆزی و تێکگیرانەی لەسەر بابەتە فیقهییەکان لە نێوان زانایاندا بوونیان هەیە؛ کە هەندێک جار لەسەر وردەکارییەکی فیقهی سادە و هەر لەیەک مەزهەبدا چەندین بۆچوونی فیقهی جیاوازی لەسەرە و خۆ ئەگەر بچێتە سەر مەزهەبەکانی تر، ئەوە هەر ون دەبی، زۆر بەزەحمەت دەتوانیت بۆچوونی پەسەند لەنێو ئەو هەموو بۆچوونە جیاوازەدا بدۆزیتەوە و ئەمەیش لەبڕی ئاسانکاری بەرچاو لێڵی لای خەڵک و خوێنەر دروست دەکات؛ بۆیە لەئێستادا کە سەردەمی خێراییە و خەڵک زانستی شەرعی کەم بووە و پێویستە لەهەموو مەزهەبەکان و بەزمانێکی سەردەمیانه‌ یەک فیقهی بەهێزی بەڵگەدار دابڕێژینەوە کە هەموو خەڵکی بتوانن لێی تێبگەن و جێبەجێی بکەن.  

ئەمانە تەنها نموونەن و مشتێکن لە خەرواری دەیەها و سەدەها بابەتی فیقهی تر کە لە ئێستادا پێویستیان بە پێداچوونەوە و هەموارکردنەوە یان هەر لابردن هەیە.

پرسیار: پێوەری بەڕێزتان بۆ نوێبوونەوە لە فیقهدا چییە؟ بە واتایەکی ‌تر ئایا گوێپێنەدانی، ئیفلیجکردنی ئەقڵە؟

وەڵام: من پێشتر باسی زەروورەتی نوێبوونەوەم کرد لە فیقهی ئیسلامیدا و ئەگەر بڕوانین بۆ ئەو سەرچاوانەی کە حوکمی شەرعییان لێ وەردەگیرێ، دەبینین زۆرێک لەو سەرچاوانە عەقڵیین، لەوانە: (الإستحسان، المصالح المرسلة، الإستصحاب، سد الذرائع) ئەمەیش ئاماژەیە بەوەی: کە عەقڵی مرۆڤ بەهای خۆی هەیە لە دامەزراندن و ناساندنی حوکمی شەرعیدا و تا عەقڵی مرۆڤ لەکاردا بێ، ئەو سەرچاوانەیش لە گەشەکردن بەردەوام دەبن و دەرگای نوێبوونەوە و ئیجتیهاد داناخرێ، بەڵام نوێبونەوە و گەشەکردنیش هەل و مەرج و پێودانگی خۆی هەیە و کۆمەڵێک پێوەر هەیە پێویستە ڕەچاو بکرێ لەهەر پڕۆژەیەکی نوێکردنەوەدا، لەوانە: 

گرنگە ئەو کەسانەی بەشدار دەبن لەو پڕۆژەیەدا، خەڵکانێکی پسپۆڕ و شارەزا و بەتوانا بن و بە ئاگا بن لە کۆی سەرچاوەی بەڵگە شەرعییەکان و فیقهی هەموو مەزاهیبەکان و زانستە بنەڕەتییەکانی وەکوو بنەماکانی فیقهی ئیسلامی و زانستەکانی پەیوەست بە فەرموودە و ناسیخ و مەنسوخ و زانستی مامەڵەکردن لەگەڵ بەڵگە جیاوازەکان و شێوازی گونجاندن و تەرجیحکردن لە نێوانیاندا. بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ لافی نوێخوازی و نوێگەرایەتی لێ دەدا، شتێکی ئەوتۆ دەربارەی شەریعەتی ئیسلامی نازانێت. هەندێک لەوانە ئەندازیار یان پزیشک یان تەنها ڕۆشنبیرێکی موسوڵمانن و زۆرێکیان نازانن دەقێکی شەرعی وەک خۆی بخوێننەوە، نوێبوونەوە بەخەڵکی لەو شێوەیە ناکرێ.

