مامۆستا عەبدولڕەحمان پیرانی ئەمینداری گشتیی جەماعەت لە کۆنگرەی (فێرکاری شەرعی و شێوازەکانی گەشەدانی) کە لە ڕۆژەکانی ۷و۸ی خاکەلێوەی۱۳٥۹ لە شاری دۆحه‌ سازبوو، وتارێکی پێشکەش کرد. دەقی وتەکانی مامۆستا عەبدولڕەحمانی پیرانی بەم شێوەیە بوو: بسم اللە الرحمن الرحیم فێرکاری زانستی شەرعی لە ئێران؛ قەیرانەکان و هیواکان دانیشتووانی بەڕێز و زانایانی مەزن؛ سڵاو و ڕەحمەتی خواتان لێ بێ.سەرەتا سپاسی خوای مەزن دەکەم کە ئەو دەرفەتەی بۆ یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان ڕەخساندووە بۆ سازکردنی ئەو کۆبوونەوەیە و لە دەرگای داواکارم کە ئەو ڕێکخراوەیە لە چوارچێوەی فیکری و فیقهی و فەرهەنگی هەمیشە بکاتە پارێزەری ڕاستەقینەی شوناسی ئوممەتی ئیسلام. هەروەها لە بەرپرسی یەکێتی، ئەمیندار و هاوکارانی، سەبارەت بە مەسەلەی ڕاهێنان و فێرکاری کە بژاری سەرەکی یەکێتییە، ئەوپەڕی سپاس و پێزانینی خۆم ئاراستە دەکەم. لە خوای مەزن داواکارم کە كۆششی ئەوان لێوانلێو لە خێر و بەرەکەت و پاداشی ئەوان لە ترازی چاکەکانیان دابنێ. بابەتێک کە دەمەوێ ئاماژەی پێ بکەم، لە پارێزگاریکردن لە شوناسی نەتەوەی ئیسلام و هەنگاونان بەرەو گێڕانەوەی جێگه و پێگەی ئوممەت و پێشکەوتنی موسڵمانان بایەخێکی زۆری هەیە.ئەو بایەخەی که ئیسلام بۆ فێرکاری داوە، بە نیسبەت ئایینانەکانی تر بەراورد ناکرێ. بە ئاوڕدانەوەیەک لە دەقی کتێب وسوننەت بەو ڕاستییە دەگەین کە ئەو ئایینە پاک و بێگەردە تا ڕادەیەک گرینگیی بە زانست و زانیاری داوە بە ڕادەیەک که یەکەمین ئایەی قورئان بە مەبەستی هاندان بۆ خوێندن هاتۆتە خوارێ و باسوخواسی ڕاهێنان وئامرازەکانی نووسی دێنێتە گۆڕێ. هەروەها خوای مەزن سوێند بە قەڵەم و ئەو شتەی کە دەینووسن دەخوات و چیڕۆکی ئادەم باوکی مروڤ ئاشکرای دەکا کە چۆن خۆی حەولی ڕاهێنانی ئەویی داوە و نێوەکانی جۆراوجۆری فێردەکات. «وَعَلَّم آدَمَ الأسمٰاءَ کُلَّهٰا» سوننەتی نەبەویش گرینگایەتی داوە بە زانست؛ پێغەمبەری مەزن (د.خ) لە بارەی دیلەکانی شەڕی بەدر ڕایگەیاند که هەر دیلێک کە توانای ماڵیی نییە، لە پێناو ئازادکردنیدا، پێویستە خوێندن و نووسین فێری مناڵانی موسڵمان بکات. ڕوون و ئاشکرایە کە مرۆڤی موسڵمان پێویستە کە بۆ فێربوونی بیروباوەڕی ڕاستەقینەی ئیسلامی تێکۆشێ و پێویستییەکانی(واجبات) خۆی لە چوارچێوەی یاسای شەرعی جێبەجێ كات تا ئیسلامەکەی ڕاستەقینە بێت. بەسەرنجدان بەوەیکە بەجێهێنانی نزاوپاڕانەوه و ئاڵووێری بازرگانی و شوێنکەوتووی شەریعەتی