هەر نوێبوونەوەیەک هەوڵی بۆ بدرێ، پێویستە لە بازنەی شەرعدا بێ و لە سنووری دەق دەرنەچێت، ئەمڕۆ خەڵکانێک هەن بەناوی نوێگەرایەتییەوە خەریکن بنەماکانی ئیسلام بنکەن دەکەن و بەناوی هەڵکردن و گونجاندن لەگەڵ زانست و کولتوور و یاسا و فەرهەنگی جیاوازی کۆمەڵگەکان و زانستەکانی سەردەمدا زۆرێک لە دروشم و ڕێنماییەکانی پەڕاوێز دەخەن و هەوڵی گۆڕینیان دەدەن بە چەمکی تر و ئێستا بەناوی نوێبوونەوە باس لە ئیسلامی دیموکڕاتی و ئیسلامی لیبڕالی و ئیسلامی مۆدێڕن دەکرێ، بۆیە ئەو نوێگەرایەتییەی ئێمە باسی لێوە دەکەین، نابێ بە هیچ شێوەیەک لە چوارچێوەی دەق دەربچێ و لە مەبەست و ڕێساکانی شەرع لابدات، خۆ ئەگەر لایدا ئەو کات دەبێتە ئایین و ئایدیایەکی جیاواز لە ئیسلام، نەوەک دیدێکی ئیسلامی نوێ.  

پێویستە پارێزگاری لە زاراوە شەرعییەکان بکرێ و بەناوی نوێبوونەوەوە هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەیەت؛ چونکە ئەو زاراوانە شەرعین و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و هیچ زاراوەیەک جێی ئەوان ناگرێتەوە، وەک زاراوەکانی (نوێژ، ڕۆژوو، زەکات، جیهاد، حیجاب، هیجرەت، حدود، هتد). بۆ ڕاڤەکردن و شرۆڤەکردنی هەر یەک لەو زاراوانەیش یان هەر دەقێکی شەرعی پێویستە بگەڕێینەوە سەر دەقەکانی قوڕئان و سوننەت و تێگەیشتنی هاوەڵانی پێغەمبەر و پاشان بنەماکانی زمان و ڕێزمانی عەڕەبی لە سەردەمی هاتنەخوارەوەی دەقەکاندا نەک هیچ سەردەمێکی تر و هەر لێکدانەوە و ڕاڤەکردنێک بۆ هەر چەمک و زاراوە و دەقێکی شەرعی بەدەر لەم پێوەرانە بە شەرعی ئەژمار ناکرێ و دانی پێدا نانرێت. 

نوێگەرایەتییەکە تەنها بۆ ئە بابەتانە بێت کە نوێبوونەوە هەڵدەگرێ، وەک بابەتە فیقهی و فیکرییەکان؛ چونکە هەندێک چەمکمان هەیە نوێگەرایەتی نایگرێتەوە، لەوانە بابەتەکانی بیروباوەڕ و تاوان و سزا شەرعییەکان و بنەما ئەخلاقییەکان و بابەتەکانی حەڵاڵ و حەرام. ئەمانە هەتا قیامەت حوکمەکانیان جێگیرن و گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت.  ئەمانە کۆمەڵێک ڕێکار و پێودانگن بۆ هەر نوێگەرایەتییەک کە لەفیقهی ئیسلامیدا بکرێت.

پرسیار: هەوڵی چاکسازی و ڕیفۆڕمخوازی لە فیقهی ئیسلامیدا ئەرکی سەرشانی کێیە؟

وەڵام: سەرەتا ئەرکی دەسەڵات و دەوڵەتە، واتە پێویستە دەوڵەت لە ڕێگەی دام و دەزگا فەرمییەکانییەوە لە نموونەی وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایان و لیژنەکانی فەتوا هەوڵی ئەو ڕیفۆڕمە بدات لە هەر بابەتێکی نوێ کە دروست دەبێ و دەقێکی شەرعی یان قسەی زانایانی لەسەر نییە، یان هەر بابەتێکی کۆن کە پێویستی بە خوێندنەوەی نوێ هەیە.