ئیسلامی لە پێویستییەکانی سەرەکی و پێویست بە فێرکردنن، فێرکاری شەرعیش مەسەلەیەکی پێویستە؛ چوونکە کاروباری موسڵمانان و کۆمەڵگای ئیسلامی بە بێ ڕۆڵی ئەو چارەسەر نابێت. بێجگە لە ئاماژەکردن بەوخاڵەی سەرەوە، لە سەردەمی هاوچەرخ وڵاتەکانی ئیسلامی تووشی هێندێک مەترسی وەکوو کەمتەرخەمی، زێدەڕەوی، سەرنج نەدان بە فێرکاری ئیسلامی، لادان لە باوەڕی ڕاستەقینە و ئاکاری شیاو و ئاشتیخوازانە، حەولدان بە مەبەستی دوورکردنی دین لە ژیانی خەڵک، لاوازی باوەڕمەندبوون بە خوا و... هتد بەرەوڕوون کە هەڕەشە لە موسڵمانان دەکات؛ بۆ ئەو مەبەستە کۆمەڵگای ئیسلامی لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسیانە و لە پێناو بەجێهێنانی ئەو ئەرکە ئاینییە، پێویستیی بە بێدارییە تا مەزنیی و شکۆمەندیی باوباپیرانی سەر لە نوێ بژینێتەوە. ئامانجەکانی گشتیی فێرکاری ئایینی: 1ـ بەهێزکردنی باوەڕ بە ئایینی ئیسلام و شانازیکردن بە ئیسلام و موسڵمانبوون و بایەخەکان و فێرکارییەکانی ئایینی و پارێزگاریکردن لە بایەخەکانی پیرۆز و وێڕای ڕێزگرتن لە بیروباوەڕەکانیتر. ۲ـ حەولدانی هاندەرانە بۆ باوەڕمەندبوون بە ئیسلام و دامەزراندنی بنچینەی شارومەندی وەکوو ناسینی ماف و پێویستییەکان و بەهێزکردنی کاروباری کۆیی و ڕێزگرتن لە بایەخەکانی کۆمەڵگا و داب و نەریتەکانی لە چوارچێوەی یەکگرتوویی نەتەوەیی. ۳ـ دەستوێڕاگەیشتن بە فاکتەرەکانی نەریتی ئیسلامی و پێکەوەهەڵکردن لە گەڵ نەریتەکانی جیهانی. ٤ـ دەستەبەرکردنی هزری زانستیی بە مەبەستی تێگەیشتن و ڕاڤەی ڕواڵەتەکانی سرووشتیی و کۆمەڵایەتی لە بەرەوڕووبوونەوە لە بەرامبەر کێشەکانی بنەڕەتی و هەروەها پەرەپێدانی ئاستیی تواناکان لە لێکدانەوە و دەرەنجامەکانی. ٥ـ بەدەستهێنانی لێهاتوویی لە بواری هەڵکردن لە گەڵ دەسکەوتەکانی هاوچەرخ لە بواری ناسین و تێکنۆلۆژی و بەراوردکردنیی لە گەڵ ژیانی ڕۆژانە. ٦ـ پەرەپێدانی ڕوانگەکانی ئەرێنی لە پێناو ڕێزگرتن لە سیستمی کۆمەڵایەتی و بایەخەکان و داب و نەریت و دامەزراوەکانی کۆمەڵایەتی. گشتگیرکردنی فێرکاری زانستی شەرعی بازنەی پێویستیی بە فێرکاری زانستی شەرعی بازنەیەکی بەربڵاوە و تەنیا بە کارناسانی ئەو بوارەدا نەبەستراوەتەوە. ئەو کەسانەی کە فێرکاری زانستی شەرع یان لەسەر پێوێستە دەتوانین بە سێ بازنەدا پۆلین بەندی بکەین: بازنەی یەکەم: بازنەی گشتیی کە پێوەندیی بە گشت موسڵمانان هەیە، بۆیە هەر موسڵمانێک کە لە هەرئاستێکی زانستیی یا پسپۆرییەتی و یان هەر ڕەگەزێک بێ، پێویستیی بە زانستی شەرعی هەیە و ئەوەش خاڵی هاوبەشی تێکڕای خەڵکە. بازنەی دووهەم: بازنەی پێویستییەکانی تایبەتی تاکەکانە کە خەڵکی تر لە بواری زانستیی تایبەتیی ئەو، هاوبەشیان نییە؛ بۆ نموونە کەسێک کە بازرگانە، پێویستیی بە زنجیرەیەک حوکمی پێوەندیی بەو بوارەیە کە ڕەنگە خەڵکی تر پێویستییان پێی نەبێ.... تاکەکانی ئەو دوو بازنەیە پێداویستیی دیاریکراویان هەیە پێوێستییان بە مەسەلەی زانستیی و وردەکاریی زۆر نییە.ابن قیم دەڵێ: لە سەر هەر کەسێکی پێویستە مەسەلەی پێوەندیی بە حوکمەکانی بواری پسپۆریی خۆی فێر بێت و پێویست بەوە ناکات بابەتی بەدەر لەوی فێربێت و ئەوەش بە واتای سەرنج نەدان بە بەرژەوەندیی خەڵک و تێکدانی ژیانی ئەوان نییە...... بازنەی سێهەم: بازنەی پسپۆڕانی زانستی شەرعییە، کەسانێک کە پێویستییان بە سەرچاوەی زۆرترە بۆ موتالا و لێکۆڵینەوە یان ئەوەی کە خۆیان بۆ بەشداریکردن لە فێرکاری و بڵاوکردنەوەیی و وەئەستۆگرتنی ئەرکەکانی شەرعی ئامادە کردووە......کەسێک کە تۆزێک لە بواری زانستیی بنواڕێ، بەو ڕاستییە دەگا کە تەوەرەی سەرەکی حەول و کۆششەکان لە بازنەی سێهەمدایە؛سیستمی فەرمی پەروەردەیی زانستیی شەرعی یان دەرسەکانی مزگەوتەکان لە سەرشانی کارناسانە و ئەوان بە زمانی زانستیی تایبەت و بە پێی پێویستییەکانیی ئەوان دەکاتە ئامانجی خۆی......ڕێکخراوەکانی فێرکاری زانستی شەرعی. ڕێکخراوەکانی فێرکاری زانستی شەرعی لە دوو خاڵدا چڕبوونەتەوە: یەکەم: فێرکاری لە مزگەوتەکان لە چوارچێوەی دەرسەکانی زانستی چ ڕۆژانە بێ حەوتانە لە خوڵەکانی پوختە یان وتارەکانی زانستی. دووهەم: فێرکاری فەرمی لە چوارچێوەی قوتابخانەکاندا و ناوەندەکان و زانکۆکانی زانستی شەرعی چ له ژێرچاوەدێری سیستمی فێرکاری فەرمی بێ یان بە شێوەی نافەرمی ئەنجام درێ.........پێشینەی مێژوویی فێرکاری زانستی شەرعی له ئێراندا؛ ... لە لێکۆڵەڕان شاراوە نییە کە ئێرانییەکان تا چ ڕادەیەک کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئیسلام؛ لە سەرەتای سەدەی حەوتەمی زایینی تا سەدەی حەفدەهەم ئێران لە باری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئایینزایی لە ژێر دەسەڵاتی ئەهلی سوننەت بوو و لەو بڕگەیەدا کۆمەڵێک لە ڕاڤەکاران، حەدیس گێڕەوەکان، فوقەها، مێژووناسان، بیرمەندان، فەلاسفە و شاعیران هاتنە ناو گۆڕەپان. ڕاڤەکارانی وەکوو ئیمامی تەبەری، قازی بەیزاوی، زمەخشەری و ڕازی و حەدیسوانانی وەکوو ئیمامی بوخاری، ئیمامی موسلیم، ئیمامی نسائی و ئیمامی ئەبوداوود و