لە پاش دەوڵەت و دەسەڵات ئەرکی زانایان و میراتگرانی پێغەمبەرانە کە بەو ئەرکە هەستن و خوێندنەوەی بەردەوام هەبێ بۆ بابەتە فیقهییە هەنووکەییەکان و پێداچوونەوەشیان هەبێ بۆ ئەو بابەتانەی کە پێشتر زانایان قسەیان لەسەر کردووە و بەڵام لە ئێستادا قسەی زیاتر هەڵدەگرێ.

کەواتە هەوڵی چاکسازی و ڕیفۆرم لە پرسە شەرعییەکاندا ئەرکی ئەو دوو چینەیە و بەدەر لەوان هیچ  کەسێکی تر بۆی نییە بەناوی ڕێفۆرم و چاکسازییەوە دەم لە پرسە شەرعییەکان بکوتێت و سنووری حەرام و حەڵاڵەکان تێکەڵ بکات.  

پرسیار: ئەو دەقانەی کە موفتی دەیانکاتە پاڵپشت بۆ دەرکردنی فتوا چین؟

وەڵام: هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، موفتی پێویستە شارەزاییەکی باشی لە کۆی زانستە شەرعییەکاندا هەبێ و لەکاتی فەتواداندا ڕەچاوی ڕیزبەندی سەرچاوەکانی حوکمی شەرعی و دەقە شەرعییەکان بکات و لێیان دەرنەچێ، بۆیە پێویستە سەرەتا بگەڕێتەوە بۆ دەقەکانی قوڕئان، ئەگەر حوکمە شەرعییەکەی تێدا نەبوو، ئەو کات دەچێ بۆ دەقەکانی فەرموودە، پاشان ئەوان کۆدەنگی زانایانی ئیسلام، دواتر قیاس، پاش ئەوان دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە شەرعییەکانی تر، ئەگەر لە هیچ کام لەوانە حوکمی شەرعی بابەتەکەی دەست نەکەوت، ئەو کات دەگەڕێتەوە بۆ ئیجتیهادی عەقڵ و بە ڕەچاوکردنی مەبەستەکانی شەریعەت و بەرژەوەندییەکانی خەڵک و خوێندنەوەیەکی هاوسەنگانە بۆ ئەو واقیعەی کە کێشەکە تێیدا ڕووی داوە، فەتوای گونجاو لەبارەی بابەتەکەوە دەدا.

 پرسیار: مەترسیدارترین هەڵدێری کەسی فەتوادەر لە چیدا دەبینن؟ ئایا کەش و هەوای داسەپاو زەبری دەسەڵاتداران لەسەر ڕەوتی فتوادان شوێنەواری دەبێ؟

وەڵام: بێگومان هەوڵەکان و پیلانەکان بۆ بەلاڕێدابردنی فەتوا زۆرن، بەڵام تەنها ئەوانە هۆکار نین، بەڵکوو ئەم بابەتە هۆکار و هەڵدێری زۆری هەیە، هەندێکیان پەیوەندییان بە دەسەڵاتەوە هەیە، لەوانە:

پەراوێزخستنی پرسی شەرع و زانستە شەرعییەکان لە ناوەندەکانی خوێندندا، بە جۆرێک کە کۆلێژ یان پەیمانگەی زانستە ئیسلامییەکان کەمترین کۆنمرەی خوێندکاران وەردەگرن، ئەمەیش وا دەکا کە زۆربەی ئەو خوێندکارانەی دەچنە ئەو کۆلێژانە بە حەزی خۆیان ناچن، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لەهیچ شوێنێکی تر وەرناگیرێن، بەناچاری دەچنە ئەوێ و زۆربەیشیان لەڕووی زیرەکی و خوێندەوارییەوە خەڵکانی ئاست نزم و مامناوەندن و لە داهاتوویشدا ئەمانە بەو ئاستەوە دەبنە موفتی و زانای شەرعی. 

دانەمەزراندن و پەراوێزخستنی دەرچوانی ئەو بوارە، کە ئەمە ئەوەندەی تر ئەو خوێنکارانە سارد دەکاتەوە لە خوێندن و هەموو هیوا و ئاواتەکانیان زیندەبەچاڵ دەکا و هەوڵەکانیان بۆ شارەزابوونیان لە بوارەکانیان پەک دەخات. 

 دانانی کەسانی نەشیاو و نەشارەزا لە بوارەکانی فەتوا و گوتارداندا، بۆ نموونە: پێوەری دامەزراندن بۆ پێشنوێژی و گوتاردان لە مزگەوتەکاندا یان ناوەندەکانی فەتواداندا بریتی نییە لە ئاستی خوێندەواری زانستی، چونکە دەسەڵات بە هەزارەها خەڵکانی پسپۆڕ و شارەزا هەن کە ئامادەن خۆبەخشانە لەو نێوەندانەدا کار بکەن، بەڵام دەسەڵات ڕێگەیان پێ نادا و بەسەدەهایشی لەوانە لە گوتاردان و پێشنوێژیکردنی دوور خستۆتەوە. ئێستا پێوەری دامەزراندن بۆ ئەو پۆستانە مەودای گوێڕایەڵی و دەستەمۆکردنی خەڵکە بۆ دەسەڵات و باسنەکردنی زوڵم و ناپاکییەکانی ئەوانە بەرامبەر بە خەڵکی، نەک ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری و خواناسی و حەقبێژی ئەو خەڵکانە.  

دونیاویستی هەندێک لە مامۆستایان و خۆشەویستی پۆست و پلە و پارە کە زۆر جار لە پێناویدا باجی قورس دەدەن و حەق وەلا دەخەن و فەتوای ناحەق دەدەن و دەقەکانی ئایین وەک کراسێک بەبەری ئەو دەسەڵاتە ستەمکار و خۆسەپێنانە دەبڕن و بە ئارەزووی ئەوان ڕاڤەیان بۆ دەکەن. ئەمەیش وا دەکا خۆیشیان و پەیامەکەیشیان ناشرین و لەکەدار بکەن و متمانەی خەڵکی پێ لاواز بکەن.

هەڕەشە و ترس و تۆقاندن بە دەرکردن و نانبڕاندن و ناوزڕاندن، ئەمە یەکێ ترە لەو ئامرازانەی کە دەسەڵات زۆر جار پەنای بۆ دەبات لە پێناو دەمکوتکردنی مامۆستایان و بێدەنگکردنیان و بەلاڕێدابردنی پرسە شەرعییەکان.

نەشارەزایی هەندێک لە مامۆستایان و بێ ئاگاییان لە زۆرێک لە پرسە شەرعییەکان و بابەتە هەنووکەیی و هاوچەرخەکان و نەگەڕان بە دوایاندا، کە ئەمەیش وادەکا ئەوان لە ژیانی کۆمەڵگەکانیان جێ بمێنن و نەتوانن وەڵامی پێویستی خواستەکانی خەڵک بدەنەوە و فەتوای شەرعی دروست لەبارەی پرسە شەرعییەکانیانەوە بدەن و خەڵک متمانەی بە فەتواکانیان نەمێنێ؛ چونکە ژیانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکان بەردەوام لە پێشکەوتن دایە و پرس و چەمک و زاراوە شەرعییەکان گۆڕناکاری زۆریان بەسەردا هاتووە و ئەگەر زانایان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانە نەکەن، ئەوە بەدڵنیاییەوە خۆیان و خەڵکیش بەلاڕێدا دەبەن و گومڕا دەکەن. 