فوقەهایی وەکوو ئیمامی غەزالی، ئیسفراینی، سرەخسی، ئەبوئیسحاق شیرازی و داوود زاهیری و زانایانی وەکوو ڕازی، عەبدولقادری گەیلانی، بیرونی، عومەری خەیام و ئیبنی سینا و شاعیرانی وەکوو رودەکی، نیزامی، فردوسی، سەعدی، حافیز و مەولەوی تەنیا بەشێک لە شکۆی زانستی و فەرهەنگی موسڵمانان لە ئێران بوو کە ڕۆڵی بەرچاوی لە مێژووی شارستانێتیی ئیسلامی گێڕا. لە چاخی ئێستادا بە پێچەوانەی ڕابردوو ئەهلی سووننەت لە ئێراندا کەمینەیە و دەتوانین بڵێین کە کەمینەیەکی تایبەتە بە شێوەیەک کە بایەخێکی سەرنجڕاکێش دەداتە خوێندن لە گشت بوارەکان و جێگای پێزانینه کە تا ئاستێکی چاوەڕوانکراو خاوەنی وشیاری زانستی و سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە...........ئاماژەیەکی مێژوویی بۆ ڕەوتی فێرکاری زانستی شەرعی لە ئێراندا مێژووی فێرکاری زانستی شەرعی لە ئاستێکی گشتیدا بۆ سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی دەگەڕێتەوە؛ لەو ڕۆژگارەدا فاتحانی موسڵمان ئەرکی ناساندنی ئێرانییەکان و پەروەردەکردنیان لە سەرشانی بوو. فێرکاری شەرعی لە ئێراندا هێندێک قۆناغی جۆراوجۆری تێپەڕکردووە؛ لە کۆڕەکانی فێرکردنی قورئان لە مزگەوتەکان تا دامەزراندنی قوتابخانەی بچووکی شەرعی لە شار و گوندەکان درێژەی هەبوو. هێندێک لە حکوومەت و دەسەڵاتدارانی موسڵمان لە سەردەمی ئیسلامیدا ڕۆڵی بەرچاویان لە دامەزراندنی قوتابخانەکانی شەرعی گێڕا. بۆ نموونە خواجە نیزامولمولکی تووسی قوتابخانەکانی نیزامییەی دامەزراند کە گەورەترینی نیزامییەی بەغدا بوو و دواتریش نیزامییەی جۆراوجۆر لە نیشابوور و شارەکانی تر دامەزرا. زانستی شەرعی لە ئێران تا سەرەتای سەدەی دەهەم واتە لە درێژەی سەدەکانی پێش سەدەی دەی کۆچی لەوپەڕی گەشەسەندندا بوو و هەروەک ئاماژە کرا کۆمەڵێک لە زانایان لە بوارەکانی حەدیس، تەفسیر، فقە، ریازی، پزشکی، ئەستێرەناسی، شیمی، فیزیک، شێعر و ئەدەب سەریانهەڵدا. دوای سەردەمی سەفەوی ، دەوڵەت هێندێک لە زانایانی شیعەی لە لوبنان و عێڕاق بۆ ئێران هاوردە کرد؛ زانایانی وەکوو شێخ بەهائەددینی عاملی، شێخ ئەبولفەتح کراچکی و شێخ زینەددین بنی عەلی بنی ئەحمەدی عاملی ناسراو بەشەهیدی سانی بەشێک لەوان بوون. دوای بەدەسەڵات گەیشتنی سەفەوییەکان لە ئێراندا، ئەهلی سوننەتی ئێران بوو بە کەمینە و بۆ چەندین سەدە لە گۆڕەپانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی دوورخرایەوە. بەڵام لە هەمانکاتدا تێکۆشا کە شوناسی دینی خۆی بپارێزێ.