دەمارگیری هەندێک لە زانایان بۆ مەزهەبێک یان قوتابخانەیەکی فیکری و فیقهی یان شێخێک یان مامۆستایەکی دیاریکراودا و تەماشاکردنی بۆچوونەکانی ئەو مەزهەب و قوتابخانە و مامۆستایە وەک دەقی شەرعی، کە ئەم جۆرە دەمارگیرییە پێچەوانەی خودی شەرع و بۆچوونی هەموو زانایانی سەر مەزهەب و شەرع‌زانەکانە؛ چونکە هیچ کەسێک پارێزراو نییە لە هەڵە و هەموو کەس ئەگەری ئەوەی هەیە هەڵە بکا و ئێمەیش لەبەرامبەر دەقی شەرعی بەرپرسیارین، نەک بۆچوونی کەسی تر؛ بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا کارێکی کردووە هەموو ڕێگە دوورەکانی نزیک کردۆتەوە و هەر کەسێک بیەوێ دەتوانێ بەیەک خولەک هەموو بۆچوونە شەرعییەکان دەست بخات و بۆچوونی پەسەندیشیان لێ هەڵبژێرێ و ئیتر چاوەڕوانی فەتوای ئەم و ئەو نەکات، بۆیە گرنگە مامۆستایانی شەرع جگە لە حەق و دەق دەمارگیرییان بۆ هیچ شتێکی تر نەبێت و بەچاوی پیرۆزیی لێی نەڕوانن و هەوڵ بدەن چی ڕاستە و بەڵگەی بەهێزی هەیە، ئەوە بەخەڵکی بڵێن. 

گرینگی نەدان بە بابەتە شەرعییەکان و پەراوێزخستنی یاسا شەرعییەکان و جێگرتنەوەی یاسای دەستکرد لە بڕیی ئەمانە، هەمووی ئەوانە هەڵدێرن و کاریگەری خەراپیان هەیە لەسەر ڕەوشتی فه‌توا و هەر لەسەر ڕەوشی هەر هاوه‌ڵێک بۆ نوێبوونەوە لە مەسەلەی شەرعیی و فیقهی.

ئەمانە و چەندین هۆکاری تر هەن کە بەداخەوە لە ئێستادا هۆکاری سەرەکی هەڵدێری فەتوا و فەتوا دەرانن.

پرسیار: ئایا بەڕای بەڕێزتان دەستگرتن بە فه‌توای کۆنەوە، کۆنەپەرەستییە؟ چۆن ئەو بابەتە دەورووژێنن؟

وەڵام: نەخێر بە هیچ شێوازێک ناتوانین بڵێن دەستگرتن بە فتوای کۆن، کۆنەپەرستییە؛ چونکە پێوەری هەڵسەنگاندنی فەتوا بەکات و شوێن و کەس ناکرێت، بەڵکوو بە ناوەڕۆکی فەتواکە و و مەودای نزیکی لە حەقەوە، زانایانی پێشینیش نەوەی ئاڵتوونی ئەم ئوممەتە بوون و لە هەموو ڕوویەکەوە پێشەنگ و سەرمەشق بوون و کاتی خۆی نزیکترین نەوە بوون لە هاوەڵان و شوێنکەوتەکانیان و زیاتر لە دەقە شەرعییەکان و هۆکاری هاتن و شێوازی تێگیشتن و کارپێکردنیان بە ئاگا بوون.

  بۆیە شوێنپێ هەڵگرتنی ئەوان و بەگوێکردنیان هەرگیز نابێتە کۆنەپەرستی، ئەوەی کۆنەپەرستییە ئەوەیە کە مرۆڤ دەمارگیری بۆ بۆچوونەکانی ئەوان و کەسایەتییان هەبێ و کوێرانە بەگوێیان بکات و بەموو لە قسەکانیان لا نەدات و بەرگی پیرۆزیی بکات بەبەر هەموو بۆچوونەکانیاندا بەبێ ئەوەی بەڵگەکانیان بزانێت.