بۆیە بایەخیان بە پەروەردەی زانستی شەرعیدا و دامەزراوەکانی فێرکارییان لە هەموو گۆشە کانی ئێران و بە شێوازی قوتابخانەی بچووک یان بە شێوەی حوجرەهایەک لە تەنیشت مزگەوتەکان دامەزراند. هەر ئەو قوتابخانانە و حوجرە بچووکانە زانایان و بانگکەرانێک سەریانهەڵدا کە ڕۆڵی گرینگیان لە پەرەپێدانی فێرکاری شەرعی لە ئێراندا یاری کرد. ڕاستییەکانی فێرکاری زانستی شەرعی لە ئێران لە سەردەمی ئێستادا قوتابخانەکان و ناوەندەکانی زانستی زۆر لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا بەرچاو دەکەوێ کە ڕۆڵی خۆیان لە گەشەدانی زانستی شەرعی گێڕاوه. ئەو قوتابخانانە دەتوانین بە سێ بەش پۆلین بەندی بکەین: ۱ـ ناوەندەکانی زانستیی شیعە: ئەو ناوەندانە لە سەرانسەری وڵاتدا هەیە و گەورەترینیان لە قوم و مەشهەدە کە خوێندکار لە گشت وڵاتانی جیهان وەردەگرێ. ئەو ناوەندانە خاوەنی کەلوپەلی خزمەتگوزاری وەکوو خواردن و پۆشاک و جێی نیشته‌جێ‌بوون و شەهریەن و لە کۆتاییدا بە پێی پلەی پەسەنکراوی زانایانی شیعە بە دەرچووەکان بڕوانامه‌ی زانستیی دەدرێتێ. ئەو ناوەندانە لە بەراورد لە گەڵ ناوەندەکانی تر لە بواری فەننی و پسپۆری و دەرس گوتنەوە بە زمانەکانی بێگانە بێ هاوتایە. ۲ـ قوتابخانە نوێکانی ئەهلی سوننەت: ئەو قوتابخانەیە بە شێوەی قوتابخانەکانی ڕۆژ دامەزراۆە و فەقێ لە سەرانسەری ناوچەکانی ئەهلی سوننەت وەردەگرێ و کەلوپەلی خزمەتگوزاری وەکوو خواردن و پۆشین و جێی نیشته‌جێ‌بوون بۆیان دابین دەکا. خوێندکارانی ئەو قوتابخانانە دەرسەکانی ئیسلامی بە شێوەی ڕێکوپێک دەخوێنن و لە هێندێک ناوچەش دەرسەکانی دەوڵەتیش وێڕای دەرسەکانی ئایینی دەخوێنن. ئەو قوتابخانانە زۆرتر لە پارێزگاکانی باشوور، بەلوچستان، خوراسان، تورکمەن سەحرا و هێندێک ناوچەی کوردستان دامەزراون. ۳ـ قوتابخانەکانی سوننەتی ئەهلی سوننەت: بەو قوتابخانانە دەڵێن "حوجرە" و واتاکەی ئەوەیە کەبریتییە لە هێندێک حوجرەی بچووک لە تەنیشت مزگەوتەکانی شار کە چەند فەقێ دەرسی تێدا دەخوێنن و زانستەکانی شەرعی زۆرتر لە لای مەلای مزگەوت دەخۆێنن. فەقێ لەو حوجرەیە ژیان دەباتە سەر و بە یارمەتیی ماڵی دراوسێکانی مزگەوت و خەڵکی گوند و خێرخوازان بژیوی خوی دابین دەکات. ئەو شێوە قوتابخانەیە زۆرتریی لە ناوچە کوردنشینەکان بەرچاو دەکەوێت....