پرسیار: مەبەست لەو فەرموودەیە کە دەفەرموێ: «ان الله یبعث لهذه الامة علی رٲس كل مائة سنة من یجدد لها امر دینها» كه ئاماژە بە ناردنی کەسانێک دەکا لە لایەن پەروەردگار، بۆ نوێکردنەوەی ئایین چیە؟ 

وەڵام: ئایینی ئیسلام لەگەڵ ئایینەکانی تردا لەوەدا جیاوازن، کە پێش ئیسلام هەر کات خەڵکی لە ئایینەکانی خۆیان لایان دابێ و سەرلەنوێ تووشی گومڕایی بووبن، خوای گەورە پێغەمبەرانێکی بۆ ڕەوانە کردوون تا بیانگێڕنەوە سەر ڕێگەی ڕاست، هەر بۆیە ژمارەی ئەو پێغەمبەرانەی کە خوای گەورە ناردوونیەتە سەر زەوی بە سەد و بیست و چوار هەزار پێغەمبەر مەزەندە دەکرێ لەماوەیەکی کورتدا کە بەهەموو پێوەرێکی شەرعی لە بیست و پێنج هەزار ساڵ تێناپەڕێ کە تەمەنی باوکە ئادەم و سەرلەنوێ دروستبوونەوەی ژیانە لەسەر زەویدا و پێغەمبەری ئیسلام و پەیامەکەی، کۆتا پێغەمبەر و پەیامی خوای گەورە بوون بۆ سەر زەوی و پاش ئەوان هیچ پێغەمبەر و پەیامێکی تر بوونی نییە و نابێت، هەر بۆیە خوای گەورە خۆی گرەنتی پاراستنی ئەم پەیامەی داوە و لەبری پێغەمبەریش کۆمەڵێک زانا و شارەزا و بانگخواز و خەڵکی بەهیممەت تەوفیق دەدا کە ئەرکی ئەو نوێخوازییە دەگرنە ئەستۆ و خەڵکی بۆ ڕێگەی ڕاست بانگ دەکەنەوە و لەهەر لایەنێکی شەرعەوە خەڵکی تووشی هەڵدێر و لادان بووبێ، ئەوانە ئەرکی ڕاستکردنەوەیان دەگرنە ئەستۆ، یان هەر چەمکێکی ئایین لەناو خەڵکیدا خامۆش بووبێ، ئەوانە سەرلەنوێ برەوی پێ دەدەن و زیندووی دەکەنەوە، بۆ نموونە: سەردەمانێک خەڵکی لەلایەنی بیروباوەڕدا تووشی لادان بوون، ئەویش بەهۆی هاتنە ناوەوەی خەڵکانێکی زۆری ناموسوڵمان بۆ ناو بازنەی ئیسلام و بەرکەوتنی موسوڵمان بە شارستانییەت و بیروباوەڕە جیاوازەکانی تر، خوای گەورە خەڵکانێکی ناردووە و گرنگییەکی زۆریان بە بیروباوەڕ داوە و لەو ڕووەوە خەڵکیان هۆشیار و ئاگادار کردۆتەوە، یان لەلایەنی ڕەوشت و سلوک و دونیاویستییەوە هەندێک جار خەڵکی لایانداوە، خوای گەورە خەڵکانێکی بۆ ناردوون و لەو ڕووەوە خەڵکیان ڕاست کردۆتەوە و بەئاگا هێناوە، هیچ کام لەمانەیش نوێبوونەوە نین بەواتەی گۆڕینی دین و بنەما و مەبەست و ئامانجەکانی، بەڵکوو نوێبوونەوەن لە هۆکار و ئامڕاز و شێواز و گرنگی پێداندا.

ئیمەیڵ: khalid.salih@univsul.edu.iq يان   dr.khalidms975@gmail.com

فەيسبوك: DrKhalid2014Muhammad

يوتوب: پرۆفيسۆر د.خاليد محەممەد ساڵح.