یەکێک لە گیروگرفتەکانی ئەو جۆرە قوتابخانەیە ئەوەیە کە بڕوانامەکەی فەرمیی نییە و لە زانکۆکانی ئێران پەسەند ناکرێ. ئەو گرفتە دەبێتە هۆی ئەوەی کە خوێندکارەکان هیوایەکی ئەوتۆیان بە درێژەدان بە خوێندن نەمێنێ و نەتوانن لە بەشەکانی تایبەتی یان گشتیی کاربکەن....... دژوارییەکانی فێرکاری شەرعی لە ئێران ۱ـ بێ مەیلی بەشێکی زۆر لە کەسانی شاز یەکێک لە گیروگرفتەکانی خوێندکارانی ئە بەشە بێ مەیلیی کەسانی شاز و بژاردە لە خوێندنی زانستەکانی شەرعییە، چوونکە دەرفەتەکانی پیشەیی لە بازاڕ زۆرتری پێوەندیی بە زانستی کردەیی و پڕاگماتیکە و ئەو پسپۆرییە زۆرتر بۆ کەسانی شاز و بژاردە بە پێی ئاستیی لێهاتوویی ئەوان تەرخانکراوە. لە ئێرانیشدا وەکوو زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی، کەسانی شاز و جیا ڕاکێشی فێرکاری فەرمی و زانکۆکانی نێوخۆیی یا ڕۆژئاوایی دەبن و زۆربەی ئەو کەسانەی کە بەرەو فێرکاری زانستی شەرعی هەنگاو دەنێن، کەسانی شاز و بژاردە نین. ۲ـ کەمتەرخەمی لە بەشی پاککردنەوە(تزکیە) لە سەردەمی هاوچەرخ ناوەندی زانست لە ناوەندی( تزکیە) جیا بۆتەوە؛ زانست بە واتای چارەسەرکردنی مەسەلەکان و هێناگۆڕی بیروڕا و باسوخواسی گەورەپیاوان و کێشە و ناتەباییەکانیان لە کاتێکدا مەسەلەی پەروەردە و چاککردنەوەی دەروون مەسەلەیەکی ترە. هەروەک لە هێندێک لە شوێنەکانی زانستی ئەخلاق و ڕەوشت دێتە ژێر پرسیار و وەکوو دیاردەیەکی بەسەرچوو و ئەنتیکە سەیری دەکرێ. قورئانی پیرۆز لە پێوەندیی لە مەڕ پەروەردە و فێرکاریدا، ڕاستەوخۆ مەسەلەی(تزکیە) دێنێتە گۆڕێ و دەفەرموێ: «رَبَّنَا وَابْعَثْ فِيهِمْ رَسُولا مِنْهُمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آيَاتِكَ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَيُزَكِّيهِمْ إِنَّكَ أَنْتَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ (بقره/١٢٩)». ئەی پەروەردەگار! لە نێوان خۆیاندا، نێردراوەیەک هەرلە خۆیان هەڵگیرسێنە، تا ئایەکانی تۆ بەسەریاندا بخوێنێت، و کتێب و زانست و زانیاری فێری ئەوان بکات و پاک و خاوێنیان کاتەوە، چوونکە خۆت لەشکان نەهاتوویەکی زانای. «لَقَدْ مَنَّ اللَّهُ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ إِذْ بَعَثَ فِيهِمْ رَسُولا مِنْ أَنْفُسِهِمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آيَاتِهِ وَيُزَكِّيهِمْ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَإِنْ كَانُوا مِنْ قَبْلُ لَفِي ضَلالٍ مُبِينٍ (آل عمران/١٦٤) بە دڵنیاییەوە خوا بڕوادارانی منەتبار کردووە کە پێغەمبەرێک لە نێو خۆیاندا هەڵگیرسێنێ، تا ئایە و بەڵگەکانی خۆی بە سەریاندا بخوێنێ و پاکیان کاتەوە و کتێب و زانست فێری ئەوان بکات، بە دڵنیاییەوە پێشتر لە لادانێکی ئاشکرادا بوون............ ئەو دیاردەیە بۆتە هۆی ئەوەی کە کەسێک بەدوای زانست هەنگاو هەڵگرێ، تووشی شێوەیەک سڕی خووڕەوشت دەبێ کە شایانی ئەوجۆرە کەسانە نییە و لە لایەکی تر کەسێک کە بە بێ لەبەرچاوگرتنی عیلم و زانست بەرەو(تزکیە) هەنگاو بنێ، زۆرتر دەکەوێتە داوی خورافە و هەوەس پەرستی. ئەوەش ئاکامی جیایی نێوان زانست و (تزکیە)یە؛ خوێندکارانی زانستی شەرعی سەرقاڵی مەسەلەی زانستی و گوتەکانی زانایان دەبن کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کاروباری پەروەردە و پاککردنەوەی دەروون لە کۆڕ و کۆبوونەوە و ناوەندەکانی زانست و زانیاری لاواز بێت. ۳ـ سەرنج نەدان بە جیاوازی بیروڕا بێگومان ئیسلام ئایینی ڕەحمەت و سۆز و بەزەییە و بۆ مرۆڤ و مافی بنەڕەتیی ئەو،ڕێزێکی جەوهەری دادەنێ. ئیسلام ئایینی هەڵکردن و قبووڵکردنی بیری جیاوازە و مەشهوورە کە لە سەردەمی سەحابەکان تا ئەمڕۆ مەسەلەکانی گوماناوی بەردەوام کێشەی نێوان موسڵمانان بووە. ڕابردووەکان بەردەوام هەر مەسەلەیەکیان لە شوێنی خۆیدا دێنا بەرباس و توێژینەوە و نێوان مەسەلەکانی پێویست و هەمیشەیی دین لە گەڵ ئەو مەسەلەی کە جێی شک و گومان و ناتەبایی بوو، جیاوازیان دادەنا و سەرەڕای کێشە و ناتەبایی لە مەسەلەکانی(اجتهاد)ی لە کەشێکی دۆستانە و لێوانلێو لە سۆز و محەببەت و ڕێزنواندن بۆ یەکتر ژیانیان بەسەر دەبرد؛ بێ ئەوەی کە کەسێک بە (بدعت) و خراپەکاری تاوانبار بکەن یان تۆمەتی (تکفیر) بدەنە پاڵی. دوای ئەو تاقمێک پەیدابوون کە مەسەلەکانی(اجتهاد)ی لە جیاتی مەسەلەی یەکجارەکی زەق کردەوە و بە دەمارگرژییەوە بەرگرییان لێکرد وەک بڵێی لەلایان خواوە هاتۆتە خوارێ.بۆیە تووشی کێشە و دووبەرەکی بوون و لە سەر ئەو بنەمایە دۆستایەتیی و دوژمنایەتیی یەکتریان دەکرد. زمانی قسەیان ئەوە بوو: حەق هەر ئەوەیە کە شوێنکەوتوویی ئەوین و ناحەقیش هەر ئەوەیە کە دوژمنانی ئێمە شوێنکەوتوویی ئەون. بەداخەوە نەریتی دەمارگرژی و ڕق و کین و نەفرەت زۆرتر بە ڕێگای زانستەکانی شەرعییەوە گەشەی سەند و بوو بە هۆی سەرلێشێواوی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی موسڵمان، هەروەک ئێستا بە چاوی خۆمان ھه‌ستی پێده‌که‌ین. ئەو بارودۆخە نالەبارە دەخوازێ کە ڕێبەرانی نەتەوەی موسڵمان و زانایانی موسڵمان پێداچوونەوەیەک لە نووسین و گەشەدانی سیستمی فێرکاری زانستەکانی ئایینی دابکەن و تێبکۆشن تا نەریتی یەکترقبووڵکردن و ڕێزگرتن لە بیری جیا پەرە بگرێت.